ژنی کورد لە نێوان فێمینیزم و پرسی سەربەخۆییخوازیدا

ژمارەی بینەر 898

2023-04-19

پێش تاوتوێکردن و وڵامێک بە سەردێڕی بابەتەکە، بە پێویستی دەزانم پێناسەیەک بۆ فێمینیزم و قۆناخ یان شەپۆلە جیاوازەکانی بکەم.

فێمینیزم وشەیەکی فەرانسەوییە و لە ساڵی (١٨٣٧) وە ئەم چەمکە، لە نێو ئەدەبیاتی فەرانسەوییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. چەمکی فێمینیزم پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، وەک "ژنگەرایی، ژنایەتی، ژنسالاری، ژن تەوەری، بزوتنەوەی ژنان، لایەنگری لە مافی ژنان، بڕوابوون بە مافی یەکسانی ژن و پیاو و."

فێمینیزم مەکتەب یان بیرۆکەیەکە، کە داکۆکی لە ماف و دەرفەتی یەکسان، لە نێوان ڕەگەزی ژن و پیاودا، لە بوارەکانی: بەشداری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، مافە تایبەتی و سەرەتاییەکانی ژنان دەکات. ئەم مەکتەبە بە پشتبەستن بە فاکتە مێژووییەکان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، بە شێوە و ڕادەی جیاواز لە ماف و دەرفەتی هاوسان لەگەڵ پیاوان، بەهرەمەند نەبوون و هاوکات کەوتوونەتە بەر توندوتیژی و مافەکانیان پێشێل کراوە. فێمینیزم وەک یەکێک لە بەهێزترین بزووتنەوە مافویستییەکانی ژنان چاوی لێ دەکرێ، کە چەندین دەیەیە بێووچان  لە پێناو دابینکردنی مافە مرۆییەکانی ژنان خەبات دەکات و ڕخنە لە سیستم و کولتوری دژە ژن دەگرێ.

گەرچی بەشێکی زۆر لە فێمینیستەکان یان مێژوونووسان سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، بەڵام کەم نین ئەو لێکۆڵەر و مێژووناسە ڕۆژئاواییانەش کە سەرەتای دەستپێکی ئەم بەرخۆدانە دەگەڕێننەوە بۆ کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی" ئامریکا" لە ساڵی ( ١٧٧٦) و هەروەها سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی "فەرانسە" لە ساڵی (١٧٨٩) چوونکە سەرەڕای بەشداری ژنان، بەتایبەت لە سەرخستنی شۆڕشی "فەرانسە" بەڵام دیسانیش مافە سیاسی و مرۆییەکانی ژنان، لە بوارە جۆراوجۆرەکانادا گرینگی پێ نەدرا و لەبەرچاو نەگیرا، ئەمەش بوو بە هۆکاری بەدەنگهاتنی ژنان و داکۆکیکردنیان لە مافەکانی خۆیان لەو سەردەمەدا.

بزووتنەوەی فێمینیستی، هێشتا پێویستییەکی گرینگی ئەم سەردەمەی بەشێکی هەرە زۆر لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی جیهانە و کوردستانی ئێمەش یەکێک لەو وڵاتانەیە. گەرچی ئەرکی ژنی کورد قورس و گرانترە، چوونکە هاوکات پێویستە دوو خەبات بەرەوپێش ببات، ئەویش خەباتی نەتەوەیی و خەبات بۆ دابینکردنی مافە مرۆییەکانی خۆی

