قەیرانی بکەر( سوژە)، ئاسۆگەکانی توانایی کاریگەری دانان، بەشی ٢

ژمارەی بینەر 1209

2023-05-25

چەند پرسێک لەسەر تیۆری رەخنەگرانەی سوژە

ئالێکس دێمیرۆویچ 

وەرگێران لە ئالمانییەوەسالار پاشایی/ ئەمین سورخابی

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

ئایا لە روانگەیەکی رەخنەگرانەو رزگاریخوارانەوە نابێتە هۆی ئەوەی کە توانایی کاریگەرییدانانی تاکەکان بکەوێـتە ژێر مەترسیەوەو بڕستی لێ ببڕێت و ئەو هاوپەیوەندییانەی کە لەگەڵیدا دەژین بگۆڕدرێت؟ جموجۆڵ و لەخۆبردوویی بەردەوام رەنگدانەوەی لە خۆیان و لە هاوپەیوەندییە بەردەوامەکان و هاوئاهەنگی و پێوەر و پێوەندییە تاکەکەسییاندا نییە، واتە نابێتە پاڵنەری کردەیەکی راستەقینە بۆیان. پرسی توانایی کاریگەری دانان، خۆی دەکاتە سەرەکیترین پارادۆکسی زەمەنی، واتە تاکەکان کاتی ئەوەیان نییە کە بپرژێنە سەر پرسی پێکەوەژیان  و کردەی رزگاریخوازانە. دەرفەتەکانی بکەریی کۆمەڵایەتی وەک وەهمێک بەرچاو دەکەوێت. چەپ لە ساڵانی رابردوودا دەیتواتی تیۆریی بکەری بباتە ژێر پرسیارەوە: مرۆڤ دەیتوانی پارێزگاری لە خۆی بکات و روانگەی رزگاریخوازانەی هەبێت، لەبەرئەوەی لە ژێر چەوسانەوەو سەرکوتدان. سەلماندنی وەها گریمانەیەک هەڵە نییە بەڵام هاوپەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ بوو کە تێیدا چاوەدێرییەکی پڕئازاری زۆرێک لەو کەسانەیە کە خۆڕسکانە کردەیەکی رزگاریخوازانەیان مسۆگەر دەکرد، لەبەر ئەوەی وەها دۆخێکی داتەپیویان چی دیکە نەدەتوانی قەبوڵ بکەن و چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی سەرەتایەکی دیکە دەست پێ بکەن تا ئەوەی وەکوو بکەر دەربکەون. بە هۆی کاریگەری دانانی ئیجبار، ئایدیۆلۆژی، زاڵ بوونی غەریزەی جنسی، خوو، دیسیپلین، نۆرمالیزە بوون، بەرخۆریی، سەرقاڵییەکانی پیشەسازی کولتوور وەکوو وەرزش، سەفەرو شت و مەک کڕین، هەموو ئەمانە بوو بە سەرچەشنی رەفتاری زاڵی تاکەکەن بە چەشنێک کە لەبەرانبەریدا ئامادەیی بۆ رەخنەگرتن و گۆڕانکاریی تێیدا زۆر لەوە لە خوارتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا. وەها تێزێک گرێدراوی گومانێک کە بەدڵنیاییەوە زێدەڕەویی بوو و هەروەها خەبات و بەرهەڵستکاری کرێکارانی حەقدەستبگیر لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەمەوە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بەرچاو بوو.  بەڵام حیزب و یەکیەتییە کرێکارییەکان ، تایبەتمەندی و ژینگەی بزووتنەوەی کرێکارییان  گۆڕی و ئەو نەریتانە لاواز بوون کە تییدا گۆڕانکارییە کردەکییە ئەزموون تەوەرەکان، زانیاری و  ناوەندە کردارییەکان رادەگوێزران و هێزی تازەی لاوانیان بۆ لای خۆیان رادەکێشا.  هەبوونی ئەزموونی چارەڕەشی، کەمایەسی دێمۆکراسی، ئاستی بەربڵاوی سەرکوت و گوشارێک کە لە دەیان و سەدان ساڵی رابردوودا ببونە هۆی رابوونێکی بە کۆمەڵ کە تێیدا تاکەکان هەستیان بە پێویستی و ئامادەییەکی وەهایان کرد کە کاتەکانی ژیانیان و بوونیان لە پێناو ئاڵوگۆڕێکی پێویستی کۆمەڵایەتی تەرخان بکەن. لە سەردەمی بزووتنەوەی بەرهەڵستکارانەی شەستەکانەوە تێگەیشتنێکی وەها هەبوو کە چی دی چینی کرێکار بکەر و بنەمای کردەی رزگاریخوازانە نییە، بەڵکوو ئەوە چینی خوێندەواری مامناوەندە کە بڕوایان بە نۆڕمە دێمۆکراتیکەکان هەیە و توانایی پەرچەکردار و پرسیاری رەخنەگرانەیان لە هەمبەر  رەوایی کۆمەڵایەتی سوڵتەی زاڵ، ئەو بنەمایەیە کە ویستێکی سیاسی دژ بە رەوتی زاڵیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە ئاڵاهەڵگری کۆمەڵێک بەڵێن و پڕەنسیپەکانی کۆمەڵگای شارۆمەندی. بەڵام ئەو فۆڕمانە لە کار و ژیان و ماف کە لەم ژینگەیەدا سەریان هەڵدابوو، لە پێناو بزۆزیی و لەخۆبردووییدا، بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لە هاتنە ئارای کاری بێ سنووردا هەبووە. بەرهەڵستکاریی لەگەڵ ژیانی رۆژانەی خوێندکاران و توێژە پەڕاوێزخراوەکان لێک هەڵهپێکرابوو. بەم پێیە بزووتنەوەکە جموجۆڵی زۆرتری تێکەوت: بابەتەکان، تاکەکان، کردە بەرهەڵستکارانەکان و دامەزراوە سەرچەشنەکان لە جموجۆڵدا بوون. ئەوانەی هەڵگری ویست و داخوازی تایبەت بوون، کۆببوونەوە لە دەوری یەک بۆ دەستەبەر کردنی ئەم بابەتانە: رێکخراوەکان  (ناڕەزایەتی دژ بە ناوەندە ئەتۆمییەکان یان  دژ بە پەرەدان بە چەک و چۆڵ، خۆرێکخستن لە ناوەندی ژنان یان سازکردنی بازنەی مارکس بۆ خوێندنەوە لە گرووپە دژە فاشیستییەکان یان  حەرەکەتە سیاسییە کۆمەڵایەتییە خۆڕسکەکان، وەستانەوە بەرانبەر بە راسیزم و کۆبوونەوەی وڵاتانی جی هەشت یان بەرانبەر ستراتێژییە زاڵەکانی چارەسەرکردنی قەیران)، کە لە لایەن ئەوانەوە تەنیا بۆ کاتێکی کورت خوازیاری سەقامگیری بوون.

