دەزگای فکری خەیام و نەریتی مەعریفی زاگرۆسی

ژمارەی بینەر 1273

2023-04-29

لەڕاستیدا بۆ ناسینی فۆرمی شیعری خەیام پێویستە ئاوڕێک لە[ دووبەیتی] یان باشترە بڵێم؛ پێش دووبەیتش بدەینەوە. زۆرن ئەوانەی ڕایان وایە کە دووبەیتی سەرچاوی چوارینەیە و بەگشتی ئەم دوو فۆرمە شیعرییە سەربە کولتوور و هزرو شارستانیەتی وشکارۆی زاگروسن [ فارسان دەلێن ئێران] ڕیشەی ئەم دوو فۆرمە هەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دوو رەگەزە گرنگەی کە بە خەسرەوانیی و پەهلەوی یا وەک ئێرانی دەڵێن؛ فەهەلەوی ناسراون. ئەمان بەجۆرێ قاڵبی گونجاو ترن بۆ دەربرینی هزری زاگرۆسیی. دیارە هەندێک بۆ چوونیش هەیە کە ئەم فۆرمانە دەبەستنەوە بەچوار رەگەزی گرنگی [ ئاو ،ئاگر و خاک و باوە] ڕەنگە ئەم بۆچوونە لەسەر بنەمای زمانی سۆمەری کە بنەمای بوون و کەوشەن دەباتەوە سەر ئاو و بەجۆرێکی [ئوستوورەیی _دینی] هەموو بوون لەسەر بنەمای ئاو و خۆر بەرجەستەدەکاتەوە، دوور لەراستی نەبێت. لەڕاستیدا و سەرەڕای ئەم بۆچوونە ئەم دوو فۆرمە خۆیان دەچنەوە سەر زەینی زاگرۆسیی و [کرکەی هەورامانی و ئۆرامەنەکان]وە ڕەگەزی گرنگی ئەم دوو فۆرمە ئەمەیە . شەمسی قەیسی ڕازی سەرەڕای جیهانە عەروزییەکەی خۆی، کە هەمووشت بەم کێشە دەپێوێت  لەسەر [کرکە یا لەحن، ئاواز  و گۆرانی لەدەڤەری پەهلەدا روانگەیەکی گەش و یەکجار جوانناسانەی هەیە.

لەحن ئۆرامەنە و بەیتی پەهلەوی

زەخمەی روود وسەماع خەسرەوی

ئەگەر[باوا تایەری پیری میهری و یاریی] سەرچاوەی دووبەیتی بێت،کە هەیە[هەرچەندە فارسەکان چیرۆکی سەیریان بۆ دووبەیتی هەیە] ئەم ڕوانگە بە ئەگەرێکی زۆر بەهێز لە ڕاستەبوونەوە نزیکە، ڕوانگەی چوار رەگەز مەبەستە. دوای ئەمەش ئەگەر خەیام یەکێ لەسەرباشقەکانی چوارینە بێت؟ گومان نایەڵێ کە ئەم هەڵبژاردنە هۆکاری مەعریفی و کولتووری لەپشتە، سەڕەرای هەر هۆکارێکی دیکەی هونەریی و سەلیقەیی و جوانیناسانە. لە دەزگای مەعریفی و نەریتی بیرکردنەوەی خەیام دا، بەروونی ئاشنایی و زاڵی خەیام بەسەر کولتوور و مەعریفەی وشکارۆی زاگرۆس دا دیارە و هاو هزری خەیام لەگەڵ زۆرێک لە بیرمەندانی ئەم دەڤەرەدا دەردەکەوێت،

