کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم
فۆرمی کۆیلایەتی لە ئێرانی هاوچەرخ
(پەیوەندی هزری نیتشە و ناسیۆنالیسمی ئێرانی)
ناسیۆنالیزم له ئێران
لە راستیدا نەتەوە بوون لە رۆژهەڵات و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین ناسیۆنالیزمێکی سۆزداری و پاوانخوازانەیە کە لە لایەن ئەرستۆکراتە پلە نزمەکان و کۆمەڵێک ئیلیت بەڕێوە دەچێت. بە کەڵک وەرگرتن لە غەریزە و ئارەزووی جەماوەر ناسیۆنالیزمی قەومی باڵادەست کە هەمان دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان بێت پەیڕەو دەکەن و ناوەرۆکی ناسیۆنالیزمەکەیان زۆر جیاوازە لەو ناسیۆنالیزمەی کە لە وڵاتانی رۆژئاوایی سەریهەڵداوە. بۆیە ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی وەک ناسیۆنالیزمی کەماڵیستی لە تورکیە یان بەعسی جیا ناکرێتەوە و زۆر لە یەکدەچن چونکە ئەم ناسیۆنالیزمانە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمایەکی کارتۆنی بیرۆکەگەلی راست دامەزراون و لە لاسایکردنەوەیەکی ساختە زیاتر هیچ نین. بۆیە لە هەر چەشنە مافێکی گشتی بێبەرین و بە تەواوەتی دژە یەکسانی و دیمۆکراسین کە لە ئێراندا لە سەردەمی پەهلەویەکاندا هاتوەتە ئاراوە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیش هەروا بەردەوام بووە. ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم کە بە ناسیۆنالیزمی ئۆرگانیکی یان رەگەزپەرستانەش ناسراوە ئامانجەکەی لە ناوبردنی هەر شوناس یان دەنگێکی جیاوازە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست بەدی بێنێت بۆیە هەوڵی ئەوەی نییە کە فۆرم یان سیستەمێک لە حکومەت یان دەسەڵات بەرهەم بێنێت کە مافی هەموو خەڵک و ژیانیان بۆ دابینکات، چونکە بنەماکەی لە سەر ئەساسی نکۆڵیکردن و بە کۆیلەکردنی ئەویترەوەیە.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی لە ئاکامی رووبەڕوو بوونەوەی ئێرانی کۆن و نەریتی لەگەڵ مۆدێرنیتە دێتە ئاراوە کە بە شێوازێکی ئیلیت گەرایی و کاڵوکرچ لە لایەن چینێکی تایبەتەوە پەیڕەو دەکرێت کە بەشێکیان سەر بە "دربار"ی قاجارین کە زۆریش دەسەڵاتدار نین و زیاتر لە پەراوێزی دەسەڵاتدان، بەشێکی کەمی ئەمانە تەنانەت لە بنەماڵەی قاجار بوون. بەم پێیە لە بواری چینایەتیەوە رەگ و ریشەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی لە ناو چینە کۆنەکانی دەسەڵاتداری سەردەمی قاجاریدایە پاشان فراوان دەکرێت و رەنگ و بۆی زمانی- ڕەگەزیشی (فارسی) پێ زیاد دەکرێت و چینێکی دەسەڵاتداری رەگەزی زمانی بەرهەم دینێت. بەڵام هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد ناسیۆنالیزمی ئێرانی دیاردەیهکی کرداری و دەسپێشخەر نییە بەڵکو کاردانەوەیی و پەرچەکرداریە لە بەرانبەر وڵاتە زلهێزەکانی سەدەی نۆزدەیەم کە گوشارێکی زۆریان خستبووە سەر ئێران دێتە ئاراوە. دواتر لە سەردەمی پێکهێنانی سیستەمی پەهلەوی خاڵێکیتری دیار دەبێتە شوناس و بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە ئەویش لەسەر دژایەتی سۆسیالیزم بنیات دەنرێت. ئەم دوو دیاردەیە دەبنە بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی و چوارچێوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی دیاری دەکەن. لە راستیدا زەلیلی و ملکەچی بەهۆی لاوازی و دواکەوتوویی لە بەرانبەر وڵاتانی رۆژئاوایی و روسیا و هەروەها دژایەتی چەپ دوو بنەما و خاڵی دیاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە. دواتر بەهۆی نەبوونی ئاڵوگوڕی مادی و فەلسەفی مۆدێرن و پێویست مەیل و ئاراستەی کۆن، مێژوویی و ئایینیش بەخۆوە دەگرێت بۆ ئەوەی بتوانێ لە خەڵکێکی کولتووریەوە ببیت بە نەتەوەیەکی سیاسی.
ئاکامی ئەم هەوڵانە ناسیۆنالیزمێک بەرهەم دینێت کە دەتوانین لە ژێر ناوی ناسیۆنالیزمی "رەچەڵەک" راڤەی بکەین. بۆیە زۆر یەک لە لێکۆڵەران تەنانەت لێکۆڵەرە ئێرانییەکان ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە ناسیۆنالیزمی رەچەڵەکی دەزانن کە جەوهەرگەرا و رۆمانسیە و مەیلی رەگەزپەرهستانەی هەیە و بە تەواوەتی دەبێتە دژی ئەو نەتەوانەی کە لە ئێراندا دەژین.(١٦)
دژە چەپ بوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی تەنیا لە ڕێگەی دیکتاتۆری و گوێ نەدان بە مافی خەڵک بەردەوام بێت و تایبەتمەندی دژە مۆدێرنیش بە خۆوە بگرێت و لە مۆدێرنیتە و ناوەرۆکی مۆدێرنیتە دوور کەوێتەوە و زیاتر گرنگی بە تەکنیک و ڕواڵەتەکانی مۆدێرنیتە بدرێت.