ئەمەش لەڕاستیدا سەرلەنوێ سەلماندنی ئەمەیە کە پێبەندی وتەرخان کردنی کات بۆ کۆمەڵێ فاکتەری وەک  هەلومەرجی کار، داهات، قۆناغەکانی ژیان، وێستگەکانی پێشکەوتن، دۆخی بنەماڵەیی و هەبوونی کاتی ئازاد دەوری سەرەکی هەیە. هەروەها تاکەکان ئەمڕۆکە نەک تەنیا لەلایەن پیشەسازی کولتورەوە بەڵکوو دەکەونە ژێر کاریگەری راستەوخۆی هەڵسوکەوتی کاری، بەشداری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەردەوام دەبنە مژاری گۆڕانکاری مشتومڕی گشتی. تاڕادەیەک کە وەگەڕخستنی توانایی کاریگەریدانانی تاکەکان ئەستەمتر دەکاتەوە. ئەمە لەوانەیە تەنیا گرێدراوی هەلومەرجێکی ئابووری تایبەت نەبێت کە دەرفەتی کاریگەری دانان بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵکوو لەوانەیە بە ئاسانی خودی کاریگەریدانانیشی بردبێتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئەمە هەمان شت نییە کە پۆلانی هوشداری لەسەر دابوو؟ ئایا ئەم هوشداریانە رەنگدانەوەی بۆشاییەک نیین کە خەڵکانێک قازانج دەبەن لە مانەوەی دۆخی هەنوکەیی و نەگۆڕانی و ترس لە هەڕەشەی  کردەگەریی تاکەکان؟ بۆ ئەوانەی دیکەش کە ئێستا توانایی ئەم گۆرانکاریانەیان نییە، ئایا هۆکەی ئەوەیە کە سەرقالی کۆمەڵێک تەکنیکی خۆجێین؟

ئەم گۆڕانکارییە چ مانایەکی بۆ پێکەوەبوونی ناوخۆیی تاکەکان هەیە؟ ئەگەر توانایی کاریگەریدانانی بە تاک و بە کۆی تاکەکان بەرتەسک بکرێتەوە، کەواتە ئەمە لە هاندەری دەروونی بۆ گۆڕانکاری لە جیهان و هاوکاری لەگەڵ هاوچارەنووسانیانی دادەبڕێت. بلۆکە کردنی کاریگەریدانان بە شێوازی لۆژیکی دەستەبەر نابێت و دەیهەوێ خۆی بسەپێنێت. کۆمەڵێک داواکاری بۆ گۆڕانکاری لە تاکەکان بریتین لە نموونەگەلی وەک: پێڕەوەی کردنی هەلپەرەستانە لە ژێر کاریگەری سوڵتەی  ناوەندە دیارەکانی دەسەڵات و هەروەها دەسەڵاتی نادیاری کۆمەڵێک ناوەندی وەک: بازار، دیسیپلینیزە کردن لە رێگەی بەشداری لە پرۆژەکانی هەلی کار و سیستەمی هەڵسەنگاندنی توانایی کار کردنی تاکەکان، زنجیرەی بەرخۆری و بەرهەمهێنانی جیهانی کە چیدیکە لەسەر بنەمای ئەزموون بە ئەنجام ناگەن. هاوکات شێوەی ژیانی سەرلەنوێ رێکخراوی نیولیبرالی، کۆمەڵێ ئاسۆگەی رزگاریدەرانە دەخاتە بەردەست وەکوو: هەڵوەشانەوەی سیستەمی کات تەوەر، کرانەوەی پانتای مۆرالی جنسی، کاڵ بوونەوەی سەرچەشنی نەریتیی ژیانی هاوبەش، کردەی هاوبەشی پەیوەندی تەوەر، زیاتر بوونی دەرفەتی فێرکاری و هاتووچوو و شارسازی. لەم نێوەدا تاکەکان چۆن دەتوانن بۆ خۆیان بە شێوازێکی درێژماوە فۆڕم بدەن بە سەرچەشنی هەڵسوکەوتیان، لەشیان، ئاراستەیان و توانایی کاریگەریدانانیان؟ ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو بەمانای بێدەنگی نەریتێک بوو کە لە ساڵەکانی دەیەی بیستەمی سەدەی رابوردووەوە هەوڵیدا پڕۆژەی رزگاریخوازی لەگەڵ روانگەی دەروونناسی رەخنەگرانە گرێ بداتەوە، تاوکوو وڵامێک بێت بۆ چۆنیەتی رێکخستنی ناوخۆیی تاکەکان ودەرکەوتەکانی کە لە پڕۆسەی کۆمەڵایەتی بۆ مانەوە لە ژیان و فۆڕم پێدانی بەرپرسایەتی دەرونی تاکەکان لە ئاست هەڵسوکەوتیان لە پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتی بونیان رەنگ ئەداتەوە.