بەتایبەتی ئاراستەی هزری زاگرۆسی خەیام دواتر و لەسەردەستی سوورەوەردیدا دەبێتە ئیشراق.  هەرچەندە لەگەڵ ئیبن سیناش زۆر بەباشی ئاشنایی هەیە.  ڕەنگە لێرەدا ئاوڕدانەوە لەم بابەتە کە نووسەری (ئاو کۆڕازی مێژوویی لەبیرکراو) زەردەشث نوورەدین، باسی دەکات بێتەبەرباس بەم شێوەییەی کە، پەیوەندی رەسەنایەتی نێوان زمانناسی و ئوستورە و ئاگایی''ئوستورە -ئاین'' هەرلەبنەڕەتەوە خۆی لەو واقعەدا بەرجەستەدەکاتەو دەناسێنێ کە هەموو بنەما زمانیەکان وەهەروەها هەموو بوونە ئوستورەیەکان بەچەشنێک لەهەندێک هێزی ئوستوورەییەوە سەرچاوە دەگرن.  هەندێک ڕایان وایە زمانی کوردی کە بنەمای هزرو مەعریفەو پێکهاتەی شارستانی کوردییە لە قۆناخی سەرەتای دەرکەوتەی ئوستوورە و ئایینەوە فۆرم دەگرێت . لێرەوە سەرەتای رسکانی هزرێکی فەلسەفی دەردەکەوێت، کە بنەمای هەموو شرۆڤە هزریەکانی وشکارۆی زاگرۆسە، کە لە شارستاینەتی  سۆمەر و نێوان دوو رووبارەوە سەرهەڵدەدات، لە سەربنەمای بازنەیی بوونی ژیار و کەوشەن و کۆی دەرکەوتە بنەماییەکان.ڕۆڵی رەگەزەکانی( ئاو و تاو ،یان ئاو هەتاوە.) بۆ نموونە کاتێ باسی وشەی خودا دەکرێت بەم ڕێچکە فکریە دەبێ بڵێن؛ خودا لە دوو وشەی [خود و ئاو] پێکهاتوە وە بوونێکی پێکهاتەییە. یا خود ئاو کە دواتر بووەتە، خودا، خودا بەمانای خودی ئاو، یا ئاوی ئاو. یان ئاویی پەتی . ئەوەی کە مرۆڤ و خواکان لێک جیادەکاتەوە ،ئاوی بێگەردە . پەتی، ناب، خواکان ئەو ئاوەن کە جەوهەری ئاوە، لەم پەیوەندیەشدا وشەی [رووناکی] هەیە واتە ئەگەرمرۆڤ ئاوی ئاسایی بێت ،ئەوەخواکان لە رووناکی یان جەوهەری ئاو پێکهاتوون. لە فۆلکی کوردیی و ئەفسانە کوردیەکاندا کۆمەڵێ بۆچوون و گێڕانەوە هەن، کە دەتوانن ئەم بۆچوونە بەهێز و پشت راست کەنەوە، وەک ئەفسانەی [ئافراندنی یاری و میترایی] و دەستەواژە گەلێکی وەک (ئاو ڕۆشناییە) هەنووکەش رێبوارانی کوردەواریی، بەئاو بەپشت سەر ڕشتندا بەرێ دەکرێن، واتە ڕێگایان روون بێت. وشەی هەتاو ئەم ڕەوەندە ڕوونتر دەکاتەوە. کە دەگەرێتەوە بۆ (تاو) کە ئەویش لە [ تێ ئاو] دروست بووە پاشان پێشگری (هە) دەگرێت و دەبێتە هەتاو کە (هە) لەکوردیدا پێشگری هەستان و هەستانەوە و جوڵەیە. (ئاو .تاو. هەتاو، خودا، بازنەیی بوون) هەر هەموو بەجۆرێ لای سووهرەوەردی ئامادەن و لەوەش گرنگتر ئەوەیەکە پێش ئەو لای بابا تایەر و خەیام و زۆریتر ئامادەن ودوایی لای حافز کە راستەوخۆ لە سوهرەوەردی دەگرێ، دەگاتە لوتکە لە فۆرمی حیکمەتی زاگرۆسیدا. نووسەری کتێبی ئاو بە تاو، سەباح یاسین، کە رامانە لە زمان و شارستانیەتی سۆمەر و لەوێشەوە زمانی کوردیی، رای وایە کە؛ وشەکانی ئاو و تاو، لەزمانی کوردیدا وێنەو فۆرمی خۆیان لە سرووشت وەرگرتووە، یانی لە سرووشتی خودی ئاو و هەتاو، لەوێوە لە مێشکی کوردیماندا نەخشاون. بوونەتە بنەمای کولتووریمان. پاشان دەماودەم بە ئێمە گەشتوون. بەم پێیە وشەکانی ئاو و تاو بە هەناویی ژیانەوە لکاون. هەروەها ''دەوەران دەوەرانی'' ئاو لەسرووشت دا گرێ درواە بە گەرمی هەتاوەوە. ''دەوەران دەوران '' ئەم ڕستە باس لەخولانەوە دەکات.خولانەوە لەبوون وکەوشەن دا. واتە ''جوڵەی بازنەیی'' ، لێرەوە دەرگای باسێکی هەرە گرینگی دیکەش دێتەپێشەوە کە دەکرێت لەدەرفەتی دیدا باسی بکەین ، بەڵام هێندە بەس کە ''خڕەی یەزدانی یا فەڕەی ئیزەدی '' بازنەیە و لەراستیدا سوورەوەردی خۆی هەر بەخڕەباسی دەکات، خڕەش هەم ئاماژە بە خۆرە و هەم بە دەوەرانی کەوشەن. بەم پێێیە هاوکێشەی  دەنگ یا '' ئاواز +وێنە=مانا'' رسکاوە. کەدەبێتە بیردۆزی زمانی کوردیی تا هەنووکە .

لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەم ڕاو  بیردۆزەی ئافراندن دەبێتە هزریی کوردیی لەسەر چەمکەکانی (تیرێژ، شەبەنگ، ئاو، ئاور یان ڕۆشنایی، لە فرە رەهەندی رۆشنایەوە جیاوازەکانی مرۆڤ و خوا بێچم دەگرێت) بەتایبەتی ئەوکاتەی کە سەرێک دەکێشینە ئوستورەکانمان و ئەفسانەو فۆلکی کوردستانی. چۆن ماون و چۆن گشتگیر بوون. وەچۆن ئاواز و وێنە لە کۆی شیعر و دەقیاندا بە فۆرمی مانا ڕۆڵی بەرجەستەیان هەیە.

باوە تایەر دەڵێ:

مو ئان بەحرم کە در زەرف ئامەدەستم

چوو نوقتە بە سەر حەرف ئامەدەستم

هەزار ئەلف ئەلف قەدی بەر ئایۆ

ئەلف قەدەم کە دەر ئەلف ئامەدەستم

لێکدانەوە وشڕۆڤە لە روانگەی جیاوازەوە بۆ ئەم دووبەیتیە زۆرە، بەڵام ئەوی من مەبەستمە ،ئاو و سوڕانی بازنەیی ئاو و ئافراندنە لە ئاو، کە هەم نوورە و هەمیش رووناکی. وە ئەو سوڕانە کە ''باوا'' لە ئافراندنی خۆیدا وەک هەرە ژیری هەزارەیەک و دەرئەنجامی سوڕانی ئاو رووناکی ئاماژەی دەداتێ.  هەرەژیری، دەمانباتەو بۆلای  وشەی ''مە'' ی سۆمەریی کە خوا یا هێمای فرە ژیریی و زاناییە.      

یان دەلێ

بگەردەم ئاوی  دەریا ها سەراسەر

یان دەڵێ

چوو روج ئایۆ بگەردوم گیتی سەراسەر

جو شۆ ئایۆ بەخشتی وانەهەم سەر

چوون بابەتەکە خەیامە. من لە هزری بابا وازدێنم بۆ دەرفەتێکی دیکە و دێنەوە لای خەیام.

