قەیرانی بکەر( سوژە)، ئاسۆگەکانی توانایی کاریگەری دانان، بەشی کۆتایی

ژمارەی بینەر 741

2023-06-10

چەند پرسێک لەسەر تیۆری رەخنەگرانەی سوژە

ئالێکس دێمیرۆویچ

وەرگێران لە ئالمانییەوە: سالار پاشایی/ ئەمین سورخابی

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی دووهەم

 

ئایا ئەم تێروانینە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ روانگەی تیۆری رەخنەگرانی پێشووتر هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە کە فۆکۆ زیاتر لەوەی بیری دەکردەوە بەم روانگەیە نزیک بوو. ئەمە نەک لە رووی وێژەییەوە بەڵکوو لە رووی ناوەرۆکیشەوە. یەکێک لە گرینگترین بیرکردنەوەکانی هورکهایمێر و ئادۆرنۆ، پرسی زاڵ بوونی مرۆڤ بەسەر سروشتدایە، واتە وەها زاڵ بوونێک کە لەش و هەست و بیرکردنەوەش لەخۆ دەگرێت. هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تایبەتی لەش لە لایەن زاڵ بوونی چینایەتی و جێندێرییەوە دیاری دەکرا. هۆرکهایمێرو ئادۆرنۆ دەڵێن: مرۆڤایەتی دەبوو زۆر هەڵسوکەوتی مەترسیدار بکات تاوەکوو مرۆڤ بکاتە کارەکتەرێکی پیاوانەی ئامانجتەوەری هاوشێوە کە رەهەندەکانی لە هەموو سەردەمی منداڵیدا دووپات دەبێتەوە. هەوڵدان بۆ مانەوەی خۆ، واتای خۆ بەستنەوە بە هەموو ئاستەکاندا بوو و هەر چەشنە بەلارێداچوون لەو بنەمایە وا بە واتای دۆڕانە، هەر بۆیە پێداگرییەکی رەهای لەسەر تایبەتمەندییەکانی کاراکتێری خۆی دەکرد. ترس لە خۆدۆڕاندن و لە لەنێوچوونی سنووری ژیانی خود و ئەوانی دی، ترس لە مردن و داڕووخان لەگەڵ چەشنێک لە بەڵێنی بەختەوەری لێکگرێدراوە کە تێیدا لە چاوترووکانێکدا شارستانییەت دەکەوتە مەترسییەوە. رێگەی مرۆڤ ببوو بە کار و فەرمانبردن کە بەدیهاتنی بەردەوامی وەک جوانییەکی بێ دەسەڵات دەینواند. ئەوەی دەیهەوەێت رزگار بیت، بۆی نیە گوێ لە رێگەی لابەلای بێ گەڕانەوە بگرێت. هەر بۆیە کۆمەڵگا بەردەوام ئاگای لە هەموو شتێکیان دەبێت. کرێکاران دەبێ بە تین و گوڕەوە چاو لە پاشی خۆیان بکەن وسەرنجی شتی لاوەکی نەدەن. پێویستە مەیلی بەلارێداچوون بە جددییەتێکی زیادەوە پەڕواێز بخەن.( هورکهایمێر و ئادۆرنۆ١٩٤٧:٥٦)

 

وەها پڕۆگرامێکی تیوریک توانایی پاراستنی فۆڕمی خۆی نییە، هەر بۆیە بۆ مانەوەی خۆی بە ناچار مل دەدات بە پێشمەرجەکانی دەسەلات. پڕۆسەی بە سوژە بوونی تاکەکان بەرهەمی تێگەیشتنی هەزاران ساڵەیە لە مێژووی دەسەڵات. تاکگەرایی بۆ هێشتنەوەی خۆی تەنانەت ئاماژەی جەستەش لەگەڵ خۆی هاوتەریب دەکات. تاکگەرایی ناوەندێکی ستراتێژیک بۆخۆی بەرهەم دەهێنێت، بۆ بەراورد کردنی شانسەکانی سەرکەوتن و مۆنۆپۆلیزە کردنی عەقڵی سوژە، کە خۆی جیاواز لە سروشت دەنوێنێت، ئەگەرچی ئەمەش شتێک نییە جیاواز لە پرچەکردارێکی سروشتی لەهەمبەر هەڕەشەی لەناوچوون. سوژە لە یەکەم چرکەساتی دروست بوونی خۆیەوە، هەڵسوکەوتێکی تاکتیکی لەگەڵ خۆی رەچاو دەکات کە تێیدا بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە خۆ، بۆ زال بوون بەسەر خۆدا. هەر بەم چەشنەیە کە تاک دەگۆڕدرێت بۆ سوژە. خۆهێشتنەوەی سوژە لە رێگەی خۆبەدەستەوەدانیەتی لەلایەک و وەرگرتنی  فۆڕمێکی گومانکەری تاکی سەربەستی دابڕاو لە سروشت لەلایەکی ترەوە، کە تێیدا تاکگەرایی دەباتە پێگەی سوژەیەکی بیرکەرەوە کە هەم فەرمانبەرە هەم فەرماندەر. سوژە لەرێگەی جەبری سروشتی و سروشتی کۆمەڵایەتی خۆیەوە توانایی کاریگەری دانانێک دەستەبەر دەکات کە پێی وایە دەبێ بەسەر هەلومەرجەکەدا زاڵ بێت. ئەم چەشنە لە زاڵ بوون بەسەر خۆ و دەروبەردا، جۆرێکە لە بەهەڵە تێگەشتن لە خۆ و لە کارەکتەری سوژەو کارکردەکەی.  ئادۆرنۆ دەڵێت: „پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان لە رابردوودا بەردەوام رۆڵی نێوانجیگەرانەیان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆکە لە رێگەی پێڕەوی کردن لە ریکلام و گەمە یاسامەندەکان چیدی رۆڵی نێوانجیگەرانە ناگێڕێت. سەرچاوەی خۆهێشتنەوەی عەقڵانی هەموو تاکێک مەحکومە بە گۆڕین، بە ناعەقڵانی لە قەڵەمدان، لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی لە  بەرهەمهێنانی  کۆسوژەیەکی کۆمەڵایەتی عەقڵانیدا سەرکەوتوو نەبووە. تاکگەراییەکی تەندروستی  هۆگری  واقێعی دادپەروەرانە زۆر بەکەمی هەڵگری قەیرانە لەچاو سوژەیەکی ئابوری تەوەری عەقڵگەرا. دەرئەنجامە ناعەقڵانییە کۆمەڵایەتییەکان شۆڕ دەبنەوە بۆ ناعەقڵانی بوونی تاکەکان. جەژنی سەرکەوتنی خۆد، شتێک نییە جگە لە وەهمێکی تاکگەرایانە“.(ئادێرنۆ ١٩٥٥ لاپەڕە ٥٦ )

