زیندووکردنەوەی چەمکی عەجەم

ژمارەی بینەر 1173

2023-06-10

لە ناوچەی ورمێ و موکریان، بەتایبەت لە دوو شاری شنۆ و مەهاباد کە لە شارەکانی دیکە کۆنترن، خەڵکی ئاسایی و بازاڕییەکان بەردەوام چەمکی عەجەمیان بە کار دەهێنا و مەبەستیشیان هەردووک نەتەوەی تورک و فارس وەک داگیرکەر بوو. لەم نووسینەدا بە کورتی لەسەر گرینگیی لایەنی دەروونی و سیاسی-کولتورریی زیندووکردنەوەی بەکارهێنانی چەمکی عەجەم بۆ هەردووک نەتەوەی تورک و فارس پێداگری دەکەم و هەوڵ دەدەم لۆژیکی سیاسیی ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە.

کورتەمێژووی بەکارهێنانی چەمکی عەجەم

لە سەرەتای دامەزرانی دوو حکوومەتی سەفەوی و عوسمانییەوە هەتا ئێستا ناوچەکانی نێوان گۆمی ورمێ و گۆمی وان، بەتایبەت برادۆست و موکریان لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافیایی-سیاسییەوە بۆ کاروباری سەربازی گرینگ بوونە (ئەو شتەی لە ئەدەبیاتی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا پێی دەڵێن ژیۆپۆلیتیک). ئەگەر سەیری مێژووی پێنجسەد ساڵی ڕابردوو بکەین دەبینین کە چەندین شەڕی گەورە لەو ناوچەیە لە نێوان سەفەوی و عوسمانی لە لایەک و کورد و ئەو دوو حکوومەتە ڕووی داوە کە گرینگترینیان شەڕی چاڵدڕان، شەڕی قەڵای دمدم، شەڕی سارم بەگ، شەڕەکانی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و شەڕی ڕووس و عوسمانی بوون. هەروەها لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا زۆربەی شەڕەکانی نێوان هێزە کوردەکان و دەوڵەتی داگیرکەری عەجەمی شیعە (ئێران) و عەجەمی سوننە (تورکیا) لەم ناوچەیە ڕوویان داوە.

خەڵکی ئەو ناوچەیە بە داگیرکەرەکانیان دەگوت عەجەم. واتای عەجەم لێرەدا جیاوازە لە واتای عەجەم لە زمانی عەڕەبیدا (لە عەڕەبیدا وشەی عەجەم بۆ هەموو ئەو کەسانە بە کار دێت کە زمانی عەڕەبی نازانن). بەڵام لە زمانی کوردیدا داگیرکەران دابەش دەبن بە دوو گرووپ: عەجەم و عەڕەب. هۆکاری ئەم دابەشکارییە ئەوە بووە کە کورد هیچ جیاوازییەکی نەدیوە لە نێوان عەجەمی ئێران کە بە تورکیی ئازەربایجانی و دواتر بە فارسی قسەیان کردووە و عەجەمی تورکیا کە بە تورکیی ئیستانبۆڵی قسەیان کردووە. ئەو دوو قەومە واتە عەجەمی ئێرانی و عەجەمی تورکیا لە دوای فۆرمگرتنی دەوڵەتی مۆدێرن واتە لە ١٩٢٠ەکان بە دواوە هیچ کێشەیەکیان پێکەوە نەبووە و یەک هەڵوێست و یەک سیاسەتیان بەرەوڕووی کوردستان گرتووەتە پێش کە بریتی بووە لە چەوساندنەوەی ئابووری، کۆمەڵکوژی، گۆڕینی دێموگرافی و تواندنەوەی کولتووری کە ئێستاش بەردەوامە.

لە ناوچەی موکریان بە عەجەمەکانی تەورێز و ئەردەوێڵیان دەگوت عەجەمە ڕەشکە. هۆکاری بەکارهێنانی ئەو وشەیە ئەوە بووە کە پێش سەردەمی مۆدێرن، عەجەمەکانی ئەو ناوچانە زۆر هەژار و ڕەشوڕووت بوون و بۆ کارکردن دەهاتنە وڵاتی کوردستان کە لەڕووی بەروبوومەوە زۆر لە عەجەمستان دەوڵەمەندتر بووە. تەنانەت زۆربەی ئەو عەجەمانە کە بۆ کرێکاری دەهاتنە کوردستان ئامادە بوون بە نانەزگ کار بکەن واتە هیچ مووچەیەک وەرنەگرن و تەنیا نانی ئەو ڕۆژە وەک حەقدەست وەربگرن. بە کورتی، کورد و عەجەم بەر لە سەردەمی مۆدێرن پەیوەندییەکی دەسەڵاتی پێچەوانەی ئێستایان هەبووە و کورد عەجەمی پێ لە خۆی کەمتر بووە.

