خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانە بۆ کەیسی یاسمین موقبلی

ژمارەی بینەر 1017

2023-09-04

ڕەنگە زۆرینەی خوێنەری ئەم وتارە ئاگادار بێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێکی ناڕاست لەسەر ژنێکی فارس کە لە ئاڵمان لە دایک بووە و لە ئەمریکا دەژی، بە کورد ناسێندرا و بووە هۆی سەرنج و مشتومڕی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم هەواڵە و ئەم ڕووداوە هەزاران کاتژمێر لە وەختی ئێمەی کوشت و بارتەقایەکی زۆر لە نووسین و بەڵگەی بەرهەم هێنا کە بەڕاستی ئەگەر ئەو هەواڵە ناڕاستە نەبوایەت، ئەو تێکۆشان و ماندووبوون و کاتکوشتنەش پێویست نەبوو.

ئەم وتارە ناچێتە سەر ئەوەی بیسەلمێنێت یان ڕەتی بکاتەوە کە یاسمین کوردە، خەڵکی مهابادە، پێوەندی بە ئێمەوە هەیە یان نا، چوونکە هێندە وتراوە و هێندە بەڵگە لەسەر ئەو هەواڵە ناڕاستە هاتووە، پێویست بە هەڵکۆڵینی دووپاتە ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا شێوەی مامەڵە و هەڵوێستگرتنی خەڵک لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرانبەر بە شتێکی لەو چەشنە، بۆ من جێگەی سەرنج بوو، ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە ڕووی دەروونناسی، مێدیایی و کۆمەڵناسییەوە ئەو ڕووداوە هەڵبسەنگێنم.

سەرەتا و بەڵگە

هەواڵەکە بەم شێوە بوو کە گۆیا ئەو ژنە کوردە، چۆتە پێگەی ئاسمانی و بۆتە هۆی شانازی ئێمە، ئەمەش بووە شوێنی پێداهەڵگوتنی بەتەوژمی خەڵک. تەنیا هۆکار، بەڵگە و سەرچاوە بۆ ئەو هەواڵە ویکیپێدیای فارس و ئینگلیسی بوو کە لەواندا ئاماژە کرابوو موقبلی کورد و خەڵکی مهابادە. ئەگەرچی، ڕۆژی یەکەمی هەواڵەکە نووسرابوو دایکوباوکی تارانین (خۆی لە ئاڵمان لەدایک بووە)، بەڵام دواتر لە ویکیپێدیا گۆڕا بۆ مهاباد و وەک بەڵگە بڵاو کرایەوە.
هیچ ڕوون نییە کێ و چ لایەنێک سەرەتا ئەم هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە و ئەو شتانەی لە ویکیپێدیا نووسیوە، بەڵام ڕوونە ویکیپێدیا وەک پێگەیەکی سەرچاوە کراوە، هەموو کەس دەتوانێت ببێت بە ئەندام، لاپەڕە درووست بکات، لاپەڕەکان بە ئارزووی خۆی و بەپێی زانیاری خۆی بگۆڕێت و بنووسێت.
بۆیە لە ناوەندەکانی زانست و توێژینەوە، هەواڵ و دەزگا فەرمییەکان، هیچ متمانەیەک بە زانست و ناوەرکی ویکیپێدیا ناکرێت و وەک زانیارییەکی خۆڵەمێشی چاوی لێدەکرێت و بایەخی پێنادرێت. تەنانەت ئەگەر کەسێک لە ڕاپۆرت و توێژینەوەی خۆیدا ئاماژە بە سەرچاوەی ویکیپێدیا بکات، لە نرخ و کێشی توێژینەوەکەی کەم دەکاتەوە.
 