لەم ڕوانگەوە بانگەوازی نیولیبراڵ و موبیلیزە بوونی رەوتی بە سوژە بوونی تاکەکان، بەرەو ئاسۆگەیەکی مێژوویی باوەڕپێکراو پاڵپێوە دەنرێت. رەچاوکردنی هەڵسوکەوتێکی ستراتێژیکی حاسیبی ئابووری، تاک دەگۆڕێت بۆ سوژەیەکی شارومەندتەوەر کە تێیدا هەستەکان وەک سەرمایەی بازاڕێکی سەرکەوتوو کەڵکیان لێوەردەگیردرێت، هەروەها ئەندامی جنسی لەشیش وەک پێوەرێکی گرنگ لە گرێبەستەکاندا کەڵکی لێ وەر دەگیردرێت، لەمێژە ئەمە بوتە بابەتێکی ناسراوی هونەری شارومەندی حاسیب تەوەر.

نیۆلیبرالیزم هەوڵ ئەدات کە ئابووری ئەندامە بچوک و گەورەکانی لەش، بە پێی هەست و زانست پەرە پێبدات و لە کۆتاییشدا کارکردەکانی سووژەو هەستە دەروونییەکانی تاک واتادارو چالاک بکات و کەڵکیان لێ وەرگرێت. کارکردنی هونەری خۆهێشتنەوەی سووژە پێویستە خۆی چالاکانە پێوەندییەکانی فەرمانبەری لە دەسەڵات بەرهەم بێنێت و بیکات بە پارە. کەواتە ئەمە شێوازێکی نوێیە لە مومارسە کردنی دەسەڵات کە نە هەڵگری بیرۆکەی مارکسە سەبارەت بە جەبرێکی بێ دەنگی سەرچاوە گرتوو لە هاوپێوەندییە ئابوورییەکان کە تێیدا تاکەکان وەک یاسایەکی سروشتی بە شێوازێکی پەسیڤ فەرمانبەر بن، نە وەک تیۆری هێژێموونی گرامێشیش کە تێیدا، پێوەندی سەردەست، بەرهەمهێنەری رێککەوتنێکی چالاکانەیە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست. تاکەکان پێویستە سەربەخۆیانە کارکردی سووژە بۆ خۆ هێشتنەوە رەچاو بکەن، هەروەها لە رێگەی کردەی بە کۆمەڵی کێبەرکێ تەوەری خۆیان هاوپێوەندییەکان بهێننە دی، کە تێیدا رەوتی بە سووژە بوونی بەردەوامی خۆیان بۆ خۆهێشتنەوە بخەنەگەڕ و سەربەخۆییەکی پۆزێتیڤ ئەزموون بکەن و هەروەها وەکوو دەرخستنی تواناییان کە تێیدا بە شێوازێکی واقعبینانە هەڵسوکەوتی ژیانیان دەستەبەر دەکەن و دایدەڕێژن. کاتێک کە تاکەکان بەردەوام خۆیان هەڵسەنگێنن، هەوڵ ئەدەن بە باشترین شێوەی دیاریکراو خۆیان رێکبخەن و کارکردیان بە شێوازێکی گەشبینانە دەبەنە ئاستێکی باڵاتر و لە پێوەندی بەردەوامی چالاکانەیان بەردەوام دەبن و بە پێی موحاسەبات هەڵسوکەوتیان دەگۆڕن. ئەمە بە تەنیا بە مانای خۆڕێخەرییەکی بەردەوام نییە کە یاسایەکی تایبەتی ئابووری پێوەرتەوەر دیاری دەکات، ئەگەرچی بەرەدوام رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت و بەشێکە لە بەشداری لە نواندە جەماوەرییەکانی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی سووژە وەکوو رووداوە وەرزشییەکان، رۆژەکانی کلیساو کۆنسێرتەکانی پاپ. بەڵام شتێکی نوێ لە ئارادایە کە دەبێت کۆمەڵێک یەکەی بچوک ساز بکرێت کە لە پڕ کاری بە کۆمەڵی بەردەوامی ئاماری سەرهەڵئەدات، هەروەها بەپێی پێوەرە ئامارییەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە رێکدەخرێن وەکوو گروپەکانی ستایلی ژیان، گروپەکانی ریسک کردن، گروپەکانی کڕین و گروپەکانی بەرخۆری کە بە پێی وردەکارییەکانیان دابەشیان دەکەن. تەنیا لەوەها پێگیەکی بیرلێکراوەی جیهانیدایە کە بکەران و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەتوانن ئەوان ببینن و بیانناسنەوەو کەڵکیان لێ وەرگرن و کۆنتڕۆڵیان بکەن و لە رێگەی کۆکردنەوەی زانیاری جیهانی، کارتی ئیمتیاز و ناوەندی تێچوو و رەخساندنی هەلی کار دەهێنرێتە دی.