بانگەشە کولتورییەکانی سوژە بە پێی چین و پیگەی کۆمەڵایەتی جیاوازن و داوایان لێ دەکرێت ئەم پێوەرە لیبراڵیانە لەبەرچاو بگرن: بیرکراوەیی، دژایەتی رەگەزپەرەستی، پشتیوانی لە هاوڕەگەزخوازەکان. چۆن دەکرێت لیبرال و سۆسیالیست لەم چوارچێوەیەدا پێکەوە گرێ بدرێنەوە؟ ئایا نابێ لە لاواز بوونی سەرلەنوێی سوپێرئێگۆ و خود بترسین یان تەنانەت بەو جۆرەی کە سێنێرت باسی دەکات نابێتە هۆی تێکشکاندنی کەسایەتی؟ وەها کەسێک دەبێتە کەسایەتیەکی ئۆتۆریتەخواز، چونکوو بەردەوام عەوداڵی سەرچەشنێکی دەروونی سوڵتەخوازەو نایشتوانێت بەخێرایی خۆی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکاندا بگونجێنێت.

لەم پێناوەدا کۆمەڵێک پاڵنەر بوونیان هەیە کە لە نێو خودی بزووتنەوە رزگاریخوازانەکانیشدا بە دی دەکرێت. چوارچێوەی تیۆری رەخنەگرانە دژی وەها گریمانەگەلێک بوو. دەروونشیکاری فڕۆیدی دەریخستووە کە بە نۆرماڵ بوونی ئاوەژۆ جۆرێکە لە ئاراستەگەلی جنسی نۆرماتیڤ و جێی پەسەند. هەروەها ئەمەش هاتە ئاراوە کە رەخنەیەکی سنووردارە واتە رەخنەیەک سەبارەت بە سەرکوتی جنسی و چێژی جنسی رەها. لەم پێوەندەدا کۆمەڵێک روانگەی رەخنەگرانە لە نێوان شۆڕش و سەرکوتی مۆڕاڵی جنسی، سێکسی رەزایەت بەخش، پێکهاتەی بنەماڵەو کەسایەتی بەرهەم هێندرا کە زۆر عەقلانی نەبوون. رێگا و شوێنێک کە لە رێگەی سەرکوت و قەدەغە کردنەوە ویستی چێژ هەڵیدەخراند، وەکوو بەرهەمهێنان و دەستەبەندی کردن و شیکاری و پاتۆلۆژی فرەچەشن و فرەڕەنگی دیاردەی لادانی جنسی، بە جۆرێک کە کۆمەڵگا بۆخۆی سێکسوالیزە ببوو، بەڵام ئەو جۆرەی کە دەسەڵات راستەوخۆ پشتیوانی لە جۆرێک رێسای دیاریکراوی سێکسوالیتە دەکرد، بە ئاشکرا نەدەبیندرا.(بروانە فۆکۆ 1977 و دیمیرۆویچ 2008) بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی توندوتیژی هێمایین لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان یان رەگەزەکان زۆر پێویست بەوە ناکات بگەڕێیتەوە بۆ دەروونناسی و سەلماندنی مەیدانی دەروونناسانەو کەسایەتی ناسی، تاوەکوو بەسەر هەموو تاکەکانیشدا بگشتێندرێـت، ئەمە هەڵە، تێگەیشتنە چونکوو پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوونی تاکەکان دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت. پیێر بۆردیۆ لێرەدا باسی هابیتوس(خوو) ئەکات بەوجۆرەی کە تیۆری رەخنەگرانەی پێشووتر باسی کەسایەتی دەهێننە ئاراوە. تاکەکان لە رێگەی هابیتووسەوە دەگەڕێن و هەلومەرجگەلێک دەخولقێنن کە تێیدا سەرلەنوێ پێگەی کۆمەڵایەتی ژێردەستەیی خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. بەڵام ئەمە لە لایەن بۆردیۆوە قەبووڵ ناکرێت کە پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوون لایەنێکی دینامیکی غەریزی روونی بکاتەوە. ئایا دیسانەوە گەڕانەوە بۆ دەرونشیکاری و دەروونناسی رەخنەگرانە واتابەخشە و لە راستیدا چ بەڵێنێک لە لایەن روانگەو تێگەیشتنی دەروونناسانەوە دەدرێت؟ چۆن دەتوانین ئاراستەی پۆست مۆدێڕنی خودتەوەر لە فۆڕمەکانی تری کەسایەتی دەسەڵات تەوەری وەکوو نازیست، ئێگۆئیست یان کەسایەتی بازاڕی سوودپەرەست جیابکەینەوە؟ (بڕوانە فونک 2005)