لە راستیدا رۆشنبیرانی ئێرانی تایبەتەن نەوەی دووهەمی رۆشنبیرانی ئێرانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یان لە ژێر کاریگەری فەیلەسوفی وەک نیتشە و چەمک گەلێکی وەک ئیرادەی دەسەڵات و سوپەرمان بوون یان لە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی رۆژهەڵاتناسی و رەگەزی بیرمەندانێکی وەک شلیگل، گۆبینۆ و گوستاولوبون. هەروەها ئەزمونی ئاڵمانی نازیدا بوون. خەڵکانێک وەکو دەشتی، تەقیزادە و عەلی ئەکبەری سیاسی و هتد لە فاکتەری رەگەز وەک کەرهستەی پێکهێنانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کەڵکیان وەرگرت و ناسنامە و شوناسیان بە شێوازێکی ئایدۆلۆژیایی بەکارهێنا و بیرۆکەی "ایرانشهری"ان لە ژێر کاریگەری کەشی فیکری ئاڵمانی ئەو سەردەمە هێنایە ئاراوە کە لەسەر بنەمای زمان و رەگەزی فارسی نکۆڵیان لە هەموو شت دەکرد و وەک مەترسی لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان چاویان لێدەکرد. دامەرزێنەرانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی زۆر پێداگری لە سەر دوو هۆکار بۆ شوناسی ئێرانی دەکەن. یەکەمیان دروسکردنی ناسنامە لە رێگەی زمانەوە بۆ نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەکانیتر دووهەمیشیان رەوایەتی مێژووییە.
گوتاری ناسیۆنالیزم
١. زمان و شوناسی نەتەوەیی
شۆڕشی "مشروطە" شۆڕشێکی ناسیۆنالیزمی بوو بەڵام بە تایبەتمەندی لیبڕاڵیەوە. "مشروطە"خوازەکان لە لایەکەوە لە ژێر کاریگەری ئامانجی ناسیۆنالیزمی و نەتەوەگەرایی رۆمانسیەوە، بە شوێن دامەرزاندنی دەوڵەتێکی مۆدێڕن و بەهێزەوە بوون تا بتوانن بە مل لاوازی و داڕمانی وڵاتدا زاڵبن و هاوکات ئەم دەوڵەتەش بتوانێ ئامرازی پێشکەوتن و بەهێزی دەستەبەر بکات و لە لایەکیترەوە لە ژێر کاریگەری لیبڕاڵیزم و چەمک گەلێکی وەک ئازادی، پارلهمان و رۆڵی یاسا دەیانویست دەسەڵات لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵک مەرجدار بکەن. بەڵام ئەم روانگەی "مشروطە"خوازەکان دژ بەیەک بوون و لە کۆتاییدا ئەوە روانگەی یەکەم بوو سەرکەوت کە لە ژێر کاریگەری وڵاتانیکی ئەوروپی وەک ئیتالیا، ئالمان، پورتوگال و هتد بوون کە نموونەی دەوڵەتی تاکڕەو و ناوەندگەرایان پەیڕەو دەکرد. ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسی هاوکات لە ژێر کاریگەری ئاتاتورک و ئاڵوگۆڕی سیاسی کۆمەڵایەتی تورکیەشدا بوون چونکە لە ئەساسدا توخمگەل و چەمک گەلی مۆدێرنی وەک ناسیۆنالیزم بۆ یەکەم جار لە وڵاتانی عوسمانی و میسر دەرکەوتن.
لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەدا رەوتێک لە سەردەمی پەهلەویدا بۆ یەکەم جار هاتە ئاراوە کە بەسازکردنی فۆکوس لەسەر سەرچاوەکانی دەسەڵات پڕۆسەی لە ناوبردن و ئاسیمیلەکردنی لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا پەیڕەو دەکرد بۆیە مۆدێلی ناسنامەی ناسیۆنالیزمی ئەم سەردەمە دەتوانین لە چوارخاڵی سەرکوت، رەوایەتی مێژوویی، بەردەوامی دەسەڵاتی پاشایەتی و پێگەی سەرەکی پاشا کۆکەینەوە و پاوانخوازی سیاسی و نەتەوەخوازی زمانی- رەگەزی و کولتووری فارسی وەک بنەمایێکی گرنگ لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانیان رۆڵیان دەگێڕا. ئەم رەوتە کە جاری وایە بە "ایرانشهری" کلاسیکیش ناوی لێدەبەن لەو بڕوایەدا بوو کە دەبێ دەسەڵاتە شێوە هەرێمیەکانی ئەو کات لە ناو بچن (هەمووشیان لە ناو بردن) بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز بتوانن بەرژەوەندی و سەروەری خۆیان دامەزرێنن و بیپارێزن تا بتوانن لەسەر بنەمای یەک زمان، یەک کولتوور و یەک خوێندنەوەی مێژوویی ئێران وەک وڵاتێکی فارسی پێناسە بکەن. لەم روانگەوە ناسیۆنالیزم و دەوڵەت گەرایی لە لایەکەوە دەیەوێت دەسەڵاتی دەوڵەتی فارسی سەقامگیر بکات و لە لایەکیترەوە دەیەوێت هەموو شوناسەکانیتر بسڕێتەوە و لە ناویان ببات و هەمووان بە زۆر بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی و سەروەری قەومی باڵادەستەوە.(١٧) بەرهەمی ئەم هەوڵانە بە کۆیلەکردنی نەتەوەکانیتر و تاڵان کردنی وڵاتەکەیان بووە.