 

خیام لە ڕۆچەنەی شیعرو بەرهەمەکانیەوە

خەیام ناوێکە کە بۆیەکەم جار ناوهێنان و باسکردنی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفی بەناوبانگی کورد و شڕۆڤەکاری فەلسەفەی ئیشراق و باوەڕە فەلسەفیەکانی سوورەوەردی (شەمسەدین محەمەد مەحمودی شارەزووریی) لۆژیک زان و فەیلوسوف و مێژوو نووسی کورد، بۆ یەکەم کەس و یەکەم جار دەپەرژێتە سەر خەیام و ناوی دێنێ . دەبێ ئەوەش بڵێم جگە لە شارەزووری زاناو پسپۆرێکی دیکەی کوردیش بەناوی (محێدین سەبری کوردی) خەڵکی گوندی کونەمشکانی کوردستانی رۆژهەڵات و سەر بەشاری سنەیش یەکێ تر لەو کوردانەیە کە بە جددی ئاوڕ لە خەیام داوەتەوە. لەو لاشەوە خەیام خۆشی لەژێر کارلێکەری بێ پرسیاری باوە تایەر دایە. سەرەڕای ئەمانەش زاراوە و وشە و هزری زاگرۆسی لە ئەندیشەی خەیام دا بەفراوانی دیارە و دەکرێت بڵێن؛ بەشێکی زۆری دەزگای فکریی خەیام لەسەر ئەم  نەریتە مەعریفیە داڕژاوە. خەیام تەنیا لە چوارینەکانیدا نییە وادەردەکەوێت لە نەورۆزنامەکەیدا دیسانەوە ئەم رێچکە بە بەرجەستەیی دیارە و تەنانەت بە نەریتی کوردیی نەورۆزیش ئاشنایە کە خۆی لە شارستانیەتتی سۆمەرەوە هاتووە . ئەویش ''نەریتی میری نەورۆزییە‘'.

سوورەوەردی دەڵێ؛ لە وشکارۆی دێرینی زاگرۆس دا کەسانێ بوون، کە لە سەر بنەمای هەق و داد فەرمانیان راندووە و دادوەر بوون. دەکرێ ئەمانە کۆ حەکیمێکی مەزن بووبن. کە هەرگیز هاوشێوەی زەردەشتیە پەڕگیر و بنەما خوازەکان نەبوون. دیارە شێخ لە باسەکانی خۆیدا زەردەشت وەک زاناو بیرمەند دەناسێنێ. ئەو کەسە فەرمان رەوایانە بە خاوەنی  ''خڕە'' یاخود (خوڕەنە و خوڕە و یافەڕە) دەناسێنێ. فەڕە خۆی بازنەیەکی خڕە و وەک تێڕامانی کەوشەنی بازنەییە بۆیە پێدەچێت خڕە راست تربێت تا فەڕە. بەو ڕەوتەش دەڵێ ؛ جیهانی پەهلەوی یاوەک فارسان دەلێن فەهلەویی. ئاماژە بە کەسانێکی مەزن دەدات وەک ؛ کەیوومەرس و فەریدون و کەیخەسرەو. لەناو هەموو ئەو ناوانەدا کەیخەسرەو لە سەرو هەموویانەوەیە، پلەو پێگەی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو جامەی کە پێی دەلێن جامی جیهان نوما یا لەراستیدا جامی گیتی نوێن، کە هەرچی لێی بپرسیت و هەر چیت ویست لەهەردوو جیهانی بوون وکەوشەن و دونیای میتافیزیک و غەیبدا پێت نیشان دەدات. خاوەنی ئەم جامە کەیخەسرەوە. جگە ئەمانەش کەیخەسرەو توانیویە کە خانەکانی خۆ پەروەریی و ڕەوشت و دۆخی ڕسکان و گەشە ببڕێت. هەر بەم بۆنەوە دەگاتە سەرچاوەی ژیان و ئاوی حەیوان یا ژیان. [ئاو] دیسان لێرەش ئاو جەوهەری رووناکی و زانین و گەیشتنە بە دوا مەبەست. خانەکانی ئایینی میترا بە جۆرێ خۆ دەنوێننەوە. هەر بە پێی ئەو جیهانە بەرزەی کە کەیخەسرەو لە جیهانی مەعریفی زاگرۆسی دا هەیەتی لەم حیکمەتەشدا هەیەتی. ''زانایانی ناب -سۆزدار- خەلسە'' کە لەدوای کەیخەسرەو دێن، بەشێکن لەم جیهانە عیرفانییە، تەنیا کەسانێکن لەم هەڵقەیەدا، نەک جێگرەوە. وەک (بایەزیدی بستامیی و مەنسوری حەلاج و کەسانی دوای ئەوان) لێرەشەوە ڕەنگە گرێی ئەو پرسیارەمان بۆ بکرێتەوە کە بۆ مەولانا خالیدی نەقسبەندی بەتایبەتی سەردانی مەزارگەی بایەزیدی کردو هێندە بۆی گرنگ بووە هەروەها شێخایەتی دوای خۆی تەنیا چوار جار یا تا چوار شێخ بە رەوا زانیوە. هەربە قسەو روانگەی سوورەوەردی خودی زەڕدەشتیش یەکێکە لە بیرمەندەکان. لەڕوانگەی شێخەوە ئەم تۆوە لە هەمووجیهاندا بڵاوە وئەم کسانەش هەروا.

