دوای چەند مانگ لە کوژرانی ژینا (مهسا) ئەمینی کچە لاوی کورد لە لە لایەن هێزەکانی (گەشت ئیرشاد) پۆلیسی تاران له ژێر سیاسەتی حیجابی زۆره ملێ بۆ سەر ژنان، هەتا ئێستایش و دوای چەند مانگ ناڕەزایەتی و نائارامیەکان، گەلێک گۆڕانکاری و ئاڵۆگۆڕی بەرچاو لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردوستان و ئێران هاتوەتە ئاراوە و دەستکەوتی مەزنی به دواوە بوە. چەندین مانگ ناڕەزایەتی بەرین و جەماوەری سەر شەقام لە کوردوستان و ئێران، داخوازی گشتی خەڵکی بەرەو گۆڕانکاری سیستەمی دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئێران برد. هەرچەن لە سەرەتادا ناڕەزایەتییەکان دژ به حیجاب زۆره ملێ سەر ژنان و به کاربردنی زەبروزەنگی پۆلیس لەم بوارەدا دەستیپێکرد، بەڵام بە کەڵەکە بوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان بووبە دژایەتی کۆماری ئیسلامی.
ئەگەر شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٤٤ سال پێش، ئاکامەکەی بوو به سەقامگیری دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی، لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆ حیجابی زۆره ملێ سەر ژنان وەک رەمزێکی دەسەڵاتداریەتی سیاسی و ئایینی لە گۆڕەپانی گشتیدا، وەک بنەمای فەرهەنگی ئەم سیستەمه لە کۆمەلگادا پێناسە کراوە. هەر وەهایش لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا دژایەتی رۆژئاوا و ئامریکا بوو بە پێناسە و رەمزی دەسەڵات. هەر بۆیە دژایەتی ئەم سیاسەتە لە ئاستێکی بەریندا لە لایەن ژنانەوە دەبێ بە دژایەتی دەسەڵاتی سیاسی. کەڵک وەرگرتنی گشتی کۆماری ئیسلامی لە هێزی شۆرشی گەلان لە سالانی سەرەتای شۆڕشدا توانای هەرجۆرە بەرخۆدانێکی دژ به دەسەڵاتداریەتی و دژایەتی ئەو رەمزانە، لە کۆمەڵگا، حیزب و رێکخراوەکان ئەستاند و وەک ئایدیالۆژی شۆڕش توانی هێماکانی خۆی به سەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ. هەرچەن جێگای تێڕوانین و ئاماژەیە کە کۆمەڵگای کوردستان بە هۆی پێشینەی خەبات و سیاسەت لە سەدەی سەردەمدا وەک نەیاری ئەم قەوارە سیاسیە مایەوە و لە گۆڕەپانی گشتی و لە چوارچێوەی حیزبایەتی نەتەوەیی و بەرەی چەپ دا به خەباتی چەکداری و سیاسی درێژەیاندا، بەڵام هێزی لافاوی شۆڕش لە دژایەتی سیستەمی دەسەڵاتداری پاشایەتی پەهلەوی و لە ژێر کاریگەری ئایدیالۆژی دژه ئەمپریالیستی و دژە رۆژئاوایی ئەو سەردەمە لە ناوەندی دەسەڵات و ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر بەهێز بوو و نەیارانی دەسەڵاتی خستە پەراوێزەوە. هەرچەن دوای چەند دەیە و بە تایبەتی دوای چەندین ساڵ شەڕ لەگەڵ ئێراق، کۆماری ئیسلامی لە بواری ئابوورییەوە لە چوارچیوەی سیاسەت و بەرنامەی سەرمایەداری و لیبرالیستی پیلانی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری پەیڕەو کرد و هەندێ ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی بەدواوە بوو.
لە بواری مێژوویی و ئایدیالۆژییەوە، ئیسلامی شیعە وەک هێمای ئەم قەوارە سیاسیەوە خۆی بە سەر کۆمەڵگا و سیاسەتی فرە رەهەندی گەلانی نێو جوغرافیای ئێراندا سەپاند. به گشتی دژایەتی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پاشایەتی وەک پیشینەی مێژوویی دەسەڵاتداریەتی، دژایەتی ئەمپریالیسمی رۆژئاوایی و ئامریکا و هەروەها ئایدیالۆژی ئیسلامی شێعە، وەک سێ تەوەری پێناسەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا خۆی نواند.
لە دوو دەیەی رابردو بە چوونە سەرەوەی ئاستی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت رێژەی خوێندەواری و شارنشینی، کۆمەڵگای ئێران تووشی گۆڕانکاری نوێ کرد و نەوەکانی نوێ بە دوور لە کاریگەری ئایدیالوژیەکانی سەردەمی شۆڕش، ئەزموونی نوێی ژیانیان بۆ رەخسا و تا رادەیەک له هێژێموونی بەها فیکری و فەرهەنگییەکانی زاڵ، کەم بوەوە. هەروەها گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە بواری تەکنۆلوژیا و میدیا و پەیوەنده کۆمەڵایەتییەکانی فەرهەنگی، رەمزی ئایدیالۆژی ئیسلامی لە بواری فیکری و باوەڕمەندییەوە لە لای نەوەی نوێ لاواز کرد. بەم هۆکارانە دەسەڵاتی سیاسی هەر جۆرە دژایەتی حیجابی زۆرە ملێ بە دژایەتی رەمزی فەرهەنگی و سیاسی ئایدیالۆژی دەسەڵات و یاسای حکومەت دەزانی و هەر جۆرە چالاکی دژ بە حیجابی زۆرە ملێ بوو بە ئەکتێکی سیاسی و نەیارانەی گشتی دەسەڵات.