هەر لەبەر ئەوەشە بەشێک لە مێژوونووسان سەرەتای دەسپێکی بزووتنەوەی مافویستی ژنان و فێمینیزم دەگەڕێننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم، گەرچی ئەم بزووتنەوەیە تیشکی بەهێزی خەباتەکەی زیاتر و زیاتر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم بڵیسەی سەند و ژنانی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای جیهانی، بەتایبەت ڕۆژئاوایی و ئامریکایی، بەم بزووتنەیە پەیوەست بوون. داخوازییەکانی ژنانی فێمینیست، لە قۆناخە جیاوازەکاندا بریتی بوون لە " هەبوونی دەرفەت و مافی خۆپاڵاوتن، مافی یەکسان لە بەشداری سیاسی و بەڕێوەبەری وڵاتدا، هەبوونی مافی کارکردن بە هەقدەستی یەکسان لەبەرانبەر کاری هاوسان، هەبوونی ماف و خاوەندارێتی لە موڵک و دارایی و وەرگرتنی میرات، مافی خوێندنی باڵا لە هەموو بوارەکاندا، مافی هەڵبژاردن و هەبوونی مافی وەک یەک لە ژیانی هاوبەشدا، هەبوونی مەرەخەسی منداڵبوون بە هەقدەستەوە، هەبوونی مافی لەباربردنی منداڵ بۆ ژنان، نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان چ لە بنەماڵە، کۆمەڵگا یان لە جێگای کار، خوازیاری یاسای قورس بۆ ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی جنسی دەکەنە سەر کچان و ژنان. ئەمانە بەشێکی بەرچاو لەو داخوازییانە بوون و هەن کە ژنانی فێمینیست بە درێژایی مێژوو لە پێناویدا خەباتیان کردووە. گەرچی ژنانی بەشێک لە کۆمەڵگا دێمۆکرات و پێشکەوتووەکانی ڕۆژائاوایی، "ئامریکا" "کانادا" و "ئۆسترالیا" بە هۆی خەباتی بەردەوام و بوێرانەیان توانیویانە بە بەشێکی بەرچاو لەم مافانە بگەن، بەڵام دیسانیش کەم نین ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا و بەتایبەت وڵاتانی موسوڵمان  لە "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" و "ئافریقا" و زۆر شوێنی دیکەی دونیاش کە هێشتا بە بەشێکی زۆری ئەو مافانە نەگەیشتوون و ڕۆژانە ڕووبەڕوی توندوتیژی و مەرگ دەبنەوە. ئەمەش وامان لێدەکات، کە زیاتر گرنگی ئەم بزووتنەوەیەمان لەم کات و ساتەدا بۆ دەربکەوێ. فێمینیزم لەمێژووی خۆیدا و لە قۆناخە جیاوازەکانیدا، چەندین شاخەی جیاوازی لێ بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەموو شاخەکانی فێمینیزم لەتەک یەکتردا هاوڕان کە  لە مێژوودا ژنان ستەم و توندوتیژییان لێ کراوە و دەکرێ. بەڵام هەرکام لەم شاخانە لە سەر هۆکارەکانی ئەم نایەکسانییە جیاواز بیر دەکەنەوە و بۆ نەهێشتنی ئەم هەڵاواردنانە ڕەوش و میکانیزمی جۆراوجۆر پێشنیار دەکەن.

شەپۆلەکانی فێمینیزم بە کورتی

شەپۆلی یەکەم

سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. داخوازییەکانی ژنانی فێمینیست لەم قۆناخەدا، بەشێکی زۆری ئەم خاڵانە بوون، هەبوونی ماف و دەرفەت بۆ خۆپاڵاوتن و بەشداری لە بەڕێوەبەریی سیاسی، خاوەندارێتی موڵک و میرات، سەرپەرەستی کردنی مناڵ پاش جیابوونەوە، کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و هەبوونی هەقدەستی یەکسان لە کاری هاوسان، خوێندنی باڵا و مافی بڕیاردان بۆ لەبار بردنی مناڵ بۆ ژنان.

ئەم قۆناخەی خەبات و مافویستی ژنان، قۆناخێکی کاریگەر و چارەنووسساز بووە، چوونکە بەدەستهێنانی ئەو مافانە، ڕێگاخۆشکەر بووە بۆ گەیشتن بە زۆر مافی دیکە. بۆ نموونە سەربەخۆیی ئابووری هۆکارێکی سەرەکییە بۆ قوبوڵ نەکردنی توندوتیژی و گەشە کردنی کەسایەتی ژنان و بڕوا بەخۆبوون. یان بەشداری لە بەڕێوەبەری سیاسی، دەرفەتێکی باشە بۆ ژنان تا لە داڕشتنی سیاسەت و یاسای وڵاتدا بەشدار بن و لەو ڕێگایەوە، کاریگەرییان دەبێت و ناهێڵن یاسای نادادپەروەرانە و دژە ژن جێگیر بکرێت. هەروەها ئەوەش دەزانین، کە ژنان بە درێژایی مێژوو ستەمیان لێ کراوە و دەرفەتیان پێنەدراوە تا خوێندنی باڵا تەواو بکەن و لەم مافە سەرەتاییە بێبەش کراون، کەم نەبوون ئەو کچانەی کە مێژوو شایەتییان بۆ دەدات، کە قژی خۆیان دەتاشی و مەمکەکانیان بە پارچەیەک تووند دەچەسپاند بە سنگیانەوە تا پێیان نەزانن کە کچن و بتوانن لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بدەن، گەیشتن بەم مافە ژنانی لە نەخوێندەواری ڕزگار کرد و دەرفەتی زیاتری بۆ مسۆگەر کردن لە کار و پیشە و سەربەخۆیی ئابووریدا. جێگای داخە، ئەو مافەی کە ژنان زیاتر لە سەدەیەکە بەدەستیان هێناوە، ئێستا لە سەدەی بیست و یەکدا، ژنانی ئەفغانستان دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی تاڵەبان، لەم مافە بێ بەشکراون!

پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی چەسپاندنی مافی خۆپاڵاوتن و بەشداری سیاسی ژنان، لە هەندێک وڵاتدا بدەمەوە. جێگای سەرنجە کە وڵاتی "نیوزیلەند" یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە ژنان بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٨٩٣)دا مافی دەنگدانیان پێدرا و بە دوای ئەوانیشدا وڵاتی "فینلاند" یەکەم وڵاتی ئوروپایی بوو کە لە ساڵی (١٩٠٦)دا ئەو مافەی بۆ ژنان لەبەرچاو گرت. ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتی "سویسرا" کە ئێستا یەکێک لە وڵاتە هەرە دێمۆکرات و پێشکەوتووەکانی ئورووپاییە، لە ساڵی (١٩٧١) مافی دەنگدانی بۆ ژنان بە ڕەسمی ناسی.

پاشانیش ئەم مافە و بڕینی ئەم قۆناخەی مافویستی، ئەبێت بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی کارێکی ئێجگار سەختتر بووبێت. چوونکە  دەبینین وڵاتێکی وەک "کویت" لە ساڵی (٢٠٠٥)دا و وڵاتی "عەرەبستانی سعودی" لە ساڵی (٢٠١٥)دا ئەم مافەی بۆ ژنان لەبەرچاو گرتووە! بەڵام ئێمەی ژنانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" کە لە چوارچێوەی جوغرافیای "ئێراندا" دەژین، مافی دەنگدان لە ساڵی ( ١٩٦٣)دا بە ژنان دراوە.

شەپۆلی دووەمی فمینیزم

ئەم قۆناخەی فێمینیزم هاوکاتە لەتەک دروستبوونی بیرۆکەی شاخەی ڕادیکاڵ فێمینیستەکان کە سەرەتای دەستپێکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٦٠)ی زایینی. ڕادیکاڵ فمینیستەکان وەک ڕیاکشونێک بە فێنینستەکانی قۆناخی یەکەم واتە لیبراڵ، مارکسیست و سوسیال فێمینیستەکان سەریان هەڵداوە، چوونکە پێیان وایە کە ئەوان تەنیا لایەنێکی کێشەکانی ژنانیان پێکاوە و یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگ و سەرەکییەکانی توندوتیژی دژی ژنان کە ئەویش دەستدرێژیی سکسییە هەم لە بنەماڵەدا و هەمیش لە کۆمەڵگادا لە بیر کراوە. فێمینیستەکانی ئەم قۆناخە، لەسەر ئەو باوەڕەن کە گرفت و بێمافی ژنان کێشەیەکی سیاسییە و دەبێت لە ڕێگای بەرنامەڕێژی و پلانی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت و لەو بارەوە دروشمی سەرەکیان بریتی بوو لە"تایبەتی سیاسییە". هەروەها فێمینیستگەلی ئەم شەپۆلە  پێیان وابوو کە ژنان ئەبێت حیزبی ژنانەیان هەبێت تا بتوانن لە ڕێگای ئەوەوە لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بن و بەو شێوەیە مافەکانی ژنان بچەسپێنن.