ئەمە بەرهەمی کۆمەڵێک بەرکەوتنە: یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی تاکەکان لەگەڵ خۆیاندا کە ناتوانن نە خێراتری بکەن و نە لە بیری بکەن. دووهەمیان دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیوەندییە ئابوورییەکان، کە کارامەییان نییە، لەباتی دەرفەتدان بە هەڵسوڕان و چالاکی زیاتر، بەرهەمهێنەری پاوانخوازییەکی زێدەڕۆیانەیە. گوتاری لایەنگری لە حەقدەستی دادپەروەرانە بەشێوەیەکی لۆژیکی لەگەڵ ئەم کردەیەدا پەیوەندی هەیە. پرسی دابەش کردنی سود دەگوازێتەوە بۆ ئاستی سودی زێدەو بەرهەمهێنانی ناعەقڵانی نرخی کاڵاکان و هێزی کار. سێهەمیان دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیوەندییەکانی دەوڵەت و سیاسەت، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان ناتوانن خۆیان لەگەل یاسا دەرهەستەکان یان رێسا ستانداردەکان، کە پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە  بەرژەوەندی تاکەکاندا هەیە، هاوتەریب بکەن. کەواتە دیالۆگ سەبارەت بە بۆرۆکراسی و کەم کردنەوەی پێڕەوەکان لە چوارچێوەی ئەم چەشنە لە مومارسە کردنی دەسەڵاتدا بێ کۆتاییە لە بەر ئەوەی ئەم گوتارە بۆ خۆی پاژێکە لە گشتییەتی ستراتێژی دەسەڵاتداری.  بۆ نموونە شکستی ئەم دواییانەی روانگەی رێفۆرمی بۆلۆنگا، واتە لەلایەکەوە بەراوەرد کردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رێگەی بەستێنی کار، تاقیکارییە ئاکادێمیکەکان و نمرەکانیان و هەروەها تەخەروجە یەکسانەکان لە زانکۆ، هەروەها لە لایەکیتریشەوە  دەرفەت رەخساندن بۆ هاتووچوی خوێندکاران  بۆ هەموو ناوەندە ئاکادێمیکەکانی ئەوروپا بە هەڵکەوت نییە کە هەڵقوڵاوی بە هەڵە تێگەیشتن لە کردەی رێفۆرم بێت، بەڵکوو ئەنجامی راستەوەخۆی دینامیزمی رێفۆڕمە لە ناخی خۆیدا، کە لە ئاستێکی بەرفراواندا بەڕێوەبەرایەتی زانستی لە بەرامبەر خودی زانست و ئۆرگانەکانی خۆبەڕێوەبردنیانی  بەهێز کردووە. نموونەیەکی تر بریتییە لە بەرێوەبەرایەتییەکی سەر لە نوێ رێکخراوی کار لە سەر بنەمای بەرنامەی ٢٠١٠ کە بەکەمی لەگەڵ داواکاری و پشتیوانی لە هێزی کاری چالاک و بزۆز هاوتەریبە، بەڵکوو واوەتریش بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی واقێعی ژیانی  بەشێکی زۆر لە بێکارەکان، مەودایەکی فراوانی لەگەڵ واقێعدا هەیە.

روانگەی تیوری پێشوی رەخنەگرانە سەبارەت بە رەوتی بە سوژە بوونی تاکەکان لەگەڵ روانگەی رەخنە گرانەی فۆکۆدا یەک دەگرنەوە و هاوشێوەن.  سوژە وەک کارکردێک چاوی لێدەکرێت کە لەژێر پێشمەرجەکانی دەسەڵاتدا مل بە خۆچەوسانەوە دەدات. ئادۆرنۆش وەک فۆکۆ پێیوایە کە فۆرمی کۆمەڵایەتی سوژە بەرهەمی دەسەلاتە، واتە فۆڕمێک کە تاکەکان فێری هەڵسوکەوتێک دەکات کە خۆیان دلخوازانە و وەک ئەنجامی ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان مل بە شتێک دەدەن کە لێیان داوا دەکرێت.