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی ژینا بوو به هەوێنی بزوتنەوەیەکی قوڵ و بەرین و بۆ چەندین مانگ لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر درێژەی کێشا و لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران و هاووڵاتیانی دەروەی وڵات، بەردەوام بوو. ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییە وەک شۆڕشێک بە ناوی قوربانی کارەساتەکە، وەک رەمز و پێناسەیەک لە مێژووی کوردستان و ئێران بوو بە شۆڕشی ژینا (مهسا). بزوتنەوەیەک کە بە دروشم و ئاڵای ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکرد و بوو به ئاخێزێک و وەک لافاو تەواوی گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئێرانی تەنییەوە. ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییە لە دوای شۆڕشی سالی ٥٧ گەلانی ئێران و وەک رووداو و دیاردەیەک هەست و جوڵەیەکی مەزنی خستە نێو تاکەکانی کۆمەڵگا و بە خێرایی بەرەوڕووی کۆی گشتی سیاسەتی دەسەڵات بوەوە.
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێشتر وەک دروشم و مانیفستێک بۆ بەشداری ژنان لە خەباتی شاخ و شاری کوردستانی باکۆر و رۆژئاوا، قۆناخێکی هەرە گرنگی بە خەبات و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان بەخشی و لە شۆڕشی ژینا بو به گوتارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەشداری بوێرانە و بەرینی ژنان لە چالاکی و ناڕەزایەتییەکان بو بە هۆی بەهێز بوونی هەرچی زۆرتری ئەم گوتارە. لە پانتایی ئێران و جیهان و ژینا و ژن، ژیان، ئازادی بوو بە رەمزی شۆڕش دژی دەسەڵاتی سیاسی. هەرچەن ئاکام و کاریگەرییە فەرهەنگی و فیکرییەکانی ئەم دروشمە لە کۆی کۆمەڵگا درێژخایەنە، بەڵام رەوت و هێزێکی کۆمەڵایەتی دروست کرد کە لە روی خەباتی مەدەنی و سیاسییەوە بوو بە هەوێنی خەباتی بزوتنەوەکانی کۆمەڵگا. لە بواری سیاسی و مێژووییەوە زۆربەی گەلان و نەتەوەکانی ئێران خاوەن و پێشینەی بەشداری ژنانیان لەو شێواز و فۆرمە زۆر کەم بوو، بەڵام هێز و پێناسەی ژنان وەک خاڵی لاوازی فیکری دەسەڵاتی فەرهەنگی و سیاسی کۆماری ئیسلامی، ئەم دروشمەی کردە گوتاری بزوتنەوە و خەبات.
ئەم گوتارە وەک بزوتنەوەیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆربەی نەیارانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە جەغزێکی خەبات و لە بازنەی هاوبەشی دژایەتی دەسەڵاتی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە. هەروەها بۆ یەکەم جار خواستی جەماوەری بۆ داهاتووی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی لە ئێران لە دژایەتییەکی نەرێنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی گۆڕی بۆ خواستی ئەرێنی دەسەڵاتداریەتی بە لەبەرچاو گرتنی رۆڵ و مافی ژنان و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و هەمە رەنگ، بوو بە مەنشوریک بۆ داهاتووی کوردستان و ئێران. به هێز بوونی گوتاری ژن، ژیان، ئازادی هەڵقوڵاوی شۆڕشی ژینا، ئایدیالۆژی و ئەندێشە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای بە جیاوازی و پانتایی ئایینی و نەتەوەیی و فەرهەنگییەوە کردە گوتارێکی زاڵ. ئەم گوتارە تەنانەت لە رووی فۆڕمیشەوە، وەک داخوازی و هەوێنی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوو بە رەمزێک بۆ گەشە و پەرەی خەبات و لە داخوازیەکانی داهاتودا جێگای تایبەتی پەیدا کردوە.
هەنووکە ئاڵای ناڕەزایەتی سەرەکی ئەم شۆڕشە بە دەستی ژنان، لاوان، خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران و هونەرمەندان و بەشێکی زۆری چینی چەوساوەی کۆمەڵگا لە پانتای کۆمەڵگای ئێران و کۆمەڵگای دیاسپۆرای کورد و ئێرانی چەندین مانگە بوە بە هێزی خەبات و وزەیەک بۆ گۆڕانکارییەکان. هەروەها ئەم شۆرشە بە شێوەیەکی بەرین پاڵپشتی نێونەتەوەیی لە گەڵان و دەوڵەتانی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و لە بواری چالاکی فیکری و فەرهەنگیدا وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بوە بە گوتاری میدیای جیهانی. شۆڕشی ژینا زۆرێک لە کیشە و قەیرانەکانی سیستەمی دەسەڵات و ناو کۆمەڵگای وەک قەیرانی رەوایی (مشروعیت) دەسەڵات و قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان، کێشەی فەقر و هەژاری و هەڵاواردنی چینایەتی کە ساڵانێکە کۆمەڵگای ئێرانی گرتوەتەوە، زیندوو کردەوە و قەیرانی قوڵ و هەمەلایەنەی بۆ دەسەڵات دروست کرد و لە بەرانبەریشدا بوو بە ئومێد و هیوای گەلان و چین و توێژەکان بۆ ئاڵۆگۆری بنەرەتی لە کۆمەڵگا.