ڕادیکاڵەکان بە پشتبەستن بە بەڵگەکان و ژیان و بارودۆخی ژنان پێیان وایە، کە جیاوازی جەستەیی لە نیوان ژن و پیاو بە درێژایی مێژوو وەک لایەنی ئەرێنی بۆ ژنان بەکار هێنراوە و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە ژێر کارتێکەریی ئەم جیاوازییەدا بونیاد نراوە، هەربۆیەشە کۆمەڵگایەکی نایەکسان بۆ ژنان دروست کراوە کە تێیدا لە ژێر توندوتیژیدا دەناڵێنێ. لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ڕادیکاڵ فێمینیستەکان ڕایان وایە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ببێتە کۆمەڵگایەکی یەکسان و توندوتیژی لە دژی ژنان کۆتایی پێ بێت، پێویستە بە پێچەوانەی ئەم ڕوانگەلەی کە تا هەنووکەش کارتێکەریان لە سەر بیری کۆمەڵگا هەبووە، هەبوونی جیاوازیی ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاو پێناسەیەکی نوێی بۆ بکرێ. واتە ئەوەی کە ژن لە باری سروشتیەوە توانای بە دونیا هاوردنی مناڵی هەیە و پیاو نییەتی، دەبێت وەک خاڵێکی ئەرێنی بەرچاو بۆ ژنان ڕەچاو بکرێت و ئەم تواناییە سروشتیەی ژنان وای لێبێت کە ژنان لە بواری کار و هەبوونی دەسەڵات بە سەر مناڵدا خاڵیان هەبێت، یانیش لە کاتی سگ پڕ بوون یان بوونی منداڵ تا کاتێک کە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر پیشەکانیان و ژیانی ئابووریی خۆیان دابین بکەن، مووچەیان بۆ دابین بکرێت. هەروەها بڕوایان وایە کە، ژن دەبێت دەسەڵاتی تەواوی بە سەر جەستەی خۆیدا هەبێت و ماف و ئازادیی بڕیاردان لەمەڕ لەباربردنی منداڵ یان لەبارنەبرنی هەبێت.

ئەتوانین بێژین ژنانی فێمینیستی ئەم قۆناخە، بە پێچەوانەی فێمینیستەکانی پێش خۆیان کە زیاتر بڕوایان بە چاکسازی لە بواری مافەکانی ژناندا هەبوو، ئەمان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەبێت  لە هەموو بوارەکاندا و لە کۆمەڵگا و یاسای بنەرەتی وڵاتدا شۆڕشێکی بنەڕەتی بکرێت، تا بتوانن کۆتایی بە هەڵاواردن دژی ژنان بێنن. بە شێوەیەکی دیکە فێمینیستەکانی ئەم قۆناخە پێیان وایە کە بیری پیاوسالاری هێندە قوڵ چووەتە نێو بیر و هزری تاکی کۆمەڵگا و لەوێشەوە پەلی هاویشتووە بۆ نێو یاسا و کولتوور، کە پێویستە لە ڕێگای شۆڕشێکی هەمەلایەنەوە بنەبڕ بکرێ.

شەپۆلی سێیەم

ئەم قۆناخەی فێمینیزم کە سەرەتای دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (١٩٩٠)ی زایینی، ئەتوانرێ وەک قۆناخێکی وەرچەرخان لە مێژووی فێمینیزمدا چاوی لێبکرێت. دەستپێکی ئەم قۆناخە هاوکاتە لەتەک دروستبوونی بیرۆکەی فێمینیستە پۆستمودێرنیستەکان. لێرەدایە گرفت و ئازارەکانی ژنانی کەمینەکان، ژنانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، ڕەشپێستەکان و نژاد و ئێتنیک و گروپە جیاوازەکان باسی لێوە دەکرێ. فێمینیستەکانی پێش ئەم قۆناخە، زیاتر وەک ژنانی فێمینیستی سپی ناسراون، کە هەم ئازارەکانیان لەگەڵ ژنانی ڕەشپێست و کەمینەکان، نەتەوە بێدەوڵەتەکان جیاوازە، هەمیش ناتوانن دەرد و ئازارەکانی ئەم دەستەیە لە ژنان تێبگەن، چوونکە خۆیان لە نەتەوەی سەردەستن و لەتەک ئەم هەڵاواردنانە بەرەوروو نین.

پۆستمودێرنیستەکان و ژنانی فێمینیستی ئەم قۆناخە، پێیان وایە ئازارەکانی ژنان بەپێی جیاوازی شوێنی ژیان، نژاد و ئێتنیک و گروپی جیاوازەوە، ئەبێت جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پێویستیان بە میکانیزمی جیاواز هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەیان. پاشانیش پێیان وایە، کە ڕیشەی بێمافی و هەڵاواردنی ڕەگەزی یان گرووپی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حوکوومەت، نیزامە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان، هەربۆیە پێیان وایە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە پێشدا ئەبێت خەبات بە دژی هەموو نیزامێکی نادادپەروەر بکرێت کە  برەو بەم ستەمگەلە دەدات. بەم پێیە ئێژن، ژنانی نەتەوە سەردەستەکان ئەگەر فێمینیستێکی ڕاستەقینەن و دژی هەڵاواردنن، ئەبێت دژی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان خەبات بکەن و لەو ڕێگایەوە ژنان بە مافەکانی خۆیان دەگەن.