١-١ گوتاری ناسیۆنالیزمی سەردەمی پەهلەویەکان
بە دوای "مشروطە" تا شۆڕشی٧٩ ئەحمەدی کەسرەوی یەکێک لەو رۆشنبیرانەیە کە وەک هێمای گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەردەکەوێت. کەسرەوی لەو بڕوایەدا بوو کە ناسنامەی نەتەوەیی لە ململانێی نێوان تێڕوانینی ئێمە بۆخۆمان و ئەوانیتر بەرهەم دێت. بۆیە خۆناسین و خۆئاگاداری بە ئەرکی سەرەکی مرۆڤ دەزانێت. کەسرەوی ئەگەرچی ویستی بۆ لای لیبڕاڵیزم بوو بەڵام کەسێکی شۆڤینست بوو و بیرۆکەکانی رەگەزپەرهستی و توندوتیژی بەرهەمهێنا. بۆ نموونە دوو چەمکی کەسرەوی وەک "دین پاک" و "زمان پاک" چەمک گەلێک بوون کە ئاراستەی پاکتاوکردنی نافارسەکانی پەیڕەو دەکرد کە ئاماژەیە بۆ رەگەزپەرهستی و فاشیزم لە ئێران و ناوچەکە کە لەگەڵ تورکیە پەیڕەویان دەکرد، رەگەزپەرستی و شۆڤینیزمی کەسرەوی و گوتاری ناسیۆنالیزمی پەهلەوی بە شێوازیک بوو کە تەنانەت فارسەکانیش لەم توندوتیژییە بێبەری نەبوون کاتێک کە کەسرەوی داوای پاککردنەوەی زمانی فارسی لە وشەگەلی بێگانەی دەکرد. کەسرەوی فرەزمانی و فرەنەتەوەی لە ئێراندا بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی و سەروەری فارسەکان دەزانی و باوەڕی بە دروشمی "یەک وڵات"، "یەک زمان" و "یەک دین" بوو و خوازراوی لە ناو بردنی هەر چەشنە جیاوازیێک بوو کە مەترسییەکانی قەومی باڵادەست و فارس زمانەکان بخاتە مەترسیەوە.(١٨(
ئەوەی کە لە ناو بیرۆکەگەلی کەسرەوی بەردەوام ئێمە بە روونی دەیبینین توخمی "ئەویترە" کە مەوداکەی هەر دەم بەرتەسک دەبێتەوە چونکە کەسرەوی و هاوبیرانی و بە گشتی نەوەی دووهەمی رۆشنبیرانی ئێرانی فۆرمی پێکهاتەی کولتووری و زمانی لە ئێران بە مەترسی دەزانن هەر بۆیە پێناسەیهکی روونیش لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە دەستەوە نادەن بەڵکو بۆ کاتێکی نادیاریش دوایان خستووە تا ئەو کاتەی کە هەموویان بێجگە لە فارسەکان سڕیەوە. ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی ئەگەرچی توندئاژۆ و فاشیستە بەڵام لە کۆتاییدا روون نییە روو لە کێیە و مەترسیەکانی بە روونی باس ناکات. ئەگەرچی بەردەوام نەتەوەکان و سەرکردەکانیان وەک قازی یان پیشەوەری تۆمەتبار بە هاوکاری لەگەڵ بێگانە دەکات.(١٩(
کەسرەوی کە بواری کرداری سیاسیشەوە پشتیوانی لە رەزا خان دەکرد و ناسیۆنالیزمی پەیڕەوکراوی پەهلەوی بەرز دەنرخاند. هاوکات رەزا خانیش زۆر لە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی کەسرەویدا بوو کە بیرۆکە گەلێکی جەوهەرگەرا بوون کە کۆکراوەی بیرۆکە گەلی روناکبیرانی پێش خۆی و هاوچەرخی خۆی بوون. کەسرەوی لەوانەی پێش خۆی توندتر بوو بەڵام لەوانەی هاوچەرخی خۆی تۆزێ نەرمتر بوو کە راستەوخۆ لە ژێر کاریگەری ئاڵمان و ئیتالیای ئەو سەردەمە بوون، ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەمە شێواز و تایبەتمەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسیە.
١-٢ گوتاری سەردەمی شۆڕش و "ملی-مذهبی"ەکان
شۆڕشی ٥٧ بووە هۆی ئەوەی کە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی تا ڕادەیەکی کەم لە لایەن "ملی- مذهبی"ەکانەوە لە لیبڕالیزمەوە نزیک بێتەوە و هێمای ئەم رەوتە "عزت اللە سحابی" بوو. دین وەک یەکێک لە توخمگەلی کولتووری گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی رۆلی گرنگی لە گوتاری "ملی- مذهبی"ەکاندا هەیە بۆیە بەم ناوەش ناسراون چونکە ئەوان پێیانوایە "نەتەوەی ئەوان تەنیا نەتەوەیەکە کە لە سەر یەکتاپەرهستی بنیاتنراوە".(٢٠) ئەمان ئەم شتە بە هۆکاری یەکگرتوویی دەزانن. بەڵام بابەت یان توخمی سەرەکی و ناوەندی گوتارەکەیان نییە بەڵکو دین وەک کەرەستەی دەسەڵاتداری فارسی بە سەر نافارسەکان و فریودانیان کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. دین وەک کەرهستەیەک کە کارکردی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان هەیە چاوی لێدەکرێت و لە بنەمادا ئەوە فارس و فارسبوونە کە خاڵی ناوەندی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە و ئەم خاڵە کاتێک بە روونی خۆی دەردەخات کە سەحابی فاکتەری مێژوو و گەڕانەوە بۆ مێژوو بەتایبەتی سەردەمی هەخامەنشیەکان ( لە بنەڕەتدا مێژوویهکی کوردیە بە فارسی کراوە) و هەروەها زمانی فارسی بە خاڵە سەرەکییەکانی گوتاری خۆیان دەزانن تا رادەیەک کە گرنگی دانی سەحابی بەم خاڵانە ئەو لە رەگەزپەرهستی نزیک دەکاتەوە. چونکە لایەنگرانی مێژووی کۆن لە ناسیۆنالیزمدا لە شوێنێکی وەک ئێران ئێستاشی لەگەڵ بێت هەروەک نازیەکان باوەڕیان بە باسەکانی رەگەزی ئارییەکان هەیە،(٢١) تایبەتەن کاتێک کە ئەمانە رووبەڕووی چەمکی "تمامیت ارضی" دەبنەوە و لەوێدا خۆیان بە نەتەوەگەرایەکی ئێرانی (فارس) یان ناسیۆنالیستێکی ئێرانی پێناسە دەکەن.(٢٢) گوتاری "ملی- مذهبی"ەکان و سەحابی تێکەڵەیەکە لە توخمگەلی ناسیۆنالیستی، مێژووی کۆن، رەگەزگەرایی فارسی، لیبڕاڵیزم، دین، دژە رۆژئاوا بوون لە ژێر ناوی دژە ئەمپریالیزم کە بەهێز کردنی نەتەوەی و ناسیۆنالیزمی فارسی پەیڕەو دەکات. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێن کە یەکەمین توخمی هاوبەش لە نێوان کەسرەوی و سەحابی فارس بوون یان خۆ با فارس زانینە کە ئەوان و بەرژەوەندی ئەوان لە بەرانبەر گەلانی ناو ئێران و دەرەوەی ئێران بەتایبەتی رۆژئاواییەکان پێناسە بکات هەر بۆیە ئەوان لاوازی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەوان ئارەزووی دەکەن هۆکەی دەگەڕێننەوە بۆ فرە رهنگیەکەی و فرە نەتەوەیەکەی. بۆیە بەردەوام باس لە یەکگرتوویی دەکەن و هەوڵی خۆسەپاندن بە شێوازی جۆراوجۆر دەدەن. هەردووکیان بەردەوام باس لە گرنگی مێژوو بەتایبەتی مێژووی کۆن دەکەن و پێیان وایە مرۆڤ دەبێ لێی ئاگادار بێت و وانەی لێوە وەگرێت و پێش بە لە بیرکردنی مێژوو بگرێت. ئەوان ئێرانی فارسی دەخەنە بەر هەموو شتێکەوە و بەر لە هەموویی دین و ئایین. لە سەر ئەو باوەڕەن بەرژەوەندی ئێرانی فارسی لە پێش بەرژەوەندی ئایینی و ئیسلامییەوەیە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە بیزانین و بەردەوام لە بیرمان بێت ئەوەیە کە هەموو گوتارە ئێرانیەکان لاوازی ئێران لە فرە نەتەوەیەکەی دەزانن.