ئەم ڕووداوە بە ئێمە دەڵێت چەندە خەڵکی عەوام ئامادەیە بۆ هەڵخەڵەتاندن و ئیمان هێنان بە شتێکی ناڕاست. زۆر جاران ئیمانی خەڵک بە شتێک ناڕاست کارەساتی مرۆیی و جینایەتیشی خوڵقاندووە، وەک ئەو کاتەی خەڵکی خرۆشاو و ورووژاوی دەمارگرژ لە ئەفغانستان، بەناوی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان کچێکی بێتاوانیان بەناوی فەرخوندە کوشت.

مێدیا

مێدیا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، پیشەیی و پڕۆفیشناڵ دەبێت زانیاری درووست و بەڵگەمەند بدات بە خوێنەری خۆی. لەڕاستیدا ئەو مووچەی ڕۆژنامەنووس و دەزگای مێدیایی وەریدەگرێت بۆ ئەوەیە کە بچێت بەشوێن ڕاستی، هەقیقەت و وردەکارییەکاندا. هەموو کەس ناتوانێت بچێت لە شتێک بکۆڵێتەوە و ڕاستی و هەواڵ وەدەست بخات، ئەمە ئەرکی مێدیایە کە ئەو ئەرکە بە ئەخلاق و ئەمانەتەوە جێبەجێ بکات.

بەڵام لە ڕووداوی جاسمین موقبلیدا مێدیاکان، بەتایبەت مێدیای زەردی باشوور، بەبێ ئەوەیکە لێکۆڵینەوە و ڕاستیدۆزی بۆ کەسەکە، پێشینە و کێیەتی بکەن، لە ململانێیەکی سەقەتی زوو ڕاکە ڕاکە و ببە بە یەکەم، بە فۆتۆشۆپ و وێنە و تێکستی جیاوازەوە هەواڵەکەیان گواستەوە و بوونە ماتۆڕ و هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو حاڵەتەی کە ڕوویدا. ناڕاستییەک وەک شەرەف و شانازی بڵاو کرایەوە کە خەڵکی عەوام بەهیچ جۆرێک ئامادە نەبوون دەستبەرداری بن و داکۆکیان لە شتێکی ناڕاست دەکرد کە مێدیای زەرد دەرخواردی دابوون.

 خەڵک

ئەگەرچی هەڵکۆڵین و دەرخستی ڕاستی لەم سەردەمەدا بەهۆی ئینترنێت، ماتۆڕەکانی گەڕان و پێوەندی ئاسان و فراوانی مرۆڤەکان، زۆر ئاسان و کەمکاتبەرە، بەڵام زۆرینەی خەڵک بەبێ ئەوەی چەند خولەک خۆیان ماندوو بکەن و لە ڕاستی شتەکە بکۆڵنەوە، هەواڵەکەیان وەرگرت و بڵاویان دەکردەوە. تەنانەت کاتێک ڕووبەڕووی شیکاری بۆ میکانیزم و ناوەرۆکی ویکیپێدیا دەبوونەوە و ئەو بەڵگانەی لەسەر فارسبوون و کوردنەبوونی موقبلی پێان دەدرا، سەنگەریان دەگرت و خەڵکیان بە نائاگا، خۆبەکەمزان، بەرچاوتەنگ و تێنەگەیشتوو ناوزەد دەکرد.
لەڕاستیدا، ئەو خەڵکەی تووشی ئەو هەڵخەڵەتاندن و خۆشباوەڕییە بوون، ئاوات و ئارەزوویان لەوەدا دەبینییەوە و تەنانەت ئەگەریش گومانیان لە ڕاستنەبوونی ڕووداوەکە هەبوو، بەڵام لەڕووی ڕۆیا و خەون و ئاواتەوە، هێشتا ئامادە نەبوون پشت لە درۆیەکی خۆشتام بکەن و هەقیقەت بنرخێنن. تەنانەت هەندێک لەو خەڵکە دەیانوت، با خۆشی نەڵێ کوردم، تەنانەت با کوردیش نەبێت، بۆ ئێمە هەر کوردە و بەئاسانی ڕادەستی فارسی ناکەین. ئەم ڕووداوە بە ئێمە دەڵێت چەندە خەڵکی عەوام ئامادەیە بۆ هەڵخەڵەتاندن و ئیمان هێنان بە شتێکی ناڕاست. زۆر جاران ئیمانی خەڵک بە شتێک ناڕاست کارەساتی مرۆیی و جینایەتیشی خوڵقاندووە، وەک ئەو کاتەی خەڵکی خرۆشاو و ورووژاوی دەمارگرژ لە ئەفغانستان، بەناوی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان کچێکی بێتاوانیان بەناوی فەرخوندە کوشت.