نەریتی تیوری رەخنەگرانە لە نێوان  دەیەکانی ٢٠ و ٣٠ زایینی سەدەی رابوردوودا دەرونشیکاری لە گەڵ مارکسیزم پێکەوە گرێدا بۆئەوەی گۆڕانکارییەکانی سوژە لەو سەردەمەدا باشتر هەڵبسەنگێنێت. ئەم هەلسەنگاندنە دەکەوتە ئەستۆی مەعریفەیەکی نوێ، کە تا ئەوکات ئایدیالۆژیای باو کەمتر پەرژابوە سەر هەڵسوکەوت و ئاراستەی تاکەکان. هەڵسوکەوتی تاکەکان راستەوخۆ لە رێگەی پێگەی چینایەتییانەوە دیاری ناکرێت. لەرێگەی پاڵنەرە دەرونییەکانەوە کۆمەڵێک مێکانیزمی نێوانجیگەر دێننە ئاراوە کە رەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی ئەرێنی یان نەرێنی  خێراتر دەکەنەوە یان دەیوەستێنن یان تووشی دابڕانی دەکەن. ئەگەر تیوری رەخنەگرانە بیهەوێ خۆی لە بواری کۆمەڵ ببوێرێت و بە شێوازێکی مێتۆدیک جەخت بکاتە سەر هەڵسوکەوتی تاکەکان لە باتی کۆ، دەبێ لانیکەم لە پێناسەکردنی خۆشگوزەرانی گشتی کۆمەڵایەتیدا کەڵکەڵەو بەرژەوەندی تاکەکان لەبەرچاو بگرێت، ئەگەر هیچ چەشنە نیوانجیگەرێک بۆ لێکهەڵپێکانی بەشی بە کۆمەڵ و تاکی کۆمەڵگا بەدەی نەکات. دینامیزمی چێژ بردن و پاڵنەری خۆتەوەر بۆیان نییە بەتەواوەتی لە رێگەی پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە قۆرخ بکرێن. بۆ راگرتنی کەلێنی نێوان تاک و کۆمەڵ، نوێنەرانی تیوری رەخنەگرانەی پێشوو جەختیان لەسەر هەندێ میکانیزم دەکرد کە بەجۆرێک پێش بە تاکەکان بگیردرێت کە بەختەوەری لە ژیاندا بە پێی بەرژەوەندی تاکەکەسییان نەبینن. ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێ لێکۆڵینەوە لە لایەن ئەو ناوەندانەی سەرقاڵی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە ٣٠یەکانی سەدەی بیستەمدا بوون. هورکهایمێر لە لێکدانەوەکانیدا لە کتێبی( مێژوو و دەرونناسی) لە ١٩٣٢ ئەو ترسەی هەبوو کە ئێمە ئەمڕۆکە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری خێرا، کەم بوونی کات لە ئابووریدا لەباتی رێکەوتنی درێژخایەن و  دامودەزگاگەلی جێگەی بڕوا( بروانە هاروی ٢٠٠٧، دورە، لێزێنیش، رۆزا ٢٠٠٩) بە لەبەرچاو گرتنی گۆڕانکاری خێرای ئابوری لە ئەنجامیدا گۆڕانکاری خێرا لە عادەت، مۆد، وێنا کردنی  ئەخلاق و جوانیناسی، چیتر کات بۆ ئەوە نامێنێت کە مرۆڤ ئاوڕ لە تایبەتمەندییە راستەقینەکانی خۆی بداتەوەو سەقامگیر بێت.

لە وەها سەردەمێکی مێژوویی تایبەتدا، چرکەساتی نەگۆڕی پێکهاتەی دەرونی، بایەخێکی مەعریفی گشتی بۆ خۆی دەستەبەر کرد. بە هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەوە، دەرونشیکاری پێگەیەکی دەستنیشانکەری بۆخۆی دیاری کردووە. نوسەرانی ناوەندی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی  کۆمەڵێک لێکدانەوەی دیکەیان هێنایە ئاراوە کە تێیدا لاوازکردنی پێگەی سوپێرئیگۆ و خود، پاڵنەرێکی دەروونییە کە نێوانجیگەری  نێوان غەریزەو رێسای کۆمەڵایەتییە و رێگەپێدراویشە. لە پێناو کونتروڵ کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکاندا کە خود یان سوژە جۆرێک مافی سەربەستی هەیە، هاوکات سەرکوتی غەریزی دەگەڕێندرایەوە بۆ هۆکار یان ئۆتۆریتەیەکی دەرەکی وەک پیشەسازی کولتور. لە بیرکردنەوەی بیرمەندانی تیۆری رەخنەگرانە جۆرێک لە پێکهاتەی کەسایەتی هاتە ئاراوە کە چاوەڕوانی چەشنێکی تایبەت لە هەڵسوکەوتی لێ دەکرا وەکوو: خۆ رێکخستن، واتە پەسند کردنی رێسای کۆمەڵایەتی و سەرچەشنی کۆمەڵایەتی هەڵسوکەوت کردن و هەروەها تێگەشتن لە پێوەرەکانی داوەری کردنی تاکەکان. سوژە و پاڵنەرە دەرەکییەکان یەکەیەکی لێهەڵپێکراون. ئەگەرچی کەسایەتیەکان بەوجۆرەی کە داوایان لێ دەکرا، توانیان  ئەوکات خۆیان  وەک  لیبرال دیموکرات یان سوسیالیست  پێناسە بکەن، بەڵام لەهەرحاڵدا دەبوو خۆرێکخستنی کۆمەڵایەتی رەچاو بکەن و ئامادەی خۆ گونجاندن لە گەڵ دەسەڵاتیشدا بن.