٢. رەوایەتی مێژوویی
سەرههڵدانی ناسیۆنالیزم لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین جۆرێک لە ئاراستەکردنی بۆ رابردوو پێوە دیارە کە دەیەوێت رەگ و ڕیشە خۆیان لە ناو مێژووی کۆن بدۆزنەوە. ئەم تێڕوانینە بۆ مێژوو لە ئێران و لە ناو ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی زۆر زەق، توند و توندئاژۆیانەیە. ئەم سهرنجە لە سەر رابردوو لە لایەن روناکبیرانەوە زیاتر وەک کەرەستەیەک وایە کە متمانە بەخۆ بەرهەم دێنێت بۆ ئەوەی بتوانن بە مل زەلیلی و بێ دەسەڵاتی خۆیان لە بەرانبەر وڵاتانی رۆژئاواییدا سەرکەون. بەڵام لە راستیدا ئەم وروژاندنەی هەست و سۆزی کۆمەڵگا بۆ زیندوو کردنەوەی رابردوو زیاتر بووە هۆی وشک بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانە و هەوڵدان بۆ باڵادەستی چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی. هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە ماوهی سەد ساڵی رابردوو نموونەی ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمانەیە. بۆیە زۆر جار وەک کەرەستەی رێکخستنی هەست و سۆزی خەڵک و بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرهستانەش کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئێرانیش لەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم بە دوور نەبووە. ئەم شێوە لە ئاراستە کردنە مێژووییە لە ئێران بە كەڵک وەرگرتن لە چەمکەکانی بەر لە ئیسلام و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازێک لە بیرکردنەوەی رۆمانسی- رەگەزپەرستانە دەیەوێت رابردوو وەک ئایدۆلۆژیایهکی تایبەت و پڕ لە شانازی بەرهەم بێنێتەوە، بۆیە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و بەهێز کردنی نەتەوەی باڵادەست لە رێگەی ئەم چەمکە ناسنامەیانەوە دەیەوێت هۆشیاری خۆیان لە ناو مێژووی کۆنەوە دەربێنن چونکە هیچ بنەمایەکی واقعی و مۆدێڕنی نییە. لەم روانگەیەوە کەسیک وەک "طباطبایی" لەسەر ئەو باوهڕهیه کە ئێمە بەر لە دەسپێکی جیهانی مۆدێرنیش بوونمان بووە.(٢٣) بۆیە بۆ پێکهێنانی نەتەوە لە نەبوونی ئاڵوگۆڕە مادی و فەلسەفیەکان بۆ مێژوو دەگەڕێنەوە چون لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی ئێران بەر لە "مشروطە" بوونی نەبووە. یەکەم جار ئاخوندزادە و میرزا آقاخانی کرمانی لەسەر بنەمای مێژووی کۆن ڕاڤەی ناسیۆنالیزم دەکەن و لە ئێستاشدا ئەوە طباطبایە کە لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ مێژووی کۆن لەسەر مێژووی رفێندراوی کورد دەکات بەڵام بە ناوی فارسەوە. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم جۆرێکە لە ناسیۆنالیزمی رەچەڵەکگەرا کە بە تەواوەتی لە ناسیۆنالیزمی گڕێبەستی یان مەدەنی جیاوازە کە چەن تایبەتمەندی هەیە کە بریتین لە جەوهەرگەرایی لەسەر بنەمای گروپێکی تایبەت، رۆمانسی بوون، کەڵک وەرگرتن لە هەست و سۆزی مرۆڤ، نەریت، شوێنەوارەکان، کەلەپور و میرات و دامەزراوە گەلێک وەک دامەزراوەی پاشایەتی. ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم لەو بڕوایەدایە کە رەگ و ریشەی زۆر کۆنیان هەیە و هەر لێرەشەوە ئاراستەی رەگەزپەرستی پەیدا دەکات.
بۆ نموونە کەسرەوی لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی رەوایەت مێژوویدا لە بڕوایەدا بوو مێژوو وەکو یەکێک لە نیشانە کۆمەڵایەتیەکانی شوناسی نەتەوەیی رۆڵێکی گرنگی لە هۆشیاری کۆمەڵانی خەڵک هەیە تا ئەو رادەیە کە دەڵێت " ئەگەر بڵێین مێژوو بۆ خەڵک وەک ریشە بۆ دار وایە هەڵەمان نەوتووە"(٢٤) ئەو پێی وابوو کە مێژوویهکی فارسی بەردەوامبوونی هەیە کە ئەم نەتەوەی پێ دەناسرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسرەوی خۆی پێ رەگەزپەرهست نیە و خۆی لە ناسیۆنالیستە رەوایەت مێژوویەکان کە تایبەتمەندی رەگەزپەرهستانەیان هەیە جیا دەکاتەوە بەڵام لە کۆتاییدا چەمک گەلێکی وەک "دینی پاک" و "زمانی پاک" و مەیلی زۆری بۆ میژووی کۆن، ئەویش بەرەو ئاراستەی رەگەزپەرهستی دەبات. لێرهدا ئەوەی کە جێی سهرنجە تەنانەت نەرمترین جۆری ناسیۆنالیزمی ئێرانیش لە فاکتەری رەوایەت مێژووی بە دوور نییە و هەر لەم رێگاوە بەرەو ئاراستەی رەگەزپەرستی دەچێت. هەروا کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد بە دوای شۆڕشی ٧٩دا خوێندنەوەیەکی بڕێک نەرمتر لە ناسیۆنالیزم لە لایەن "ملی- مذهبی"ەکانەوە دێتە ئاراوە بەڵام ئەم خوێندنەوەش بەهۆی لاوازی و هەژاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسیەوە لە بواری ئاڵوگۆڕی مادی، فەلسەفی و تیۆرییەوە ناتوانێ خۆی لە روانگەی مێژوویی بپارێزێت تا ئەو رادەیە کە سەحابی گرنگیەکی زۆر بە مێژوو دەدات و مێژووی ئێران لە هەخامەنشیەکانەوە پێناسە دەکات (نەک لە مادەکانیشەوە) ئەگەرچی هەخامەنشیەکانیش هەر لە هۆزە کوردەکانی ناوچەی زاگرۆس بوون. لێرەدا گوتاری ناسیۆنالیستی "ملی- مذهبی"ەکان و بە تایبەتی سەحابی لە رەوایەتی مێژوویی و رەگەزپەرهستی نزیک دەبێتەوەو تەنانەت یەک دەگرنەوە. بۆیە ئەگەر نیتشەیی چاو لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی بکەین دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزمی ئێرانی تەنیا یەک ئێرادەی روو بە دەسەڵات و بە کۆیلەکردنی نافارسەکان زیاتر هیچ نەبووە.