ئادۆرنۆ دەڵێ: „بنەمای دەروونناسی رەنگدانەوەی فۆڕمێکی بەجێماوی بە کۆمەڵایەتی بوونی تاکەکانە. ئاڵوگۆڕی کردەی ئابستراکت لە نێوان هاوپشکەکانی گرێبەستەکان کاکڵەی رەوتی کریستاڵیزە کردنی تاکەکان بوو، هەروەها پێوەری دەرونناسی ماتریالیزەکراو تاکەکان لەبەرچاو ناگرێت. تاکی تەریکخراو کە سوژەی پەتیی خۆهێشتنەوەیە لە دژایەتییەکی رەهادا بەرامبەر سەرەکیترین بنەمای کۆمەڵگا خۆی دەردەخات.“(ئادۆرنۆ ١٩٥٥ ڵ ٥٥) هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی سوژە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە دەتوانێ تەنیا بە شێوازێکی قەیراناوی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. ئەمە بە بەردەوامی بەرەو هاوپەیوەندییەکی ئۆرگانیکی ئاڵۆز ئاراستە دەکرێت. لەبەر ئەوەی وەکوو سوژە بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆی وەکوو دەزگایەکی بەرهەمهێنانەوەی بەرفراوانی زانستی مرۆیی خۆی دەنوێنێت. دەزگای پزشکی دەرونشیکاری خۆی بۆ ئەوە تەرخان دەکات کە دژایەتی نێوان بواری تاکەکەسی، تاکی تەریکخراو و ژیانی کۆمەڵایەتی، بەو جۆرەی کە بۆخۆی بەرهەم دەهێنرێت و رەنگدەداتەوە، کۆنترۆڵ بکات.( بڕوانە کاستێل ١٩٨٢ و ئیلوز ٢٠٠٩)

تاکەکان لە رێگەی ئەو دەزگایانەوە بە بەردەوامی و بە فراوانی لەسەرەوە بە شێوەیەکی ناهاوتەریب بە کۆمەڵایەتی دەکرێن.

هەروەها توخمەکانی دەروونناسی زانستی مرۆیی پەڕاوێز دەخرێن و هاوکات بە چڕی کاریان لەسەر دەکرێت و هەوڵ دەدرێت بە شێوازێکی هەڵە لەگەڵ تاک و کۆمەڵگا ئاشت ببنەوە. ئادۆرنۆ پێی وایە „تەکنیک بۆ ئەوە وێنا دەکرا کە برینی بۆشایی مەیلی تاک ساڕێژ بکات و بەرەو رزگاریخوازیی ئاراستەی بکات. تەکنیک مرۆڤەکان رادەهێنێت تا وەکوو بوێری ئەوەیان تێدا بێت کە مەیلەکانی خۆیان بناسن، وەک ئەندامێکی بەکەڵکی تێکشکێنەری گشتییەت.“(ئادۆرنۆ 1955 ل 85)

لە روانگەی تێۆری رەخنەگرانەی پێشووەوە ئەمە دەگەڕێـتەوە بۆ قورسایی دەرونناسی وەک هێمای دۆخێکی مێژوویی. واتە(دەزگای دەسەڵات) سەربەخۆیانە دەروونناسی تاکی ئەتۆمیزەکراوی لەبەرانبەر ژیانی کۆمەڵایەتیدا داناوە. دیسانەوە ئادۆرنۆ دەڵێت لە کۆمەڵگای پڕ لە دژوازیدا هەموو مرۆڤەکان تەریک کەوتوو و پێکەوە ناهاوسانن و هەروەها کاراکتێری کۆمەڵایەتی دەروونناسانە دەکەوێتە ژێر کاریگەری پڕخەساری کەلێنی سووژەی پەتیی دا.(هەمان سەرچاوە ل 69) تاکەکان هیوا بڕاو دەبن لەوەی کە لەبەر جەبرێکی سەپێندراو کە خود دەینوێنی،  توخمەکانی پێکەوە بوون رابگڕن. تاکەکان بەردەوام ئەوە لە لای خۆیان دووپات دەکەنەوە کە کۆمەڵگا لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چ گشتییەتێکە؟ واتە گشتییەتێکی پێکهاتوو لە دژبەران کە سەرەڕای بەکارهێنانیان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێک هاوکات(دژبەران) رەدیش دەکرێنەوە. دیسانەوە ئادۆرنۆ پێی وایە کە „سیاسەتی هاوتەریب بوونی کەسایەتی باش، جێگەی رەخنەیە لەبەر ئەوەی چاوەڕوانی هێزی راگرتنی باڵانس لە تاکەکان گونجاو نیە و لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا بوونی نیە، هەروەها لەبەر ئەوەی وەها بڕستی مافێکی یەکسان بوونی نیە. ئێمە وا فێرکراوین کە کێشە تایبەتە جیاوازەکان لە بیر بکەین کە هەرکامیان بەردەوام دووپات دەبنەوە، بەڵام لە باتی چارەسەر کردنیان، پشت گوێ دەخرێن.“ (هەمان سەرچاوە ل 65) دەتوانین لە بیرۆکەی ئادۆرنۆیش وەک فۆکۆ سەبارەت بە پرسی پەڕاوێز خستن و خەوشدار کردنی پڕەنسیپی مەعریفەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی زاڵ وەک سەرەداوێک بۆ زاڵ بوون تێی بگەین. ئادۆرنۆ دەڵێت: „ئەو شتەی کە ئەمڕۆکە بە شێوەیەکی ئینسانی حقیقەت لە ئاستێکی باڵادا پێناسە دەکرێت بە پێی پێوەری هەبوو، هاوکات خەساریشە، واتە پرسێکی یەکانگیر نیە“. (هەمان سەرچاوە ل. 67)