فەلسەفە یا حیکمەتی شێخی ئیشراق کە هەردوو رەهەندی هزریی و کردەیی لەبەردەگرێت. ڕەهەندە فەلسەفیەکەی لە سۆفیگەری جیای دەکاتەوە. لەڕاستیدا ئەم دەزگا پرسە، کاری فەلسەفەش پرسینە. هەرئەم دۆخەش لای خەیام هەیە جیهانی خەیام جیهانی پرسە، پرسە فەلسەفیەکان لەمەرگ، لە گەیشتن بە سەچاوەی ئاوی ژین. خەیام جۆرە گێڵ گامشێکی سەدەی پێنجە هەربەو پرسیارانەوە، بەڵام لە جیهانێکی تردا. جیهانی نا شوێن یەک لەو چەمکانەیە کە شێخ دەیخولقێنێ (ناکجا اباد،،جیهانی نائاوەدان یا بێ شوێن).

لەو چوارینانەی کە دەڵێن؛ هی خەیامە و ژمارەیان ١٨٩ دانەیە شوێن پێ هەڵگرتنی ئەم هزرە زۆر گرفتە، چوون ڕەسەن و نارەسەن وا لێک دراون و ئاڵاون ناسینەوەیان ئەستەمە. بەڵام بەم حاڵەشەوە هەردەکرێت ئەم رەهەندە فکرییە بدۆزرینەوە.  هەندێک دەڵێن؛ بەگشتی خەیام بیست چوارینەی بووە ، بیست یا ١٨٩ هەرکامیان بێت، هەر لەو پەنجەرەیەوە ئەم کۆ چوارینەیە دەبینین کە رێک نوێنەرایەتی ئەم بۆ چوونە دەکەن. خەیام دوازدە چوارینەی هەیە کە بەرجەستەیی نوێنەرایەتی ئەم هزر و بۆ چوونەدەکەن.

شاکانی کیانی و پێشدادی  وەک جەمشید، کەیخەسرەو، لەگەڵ هەندێ وشەی تر لای خەیام جیهانێ دەخولقێنن ناکرێت سەر بەم رێچکە فکرییە نەبن. پرسە بنەمایەکانی پەیوەندیەکانی مرۆڤ و یەزدان، مرۆڤ وسرووشت، پەیوەندی ئەم دوانە و خوا، جۆری پەیوەندیەکان لەبەردەنگەوە بۆ سەردەست و بندەست. ناشوێن جۆرە دوناودونێک، هەموو لای خەیام هەن و ڕەنگیان داوەتەوە.