ئایا ئەمڕۆکە ئێمە هێشتا لەگەڵ دەرکەوتەکانی وەها سەندرومێکدا رووبەڕووین کە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر راگوێزراوە؟ کەرەستەکانی وەها راگواستنێک بریتین لە: بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان، رووداوە وەرزشی و کولتورییەکان، کۆنسێرتی موزیک، کە تێیدا بە سەدان یان میلۆنان کەس بەشدارن و دەیانجوڵێنێ. هاوکات ئاشکرایە کە ئەمڕۆکە بانگەشە کولتورییەکانی سوژە بە پێی چین و پیگەی کۆمەڵایەتی جیاوازن و داوایان لێ دەکرێت ئەم پێوەرە لیبراڵیانە لەبەرچاو بگرن: بیرکراوەیی، دژایەتی رەگەزپەرەستی، پشتیوانی لە هاوڕەگەزخوازەکان. چۆن دەکرێت لیبرال و سۆسیالیست لەم چوارچێوەیەدا پێکەوە گرێ بدرێنەوە؟ ئایا نابێ لە لاواز بوونی سەرلەنوێی سوپێرئێگۆ و خود بترسین یان تەنانەت بەو جۆرەی کە سێنێرت باسی دەکات نابێتە هۆی تێکشکاندنی کەسایەتی؟ وەها کەسێک دەبێتە کەسایەتیەکی ئۆتۆریتەخواز، چونکوو بەردەوام عەوداڵی سەرچەشنێکی دەروونی سوڵتەخوازەو نایشتوانێت بەخێرایی خۆی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکاندا بگونجێنێت.

گروپە مرۆییەکان بەم تایبەتمەندیانەوە دەتوانن لە باری کۆمەڵایەتییەوە ببن بە ئامانجی سوڵتەخوازی و پوتانسیتەلێکی مەترسیدار کە دەبێ بە توندی لەرێگەی کۆمەڵێ پرۆگرامی دژە راسیسزم و دامودەزگا یاساییەکان و راوێژی کۆمەڵایەتییەوە کونترۆڵ بکرێن.

وەها گەشە کردنێک، بەو جۆرەی نوێترین لێکۆڵینەوەکانی تیۆری رەخنەگرانە سەرقاڵین، بە شێوەیەکی نۆرماتیڤ تێکۆشانێکە بۆ بە فەرمی ناسینیان.(هۆنێت 1992)  ئامانجی وەها تێکۆشانێک بە فەرمی ناسینی سوژەیەکی دیارو دڵخوازە کە تێیدا تاک مافی یەکسانی لە پڕۆسەی بە فەرمی ناسینی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەوانەی ترەوە بۆ بسەلمێندرێت. پڕۆسەی بە فەرمی ناسین پێویستە لە بە سوژە بوونی راستەقینەی خۆیدا، رێز لە کەرامەت و شەرافەت و هاوپشتی هاوچارەنووسانی بگرێت.  بە فەرمی ناسین بەم چەشنە وەک پێوەرێکی نۆرماتیڤ بۆ قەزاوەت کردن دەکەوێتە خزمەتی هەڵسوکەوتی بەفەرمی ناسینی نێوان سووژەکان.  تاکگەرایی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی هاوپشتی لە کولتووری کار کردندا، لەگەڵ خۆی جۆرێک لە خەسارناسی بەفەرمی ناسین دەهێنێت، کە دەبێتە هۆی کەم نرخاندنی  توانایی کاریگەری دانانی تاکەکەسی و هەروەها ئەبێتە هۆی ناڕوون بوونی ویستەکان بۆ بە فەرمی ناسین. بەڵام کەی ویستی بەفەرمی ناسین دەتوانێ نۆڕماڵ بێت و لە ئاستی خۆی تێنەپەڕێت؟ بە پێی چ پێوەرێک و لە لایەن کێوە ئەمە هەڵدەسەنگێندرێت؟ ئەنجامی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەهاکان چیە؟ ئایا خاوەن کار و کرێکار پێگەیەکی یەکسانیان بۆ لەبەر چاو دەگیردرێت؟ ئایا ئەمە دەتوانێت پیشاندەری ئاستێک لە باشتر کردن بێت کە تێیدا شوناسی سوژە و هەڵسوکەوتی، سەقام دەگرێت و کەمتر لە خزمەت بەرژوەندی تاکەکەسی و زۆرتر لە ئاراستەی کەڵک وەرگرتنی گشتی و  پێکەوەبووندایە.

 

کەواتە چ دەمێنێتەوە لە ئامانجی رزگاریخوازانەی مارکس کە بەو پێیە رزگاری لە زاڵبوون بەسەر وەها شوناسێکدایە؟ بە بڕوای ئەو لەوکاتەدا ئەگەری رزگار بوونی ئاڵمانیا تەنیا „لە پێکهاتنی چینێکی رادیکاڵ، چینێک لە کۆمەڵگا کە بە تەنیا چینێکی تایبەتی کۆمەڵگایەکی تایبەت نیە، بەڵکوو پێگەیەکە کە هەموو پێگەکانی دیکە بەوەوە گرێدراون، پانتاییەکە کە لە رێگەی رەنجێکی هاوبەشەوە کاراکتێری گەردوونی بەخۆی دەگرێت و مافێکی تایبەت بۆ خۆی دەستەبەر ناکات لەبەر ئەوەی خۆی بکەری نادادپەروەری بێت، بەڵکوو ئۆبژەی نادادپەروەرییە، کە ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ بواری مێژوویی بەڵکوو هەڵقوڵاوی ناخی مرۆییە. ئەگەر پڕۆلتاریا بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی بکات، کەواتە ئەو تەنیا نهێنی بوونی راستەقینەی خۆی لە قاو داوە، چونکوو ئەمە هەڵوەشاندنەوەیەکی راستەقینەی نەزمی جیهانییە.( مارکس 1844:390 ف) واتای رزگاری لە لای مارکس زاڵ بوون بوو بەسەر وەها شوناسێک کە کۆمەڵگای چینایەتی بەرهەمی هێنابوو و لە سەر ئەم بنەمایە چەوسانەوەو ستەم پڕاکتیزە دەکات، نەوەک بۆ بەفەرمی ناسینێک کە پێڕەوی لە پێگەی سووژەیەک بکەن کە وەک سووژەی راستەقینە لە قەڵەم بدرێت.