پڕۆسەی بە سوژە بوونی تاکەکان بەرهەمی تێگەیشتنی هەزاران ساڵەیە لە مێژووی دەسەڵات. تاکگەرایی بۆ هێشتنەوەی خۆی تەنانەت ئاماژەی جەستەش لەگەڵ خۆی هاوتەریب دەکات. تاکگەرایی ناوەندێکی ستراتێژیک بۆخۆی بەرهەم دەهێنێت، بۆ بەراورد کردنی شانسەکانی سەرکەوتن و مۆنۆپۆلیزە کردنی عەقڵی سوژە، کە خۆی جیاواز لە سروشت دەنوێنێت، ئەگەرچی ئەمەش شتێک نییە جیاواز لە پرچەکردارێکی سروشتی لەهەمبەر هەڕەشەی لەناوچوون. سوژە لە یەکەم چرکەساتی دروست بوونی خۆیەوە، هەڵسوکەوتێکی تاکتیکی لەگەڵ خۆی رەچاو دەکات کە تێیدا بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە خۆ، بۆ زال بوون بەسەر خۆدا. هەر بەم چەشنەیە کە تاک دەگۆڕدرێت بۆ سوژە. خۆهێشتنەوەی سوژە لە رێگەی خۆبەدەستەوەدانیەتی لەلایەک و وەرگرتنی  فۆڕمێکی گومانکەری تاکی سەربەستی دابڕاو لە سروشت لەلایەکی ترەوە، کە تێیدا تاکگەرایی دەباتە پێگەی سوژەیەکی بیرکەرەوە کە هەم فەرمانبەرە هەم فەرماندەر.

ئەمە جۆرێکە لە لێکدانەوەی تاکەکان کە لەخۆیدا بە شێوازێکی جەبری سوژە لە ئینتگراسیۆن بێبەش دەکات کە ئاماژەیە بۆ دژوازییەکانی کۆمەڵگا. ئادۆرنۆ ئەڵێ: „ سوژەی رەها بەو جۆرەی کە پێداچوونخوازەکان وەک پێشمەرجێکی حاشاهەڵنەگر وێنای دەکەن، بریتییە لە ئایدیالێک کە لە کۆمەڵگایەکی بێخەوشدا توانایی هەیە ببێتە ئەمری واقێع. کەسێک کە وەک زۆربەی پێداچوونخوازەکان رەخنە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیی دەگرێت، بۆی نییە ئەزمونی شۆکێک لە کۆمەڵگادا لەبەرچاو نەگرێت کە وەکوو بەرکەوتنێکی لەپڕو قوڵە کە لەرێگەی لەخۆنامۆبوونی تاکەکان لە کۆمەلگادا سەرهەڵدەدەن. کەسێک کە کۆمەڵگا وەک کاڵایەک دەبینێت لە ئاستێکی بەرفراواندا کاریگەری ئەزموونی بەردەوامی وەها شۆکێکی بەسەرەوەیە. رەها بوونی وەها سوژەیەک خەیاڵییە کە دەکرێ تارادەیەک  نێوی سیستەمێک لە برینەکانی لێ بنێین کە سوژە لەنێویدا ئازار دەچێژێ و هەرگیز بەتەواوی لەگەڵی یەکناگرێتەوە. زیادبوونی ئەم برینانە لەراستیدا فۆرمێکە کە کۆمەڵگا لەسەر تاک بەڕێوەی دەبات، نەک هەرجۆرە بەردەوامییەکی وەهماوی کە پێداچوونخوازەکان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان وەک ئەزموونێکی تاقانەی پێکهاتەیەکی شۆکهێنەر لەبەرچاوی ناگرن“( ئادۆرنۆ ١٩٥٢:٢٤)