شۆڕشی ژینا داخوازی گشتی کۆمەڵگای بەرەو گوتار و ئاراستەیەکی جیاواز برد و دوای چەندین بزوتنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەری و چینایەتی دو دەیەی رابرردو، داخوازییەکانی لە ناڕەزایەتی قەیرانی ئابووری و سیاسی بەرەو خواستە تایبەت و قەتیس ماوەکانی فەرهەنگی و کۆمەلایەتی برد. دۆخی شۆڕش قۆناخێکی ئالۆز و سەختی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دروست کرد کە چەندین مانگ دەسەڵاتی تووشی کێشە و قەیرانێکی قوڵی ئەمنی و سیاسی کرد و ترسی داڕوخانی سیستەمی خستە نێو دەسەڵات. دەسەڵات بە هەستی مەترسی گەورە، بە هێزی ئەمنی و سەربازی بە تایبەت سوپای پاسداران بە توندی بەرەنگاری نارەزایەتییەکان بوەوە و سیاسەتی سەرکوتی بەربڵاوی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی گرتە پێش. رێژەی زۆری کوژراو و برینداران و زیندان و دەستبەسەر کراوان بە روونی ترسی دەسەڵات نیشان ئەدات. بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان و بەشداری بەرچاو و خۆڕسکی خەڵک لە کۆی گشتی جوگرافیای ئێران و هەر وەها پێشەنگایەتی ژنان و لاوان و پشتیوانی بێ وێنەی جیهانی رەواییەکی گەورەی بۆ شۆڕش دروست کرد.
شۆڕشی ژینا و مانیفستی ژن، ژیان، ئازادی ناڕەزایەتییەکی بەرین و بوێرانەی چین و توێژەکانی خەڵک و گەلی کورد و بەلوچی بەدواوە بوو بە جۆرێک بۆ چەندین مانگ، خۆپیشاندان و چالاکی سەر شەقام، ئەزموونی باشی بۆ خەڵک خولقاند کە لە تەواوی تواناییەکان چ لە مەیدان و چ لە بواری میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەرگرن، بە جۆرێک دەسەڵاتی لاواز کرد کە تەنیا چارەی لە سەرکوت و پچرانی ئینتێرنتدا دەبینی. ناڕەزایەتی و راپەرینی جەماوەری لە کوردستان و بلوچستان بوو بە کار و چالاکی رۆژانە و هەفتانەی ژنان و لاوان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی. لە کوردستان لە زۆربەی ناوچەکان، شەقام و گۆڕەپانی شارەکان بونە مەکۆی خەبات و بەرخۆدان و خەباتی نەتەوایەتی کوردستان وەک رۆژەڤی خواستی گەل زەق بویەوە. ژمارەی کوژراو و بریندار و دەستبەسەرکراوان لە کوردوستان نیشاندەری کێشەی قوڵی نەتەوایەتییە لە ئێران و ئەم سەرهەڵدانە توانی مێژوو و ئەزموون و قۆناخێکی دیکەی لە خەباتی جەماوەری بێنێتە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و ئێران.
بەردەوامی شۆڕش لە فۆرمی ناڕەزایەتی جەماوەری و چالاکی دژ بە دەسەڵات، دەرفەتی ئەوەی دەخولقاند کە خەڵک بە بەشداری لە حەوتوو و چلەی کوژراوانی شۆڕش، هەرچی زۆرتر هاودڵی و رێکخستن و خۆیان بکەنە نەریت وهەوێنێکی بێ وێنە بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش. هەرچەن لە شارە گەورەکان و بە تایبەت تاران، بەشداری جەماوەری لە ئاست حەشیمەت و گرنگی ئە ناوچانە نەبوو، بەڵام هاودڵی و دژایەتی جۆراوجۆری دەسەڵات و حیجابی زۆرە ملێ وەک رەمزی ئایدیالۆژی دەسەڵات، بوونی رۆح و فۆرمگەلی خەباتی شۆڕشی ژینا بە ڕوونی دەبینرا.
رەوت و ئامانجە هەمە رەنگەکانی شۆرش، هیوا و خولیاکانی گەیاندە ئاستی تێپەڕین و دەرباز بوون لە ئامانجی حیزبە سیاسیەکان و لە بەرامبەردا رۆڵی خەڵک و رێکخستنە خۆڕسکەکانی وەک هێزێکی گرنگ و نوێی شۆرش خستە روو.