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین بە سیاسەتەکانی دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا دەبینین ئەو دوو دەوڵەتە کە باب و باپیرانیان بۆ ماوەی نیزیکەی چوارسەد ساڵ شەڕیان بوو، کۆتاییان بە شەڕەکانیان هێناوە و پێکەوە هاوکارییان کردووە. ڕەزا پالانی و مستەفا کەماڵ پەیوەندیی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە و بۆ لەناوبردنی ڕاپەڕینەکانی کوردستان هاوکارییان پێکەوە کردووە (نموونەی هەرە زەقی ئەو بابەتە دەتوانین لە هاوکاریی نێوان ئێران و تورکیا لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئاڕاڕات لە ساڵی ١٩٣٠ و هەوڵ بۆ کوشتنی بارزانییەکان لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٧ ببینین). هەروەها جێگرەکانیان لەسەر درێژەپێدان بە سیاسەتەکانی ئەوان سوور بوونە. تەنانەت لە کۆماری ئیسلامیدا هەمان سیاسەت بەردەوام بووە. ئەگەریش جاروبارە کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی هەندێک لە گرووپە کوردییەکانی باکووری داوە بۆ ئەوەی بووە کە وەک کارتی فشار بە دژی ناتۆ و ئەمریکا و تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کاریان بهێنێت ئەگەرنا کۆماری ئیسلامیش هەمان سیاسەتی تواندنەوەی کوردی درێژە پێداوە.

یەکێک لە ڕەهەندە هەرە گرینگەکانی تواندنەوەی کورد لە لایەن داگیرکەرە عەجەمەکانەوە ئەوە بووە کە کارێک بکەن کورد خۆی پێ لە عەجەم کەمتر بێت و بەرەبەرە لە کولتووری عەجەمیدا بتوێتەوە. ئەوەش بە ڕێگای سیستەمی پەروەردە، میدیاکان، ئایین و هاوسەرگیری لە نێوان کورد و عەجەم کراوە. ئەو سیاسەتە کۆلۆنیالیستییە لە باکووری کوردستان زۆر سەرکەوتوو بووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەتا ڕادەیەک توانیویەتی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان خۆی پێ لە عەجەم کەمتر بووە و هەستی خۆبەکەمزانین بەسەریدا زاڵ بووە. قسەکردن بە زمانی تورکی یان فارسی لەگەڵ منداڵان بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی ئیداری و پەروەردە و میدیای عەجەمان پاساوی کوردە ئاسیمیلەکراوەکان بووە بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە هەستی خۆبەکەمزانینە کە دەبێتە هۆی قسەکردن بە زمانی داگیرکەران لەگەڵ منداڵان ئەگەرنا هیچ داگیرکەرێک ناتوانێت پێشی قسەکردن بە زمانی کوردی لە ماڵەوە بگرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە باب و باپیرانی ئێمە نەک هەر عەجەمیان پێ گەورە نەبووە کە بە سووکی ڕوانیویانەتە ئەوان. بۆ نموونە، لە ناوچەی موکریان بە عەجەمەکانی تەورێز و ئەردەوێڵیان دەگوت عەجەمە ڕەشکە. هۆکاری بەکارهێنانی ئەو وشەیە ئەوە بووە کە پێش سەردەمی مۆدێرن، عەجەمەکانی ئەو ناوچانە زۆر هەژار و ڕەشوڕووت بوون و بۆ کارکردن دەهاتنە وڵاتی کوردستان کە لەڕووی بەروبوومەوە زۆر لە عەجەمستان دەوڵەمەندتر بووە. تەنانەت زۆربەی ئەو عەجەمانە کە بۆ کرێکاری دەهاتنە کوردستان ئامادە بوون بە نانەزگ کار بکەن واتە هیچ مووچەیەک وەرنەگرن و تەنیا نانی ئەو ڕۆژە وەک حەقدەست وەربگرن. بە کورتی، کورد و عەجەم بەر لە سەردەمی مۆدێرن پەیوەندییەکی دەسەڵاتی پێچەوانەی ئێستایان هەبووە و کورد عەجەمی پێ لە خۆی کەمتر بووە.

بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا، بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە دوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و تورکیا دەسەڵاتی خۆیان بە شێوازێكی سیستەماتیک بەسەر کوردستاندا سەپاند، پەیوەندییەکانی دەسەڵات پێچەوانە بوونەوە. ئەو جارە دەوڵەتە داگیرکەرەکان کوردستانیان بە شێوەیەکی بێوێنە چەوساندەوە و ئابووریی کوردستانیان وێران کرد. ئەو جارە کوردی هەژار ناچار دەبوون بۆ کرێکاری بچنە ناوچە عەجەمەکان و لە کوورەخانە، کارگە و کێڵگەکانی عەجەمان کار بکەن. ئاشکرایە کە مرۆڤی هەژار و کرێکار خۆی پێ لە خاوەنکارەکانی کەمترە و کولتووری ئەوان بەرزتر لە کولتووری خۆی دەزانێت. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە وشەی عەجەم کە پێشتر واتایەکی سووکی هەبوو جێگای خۆی بدات بە وشەی تورک و فارس کە جۆرێک بەڕەسمی ناسینی تێدایە.

ئێستا دەبێت چ بکرێت؟

بەپێی بەڵگەهێنانەوەی سەرەوە، ئێستا زۆر پێویستە دیسان چەمکی عەجەم زیندوو بکەینەوە و بۆ داگیرکەری ئێرانی و تورکیا بە کاری بهێنین. لەڕووی دەروونییەوە، بەکارهێنانی ئەو چەمکە دەبێتە هۆی پێچەوانەکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و متمانەبەخۆبوون بۆ کورد دەگەڕێنێتەوە. ڕەخنەیەک کە ڕەنگە بەرەوڕووی ئێمە وەک نووسەر و سیاسی ببێتەوە ئەوەیە کە ئەوە جۆرێک نەژادپەرەستییە. بەڵام پێویستە بزانین کە لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەییدا جۆرێک لە نەژادپەرەستی بۆ گەڕاندنەوەی باوەڕبەخۆبوون پێویستە چونکە داگیرکەران زۆر لەوە نەژادپەرەستترن و نکۆڵی لە بوونی ئێمە دەکەن و هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدەن. جگە لە بەکارهێنانی وشەکان، پێویستە ڕێزگرتن لە سەمبۆلە نەتەوەییەکانی وەک ئاڵای کوردستان، سروودی ئەی ڕەقیب و بەتایبەت نەخشەی خاکی کوردستان لە دەریای سپییەوە هەتا دەریای ڕەش و لەوێشەوە هەتا کەنداو بکرێتە نەریتێکی هزری-سیاسی. ئەگەر نەتەوەیەک لە وشەکان بە ئاراستەی ڕزگارکردنی نەتەوە و خاکی خۆی لە داگیرکەران کەڵک وەرنەگرێت، هیچکات ناتوانێت وەک نەتەوەکانی دیکە ببێتە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆی.

هەروەها پێویستە کارێکی زۆر لەسەر پەروەردەی منداڵان بە ئاراستەی نەتەوەیی بکرێت و نەوەی نوێ هەر لە منداڵییەوە بە زمانی کوردی و بەها نەتەوەییەکان پەروەردە بکرێن و فێر بن کە خۆیان پێ لە نەتەوەکانی دیکە لەسەرتر بێت. کاتێک بەها نەتەوەییەکان بچێتە نێو مێشکی منداڵان هەتا کۆتایی تەمەنیان دەمێنێتەوە و هیچ دەسەڵاتێکی داگیرکەر ناتوانێت بیانتوێنێتەوە. بۆیە بەکارهێنانی وشەی عەجەم لە چوارچێوەی ماڵدا دەبێتە بەستێنێک بۆ ڕزگاری لە دەستی داگیرکەران لە قۆناغەکانی دیکەی ژیاندا. ئەم بابەتە دەبێت تەنانەت لە چیرۆکەکانی منداڵان و کایە کامپیوتێرییەکاندا ڕەنگ بداتەوە. واتە نووسەران و تەنانەت دایک و بابەکان هەندێک چیرۆک بەو ئاراستەیە بۆ منداڵان بگێڕنەوە کە لەواندا داگیرکرانی کوردستان لە لایەن عەجەمەکانەوە زەق بکرێتەوە و لە میشکی منداڵاندا ڕۆ بچێت. هەروەها پسپۆڕانی کامپیوتێر و سایبرنێتیک چەندین کایەی پەیوەندیدار دروست بکەن بۆ ئەوەی تەنانەت لە کاتی کایەکردندا دووانەی کورد وەک ڕزگاریخواز-عەجەم وەک داگیرکەر بەرهەم بێتەوە.             

   کەژاڵ زەند، خوێندکاری دکتۆرای مێژوو، پاریس