کارەکتەری یەکگرتوو، کارەکتەرێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراوە. وەها کارەکتەرێک کێشەیەک دەخاتە بەرچاو کە لەرێگەی حاشاکردن لە دژوازییەکانەوە لۆژیکی ئانتاگۆنیستی کۆمەڵگا لەبار دەبات. ئادۆرنۆ دەڵێ: „ پێداگری لەسەر وەها سوژەیەکی رەها بە پێچەوانەی پاڵنەرێکی نایەکسان، بڕوایەکی هاوشێوەیە بە تاکی یەکدەست کە لە کۆمەڵگای ئەوڕۆیدا لەوانەیە یەکجاریش بەرچاو نەکەوتبێت. ئەو جۆرەی کە پێداچوونخوازەکان وەها کارەکتەرێکی رەهای جێگرتوو دەکەنە پێشمەرج، ئەمە لە حەقیقەتدا ئەنجامی بەکالایی بوونی ئەزمونی واقێعییە. ئەگەر ئەمە بە شێوەیەکی رەها لەبەرچاو بگیردرێت، دەبێتە پەناگەیەکی ئایدیالۆژیک بۆ پاراستنی باری دەرونی تاکەکان.“ ( ئادۆرنۆ١٩٥٢:٢٥)  بێگومان ئادۆرنۆ رەخنەگری وەها وێناکردنێکی سوژەییانەی یەکدەستە، تارادەیەک کە ئێستاکەش دەکرێ وەها رێچکەیەک بوونی هەبێت. ئادۆرنۆ بۆ خۆی بەڵێنێکی نۆرماتیڤ بۆ بەواقێع کردنی تاکی یەکدەستی سازشگەر لەداهاتودا، واتە سوژەیەکی کۆمەڵایەتی ئایدیال، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەنانەت لە لایەکیترەوە ئۆتۆپی دەرونناسانە بە روونی رەت دەکاتەوە. هەر سەرچەشنێکی مرۆیی دەبێتە ئایدیالۆژییەک لە دەرەوەی ئەمری نێگاتیڤ. ئادۆرنۆ دەڵێ:“ ئەمڕۆکە نەتەنیا وەک سەردەمی نیچە ئایدیالی دەرونناسانە، بەڵکوو ئایدیالی دەرونناسانە لەم فۆرمەیشیدا جێگەی رەخنەیە.“ ( هەمان سەرچاوە:٦٨) بەگشتی بۆ وەها مۆدێلێکی دەرونناسانە وەک پێوەرێکی رەخنەگرانەی نۆرماتیڤی کۆمەلگا، دەکرێ لە روانگەی ئادۆرنۆوە وەک تیوری راستکردنەوە( تصدیقی) لێی تێبگەین. تیوری رەخنەگرانە بە واتای پێداگری لە دەرونناسی نییە، بەڵکوو خۆبواردنە لە تۆخمی دەرونناسی لە پێوەندییەکانی ژیان کە تێیدا کۆمەڵگا و تاک لەگەڵ یەکتر پێکدێن. ئەمە رێگە دەدات کە دەزگای دەرونی تاکی بە سوژە کراو بە قووڵی تووشی گۆڕانکاری ببێت، هەروەها دیسیپلینەکانی زانستی مرۆیی پێوەندیدار بە شتێکی بێکەڵک لەقەڵەم بدات. تا ئەوکاتە خۆبواردن لە روانگەی قوڵی دەرونناسانە دەبێتە هۆی ئەوی کە تاکەکان  بکەونە ژێر کاریگەری رەهای بچوکترین هەستی دەرونی خۆیان واتە فۆڕمێک لە ئاشتبوونەی ساختەو ناڕاست. ئەوەش دەبێتە هۆی باسکردن لە سەرهەلدانەوەی مشتومڕی تیوریکی کۆمەڵایەتی، کە هەموو روانگەکانی وەک لێکۆڵینەوەی بیرۆکەی چۆنیەتی حکومەت کردن، روانگەی رەخنەگرانەی دەرونناسانە، دەرونشیکاری،  پۆستکۆلۆنیالیزم، رەگەز، لەش، راسیزم و گوتاری شیکاری پێکەوە گرێ بداتەوە، هاوکات رەخنەکانی ئادۆرنۆش لەبەرچاو دەگرێت و خۆی نابەستێتەوە بە لۆژیکێکی ناسازو یەکدەستکراو. سوژە پێکهاتەیەکی نابەردەوام و لێکدابڕاوە. واتە ئەو چاوەڕوانییەی کە بۆ سەرلەنوێ ئۆرگانیزە کردنی شێوازی ژیانی کاپیتالیستی و نیولیبرالی تاکەکان دێتە ئاراوە بریتییە لە ئاست و چەشنێکی تر لە خەوشدارکردن و لێکهەڵبڕانی تاکەکان.  ئادۆرنۆ ترسی لەوە بوو کە تایبەتمەندی رەخنەگرانەی تاک لە رێگەی ستراتێژی بەناو خۆهاوتەریب کردنی تەندروستەوە لە بار بچێت. لەکۆتاییدا هەموو ئەو شتانەی کە راستەوخۆ لە لایەن منی ئامادە لە کۆمەڵگادا دەستەبەر دەبێت، لەناو دەچێت.

„چارەسەر شتێک نییە جگە لە کۆی هاوپەیوەندی پەرچەکردارەکان“.( ئادۆرنۆ١٩٥٢: ٣٤)

ئەمڕۆکە شتێک کە جێگەی ترسە بریتییە لەوەی کە تاکگەراییەک، کە نیشاندەری پێگەی سوژەیە، نەک لە رێگەی یەکەیەکی یەکدەستەوە، بەڵکوو لە رێگەی کەلێنێکەوە کە تێیدا هەموو توخمەکانی سوژە بەشێوازی جۆراوجۆر وەگەڕ دەخرێت، لە نێودەچێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکی ناوخۆییان پێکەوە هەبێت: وەکوو کەمێک  سەرپەرەشتی و راهێنان، چارەسەری دەروونی کاتی، کەمێک چاوەدێری، دابین کردنی شوێنی دیاریکراو بۆ تووشبوانی مادە سڕکەرەکان و ئەلکول. ئەو کەلێنەی کە باسی کرا دەبێتە بابەتێک بۆ رێکخستنی بەرفراوانی بازاڕی تەکنیک و دەرمان و هەروەها  پرۆژەیەکی ئاسایی کردنەوە کە تێیدا ئامارەکان، پڕوپاگەندە، بابەتەکانی رۆژنامەوانی، ئاگادارکردنەوەو رێنماییەکانی بیمەی پزشکی، وتاری سیاسەتوانەکان و خزمەتگوزاری پزشکی بەرچاوەو رێکدەخرێن. وها رێکخستنێک دەبێتە هۆی زۆرخۆری، قەڵەو بوون، خواردنی ناتەندروست، نەبوونی جوڵە، چونە سەرەوەی خواردنی ئەلکول، گرینگی دان بە جوانکاری لەش و روومەت و دەستکاری کردنی ژێنێتێکی.