بە کرانەوەی قوتابخانە و زانکۆکان، بەشداری بەربڵاوی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان لە شێوازی جۆراوجۆری نارەزایەتی وەک کۆبوونەوە و مانگرتن، تین و تەوژمێکی بە هێزی بە شۆرش بەخشی و دژایەتی حیجابی زۆرە ملێ لە لایەن کچانی قوتابی و خوێندکار، هێما و رۆحێکی تازەی بە شۆڕشدا. بەشداری بوێرانە و بەرینی خوێندکاران و قوتابیان، بە تایبەت کچان و پشتیوانی کۆمەڵگا لە چالاکییەکانیان، قۆناخێکی دیکەی لە مێژووی بزوتنەوی خوێندکاری لە ئێران تۆمار کرد کە ڕۆل و کاریگەری خۆی لە داهاتوو نیشان ئەدات.
شۆڕشی ژینا و مانیفستی ژن، ژیان، ئازادی لە ناوەرۆکی خۆیدا رەوت تەوەرە تا ئامانج تەوەر. رەوتێک کە لە بەردەوامی و کاریگەرییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتی ئەوەی خولقاند کە زۆر بیروڕای جیاواز بۆ لای خۆی راکێشێت و ئامانجەکانی نە تەنیا لە فورمول و پرۆگرامێکی دارێژراو، بەڵکو لە رەوت و گوتار گەلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی رێگای خۆی بەرەو گۆڕانکاری بنەڕەتی بگرێتە پێش.
بەردەوامی شۆڕش لە روی زەمەنییەوە، دەرفەتی باشی بۆ لێکۆلەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی خولقاند کە لە زۆر روانگە و رەهەندەوە شرۆڤەی شوڕش بکەن. بە پێچەوانەی بزوتنەوە و ناڕەزایەتییەکانی رابردو کە پەیوەندییان بە قەیرانێکەوە بوە، بە هۆی تایبەتمەندی چەند ڕەهەندی و لایەنی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هەر وەها پێشەنگایەتی ژنان و لاوان و بەشداری هەمە لایەنەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەلێکی گونجاو و فرە ڕوانگە بۆ لێکۆڵەران پێکهات کە لە روانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی ئەم شۆڕش بکەن و وەک گۆڕانکاریەک لەم قۆناخە مێژووییەدا بیکەن بە رۆژەڤی باس و لێکۆڵینەوکان.
لە سەر بنەما و تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا و دروشمەکەی وەک مانیفستی خەبات و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەر وەها لایەن و رەهەندی جۆراوجوری داخوازییەکان، گەلێک دەستکەوتی بنەرەتی و بەنرخی لە کوردستان و ئێران بەدواوە بوو. رەوت و چۆنیەتی سەرکەتنی ئەم دەستکەوتانە، داهاتوی ئەم شۆڕشە دیاری دەکەن و ئەتوانێت وەک خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی، کاریگەری خۆی ببێت.
گرنگترین دستکەوتی شۆڕش، گۆڕانی باوەڕ و مێشکی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، بۆ دەرباز بوون لە سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە. هەر گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە رەوتی خۆیدا تا دەگاتە ئامانجەکانی، چەندین قۆناخ تێپەر ئەکات و هەر قۆناخێک لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕەکان گرنگی و پێگەی خۆی هەیە. گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئاڵۆزی و هۆکارگەلی جۆراوجۆری هەیە و کۆی مەرجەکان و هەبوونی جەغزێکی هاوبەش ئەتوانێت سەرکەوتنی مسۆگەر بکات.
لەم دۆخە مێژوییەدا باوەڕی زەینی و رۆحی تاکەکان بۆ تێپەڕاندنی دەسەڵات لە وتووێژی ئاسایی خەڵک، لە ژور و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە ئاشکرایی دەبینرێت. باوڕی زەینی بەوەی کە تەمەنی دەسەڵاتی فیکری و ئایدۆلۆژی و سیاسی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتاییە. ئەم باوڕە نە تەنیا وەک خولیا و ئارەزوویەکی نەیاران، بەڵکۆ بیروڕای گشتی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بەو زەینیەتە لە ئاڵۆگۆڕ گەیشتووەن کە ئەگەری گۆڕانکاری دەسەڵات لە ئارادایە و ئەبێت خۆیان ئامادەی قۆناخی نوێ بکەن. قۆناخێک کە بەردی بناغەی هەر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتییە و بە بوونی ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، پێک نەدەهات و نەدەبوە گوتار بۆ دۆخی داهاتوو لە بواری سیاسی و فەرهەنگییەوە. پێشهات و تایبەتمەندییەکانی ئەم چەند مانگە لە پڕۆسەی شۆڕشی ژینا ئەو باوەڕە زەینییەی بە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی ئەم دەسەڵاتەی کردە قۆناخێک بۆ چالاکییەکانی داهاتوو.
شۆڕشی ژینا، بوو بە بزوتنەوەیەک بۆ پێناسە و داخوازییەکانی ژنان و هەلێکی مێژووی بۆ ماف و پیشەنگایەتی ژنان لە خەبات و گۆڕانکارییەکان رەخساند. پشتیوانی هەمە لایەنە لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەک رەمزی شۆڕش هیوا و ئاواتێکی نوێی خستە کۆمەڵگاوە. کوژرانی ژینا، کچێکی لاو و کورد لە ژێر سایەی ئایدیالۆژی فیکری سیستەمی دەسەڵات بوو بە سەرچاوەی داهاتووی ئاڵۆگۆڕی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی. جیا لە ئامانجە سیاسیەکانی شۆڕش، ماف و پێشەنگایەتی ژنان، بوە رۆژەڤی چالاکی گۆڕەپانی نێونەتەویی کە وەک بومەلەرزەیەک لە ئاست گۆڕانکارییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان خۆی نیشاندا.