دەستەبژێر (نوخبە و خوێندەوار)

ئەو هەڵەی خەڵکی ئاسایی بەبێ هەڵکۆڵینی ڕاستی ڕووداوەکە تووشی بوون، دەستەبژێری کوردیش تووشی بوو. نووسەری ئەم وتارە ڕووبەڕووی کەسانێک بۆتەوە کە لە پرۆفایلی خۆیان ئاماژەیان پێکردبوو کە نووسەری چەند کتێبن، بەڵام داکۆکییەکی ١٠٠٪ دەکرد لەوەی یاسمین کوردە. بەڵگە و سەرچاوەشیان ویکیێدیا و مێدیای خۆماڵی واتە ماڵپەڕە زەردەکانی باشوور بوو کە ئەوانیش زانیارییە هەڵەکەی ویکیپێدیایان کردبوو بە کوردی.

لەڕاستیدا تاڵی و ژانی ئەم بەشە زۆر زیاترە. چاوەڕوانی لە نووسەر، هەڵگری بڕوانامەی بەرز و ڕۆژنامەنووس ئەوەیە کە هەمیشە بە گومان و پرسیارەوە ڕووبەڕووی شتێک ببێتەوە، بەڵام نوخبەی کوردی لێرەدا جگە لەوەی پرسیاری لەلا درووست نەدەبوو، زۆر شێلگیرانە بەرگری لە شتێک دەکرد(زانیاری ویکیپێدیا) کە ببو بە ئیمان و باوەڕ بۆی. خەساری ئەم شتە ئەوەیە کە ئەو توخمانەی سەرەوە سەرچاوەن و خەڵک لەوانەوە دەخوێنێتەوە و فێر دەبێت، کاتێک سەرچاوە تووشی هەڵە و داکۆکی سەقەت ببێت، خوارەوە و خوێنەر زۆر زیاتر و قووڵتر تووشی ئەو خواروخێچییە دەبێت.

گوماندارانی پشت ئەستوور

کەمینەیەک لە خەڵکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر لەسەرەتاوە بەگومانەوە ڕوانیانە ئەم هەواڵە و چوون بە شوێن ڕاستی و چۆنیەتی کەسەکە و خێزانەکەی. بەرە بەرە بەڵگەکان هاتن و به‌هیمەتی ئەو کەسانە، ڕاستییەکان زیاتر دەرکەوتن و لە کۆتایی خۆیدا، ئەو کەمینە بووە زۆرینە. لێرەدا، ڕۆڵی کەسانێک کە بەشوێن هەقیقەتەوەن و فریوی درۆ بەتامەکە ناخۆن و خۆیان و خەڵک هەڵناخەڵەتێنن، جیاواز و جێگەی سەرنجە.

ئاکام

ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە پێش، ئەو هەموو کۆڵپێوە هەڵگرتن و توندییە بۆ ڕووداو و هەواڵێکی نەزۆرگرینگ بۆچی؟ دەکرێت بەمشێوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.

یەکەم، ڕەنگە ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی مێدیا، نووسەر و دەستەبژێری ئێمە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنێکی‌تریان بۆ پلاتفۆڕمگەلی وەک ویکیپێدیا و هەواڵ و ڕاستیپارێزی هەبێت. واتە کۆد و ئێتیکی هەواڵ و ڕاستی و ئەمانەتداری، بەرزتر و بەنرختر بێت و کەلتووری هەواڵ و نووسین بەرز بکاتەوە.