لە دەیان ساڵی رابوردوودا ئەم بابەتە لە نێوان چەپەکاندا لە ئارادا بووە. کۆمەڵێک شوناسی دیکە وەک ئامانج هاتوونەتە ئاراوە کە وەکوو زوڵم لێکراو دەناسرێن. وەکوو شوناسی ژنان، کەمایەتییەکانی وەک هاورەگەزخوازان و پەنابەران. پێویستە بارگرانی وەها سەرکوتکراوییەک لەسەر تاکەکانیان هەڵبگیردرێت بۆ رێگەپێدانی گەشە کردنی ئازادانەی شوناسی ئەوان. لە رێگەی بەفەرمی ناسینی ئەم شوناسانەوە، پێویستە مافەکانیان وەها بپارێزرێت وەکوو ئەوانی دیکە کە ساڵانێکی زۆرە لەم مافە بەهرەمەندن. وەها رزگارییەکی وێنا کراو کە تێیدا پڕۆلیتاریا میراتگری گەورەی نەریتی کۆمەڵگای شارۆمەندین، دەگەڕێتەوە لای تێگەیشتی مارکس و ئینگلس.

ئەم  جۆرە وێناکردنە کە لە تیوری مارکسیستیەوە هاتبووە ئاراوە جۆرێک بوو لە نەریتی رۆمانی شارومەندی، هەروەک چۆن لە گۆتەوە لە رێگەی هێگێلەوە تاوەکوو بۆ سەردەمی لوکاچ گوازرایەوە. مەبەستی من لەم وێناکردنە بریتیە لەوەی کە بەم پێیە سوژە لە رەوتی بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ دەوروبەری خۆییەتی کە خۆی بەرهەم دەهێنێت و بەردەوام وەک ئەکتەرێکی گشتی گەشە دەکات، لە کۆتایشدا خوازیاری هەڵسوکەوتێکی واتادارە لەهەمبەر ئەمری واقیع. پرۆلتاریا دەکەوێتە پڕۆسەیەکی یەکلایەنەوە لە پڕۆسەی مێژوویی خۆیدا و لە رێگەی بەرهەمهێنان لە جیهانی مادیدا سەرهەدەدات، بەڵام پرۆلتاریا توانایی ناسینی لەخۆنامۆبوونی لەم جیهانە مادییەی کە بەروڕووی بوەتەوە، نییە. پاشان لە رێگەی پڕۆسەی نێوانجیگەری ئەزموون و پەروەردەوە سەرلەنوێ فێری ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەم جیهانە دەبێت بە واتای تایبەتی خۆی. چینی کرێکار لە کۆتاییدا دەبێتە چینێک  بۆ درووستکردنی کارەکتەرێکی  پڕاوپڕ کۆلێکتیڤ تەوەری پێگەیشتوو کە پەروەردەی چینێکی کۆمەڵایەتی باشتر لەوەی کە هەیە نیشان ئەدات، لەبەرئەوەی چینی کرێکار خۆی قەتیس ناکاتەوە بە بەرژەوەندی چینایەتی تاکرەهەندییەوە بەڵکوو هاوکات وەک چینێک نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی و مرۆیی دەکات. ئەندامانی ئەم چینە خۆوشیارە سەرلەنوێ پوتانسیەلی خۆیان لە هەموو بوارێکەوە بۆ وەدیهاتنی سوژەیەکی راستەقینە گەشە پێئەدەن، لەبەرئەوەی ئەوان وشیارییەکی بەرفراوان بەرهەم دەهێنن کە تێیدا توانایی بەرهەمهێنان و ناسینەوەو خولقاندنی جیهانی خۆیان بەدیدەکەن. بەڵام ئەم مودێلە دواتر بەوە تاوانبار کرا کە چینێکی تایبەت خۆی لە رێگەی بەرهەمهێنانی جیهانی مادی و پەروەردەوە، ئەو جۆرەی کە مارکس مەبەستیەتی(هەمان سەرچاوە، ٣٩٠) „ نەک وەک چینێکی تایبەت بەڵکوو وەک نوێنەری پێداویستییەکی کۆمەڵایەتی خۆی دەبینێت“، هەروەها وەک گروپێکی کردەگەرا هاوکات خۆی وەک سوژەی گشتگیری هەموو کۆمەڵگا پێناسە دەکات. مرۆڤێک کە بەرهەمی وەها شۆڕشێک بێت، وەک جارانی خۆی دەمێنێتەوە بەڵام نەک لە رێگەی بەرژەوەندییەکی تایبەت یان فۆرمێکی زۆر چەواشەکراو. ئەم مۆدێلە لە رزگاریخوازی کە لەسەر چەمکی سوژە بە شێوەیەکی نەریتی راوەستەی کردوە، نەریتی رەخنەگرانە لە مێژە لێکدانەوەی بۆ کردووە. میشێل فۆکۆ  لە پێوەند لەگەڵ پاشپێکهاتەگەرایی  بە شێوەیەکی تایبەت و رەخنەگرانە دەیڕوانییە مودێلی رزگاری مرۆڤ تەوەرانە، لەبەرئەوەی ئەم بابەتەی بە شێوەیەکی مێژوویی گرێدراوی دیسیپلینەکانی زانستی مرۆیی دەزانی، کە لەژێر نێوی سەربەستی تاکدا لەگەڵ فۆرمە نوێیەکانی کۆنترۆڵی مرۆڤدا هاوتەریبە، لەم چوارچێوەشدا تیوری رەخنەگرانەی لە هەناوی ئایدیای سوژەی کلاسیکدا دەبینی و دەیگەڕاندەوە بۆ مارکسیزمی مرۆڤگەرایانە. فۆکۆ پێیوایە:“ تیوری رەخنەگرانە رەگی لە چەمکە فڕۆیدییەکاندایە. من پێموانییە کە قوتابخانەی فرانکفۆرت توانیبێتی ئەم بوارانەی دەستەبەر کردبێت کە ئێمە شۆناسی لەدەسچومان سەرلە نوێ بدۆزینەوە، سروشتی داگیرکراو لە دەستی ئینسان رزگار بکەین یان حەقیقەتی بنەڕەتی خۆمان دیسانەوە پەیدا بکەین، لەحاڵێکدا کە دەبێ لە چارەسەری دیکە بگەڕێین. „ ( فۆکۆ ١٩٨٠:٩٣).