فەرهەنگی پیاوسالاری لە کۆمەڵگای کوردستان چ وەک نەریت و عورفی کۆمەڵایەتی و چ وەک یاسا و شەریعەتی ئایینی، پێگەیەکی بەهێزی لە کۆمەڵگادا هەیە. دامەزراوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان وەک بنەماڵە، پەروەردە، یاسا و ئایین، پێکهاتە گەلێکی سەرەکی هەڵاواردنی جێندەری دژی ماف و پێناسەی مودێرنی ژنانە.
ئەستەمە ئەم شۆڕشە بە بزوتنەوەیەکی تایبەت بە مافی ژن و فمینیستی پێناسە بکەین، بەڵام لە دژی کولتوری پیاوسالاری و نێرسالاری کۆمەڵگای کوردستان و ئێران لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا دەستکەوتێکی سەرەکییە. هەرچەن لە چەن دەیەی رابردوو بە هۆی وشیاری و دەرفەتی خوێندەواری و پەروەردە و هەلی کار و پیشەیی ژنان لە دام و دەزگا کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان، هەروەها چالاکی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، زۆرتر لە گەل ماف و پێناسەی خۆیان ژیاون و ئاشنا بوون و تا رادەیەک تێروانینی کۆمەڵگا بۆ ژنان و مافەکانیان، بەرەو گۆڕانکاری و ئەرێنی جێندەری پێشڤەچوونی بە خۆیەوە دیوە.
بە گشتی یەکێک لە ئامانج و دەستکەتەکانی ئەم شۆڕشە دژ بە کولتوری نەریتی فەرهەنگی کۆمەڵگایە بۆ دانپێدانانی ماف و پێناسەی ژنان، هەر وەک زۆربەی بزوتنەوەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی رێگای دوورو درێژی لە پێشدایە. ئەتوانین وەک مەرجێکی سەرەکی ئاماژەی پێبکەین کە سەرکەوتن و گەشەی ئەم بوارە زامن و رێگە خۆشکەری شۆڕشی ژینایە، بە پێچەوانەیش لەبەرچاو نەگرتنی ئەم دەستکەتوە شۆڕش لە ئامانجی خۆی دور ئەخاتەوە.
شۆڕشی ژینا بە هۆی بەردەوامی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێران، دەنگدانەوەی بەهێزی نێونەتەوەیی و پشتیوانی بێ وێنەی هاووڵاتیانی دەرەوی وڵاتی (لە هەندەران بە تایبەت ئوروپا و ئامریکا) بە دواوە بوو. کۆی رەوتی روداوەکان، قۆناخێکی مێژوویی لە خەبات و بزوتنەوەی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان و ئێران خولقاند کە گەڕانەوەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ پێش شۆڕش، نامومکین کردوە. هەرچەن دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەسپێکی سەرهەڵدانەکەوە، بە توندترین شێوەی ئەمنی و سەربازی لە گەڵ ئەم دۆخە هەڵسوکەوتی کرد. هەرچەن دوای چەن مانگ ناڕەزایەتی و چالاکیەکانی سەر شەقام و رێژەی بەشداری جەماوەری لە خۆپیشاندانەکان کەم بوەتەوە، بەڵام لە شێواز و فۆرمگەلی جۆراوجۆر بەردەوامی بە شۆڕش دراوە. دەزگای سەرکوتی دەسەڵات کە یەک لەو خاڵە بەهێزەی دەسەڵاتە تۆتالیترەکانە، بە گرتن و زیندانی کردنی نەیاران و ناڕازیان و بە پاڵپشتی دەزگای دادی حکومەت، دەسەڵات لە ئەگەری داڕوخانی خێرای، بۆ ماوەیەک نەجاتی بوو.
ئەم سەرهەڵدانە کە بە بەشداری بەرین و بەرچاوی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵات لە رێورەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی و بە لابردنی لەچک لە لایەن ژنانەوە، وەک رەمزی کولتوری ئایدیالۆژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و میدیایی کردنی ئەو چالاکییە مەیدانییە دەستیپێکرد، هەڵگری دەستکەوتێکی مەزن و میژویی بۆ کوردستان بوو. هەرچەن ناوی ژینا و دروشمە رەمزئاسایەکەی بە خێرایی و وەک دومینۆ، تەواو شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران و دیاسپۆڕای کورد و ئیرانی و کۆمەڵگای جیهانی گرتەوە، بەڵام ئەم شۆڕشە بە سەرچاوەکەی و شوێنی سەرهەڵدانەکەی ناسراوە.
کوردستانی رۆژهەڵات لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتداریەتی سیاسی کۆماری ئیسلامی (دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا کە هیچ کات مافی نەتەوەیی و چارەی خۆنووسینی کوردی بە فەرمی نەناسیوە) بە شێوازگەلی جۆراجۆری بنکەی خەبات و بەرخۆدان دژی ئەو دەسەڵاتە بوە. بەشداری بەهێزی لاوان و ژنان لە شار و ناوچەکانی کوردستان و پشتیوانی هەمە جۆرەی جەماوەر لەم شۆڕشە، لە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر بەرچاو بوو.