بەڵام جیا لە رەگەزپەرهستی رەوایەت مێژوویی کە وەک رەخنە ئاراستەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکرێت خودی رەوایەتەکە درۆیەکی گەورەیە چونکە هەموو ئەم مێژووە، مێژووی هۆزە کوردەکانی ئەم دیوی زاگرؤسە کە فارسیزە کراوە. ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی بەسەر مادەکان باز دەدات و لە هەخامەنشیەکان دەسپێدەکات بۆ ئەوەی کورد لەم مێژووە داببڕن تا هیچ خاوەندارەتیەکی نەمێنێت، بەڵام لە هەموو لێکۆڵینەوەکان لەسەر مێژوو و زمان، لێکۆڵەرەکان دان بەوەدا دەنێن کە هەموو ئەم مێژووە چ مادەکان، چ هەخامەنشیەکان و ساسانیەکان پەیوەندی راستەوخۆیان بە هۆزە کوردەکانی ناوچەی زاگرۆسەوە هەیە و هەمووشیان خزم وکەسی یەک بوون. بۆ نموونە هەخامەنشیەکان سەر بە هۆزی بەختیارییە لوڕەکانی ناوچەی زاگرۆسن کە چ لە بواری مێژووی و چ لە بواری زمانیەوە هەموو دنیا وەک کوردەکانی ناوچەی زاگرۆس پێناسەیان دەکات کە هیچ پەیوەندیێکیان بە بە فارسەکانەوە نییە کە لە ئەفغانستان و خوراسانەوە هاتوون. بۆیە ئەو مێژووە بەردەوامە فارسیە کۆنە هیچ راستیەکی تێدا نییە و ئەمە تەنیا بە هۆی هاتنی زمانی فارسی لە خوراسانەوە لە سەردەمی روودەکی و فردەوسیەوە سەریهەڵداوە و هێدی هێدی تەشەنەی کردوەتە ناو کۆشکی سوڵتانە تورکەکانەوە و پەرە دەستێنێت و دیاردەی رەوایەتی فارسی لە سەردەمی پەهلەویدا وەک بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی دیاری دەکرێت و تایبەتمەندی رەگەزیش بە خۆوە دەگرێت.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی و جەستە
ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسی مەجالی سەرههڵدان و ژیان بە هیچ ناسنامە و شوناسێکیتر بێجگە لە شوناس و ناسنامەی فارسی نادات یان لانی کەم دژی ئەوە بووە شوناسێکیتر بتوانێ بێتە ئاستی شوناس و ناسنامەی فارسی و هەموو کات ویستویەتی لە ناویان ببات یان لە خوار خۆیەوە بە شێوازێکی لاواز، سەرکوتکراو و بێ کەڵک بیانهێڵێتەوە و لە هەمە جۆرە مانا و جوانیەک خاڵیان کاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ شوناسی فارسی، بەرژەوەندی فارسی و سەروەری فارس بە مل نافارسەکان بسەپێنێت. بۆ نموونە ئەمان لە رێگەی سیستەمێکی سەربازی زۆرە ملێوە ویستویانە بە مل جەستەی ئەو مرۆڤانەی کە جیاوازییان لەگەڵیان هەیە باشتر زاڵ بن و سهرنجی ئەوان و جەستەی ئەوان زیاتر بێرنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ ئاماژەیهکی روونترمان بۆ ئەم بابەتە بێت دەتوانین بڵێین کۆنتڕوڵی جەستە و زالبوون بە مل جەستەدا وەک ئامانجێکی دیاری ئەم ناسیۆنالیزمەیە کە بە زەقی دەتوانرێ لە کۆنترۆڵی جلوبەرگ و داپۆشینی جەستەدا ببینین. کۆنترۆڵ کردنی جلوبەرگ یان داپۆشینی جەستە وەک دیارترین دیاردەی خۆسەپاندن و ئیرادەی دەسەڵات بە مل لەشدا لە پێناو دابینکردنی سەروەری لە سەد ساڵی رابردوودا رۆڵی گرنگی بووە و تەنانەت ئەو خەڵکە نافارسانەی کە ویستویانە کولتوور و جلوبەرگی خۆیان بپارێزن بەر توندوتیژی زمانی و تەنانەت جاری وا بووە بەر توندوتیژی فیزیکیش کەوتوون.