ئایا جێگەی مەترسی نییە کە ئەم کەلێنە تاک بەرەو ئەوە ببات کە توانایی کاریگەریدانانی لە بار بچێت؟ ئەم پرسیارە لە روانگەی پاش پێکهاتەگەراییەوە دەبێتە هۆی نەفی یەکجاریی سوژە. پاش پێکهاتەخوازیش هەر وەک روانگەکەی ئادۆرنۆ لەم خاڵەدا رەخنەگری سوژەی خۆبونیادنەرن. لەم ئارەستەیەدا سەرلەنوێ لەوە رەخنە دەگیردرێت کە خۆبواردن لە وەها سوژەیەکی بونیادنەر کە پێڕەوی نۆرمەکانە، هەڵسوکەوتێک رەچاو دەکات کە تێیدا ئازادی و سەربەستی بە پێچەوانەی واقێع دەکەوێتەوە پەراوێزەوە، هەروەها دەبێتە هۆی شکست گەرایی و لەدەست چوونی دەرفەتەکانی کردەی سیاسی رزگاریخوازانە. لەوەها حالەتێکدا خاڵێک دێتە روو کە ئادۆرنۆ زۆرجار لەبەرچاوی نەدەگرت. ئەویش بریتییە لەوەی کە چاوەڕوانی بەرەو ئاراستەیەک بڕوات کە گرفتی ئۆبژێکتیڤی فاکت تەوەر لە تیوریدا چارەسەر بکرێت. ئایا تیوری پاش پێکهاتەگەرایی دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم کردەی رزگاری خوازانەی تاکەکاندا؟ بەپێچەوانە دەکرێ بپرسین کە ئایا تاکەکان کاتێک کردەی رزگاریخوازانە رەچاو دەکەن کە پێشتر لە رێگەی تیوری دادپەروەری و خەبات بۆ بەفەرمی ناسین و کردەی هاوبەشیان خۆیان پێگەیاندبێت؟  ئێستاکە گوتاری رەخنەگرانە و رزگاریخوازای روناکبیرانە لە چ هەلومەرجێک، لە کوێ و بە چ شێوازگەلێک و لە چ لایەنێکەوە دەتوانن دەربکەون؟ سەرەنجام ئەم پرسە لە باری ئەخلاقیەوە چۆن دەتوانێ بە شێوازێکی تەسدیقی خۆی بسەلمێنێت؟ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە ئەگەر رەخنە لە چەمکی سوژە بگیردرێت توانایی کردەی سیاسی سنووردار دەکرێتەوە؟ وڵامی جودیت باتلێر بۆ ئەم پرسیارە نا یە. باتلێر رەخنە لە پێکهاتەی پرسەکە دەگرێت کە دەبێتە هۆی ناچالاکی و لەبارچوون. کەواتە پەراوێز خستن و بردنە ژێر پرسیاری سوژە دەرفەت بۆ سیاسەت کردن ناهێڵێتەوە. بەم پێیە پرسی  لەئارا بوونی خەباتی سیاسی بە پێی هەلومەرجی سوژە سانسۆر دەکرێت و لەبەرچاو ناگیردرێت.( بڕوانە باتلێر١٩٩٣: ٣٢)  توانایی کاریگەری دانان روانگەی ئەو کەسانەیە کە دژی پانتایەکی کۆمەڵایەتین وا کردەی سیاسی وەک کەرستەیەک دەبینێت.( هەمان سەرچاوە: ٤٥) نابێ سوژە بکرێتە پێشمەرجێک بۆ وەگەڕخستنی توانایی کاریگەریدانان. ئەمە پەرچەکردارێکی هەبوونناسی تەواو ناخاتە بەرچاو تاوەکوو لە ئەنجامدا لە بەستێنێکی کولتوری دیاریکراودا دەستەبەر ببێت. ئەمە وەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە کە لەدەستنەدانی جەوهەری سوژە نابێتە هۆی ترس لە لەبارچوونی کارەکتێرەکەی، لەبەر ئەوەی پێشمەرجە هاوتەریبەکانی بێ مانان. کاریگەری روانگەی نیولیبرالیزم دەبێتە هۆی دابڕان و پەراوێز خستنی سوژەی بونیادنەری پێگەیشتوو لە تاکەکانی دیکە، واتە هەموو ئەو چاوەڕوانیانە کە لە سوژە هەیە، دادەبەزێتە سەر هیوایەکی تاق و تەنیای تاک لە خۆی. گومانێکی گەورە، دابڕاو لە هەمووان، واتە تاک لە هەموو هەڵسوکەوتی  کۆمەلایەتی بۆ کۆمەڵ وەک سوژەیەک دادەبڕێت و تەریکی دەخاتەوە، توانایی کاریگاری دانانیشی کەم دەبێتەوە و پێملی رێسای بازاڕ دەبێت. لە روانگەی باتلێرەوە وەها کردەیەکی کەرەستەگەرایانەی سوژە لە بنەرەتدا ناسەرکەوتووە، لەبەر ئەوەی ئەم هەڵسوکەوتانە لەگەڵ کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی دیکە یەکدەگرنەوە کە دوورە لە واتاکانی سوژەی راستەقینە. توانایی کاریگەریدانان بەرهەمی کردەیەکی کەرەستەگەرایانە نییە. کەواتە سوژە پێگەی سەرلەنوێ ناسینەوەی دەرفەت و هێزە. لەرێگەی سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی سوژەوە دەتوانرێت بنەمای شوناسەکان بخرێنە ژێر پرسیار. باتلێریش وەک هابێرماس هەوڵ دەدات چەمکی کردەی کەرەستە تەوەر لە چەمکی کردەی پەیوەندی تەوەر لێک گرێ بدات. کەواتە لە رووی تیورییکەوە زۆر بەرگریکارانەیە، کە بەم شێوازە خۆی قەتیس دەکاتەوە بە چەمکێکی گشتی بۆ پێناسە کردنی کردە یان پراکسیس، کە تێیدا هەم بواری نیشانەشناسی و تێڕوانین بۆ جیهان، هەم  بەرهەمهێنانی هاوکاری بەکۆمەڵیش لەبەر چاو دەگرێت. ئەمە کۆمەڵێکی راستەقینەیە لە تاکەکان کە بەردەوام بەرەو پێکەوە بوونێکی نوێیان دەبات. ئەم کردە پێکەوەییە لە ژێر کاریگەری هەلسوکەوتگەلێکی تایبەتدا بریتیە لە مرۆڤ. کەواتە مرۆڤ لەدەرەوەی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، بەڵکوو هەلقوڵاوی ئەوانە. مارکس دەڵێ: „بەڵام ناخی مرۆڤ تاکێکی تەریک کەوتووی ئابستراکت نییە. لە راستیدا ئەو بەشێکی جیانەکراوەیە لە هەڵسوکەوتی کۆمەلایەتی“.(مارکس١٨٤٥:٦)  مرۆڤ لەژێر کاریگەری هەڵسەکەوتی نەخوازراوی زاڵدا بەردوەوام بە شێوازێکی ئازاد دەجوڵێتەوەو خۆی دیسانەوە بەرهەم دەهێنێتەوە، بە کردەوەکانی خۆی ئەم هەڵسوکەوتانە بەرەو گۆڕانکاری دەبات، کە تێیدا بە ناچار رەوتگەلێکی دژبەیەک سەرلەنوێ بەرهەم دەهێننەوە، واتە ئەو رەوتەی کە تاک پەراوێز دەخات و تووشی دابڕانی دەکات، بە شوناسێکی دەبەستێتەوە کە بە جۆرێک پەراوێزخراوەکان بەکۆمەڵایەتی دەکاتەوە. ئەم کێشە لە نێوان دوو رەوتەکەدا هەروەها لە لایەن ستراتژی سوڵتەی نیولیبرالیەوە چارەسەر نەکراوە. هۆکارێک نییە بۆ رەشبینی و گەشبینی.