خۆر کەمەندی کازیوەی خستە سەر بانان

کەیخسرەو رۆژی هاویە جامان

مەی نۆشکەن، هاکا بانگبێژ

هاواری بنۆشنی خستە کۆڵانان

کەیخەسرەوە خاونی جامی گێتی نوێنە. گەیشتوو بە سەرچاوگەی ژیان و فرەزانی ڕێگاو هزرە نابە. لێرە دا خەیام رێک لەو رێچکە هزرییە دەدوێت کە لە ماریفەی زاگرۆسی و ئیشراقیدا رەنگی داوەتەوە. کەیخەسرەو، جام، رۆژ، کازیوە . هەموو پێکەوە ئەو دۆخە ئیشراقیە خەڵق دەکەن کەوەک بڕگەیەکی هزری و نیزامێکی فکری خۆی نمایش دەکات، لەسەر هەردوو ئاستی هاونشینی و جێنشینی وشەکانیش لەم نهۆم سازیە فکریەدا بەرجەستەبوونەوە دەبینرێت.

دیسان خەیام دەڵێت

چیم برد لە دنیای بێ پایان من هیچ ؟

یاخۆ چیم دەسکەوت لەژیان من هیچ؟

چرای شادی بووم، دوای کوژان من هیچ؟

با جامی جەم بم، دوای شکان من هیچ؟

وتمان شێخ لە چەند شوێندا باسی جامی جەم دەکات، یا جامی گیتی نوێنی کەیخەسرەو دەکات. ئەم چوارینە ڕێک چاودێرە بەسەر، ناشوێن و سوڕانەوە لە فۆرمی مرۆڤ دا، تیرێژ و روناکی، ئاوابوونی نەخوازراوەنەی ژین، پزیسکە.

یان دەڵێ

چۆڕێ لە شەراب باشترە لە موڵکی کاووس

لە تەختی  قوباد و موڵکی تووس و ڕەی

ناڵەی ڕەندانەی رەند لەکازیواندا

چاکترە لەنووزەی سۆفی و لە نووکەی

فەرەیدون لای  سوورەوەردی خاوەنی ''نوری تامسە'' هەروەها دیسانەوە لای ئەو فەریدوون خاوەنی فەڕەشە. ئەوەش دەزانین شایانی کیانی بەشی هەرە زۆریان لە ئاوێستاش دا ناویان هاتوە.

نوری تامس چییە؟ بوون لەسەر بنەمای رووناکی و تیشک و تیرێژ و لیزگی ڕووناکی لای سوورەوەردی بنیات نراوە. بەهەردوو دیوی کردەیی و هزریدا. بۆ گەشەی رەوشت و شێوەی گەشە دەڵێ؛ ریزبەندیەکە ئاوەهایە؛ تیرێژی سووک نوری خاتف. بارق یا پزیسکە، بارق یا پزیسکە بۆ نوێ ڕێبوارانە، تیرێژە جێگرەوەکان بۆ کەسانی مام ناوەندی و نیوە ڕێگایە، بەڵام تامس بۆ گەیشتووانە، گەیشتووان بە هەواری وشیاری  بوونەتە پیری پسپۆڕ. کە دەدروشێنەوە و پرشنگ دەدەنەوە. هەر بەم پێیە  فەنا بوون یان توانەوە، بوون بە یەک و نەمانی مەودای زەمەنی مادیی و یەکبوون، تەنیا بە تیرێژی تامس مسۆگەر دەکرێت و بەس. تامس دوای دوو خانی بەرق و حەرق یا سووتان و پزیسکە دێت . سوورەوەردی لە نامیلکەی ''ئەلواعی عمادی'' دا بەدەستە واژەی عیرفانی باسی فەریدوون و کەیخەسرەو و زوحاک دەکات. هەروەها لە نامیلکەی ''پەڕی جوبرەئیل‘' دا لەسەرپیر و ناشوێن دەدوێت.