کوردستان بە هۆی خەباتی مێژوویی سیاسی ئەم سەردەمە، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە شۆڕش و بەرخۆدانە. هەبوونی وشیاری گشتی و سیاسی جەماوەر، بوونی حیزبە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستان بە هێزی چەکداری پێشمەرگە، هەمووی وەک دەرفەتێکی گەورە بوو کە لە شۆڕشی ژینا، کوردستان ببێتە پێشەنگی ئەم شۆرشه. ئەمە دەستکەوتێکی مەزن و مێژووییە کە خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان کە لە ئەگەری هێزی جەماوەری رێکخراوەیی و میدیایی و دیپلوماسیدا بیکەنە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سەردەمی رۆژهەڵاتی کوردستان.
کچان و ژنان لە کوردستان و ئێران بە شکۆ و حەماسەی چالاکی و بەشداری، وێنایەکی دەگمەنی بەم بزوتنەوە بەخشی کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک ئەزموونی ژیانی خۆیان و وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە میژوو تۆمار دەکرێت. ئاکامەکانی ئەم ئەزموونە حماسیە لە روی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەوە، هیوای گۆرانکاری و بە فەرمی ناسینی مافی ژنان و پێشەنگایەتی ئەوان، ئەتوانێ ببێتە هەوێنی خەباتێکی ژنانە و فمینیستی. کچان و ژنانێکی لاو کە لە روی چالاکی مەدەنی و سیاسیەوە خاوەن پێشینە و ئەزموون نەبوون و لە زۆر بواردا خۆیان لە کێشە و قەیرانەکان دور دەگرت و مەبەستی زۆربەیان نەبوو، بە هێزی مانیفستی ژن، ژیان، ئازادی، هەستیارییەکی بێ وێنەیان لە کۆمەڵگادا دروست کرد و رۆحێکی نوێ و هیوابەخشیان بۆ داهاتوو و چارەنووسی خۆیان به شۆرش بەخشی. هەر چەن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی و زۆربەی دونیا، چالاکی سیاسی وەک کردەوە و ئاکارێکی پیاوانە خۆی بە سەر مێژوودا سەپاندوە، بەڵام پێشەنگایەتی ژنان لە شۆرشی ژینادا وەک دەستکەوت و ئاکامێک لە روی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، وەک پێناسەی ئەم بزوتنەوەیە ناسراوە.
هەرچەن زۆربەی رێکخراوەکان و حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان و ئیران کە فەرهەنگی سیاسی پیاوسالارانە، چ لە بواری فورم و چ وەک ناوەرۆکەوە بەسەریاندا زاڵ بوە، تووشی کێشەی پێناسەیی و بەڕێوەبەرایەتی کرد. سەرهەڵدانی ژنانی هونەرمەند، رۆژنامەوان، رێبەران و چالاکان سیاسی و مەدەنی و مانەوەیان لە نێو خەبات دەستکەوتێکی هەرە گرنگی ئەم شۆڕشەیە. ئەگەر کۆمەڵگا و حیزبە سیاسییەکان خۆیان لە گەڵ ئەم کولتورە نوێیە نەگونجێنن و لە سیاسەتی خۆیان ئەم دەستکەوتە لەبەرچاو نەگرن، ئەگەری ئەوەی هەیە لە شۆرش جێ بمێنن و تێگەیشتنی تەواویان لەم دۆخە نوێیە نەبێت.
شۆڕشی ژینا لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە چ لە روی مەیدانی و میدیایەوە بە پشتیوانی بەرینی جەماوەر و شار و ناوچەکانی کوردستان و تەواوی ئێران بە سەرکوتی توندی دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی، پارادۆکسێکی لە شادی و هیوا بۆ داهاتوو و خەم و کێشەی جەستەیی و رۆحی قوربانیان و بنەماڵەکانیان و دۆخی دەستبەسەرکراوەکان، دروست کرد. لەم دۆخە دشوارە، هاودڵی و هاوڕاییەکی بێ وێنە لە کەشی کۆمەڵایەتی و سۆزداری کۆمەڵگا، دروست بوو. چارەنووسی هاوبەش بۆ گۆڕانکاری و تێپەڕاندنی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی لە نێو رای گشتی خەڵک و لە نێو چالاکان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، بوە هۆی لێک نزیک بوونەوەیان لە ێەکتر و رۆحی کارکردنی هاوبەش بۆ پروگرامی داهاتووی سیاسی، لە نێو حیزب و رێکخراوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ولات دروست بوو.
هەروەها لە دەسەڵاتی ناوەندگەرای سیستەمی سیاسی ئێرانی مودیرن لە هەر دوو رژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، دۆخێکی هاودڵی و هاوچارەنووسی لە نێو گەڵان و نەتەوەکانی ئێرانی بە تایبەت کوردستان و بەلوچستان دروست کرد. پشتیوانی رۆحی و رێکخراوەیی گەلانی دیکە لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هیوا بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و دەستکەوتی نەتەوەیی گەلان زۆرتر دەکات. هاودڵی و فەرهەنگی هاوکاری و رۆحیەتی گەورەی یەکیێتی سیاسی بۆ سەرکەوتنی شۆڕش چ لە روی واقیعی و مەیدانی و چ لە روی میدیایەوە دەستکەوتێکی مەزنی شۆڕشی ژینایە. دەستکەوتێک کە پێشتر بە هۆی فەرهەنگی سیاسی دەسەڵات و بێ هێزی و نەبوونی رێکخراوەی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی و هەروەها دەزگای سەرکوتی ئەمنی و سیاسی دەرفەتی خۆلقاندنی بۆ نەرەخسا.