وها چارەسەرێک ناتوانێ مرۆڤ بێت، مرۆڤێک بەم سروشت و تایبەتمەندییەوە. „ ئێمە هەندێ شتمان لەپێشە، کە هێشتا بوونی نییە، هێشتاش نازانین چۆن دێتە ئاراوە. “( هەمان سەرچاوە)  یەکەم هەوڵی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی بۆ داهێنانی چەمکی مرۆڤی نوێ شکستی هێنا، لەبەر ئەوەی لە رێگەی سیستەمێکی پەروەردەیی دیکتاتۆرانەوە تاکەکانیان پێدەگەیاند. بەڵام مەبەستی فۆکۆ لە گەڕان بۆ تاکێکی نوێ بە هیچ چەشنێک وێناکردنێکی رووخێنەر نەبووە. فۆکۆ دەلێ: „ ئێمە دەبێ بۆ کۆمەڵێ فۆڕمی نوێ لە بە سوژەیی بوون و کارەکتێرێک بگەڕێین کە سەدان ساڵە بانگەشەی بۆ دەکرێت.“( فۆکۆ ١٩٨٢: ٢٥١ هەروەها بڕوانە گرۆیس هاگمایستەر ٢٠٠٥). فۆکۆ دژی چەشنێک  سیاسەتی شوناس تەوەر بوو بەو جۆرەی مارکس باسی دەکرد، هەروەها دژی هەر چەشنە میکانیزمێک بوو کە مرۆڤ دەکاتە دیلی مێژوی خۆی. لەم ئاراستەیەشدا بوو کە فۆکۆ باسی خەباتی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی لە ساڵەکانی ١٩٦٠ دەکرد. فۆکۆ دەڵێ: „ خەباتێک لە ئارادایە کە دۆخی تاکگەرایی دەباتە ژێر پرسیارەوە. لە لایەکەوە ئەم خەباتانە پێداگری لەسەر مافی ئەویدی دەکاتەوە و جەخت لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکات کە کارەکتەری تاک ساز دەکات، لەلایەکی ترەوە دژایەتی هەموو ئەو شتانە دەکات کە تاک تەریک دەخاتەوە و کۆمەڵ لێک دادەبڕێت، واتە ئەو شتانەی تاکەکان ناچاردەکات پەنابەرنە شوناسی تەریککەوتووی خۆیان.“ ( هەمان سەرچاوە ٢٧٤)

ئەمانە خەباتن دژی فۆڕمێک لە دەسەڵات کە ژیانی رۆژانە دیاری دەکات، شتێک کە تاکەکان لە کاتەگۆرییە جیاوازەکاندا دابەش دەکات و شۆناسی تاک بوونیان پێ دەبەخشێت و وەک یاسای حەقیقەت دەرخواردیان دەدات، شتێک کە لە خۆیان و لە ئەویدیدا دەیبیننەوە. ئەم فۆڕمە لە دەسەلاتە کە تاکەکان بۆ سوژە دەگۆڕێت.( هەمان سەرچاوە: ٢٤٥)