ئەو قەسرە کە وا بارام بوو خێوی

لانەی ئاسکە، جێ راوی ڕێوی

بارام چۆن گۆڕی کرد بە بریانی

گۆڕیش بارامی واکرد بەشێوی

یان دەڵێ؛

تاکەی گۆزەگەر بەگڵ شەن وکەو

بەسە ئازاری لاشەی ئەم و ئەو

بەچی ئەزانی وا وردی ئەکەی

پەنجەی فەرەیدون و دەستی کەیخەسرەو

ئەم چوارینەش دەڕوانێتە دەوران، (دەورانی دەوەرانی) کەوشەن و بوون یا باشترەبڵێم ؛ فۆرمەکانی گۆرانی بوون یا فۆرمە مادیەکان.

خەیام لە دەوازدە چوارینەدا ئەم ناوانە دێنێ و وشە هاونشین و جێ نشینەکانیشیان دەخاتە دەق و پێکهاتەی هزرییەوە. کەیخەسرەو ٣ جار ، جام و جەم ٧ جار، کەی کاووس دووجار، فەریدوون دوو جار ، کەی قوباد دووجار.

مەلێکم بینی لەسەر قڵای تووس

لەژێر چنگیا بوو کەللەی کەی کاووس

بەکەلەی دەوت ئەفسوس سەد ئەفسوس

کوانێ دەدنگی زەنگ ، کوانێ ناڵەی کووس

لەم چوارینەدا دوو هێمای گرنگ شاردراونەوە . یەک ناشوێن واتە قەڵا، کە لە هەدوو باری وێرانی و چۆڵیدا ئیتر ناشوێنە. تەنانەت لە ئاوەدانیش هەر بۆ کاووسی بەردەنگ و مەل خۆی نامۆیە، نائاشنایە. دوو دووناو دوونێکی نا ڕوون ئەگەر مەل بە دوونی تازەی کاووس بزانین. . چوون کاوس لە ئوستورەکان و لە ئاوێستاشدا بە چاوگێ لە ژیان باسدەکرێت. نامرێت بەڵکو لە جیهانی سپی و رووناکی بەفردا دەڕاوت و ون دەبێت.

تێبینی : لەم نووسراوەدا من لەیەک دوو شوێنی کەم دا نەبێ لە چوارینەکانی وەرگێراوی شێخ سەڵام سوودم وەرگرتووە. من پێم وایە سێخ سەلام بەوردی و بەرجەستەیی توانیوە جیهانی هزری خەیام بۆ ئێمەی کورد بگێڕێتەوە و شوێن و زەمەن و هەموو هێماکانی فەلسەفەی خەیام بگەیەنێتە زەینی منی کورد.بۆیە باشتر وابوو وەرگێرانەکەی ئەو بکەمە بنەما.

 

سەرچاوەکان

گەنجوری فارسی چوارینەکانی خەیام

چوارینەکانی وەرگێراوی خەیام شێخ سەلام،سنە ناوەندی بڵاوکردنەەی کوردستان ١٣٨٧

مجموعە مصنفات شیخ اشراق .

جلد سوم ١٣٧٤ تصیح وتحشیە و مقدم ،سید حسن نصر پژوهشگاە علوم انسانی

نامیلکەکانی

ئەلواع عمادی

پەڕی جوبرەئیل

ئەقڵی سوور

ئەودەقانەی سوورەوەردی هەموو بەفارسی

وتاری ئاو کۆڕازی مێژوویی لەبیرکراو ،شەوکەت نورەدین،ئاوێنە، ٢٠\نیسانی\٢٠٢٣

کتێبی تاو بە یاو، سەباح یاسی