پشتیوانی و بەشداری هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات لە شۆڕشی ژینا لە رەوت و بەردەوامی شۆڕش زۆر کاریگەر بوو. وەک ئامارێکی نافەرمی دە لە سەدی حەشیمەتی ئێران دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن و ئەم رێژە بەرچاوە توانای زۆری بۆ بەشداری لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە. دوای سەقامگیر بوونی کۆماری ئیسلامی، زۆرێک لە نەیاران و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی کوردستان و ئێران رێگای کۆچبەریان بۆ دەرەوەی وڵات گرتەبەر. قوڵ بوونەوەی قەیران و کێشەی ئابووری لە دو دەیەی رابردوودا، زۆرێک لە گەنجان و پسپۆرانی بواری جۆراوجۆر، بێ هیوا لە کار و ژیانێکی سەردەمیانە، بەرەو وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی کۆچیان کرد. بێگومان دیاردەی کۆچ لە کوردستان و ئێران بوو بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگ. لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵگا و کۆلۆنی دیاسپۆرای کورد و ئێرانی لەو وڵاتانە، هاودڵی و بەشدارییان لە چالاکییە سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ، وەک واقعێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی ئێران دروست بوو.
هەر لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە، پشتیوانی ئەو کۆمەڵگایە لەم شۆڕشە بە مانیفستی ژن، ژیان، ئازادی وەک دیاردەیەکی سیاسی بەهێز هاتە نێو گۆرەپانی سیاسی دۆخەکەوە. بەشداری جەماوەری دیاسپۆرای کورد و ئێرانی لە ناڕەزایەتی مەیدانی و سەرشەقامی هەندەران و هەروەها چالاکی بەهێزی میدیایی، هیوایەکی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروست کرد. ئاسەواری ئەو رۆحیەت و هیوایە بۆ ساڵانی داهاتویش وەک چالاکیەکی حەماسی لە کۆمەڵگای دیاسپۆرا دەمێنێتەوە و بێ گومان ئەتوانێ ببێتە هەوێنی کار و چالاکی هاوبەش.
هەرچەن پێکهاتە و ئایدیالۆژی رێکخراو و حیزبە سیاسییەکان، لە رەوتی رووداو و ئاڵوگۆڕەکان، نەیتوانی بگاتە ئاستی پێشهات و ئامانجەکان، بەڵام وەک سیخورمەیەک تاڕادەیەک توانی جوڵە و هێز و وزەیەکی نوێ بەو رێکخراوانە ببەخشی. بەم دەستکەوتە گرینگە لە داهاتووی سیاسی کوردستان و ئێران ئەتوانن وەک ئاڵتێرناتیڤ رۆڵ بگێڕن.
ئەم شۆڕشە وەک دەسپێکی ئاڵۆگۆری مەزن داخوازی هەمە لایەنە و فرە رەهەندی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی، فۆرمگەلێکی هەمە رەنگی خەباتی دروست کرد و رێگەی بە زاڵبوونی ئایدیالۆژی و روانگەیەکی تایبەت نەدا. بەشداری زۆری خەڵک لە رووی نەتەوەیی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و گوتاری نوێی ژن، ژیان، ئازادی، چاوەڕوانی بزوتنەوەیەکی هەمەرەنگ و گوتارگەلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردە تایبەتمەندی شۆڕش. بەم هۆیە نە تەنیا یەک ئایدیالۆژی و یەک رێبەر و رێکخەر، بەڵکو رەوایەتە کەلانەکانی وەک نەریتی شۆڕشەکانی هاوچەرخی تووشی ئاڵۆزی و تێڕامان کرد.
هێزی بەشداری ژنان و لاوان، پێگەی شۆڕش لە نێو جەماوەر و خەڵکی کوردستان و ئێران بە پێناسە و روانگەی جیاوازەوە، دەرفەتی لە یەک لایەن و یەک نەتەوە و ئایدیالۆژیای تایبەت ئەستاند کە وەک شۆڕشی پێشوی گەلانی ئێران، پێناسە و رەوتی خۆی بە سەر گۆڕانکاری و شۆڕشدا بسەپێنێت. ئەم دەستکەوتە مەزنەی شۆڕش، ریگرە لەوەی هەر هەوڵیک، واقیع و ئەنجامەکانی داهاتو بۆ بەرژەوەندی خۆی زەوت بکات.
بەشداری خۆڕسک و پڕۆسەی رێکخستنی شۆڕش لە لایەن چین و توێژە جیاوازەکان و نەبوونی کەسایەتی و بەڕێوبەرییەکی گشتی، وەک تایبەتمەندی شۆڕش، لە رووی روانگەیشەوە رەوایەت گەلێکی بچوکی هێنایە گۆڕەپانی گشتی کۆمەڵگا. بزوتنەوەی جۆراوجۆر وەک بزوتنەوەی نەتەوەیی، خوێندکاری، ژنان و بزوتنەوەی کرێکاری و هەروەها حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی بەرینی شۆڕش و بە مانیفست و دروشمی نوێ، ڕوانگە و داهاتوی خۆیان لەم شۆڕشە دەگرنه پێش.