چی دەبێت ئەگەر تیۆری رەخنەگرانەی کۆمەڵگا کە پێداگریی دەکات لە سەر پێوەرەکانی رەخنەگرتن و باڵاترین ئامانجە رزگاریبەخشەکان، ئەنجامی هەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ دەسەڵات بریتی بێت لە بەفەرمی ناسینی سووژە؟ پێشمەرجی رزگار کردنی دیاریکراو لە شوناس وتاکگەرایی ڕەهاو لۆژیکی هەڵسوکەت کردن لەگەڵ خۆمان کە خۆمان تێیدا دیل دەکات، هەروەها پێوەندی هەیە بە هەڵسوکەوت لەگەڵ جەستەش. فۆکۆ دەڵێت؛ "بۆ من هاوواتا کردنی چەمکی "بۆرژوازی" لەگەڵ سەرکوتی سێسکواڵیتێت و لەبەرچاو نەگرتنی جەستە بێ مانایەو تێگەیشتن لە خەباتی چینایەتی وەک هەڵگرتنی وەها سەرکوتێک بەهەڵە ئەزانم. فەلسەفەی رووکەشیانەی شارۆمەندی لەوانەیە ئەوەندە ئایدیالیستی نەبیت بەوجۆرەی کە چاوەڕوان دەکرێت. یەکەمین رەهەندی ئەم تێڕوانینە بریتی بوو لەوەی کە دەبێت لەشێک و جنسییەتێک بوونی هەبێت، و دەبێت بۆ سەدان ساڵ بەهێزی و بەردەوامی و زاوزێی جەستەی لە رێگەی بەکارهێنانی ئەندامی جنسییەوە مۆتۆربە بکەن. ئەگەر تەسدیقی جەستە یەکێک لە فۆڕمە سەرەکییەکانی وشیاری چینایەتی بێت، کەواتە بە شێوەیەکی دیاریکراو بۆ بۆرژوازی سەدەی ١٨ ئەمە خۆی گۆڕی بۆ خوێنی شینی ئەریستۆکراسی لە ئۆرگانێکی بەهێزی لەشیان و سێکسوالیتێتی تەندروست. شیاوی تێگەیشتنە کە بۆچی بۆرژوازی بۆ ماوەیەکی زۆر دڕدۆنگ بوو لە گۆڕینی ئەم فۆڕمە تا ئەوکاتەی کە شێوەی نوێی سێکس و هەڵسوکەوت لەگەڵ لەش لە لایەن بۆرژوازییەوە بۆ چینە چەوساوەکانی ژێر دەستەیان بە فەرمی ناسرا.(فۆکۆ ١٩٧٧، ل. ١٥١)

Literatur

Adorno, Theodor W. (1952).  Die überarbeitete Psychoanalyse.  In: Ders. Ge sammelte Schriften, Bd.  8. Frankfurt am Main 1972

  - (1955).  Zum Verhältnis von Soziologie und Psychologie.  In: Ders.Ge- sammelte Schriften, Bd.  8. Frankfurt am Main 1972.

Butler, Judith (1993): Kontingente Gruppen: Der Feminismus und das Frag-

ment der Postmoderne.  In: Seyla Benhabib / Judith Butler Drucilla Conc!  l / Nancy Fraser: Der Streit um Differenz.  Feminismus und Postmodernismus in der Gegenwart, Frankfurt am Main.

Castel.  Françoise / Castel.  Robert / Lovell.  Anne (1982): Psychiatrisierung des Alltags, Frankfurt am Main.

Demitović, Alex (1997): Der Sturz ins Ungewisse.  Anthony Giddens und die Neo-Orientierung der Sozialdemokratie.  In: Widerspruch, H. 34, Dezember 1997.

  • (2001): Inhalt durch Kontingenz.  In: Hans-Jürgen Bieling / Klaus Dórre / Jochen Steinhilber / Hans-Jürgen Urban (Hg.): Flexibler Kapitalismus, Hamburg

- (2008): Das Problem der Macht bei Michel Foucault.  IPW Working Paper No.  2/2008, Institut für Politikwissenschaft, Universität Wien, http://public.univie.ac.at/fileadmin/user upload / inst politisch IPW_Working Papers / IPW.Working Papers - 02-2008 - Demih pdf.

Dorre, Klaus / L.essenich, Srephan / Rosa.  Hartmut (2009): Soziologie Kapitalismus - Kritik.  Eine Debatte, Frankfurt am Main.

Funk Rainer (2005): Ich und Wir-Psychoanalyse der postmodernen Menschen, München.

Foucault, Michel (1977): Sexualität und Wahrheit, Bd.  1: Der Wille zum Wissen, Frankfurt am Main.

  • (1980): Gespräch mit Ducio Trombadori. In : Ders.: Dits et Ecrits. Schriften, Bd . IV , Frankfurt am Main 2005.
  • (1982 ): Subjekt und Macht. In: Ders: Dits et Ecrits. Schriften, Bd. IV, Frankfurt am Main 2005.

Groys, Boris/Hagemeister, Michael (2005): Die Neue Menschheit . Biopolitische Utopien in Russland zu Beginn des 20. Jahrhunderts. Frankfurt am Main.

Harvey, David (2005): Kleine Geschichte des Neoliberalismus Zürich.

Honneth . Axel (1992): Kampf um Anerkennung , Zur moralischen Grammatik sozialer Konflikte , Frankfurt am Main.

Horkheimer, Max (1932): Geschichte und Psychologie In Der sammelte Schriften, Bd. 3. Frankfurt am Main 1988

Adorno, Theodor W. (1947) : Dialektik der Aufklärung In : Max Horkheimer: Gesammelte Schriften, Bd. Frankfurt am Main 1987.

Illouz, Eva (2009). Die Erregung der modernen Seele , Frankfurt am Main. Marx, Karl (1844): Zur Kritik der Hegelschen Rechtsphilosophie. Einleitung. In: Marx Engels - Werke, Bd. 1. Berlin 1972.

  • (1845) : Thesen über Feuerbach . In : Marx - Engels - Werke, Bd. 3. Berlin 1969.

Polanyi, Karl (1978) : The Great Transformation . Politische und ökonomische Ursprünge von Gesellschaften und Gesellschaftssystemen Frankfurt am Main.

Röggla, Kathrin (2004) . wir schlafen nicht , Frankfurt am Main Senner. Richard (1998). Der flexible Mensch . Die Kultur des neuen Kapitalismus, Berlin.

Suter, Martin (2004) : Business Class Neue Geschichten aus der Welt des Managements, Zürich.