 

Literatur

 

Adorno, Theodor W. (1952).  Die überarbeitete Psychoanalyse.  In: Ders. Ge sammelte Schriften, Bd.  8. Frankfurt am Main 1972

   - (1955).  Zum Verhältnis von Soziologie und Psychologie.  In: Ders.Ge- sammelte Schriften, Bd.  8. Frankfurt am Main 1972.

Butler, Judith (1993): Kontingente Gruppen: Der Feminismus und das Frag-

ment der Postmoderne.  In: Seyla Benhabib / Judith Butler Drucilla Conc!  l / Nancy Fraser: Der Streit um Differenz.  Feminismus und Postmodernismus in der Gegenwart, Frankfurt am Main.

Castel.  Françoise / Castel.  Robert / Lovell.  Anne (1982): Psychiatrisierung des Alltags, Frankfurt am Main.

Demitović, Alex (1997): Der Sturz ins Ungewisse.  Anthony Giddens und die Neo-Orientierung der Sozialdemokratie.  In: Widerspruch, H. 34, Dezember 1997.

  • (2001): Inhalt durch Kontingenz.  In: Hans-Jürgen Bieling / Klaus Dórre / Jochen Steinhilber / Hans-Jürgen Urban (Hg.): Flexibler Kapitalismus, Hamburg

- (2008): Das Problem der Macht bei Michel Foucault.  IPW Working Paper No.  2/2008, Institut für Politikwissenschaft, Universität Wien, http://public.univie.ac.at/fileadmin/user upload / inst politisch IPW_Working Papers / IPW.Working Papers - 02-2008 - Demih pdf.

Dorre, Klaus / L.essenich, Srephan / Rosa.  Hartmut (2009): Soziologie Kapitalismus - Kritik.  Eine Debatte, Frankfurt am Main.

Funk Rainer (2005): Ich und Wir-Psychoanalyse der postmodernen Menschen, München.

Foucault, Michel (1977): Sexualität und Wahrheit, Bd.  1: Der Wille zum Wissen, Frankfurt am Main.

  • (1980): Gespräch mit Ducio Trombadori. In : Ders.: Dits et Ecrits. Schriften, Bd . IV , Frankfurt am Main 2005.
  • (1982 ): Subjekt und Macht. In: Ders: Dits et Ecrits. Schriften, Bd. IV, Frankfurt am Main 2005.

Groys, Boris/Hagemeister, Michael (2005): Die Neue Menschheit . Biopolitische Utopien in Russland zu Beginn des 20. Jahrhunderts. Frankfurt am Main.

Harvey, David (2005): Kleine Geschichte des Neoliberalismus Zürich.

Honneth . Axel (1992): Kampf um Anerkennung , Zur moralischen Grammatik sozialer Konflikte , Frankfurt am Main.

Horkheimer, Max (1932): Geschichte und Psychologie In Der sammelte Schriften, Bd. 3. Frankfurt am Main 1988

Adorno, Theodor W. (1947) : Dialektik der Aufklärung In : Max Horkheimer: Gesammelte Schriften, Bd. Frankfurt am Main 1987.

Illouz, Eva (2009). Die Erregung der modernen Seele , Frankfurt am Main. Marx, Karl (1844): Zur Kritik der Hegelschen Rechtsphilosophie. Einleitung. In: Marx Engels - Werke, Bd. 1. Berlin 1972.

  • (1845) : Thesen über Feuerbach . In : Marx - Engels - Werke, Bd. 3. Berlin 1969.

Polanyi, Karl (1978) : The Great Transformation . Politische und ökonomische Ursprünge von Gesellschaften und Gesellschaftssystemen Frankfurt am Main.

Röggla, Kathrin (2004) . wir schlafen nicht , Frankfurt am Main Senner. Richard (1998). Der flexible Mensch . Die Kultur des neuen Kapitalismus, Berlin.

Suter, Martin (2004) : Business Class Neue Geschichten aus der Welt des Managements, Zürich.