دووهەم، ئەم ڕووداوە مێنتاڵیتی و شێوەی وەرگرتنی هەواڵ و ڕووداو لەلایەن خەڵکەوە نیشان دەدات. بۆیە دەکرێت و دەشێت لەسەری بنووسرێت و باس بکرێت تاکوو تێگەیشتن و خوێندنەوە لەسەر سایکۆڵۆژی خەڵک زیاتر بێت، لەگەڵ ئەوە جۆرێک درووستکردنی وشیاری، ڕووبەڕووبوونەی چەواشە و ناڕاستییە کە بە تێگەیشتنی خۆم، ئەرکی هەموو کەسێکە.

سێهەم، تێگەیشتن و درووستکردنی زانیاری لەسەر میکانیزمی کاری ویکیپێدیا و پێگە سەرچاوە کراوەکان، یەکێکە لە دەسکەوتەکانی ئەم مشتومڕە. خودی ئەو پلاتفۆرمانە دەتوانن خزمەتی باش بە زانست و خوێندنەوە بکەن، بەڵام کاتێک بۆ مەبەستێکی تایبەت بەخراپ بەکار دەبرێن، لە گرینگی و سوودی ئەو شوێنە کەم دەکاتەوە و خەڵک بڕوا بەو ڕاستیانەش ناکات کە لەوێدا هەن. بەڵام لانیکەم لەپاش ئەو ڕووداوە، ڕێژەیەک لە خەڵک جۆرێکی‌تر لە زانیاری و پلاتفۆڕمەکانی وەک ویکیپێدیا دەڕوانن.

چوارەم، ئەگەر خودی ئێمەی کورد بەگژ ئەو درۆیەدا نەچوویانە و هەوڵمان نەدایە ڕاستییەکە دەر بخەین، لە سبەیدا کە گوتەیەکی فەرمی و بەڵگەیەکی زیندوو لەلایەن یاسمین موقبلی و خێزانەکەیەوە بهاتبا دەر، کۆمەڵگەی کوردی دەبووە شوێنی گاڵتە و سووکایەتی فارسەکان و هەموو هێما و بایەخ و کەسایەتییەکانی ئێمەیان دەبردە ژێر پرسیار و لە داهاتووشدا هەر شتێکی ڕاستیش ببوایەت، دەبووی پێخۆری جوک و هەجوو بۆیان. واتە دەبووە جۆرێک شەڕی دەروونی و ڕووخاندنی سایکۆڵۆژی کورد (ڕەنگە ئێستەش ببێت). من هیج بەڵگەیەکم بۆ ئەم قسە نییە، بەڵام دەکرێ گریمانەی ئەوە بکەین، ئەو هەواڵە ناڕاستە لەلایەن خودی فارسەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، تاکوو لە دواییدا کەڵکی لێوەربگیرێت و زۆر شتی کورد، مێژووی کورد و خەباتی کوردی پێ ببرێتە ژێر پرسیار.

پێنجەم، دەتوانین لەم نموونەوە گەڕانەوە بۆ باوەڕ و شتە بەهێزەکان لەلای خەڵکی عەوام بکەین. واتە کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵک سەرەڕای لەبەدەستابوونی ئامرازەکانی گەڕان و سەلماندن، چۆن شتێک دەبێت بە ئیمان و باوەڕ لایان، دەتوانین تێبگەین لە سەدان و هەزاران ساڵ پێش، کە ئاستی تیگەیشتن، هەڵسەنگاندن و ڕاستیدۆزی لای خەڵک لەخوارەوەتر بووە، ئیمان و باوەڕی گشتی چۆن درووست بووە و بووە بە هەقیقەت.