دیارە فارسەکان ئەم دیاردەیان لە ژێر کاریگەری ژاکۆبینەکان هاوردە ئاراوە بەڵام مەبەستی ئەوان یەکسانی بوو لە کاتیکدا ئێرانیەکان زیاتر بۆ له ناوبردنی فرە ڕەنگی و فرە نەتەوەی پێکهاتەی ئێران کەڵکیان لێوەردەگرت(٢٥) و ویستوویانە بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی هیرارچیک کە بۆخۆیان سەری بن و سودی لێوەرگرن و هەموو جیاوازیەک لەگەڵ شوناسی خۆیان بسڕنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شێوازێک لە کۆنتڕۆڵی گشتی بە کەڵک وەرگرتن لە چاودێری و سزادان لە لایەن دەوڵەت یان دەسەڵاتەوە پەیڕەو دەکرا. بەڵام بە گشتی لەشی مرؤڤ یان جەستەی مرۆڤ لە سەد ساڵی رابردوو بابەتێکی دیار، ئاڵۆز و ستەم لێکراوی کۆمەڵگای ئێرانی بووە، لەم نێوانەدا ژنان گەورەترین قوربانی ئەم دیاردەیە بوون کە بەردەوام لە ژێر گوشارێکی تاقەت پڕوکێنی دەسەڵاتی فارسیدا بوون بۆ ئەوەی بە تەواوەتی بە سەریاندا زاڵ بن. چونکە ئەم ناسیۆنالیزمە رەگێکی بەهێزی پاتریمونیالیزم و پیاوسالاریشی تێدایە.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی و چەپ
ئەگەر لە روانگەی مێژووییەوە لە وشەگەل یان چەمکگەلی نیتشەیی بۆ پێناسە کردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کەڵک وەرگرین دەتوانین بڵێین ئەم ناسیۆنالیزمە تەنیا دەسەڵات پەیڕەو دەکات و ئەم خاڵە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ تایبەتمەندی سەرەکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بووە جا چ پاڵی بە دینەوە دابێت یان پاڵی بە رەچەڵەک گەراییەوە دابێ. بۆیە ناسیۆنالیزمی ئێرانی قەت نەیتوانیووە تەنانەت پەیوەندییەکی رێکوپێک بە لیبڕالیزمیشەوە بگرێت. بەڵام ئەوەی کە جێی سهرنجە ئەم ناسیۆنالیزمە بە خەستی دژە چەپیشە و زۆر بە کەمی مەجالی سەرهەڵدانی چەپی داوە کە ئەویش لە ساڵەکانی بیستی هەتاوی تاوەکو سی و دووی هەتاوی بووە و پاشان بە قورسی سەرکوت کراون. ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد بنەماکانی لەسەر دژایەتی چەپیش دانراوە بۆیە هەم ناسیۆنالیزمەکەی و هەم دەوڵەتەکەی لەسەر دژایەتی چەپ دانراوە. دژە چەپ بوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی تەنیا لە رێگەی دیکتاتۆری و گوێنەدان بە مافی خەڵک بەردەوام بێت و تایبەتمەندی دژە مۆدێرنیش بەخۆوە بگرێت و لە مۆدێرنیتە و ناوەرۆکی مۆدێرنیتە دوور کەوێتەوە و زیاتر گرنگی بە تەکنیک و رواڵەتەکانی مۆدێرنیتە بدرێت.
لەم پەیوەندییەدا رەوتێکی تایبەت بە ناوی کۆمەڵەی حیکمەت و فەلسەفە لە سەردەمی حەمەرەزای پەهلەوی سەرهەڵدەدات کە لە لایەن شا و کۆشکی شاوە پشتیوانی دەکرا کە مەیل و ئاراستەی ئیسلامی هەبوو و دروشمی گەڕانەوەی بۆ "سنت" کردبووە ئامانجی خۆی و داوای خەلافەتی ئیسلامی دەکرد و دەیەویست بە خوێندنەوەیەکی ئایینی نوێ گوتاری تایبەت بە ئامانجی خۆی بخوڵقینێت. حەسەنی نەسر، مورتزا موتەهەری، فەردید و ئێحسانی نەراقی و هتد کەسایەتیە دیارەکانی ئەم رەوتە بوون. دژە چەپ بوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی وایکردبوو کە ئەم جۆرە گروپ و بیرۆکانه رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پەرە بستێنێت و زیاتر هێز بگرێت بە شێوازێک کە دەسەڵات بۆ خۆی گرنگیەکی تایبەتی بە ئایین دەدا بۆ ئەوەی بشتوانن لە بواری فیکریەوە لە سەرکوتی چەپ هاوکاری دەسەڵات بن و دژایەتی چەپ بکەن. ئەم شێوازە لە سیاسەت کردن وایکرد کە ئیسلامیەکان بەهێزتر و رێکخراوتر بن و چەپیش زیاتر سەرکوت بێت و دەسەڵاتیش هێدی هێدی لاوازتر بێت و زیاتر لە شەرعییەت بکەوێت لە کاتێکدا ئیسلامیەکان لە هەموو بوارەکاندا لە گەشەدا بوون تا لە کۆتاییدا رەوتێکی رادیکاڵیان توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. دژە چەپ بوونی پەهلەوی کە نوێنەرایەتی و رێبەری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکرد وایکرد دەسەڵاتی پەهلەوی هەرچی زیاتر بە لای سەرکوتدا بچێت و بە تەواوەتی ببێت بە دەسەڵاتێکی دژە دیمۆکراسی و دژە مافی مرۆڤ و هەر بەو پێیەش ناسیۆنالیزمی ئێرانیش هەمان رێگە ببڕێت. بۆیە دەتوانین ئەم وتەیە پشتڕاست کەینەوە دژایەتی چەپ لە کۆتاییدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەرەو دژە مۆدێرنیتە دەبات.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی و نەتەوە بن دەستەکان
پەیوەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان پەیوەندیەکی کۆلۆنیالیستی بووە و بەم جۆرە پەیوەندییەکی دوژمنکارانەی لەگەڵ نەتەوە نافارسەکان بنیات ناوە. دوژمنایەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی لەگەڵ نەتەوە نافارسەکان وای کردووە کە مانەوەی ئەم دەوڵەتە تەنیا لە رێگەی سەرکوت و دیکتاتوریەوە مەجالی ببێت بۆیە قەت نەیتوانیوە دیمۆکرات بێت و مافی خەڵک و کۆمەڵگا بپارێزێت و هاوکات وەک ناسیۆنالیزم و دەوڵەتێکی رەگەزپەرهست دەرکەوتووە و بەردەوام دژی مافەکانی مرۆڤیش بووە و لە رێگەی جوڵاندنی هەست و سۆزی وەشوێنکەوتوانی خۆی وهەروەها پۆپۆلیزمەوە رق و کینەی بەرامبەر نەتەوە نافارسەکان بەرهەمهێناوە کە ئاکامەکەی پەیوەندیەکی قوڵ لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی و رەگەزپەرهستی بووە. پاکتاوی زمانی و رەگەزی دوو دیاردەی ئەم ناسیۆنالیزمە بە درێژایی ئەم سەد ساڵە بووە. بۆ ئەوەی باشتر بتوانین ئەم ناسیۆنالیزمە بناسین دەتوانین ئاماژە بە ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا بکەین. لێرەدا ئێمە جیاوازیەکی یەکجار زۆر لە نێوان پێناسەی مەرجەکانی رەگەزنامە (ملیت) و مەرجەکانی هاووڵاتی بوون دەبینین. مەرجەکانی یاسای بنەڕەتی بۆ رەگەزنامەی ئێرانی بریتین لە زمانی فارسی، مێژووی فارسی، کولتووری فارسی و هتد کە ئەم مەرجانە مەرجی ناسنامەی ئەو نەتەوەن کە خۆیان وەک باڵادەست سەپاندوە و بەو پێیەش خاوەنی دەوڵەتەکە و دەسەڵاتی دەوڵەتەکەشن. بۆ ئەو خەڵکانە کە ئەم مەرجانەیان نەبێت وەکو کورد، تورک، بەلوچ، عەرەب و هتد، هەر لە یەکەم هەنگاودا دەکەونە دەرەوەی شەرعییەتی سیاسیەوە چونکە ئەم پێناسەیە لە ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی هەمان ناسنامەی نەتەوەی باڵادەستە کە سنوورەکانی قانونی سیاسەتی دیاریکردووە و ئەگەر لە دەرەوەی ئەم سنوورانە بتەوێ سیاسەت بکەی دژی یاسا هەستاوی و بە شێوازێکی قانونی دەبیتە ئامانجی توندوتیژی سیاسی و سەرکوت و لە رووی یاساییەوە دەبێ سزا بدرێیت.(٢٦) بۆیە دەبێ لە یاسای بنەڕەتیدا لە بە فەرمیکردن زمان، کەلتوور، دین و هەر شتێکیتری فەرمی خۆ بپارێزرێت. چونکە بە فەرمیکردنی هەر شتێک بۆ نموونە زمانی فەرمی مانای ئەوە دەدات کە ئەو زمانە زمانی دەسەڵاتی سیاسیە. بۆیە کەسێک یان خەڵکانێک کە زمانەکەیان فەرمی نەبێت چ بمانەوێت و چ نەمانەوێت لە بەرامبەر دەسەڵاتدا دەردەکەون و دەبنە ئامانجی توندوتیژی یان وەکو هاوڵاتی پلە دوو دەناسرێن. چەمکی هاوڵاتی پلە دوو لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. هاوڵاتی پلە دوو یان سێ ئەو خەڵکانەن کە ناسنامە و شوناسیان لەگەڵ ناسنامەی ئاماژە پێکراو لە یاسای بنەڕەتی جیاوازە.(٢٧) ئاکامی ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم دەبێتە شۆڤینیزم و فاشیزم کە لە هەر چەشنە جیاوازیەک حاشا دەکات و بۆ پشت گوێخستی ئەم جیاوازیانە ناچار بە بەردەوامی باسی جیاوازیتر دەکات و دوژمنی وەهمی بۆ خۆی دەتاشێت، ئاکامی ئەمەش بێجگە لە شەڕ و ماڵوێرانی هیچی لێ ناکەوێتەوە. باسی ئێرانی کولتووری و هەروەها هەڵسوکەوتە ئیمپریالیزمیەکانی ئێران لە ناوچەکە هەر لەم روانگەوە دێت، هاوکات ئەم جۆرە دەوڵەتانە یان بە واتایەکی دیکە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین ژێرخانی فیزیکی و دیاری دەوڵەتیان وەکو خەڵک لە مانای نەتەوەی فەرهەنگی و بە پێی ئەوەش زەوی نییە چونکە تایبەتمەندی داگیرکاری و کۆلۆنیالیستیان هەیە، هەر بۆیە دامەزراوە و رێکخراوە حکومیەکانیش شەرعییەتیان نیە و سەقامگیری سیاسیش دەستەبەر نابێت.
پەیوەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پەهلەوی
شۆڕشی "مشروطە" لە بنەڕەتدا شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی بوو کە هەڵگری چەمگەل و توخمگەلی دژ بەیەک بوو. لە لایەکەوە لیبڕال بوو لەو لاشەوە باوەڕی بە دەوڵەتێکی گەورە و بەهێز بوو. لە لایەکەوە باسی دیمۆکراسی دەکرد بەڵام داوای ناوەندگەرای بۆ ئێرانی فرە نەتەوە دەکرد و زۆر شتیتر. بەڵام نەوەی یەکەمی رۆشنبیران کە بڕێکیان بەشداری شۆڕشی "مشروطە"ش بوون رەگێکی دیاری لیبڕالی و پارلهمانتاریستیان هەبوو، هەر ئەوش بووە هۆی ئەوەی لە سەردەمی "استبداد صغیر" هەموو نەتەوەکان پێکەوە پشتیوانیان لە شۆڕشی "مشروطە" کرد ئەگەرچی لە زۆر ئامانجی "مشروطە" تایبەتەن نیازەکانی پشتەوەی "مشروطە"خوازەکان ئاگادار نەبوون. بۆیە رەزا پڵاسی(پەهلەوی) بۆخۆی بەرهەمی ئەم ناسیۆنالیزمە و نەوەی یەکەمی رۆشنبیران و "مشروطە"خوازەکان بوو کە لانی کەم نیوسەدە پێش ئەو سەریهەڵدابوو. بۆیە پەهلەویەکان هۆکار نین بەڵکو بەرهەمی ناسیۆنالیزمی ئەو خەڵکانە و ئەو ئاڵوگۆڕانە بوون. بەڵام نەوەی دووهەمی رۆشنبیرانی ئێرانی کەوتنە ژێر کاریگەری ئاڵوگۆڕەکانی ئەوروپای سەردەمی نازیسم و فاشیزم، چ لە بواری فەلسەفی و تیۆرییەوە و چ لە بواری ئاڵوگۆڕە مادیەکانەوە، بۆیە ئاکامی ئەم دیاردەیە ناسیۆنالیزمێکی فارسی رەگەزپەرهست، ناوەندگەرا و دیکتاتۆری بوو کە تایبەتمەندی دیاری ئەو سەردەمەی بەشیکی ئەوروپاش بوو.
ڕەزا پڵاسی(پەهلەوی) بۆخۆی بەرهەمی ئەم ناسیۆنالیزمەیە و نەوەی یەکەمی ڕۆشنبیران و "مشروطە"خوازەکان بوو کە لانی کەم نیوسەدە پێش ئەو سەری هەڵدابوو. بۆیە پەهلەویەکان هۆکار نین بەڵکو بەرهەمی ناسیۆنالیزمی ئەو خەڵکانە و ئەو ئاڵوگۆڕانە بوون .