زۆر بەکورتی جیاوازی فێمینیستەکانی ئەم شەپۆلە لەگەڵ شەپۆلەکانی پێش خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمان تەنیا خەبات بۆ مافەکانی ژنان ناکەن و پێیان وایە دەبێت، خەباتیان بە دژی هەموو هەڵاواردن و نادادپەروەرییەک بێت، بۆ نموونە داکۆکیکردن لە مافی ئێتنیکە جیاوازەکان، نەتەوە ژێردەستەکان، گرووپە جیاوازەکان "وەک هاوڕەگەزخوازەکان" و هەر جۆرە نادادپەروەرییەکی دیکە.

شەپۆلی چوارەم

ئەم شەپۆلە سەرەتای دەسپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی( ٢٠١٢) و تا ئێستاش کە ئەم بابەتە دەنووسم، هیچ شەپۆلێکی نوێ سەری هەڵنەداوە. ئەم قۆناخی فێمینیزمە بە دروشمی"منیش هەم" دەستی پێکرد. فێمینیستەکانی ئەم قۆناخە ئامانجیان ئەوەیە تا بتوانن، لە ڕێگای چالاکیی سۆسیال مێدیا و تێکنولۆژییەوە، کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا و دەسەڵاتداران هەبێت، بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و بێ مافی دەرهەق بە ژنان. ئەم دەستەیە لە سەر ئەو باوەڕەن کە توندوتیژی و بەربەستەکانی سەر ڕێگای ژیانی ژنان بەپێی شوێن و زەمان فەرق دەکات، لەبەر ئەوەشە دەڵێن تێکنولۆژیی نوێ و هەبوونی ئەو هەموو سۆسیال مێدیا جۆراوجۆرەی ئەوڕۆ، کێشە و گرفتی نوێی بۆ ژنان و کچان خوڵقاندووە، هەربۆیە پێویستە بەپێی کات، شوێن و سەردەم میکانیزمی بەربەرەکانی کردنی فێمینیستەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت. بۆ نموونە دەڵێن، تێکنولۆژیی نوێ وای کردووە، کە کوڕان، پیاوان و مافیاکانی مامەڵەکردن بە ژنان و کچان، بە ئاسانترین شێوە، لە ڕێگای هەڵگرتنی وێنە و فیلم لێیان، دەکەونە بەر هەڕەشەی ئەوان و ناچاریان دەکەن مل بە داخوزییە قێزەوەنەکانیاندا بدەن و بە گشت جۆرێ باجگیرییان لێ بکەن، هەتا وایان لێ بکەن تا بۆ ماوەیەکی نادیار و هەمیشە داخوازییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەن، وەک دەستدرێژی، لەشفرۆشی پێکردنیان و هتد. هەموو بەڵگەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە نیگەرانییەکانی فێمینیستەکانی ئەم قۆناخە لە جێگای خۆیەتی و کەم نین ئەو کچ و ژنانەی کە گیان و ژیانیان بە هۆی هەبوونی تێکنولۆژی نوێ و سۆسیال مێدیاوە کەوتۆتە مەترسییەوە.