بە گشتی یەکێک لە تایبەتمەندی و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژینا رۆڵی چالاکانە و پێشرەوی خەڵک و چالاکانی سیاسی ناپروفیشنال لە بەرانبەر حیزب و رێکخراوەکاندا بوو. هەر بۆیە بە راستی لەم شۆڕشە خەڵک و رێکخستنە خۆڕسکەکانی ناوخو و بەشداری لاوان و ژنانی ناسیاسی، رەوت و ئامانجە هەمە رەنگەکانی شۆڕش، هیوا و خولیاکانی گەیاندە ئاستی تێپەڕین و دەرباز بوون لە ئامانجی حیزبە سیاسیەکان و لە بەرامبەردا رۆڵی خەڵک و رێکخستنە خۆڕسکەکانی وەک هێزێکی گرنگ و نوێی شۆڕش خستە روو.
روانگە و خوێندنەوەی خەڵک لە سەر کارەساتی کۆژرانی ژینا و کۆی ناڕەزایەتیە گشتییەکانی ئەم چەند مانگە لە سەر زەق و قۆڵ کردنەوەی کێشەی ڕەوایی دەسەڵات زۆر کاریگەر بوو.هەر بۆیە یەک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژینا، سەرکەوتنی رەوایەت و خوێندنەوەی خەڵک و نەیاران بە سەر رەوایەتی دەسەڵاتدا بوو.
ئەم شۆڕشە وەک دەسپێکی ئاڵوگۆڕی مەزن داخوازی هەمە لایەنە و فرە رەهەندی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی، فۆرمگەلێکی هەمە رەنگی خەباتی دروست کرد و رێگەی بە زاڵبوونی ئایدیالۆژی و روانگەیەکی تایبەت نەدا. بەشداری زۆری خەڵک لە روی نەتەوەیی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و گوتاری نوێی ژن، ژیان، ئازادی، چاوەڕوانی بزوتنەوەیەکی هەمەرەنگ و گوتارگەلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردە تایبەتمەندی شۆڕش. بەم هۆیەوە نە تەنیا یەک ئایدیالۆژی و یەک رێبەر و رێکخەر، بەڵکو رەوایەتە کەلانەکانی وەک نەریتی شۆڕشەکانی هاوچەرخی تووشی ئاڵۆزی و تێڕامان کرد.
لە سەردەمی تەکنەلۆژیاو پەیوەندییەکان، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رۆڵی بەرچاو و چارەنوسازیان لە رەوایەتی رووداو و رەوتی پێشهاتەکان و تێروانینی گشتی هەیە. کەڵک وەرگرتنی گشتی کۆمەڵگا لە کەرەستەی موبایل و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئاگاداری و بەشداری چالاکانە، هەنگاوێکی دیاریکەر بوو لە پرۆسەی شۆڕشدا . هەر لە سەرەتاوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ئەنیستاگرام و تێلگرام و توویتری تاک و گروپە جیاوازەکان بوون بە میدیای سەرەکی گێرانەوە و خوێندنەوەی رووداوەکانی شۆڕشی ژینا. رەوایەتە بە رواڵەت ناپرۆفیشنال و بچوکەکانی تاکەکان و نەیارانی دەسەڵات بوو بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی میدیایی جیهانی بۆ خوێندنەوەی رووداو و دیاردەکانی شۆڕش. هەرچەن دەسەڵات لە ڕۆڵ و کاریگەری ئەم میدیایانە ئاگادار بوو و لە سەرەتاوە هەوڵیدا بە پچرانی ئینترنت و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێز و کاریگەرییان لە ناوخۆ و جیهاندا کەم کاتەوە و رەوایەتی خۆی لە کۆی روداوەکان زاڵ بکات، بەڵام سەرکەتوو نەبوو. دەسەڵات بە دەیان و سەدان میدیایی ناوخۆ و جیهانی و بە هەزاران ماڵپەر و کەرەستەکانی پەیوەندی گشتی لە بەرانبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەیاران لە مەڕ خوێندنەوە و گێرانەوەی رەوت و رووداوەکانی ئەم سەرهەڵدانە تووشی شکستێکی گەورە بوو. هەرچەن دەسەڵات لە روی ئەمنی و سەربازی و سەرکوتی توندی ناڕازییەکان ، لەم قۆناخەدا لە هەڵدێری تەواوەتی نەجاتی بوو، بەڵام تووشی شکستی رەوایی گەورە لە کۆمەڵگادا بووە. ئەم شکستە بە رادەیەک به هێز بوو کە بێ متمانەیی قوڵی لە لای خەڵک لە ئاست رەوایەتەکانی دەسەڵات لە سەر قەیرانەکان دروست کرد و بە جۆرێک بوە هۆی پچرانی پەیوەندی خەڵک و دەسەڵات. ئەم دۆخە لە داهاتودا قەیرانە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان قۆڵتر ئەکاتەوە و توانای دەسەڵاتداریەتی و بەڕێوبەری دام و دەزگا حکومییەکان لاواز و لاوازتر دەکات.