ئەو سەردەمە کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر و گۆڤاری جۆراوجۆر هەبوون کە لە چوارچێوەی ئەم گوتار و ئاڵوگۆڕانە چالاک بوون و کاریگەریان لە سەر دەسەڵاتی ئەو کات و رەزا خان دادەنا. بۆ نموونە عەلی ئەکبەری سیاسی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە رەزا خان چاکسازییەکانی خۆی لە مانیفیستی "کۆمەڵەی گەنجانی ئێران" وەرگرتوە.(٢٨) بەڵام ئەوەی کە روونە ئەوەیە نەوەی دووهەمی رۆشنبیرانی ئێرانی کەریگەری زۆریان لە سەر گوتار و دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەم داناوە بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە گرنگیەکی زۆریان بە ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەرایی دەدا، مۆدێلی سیاسی دەسەڵات لە سەر رۆڵ و جێگە و پێگەی شا دانرابوو نە وڵات یان نەتەوە کە خەڵک بن، بۆیە جۆرێ لە سیستەمێکی شاهانەیان هاوردە ئاراوە کە نیشتمانپەروەری و هەستی نەتەوایەتی زیاتر لە شێوازی خۆشەویستی و هاوسۆزی بۆ پاشا و دامەزراوەی پاشایەتی بوو تا بۆ وڵات و نەتەوە. زۆربەی ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ئاراستەی ئەم دامەزراوەیە و جێگە و پێگەی شا بوو. ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی یان پەهلەوی زیاتر ئاراستەی شێوازێک لە سیستەمێکی شەخسیکراو و تاکڕەوانەی هەبوو تا ئەوەی کە مەیلی ئازادیخوازانەی هەبێت و یاسا پەیڕەو بکات. بۆیە لەسەر هاوسۆزی شەخسی، تەقلیدی، کولتوور، مێژوو و رەگەز بنیات نرابوو، بەتایبەتی کە ناوەرۆک و دڵی گوتاری روانگەی مێژوویی( باستان گرایی) پاشایەتی بوو. لە ستراکچێری سیاسی سەردەمی پەهلەوی یەکەم چەمگەلێک وەکو ناسیۆنالیزم، نیشتمانپەروەری هەستی نەتەوایەتی کاتێ کەڵکی هەبوو کە بتوانێ بەستێنی کۆیلایەتی لە ناو دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان بە مەبەستی باڵادەستی، هاوسۆزی و کۆیلایەتی تایبەتەن لە ناو گەلانی بن دەستدا بەرهەم بێنێتەوە بۆیە سیستەمی کۆیلایەتی و ملکەچبوون، ناوەندی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی بوو. لەم مۆدێلەدا کۆمەڵگا راستەوخۆ لە بەردەم ئیرادەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوادایە کە سنوورەکانی نە لە رێگەی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە بەڵکو لە ڕێگەی توانای مادی سیستەمی "سلطە"وە دیاری دەکرێت. لەم سیستەمە یان گوتارە شتە ئەرێنیەکان لادەبرێن و شتە نەرێنیەکان جێگەیان دەگرنەوە. ناسیۆنالیزم لە سەردەمی پەهلەوی بەتایبەتی پەهلەوی یەکەم شێوازێکی توندی دیکتاتۆری و تاکڕەوی پەیڕەو دەکرد کە بەشداری سیاسی خەڵک و کۆمەڵگای بۆ کاتێکی نادیار دواخستبوو. بە درێژایی نزیک بە شەست ساڵ تەنیا سەرکوت بەشی خەڵک بوو، تایبەتەن نەتەوە بندەستەکان. بۆیە زۆرجار ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەکو ناسیۆنالیزمێکی دەوڵەتی- فۆرمی [ پاشایەتی] پێناسە دەکرێت.(٢٩(
ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی- فارسی لە سەردەمی رەزاخان بە توندی پەیڕەوی دەکرد ملکەچکردنی خەڵک تایبەتەن نەتەوە نافارسەکان و ناوەندگەرایی بوو کە بووە هۆی سەرکوتی نەتەوە نافارسەکان و هەموو ئەو خەڵکانەی کە بە شێوەی زمانی، رەگەزی و کولتووری لە دەرەوەی ئەم گۆتارە بوون. هاوکات ئەم جۆرە لە گوتار و تەنانەت بیرۆکەیە وەک ئایدۆلۆژی نوێبوونەوە و ئایدۆلۆژیهکی مۆدێڕن پڕوپاگەندای بۆ دەکرا.
سەرچاوە
١٦. فیرحی، هەمان سەرچاوە
١٧. قاضی، حسن و امینی، محمد، چرا زبانهای مادری نادیدە گرفتە می شوند، پرگار، قابل دسترسی در سایت بی بی سی
١٨. کسروی، احمد، یک درفش، یک زبان، یک دین، مجلەی پیمان، سال دوم، ١٣١٤
١٩. آبراهامیان، یرواند، کسروی ملی گرایی وحدت انگار، قابل دسترسی در سایت بی بی سی
٢٠. سحابی، عزت اللە، چرا ملی؟ چرا مذهبی؟ گفتگو سحابی با چشم انداز ایران، شمارە ٢٩٣، ١٣٩٤
٢١. هەمان سەرچاوە
٢٢. بستەنگار، محمد، دکتر سحابی و اخلاق، سیاست، و توسعەی انسانی در اندیشەی مهندس سحابی، تهران، نشر قلم ١٣٩٣
٢٣. نظری، علی اشرف، ناسیونالیسم و هویت ایرانی: مطالعەی موردی دورەی پهلوی ، فصلنامەی علمی پژوهشی حقوق عمومی دورەی ٩، شمارە ٢٣، ١٣٨٦
٢٤. حسن زادە، اسماعیل، گفتمان هویت ملی در تاریخ نگاری کسروی، فصلنامەی مطالعات ملی، سال چهارم، شمارە ١٤، ١٣٨١
٢٥. بصیرت منش، حمید، رژیم شاە، تهران، انتشارات عروخ، ١٣٧٨
٢٦. ولی، عباس، خاستگاە ناسیۆنالیسم کرد، وب سایت نقد اقتصاد سیاسی، ٢٠٢٠
٢٧. هەمان سەرچاوە
٢٨. سیاسی، علی اکبر، گزارش یک زندگی (خاطرات علی اکبر سیاسی)، تهران، اختران، ١٣٩٩
٢٩. اکبری، محمد علی و بیدگلو، رضا، پهلویسم: ایدئولوژی رسمی دولت محمد رضا پهلوی در دهەهای ١٣٤٠ و ١٣٥٠ شمسی، نشریەی گنجینەی اسناد، شمارە ٨٤، ١٣٩٠