بە چاوخشاندنێک بەسەر شەپۆلە جیاوازەکانی فێمینیزم، دەگەین بەو ئاکامە کە بزووتنەوەی فێمینیستی، هێشتا پێویستییەکی گرینگی ئەم سەردەمەی بەشێکی هەرە زۆر لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی جیهانە و کوردستانی ئێمەش یەکێک لەو وڵاتانەیە. گەرچی ئەرکی ژنی کورد قورس و گرانترە، چوونکە هاوکات پێویستە دوو خەبات بەرەوپێش ببات، ئەویش خەباتی نەتەوەیی و خەبات بۆ دابینکردنی مافە مرۆییەکانی خۆی. ژنی کورد، کە مێژوویەکی دێرینەی هەیە لە مافویستی و یەکسانیخوازیدا، بەشداری لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیش وەک ئەرکی سەرەکی خۆی چاو لێکردووە. کورد بە درێژایی مێژوو، خاکی داگیرکراوە، لە هەموو مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانی بێبەش بووە، هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و زمانی دەرهەق کراوە، خەبات بۆ نەهێشتنی ئەو هەڵاواردنانە بۆ ژنانی کورد تێکەڵاوێکە لە خەباتی فێمینیستی. وەک ئاماژەم پێدا، لە قۆناخی سێیەمی فێمینیزمدا، ڕەوتێکی دیکە لە فێمینیزم سەر هەڵدەدا، کە تایبەتە بە ژنانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و کەمینەکان، کە ژنی کوردیش بەداخەوە دەکەوێتە نێو ئەم ڕەوتەوە. بەپێی ئەو ستانداردانەی کە فێمینیستەکانی ئەم ڕەوتە جەختی لە سەر دەکەنەوە، خەباتی فێمینیستەکان نابێت تەنیا خەبات لە پێناوی مافەکانی ژناندا بێت، چوونکە مافەکانی ژنان لە سیستمێکی دیکتاتۆر و ستەمکاردا دەستەبەر ناکرێن. هەربۆیە پێویستە لە پێشدا ئەم  جۆرە سیستمانە لەناو ببرێن تا مافەکانی ژنانیش بچەسپێنرێن. کورد و کوردستانیش لەم  گریمانەیە بەدەر نییە و نیزامێکی داگیرکەر بەسەریدا زاڵە، هەربۆیە ژنانی فێمینیستی کوردستانیش پێویستە لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا بەشدار بن و ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت لە ڕووخانی ئەم نیزامە سەرکووتکەرانەدا و بەوشێوەیە دەتوانن، لە بونیادنانەوەی وڵات و داڕشتنی سیاسەت و یاسای داهاتووی وڵاتدا ڕۆڵیان هەبی. بێ حزووری ڕاستەوخۆی ژنان لە ئێستای خەباتدا، ناتوانین چاوەڕوان بین، لە داهاتووی بەڕێوەبەری وڵاتدا ژنان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان هەبێت، هەر ئەمەشە فەلسەفەی بەشداری ژنی کورد لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا.

هەروەها مێژوو نیشانیداوە ژنی کورد سەرەڕایی هەموو بەربەستەکانی سەر ڕێگای بەشداریکردنی لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا، دیسانیش درێغی نەکردووە و لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو بووە و دەکرێ بێژین لە دونیادا ڕەنگە بەرخۆدانی ژنی کورد لەم بوارەدا بێوێنە بێت، ئەمەش وامان لێ دەکات کە هیوادار بین هەموو مافە مرۆییەکانی ژنی کورد لە داهاتووی سیستمی بەڕێوەبەری وڵاتدا جێگیر بکرێت.کەواتە لێرەدا بەو ئاکامە دەگەین، کە ژنی کورد خەباتی فێمینیستی و خەباتی ڕزگاری نیشتمانی هاوکات لەگەڵ یەک دەباتە پێش و هەردووکی ئەم خەباتەی، لە پێناو کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنە، کەواتە بەشداری لەخەباتی ڕزگاری نیشتمانی، هیچ دژایەتییەکی لەتەک بیر و مەکتەبی فێمینیستیدا نییە، ڕخنەیەک کە هەندێک جار ژنانی نەتەوەی سەردەست لە ژنانی پێشمەرگەی کوردی دەگرن. ژنی کورد و ژنانی فێمینیستی قۆناخی سێیەم، پێیان وایە تا زوڵم و ستەمی، نژادی، نەتەوەیی، گروپی و عەقیدەتی کۆتایی پێ نەیەت، هەڵاواردنی ڕەگەزیش بەردەوام دەبێت. دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی و بونیادنانی سیستمێکی دێمۆکرات و دادپەروەر کاتێک وەدی دێت، کە حکومەت و نیزامێکی مرۆڤتەوەر و دێمۆکرات لەسەر کار بێت، خەبات دژی هەر جۆرە نادادپەروەرییەک، خەباتە لە پێناو مافەکانی مرۆڤ کە ژنانیش دەگرێتەوە و گەیشتنی ژنان بە مافە مرۆییەکانیان ئامانجی سەرەکی فمینیستەکانە.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە

سەرچاوەکان:

پەرویز ڕەحیم قادر"بەراوردی بنەما تییۆرییەکانی فمینیزم"

مباحث نظری فمینیسم، مجموعە مقالات

Cathrine Holst(Hva er Feminisme)

تووبا ئەلیاسی"کتێبی ڕێگای گەیشتن بە یەکسانی"

ویکی_پیدیا