لەم قۆناغەی ئێمەدا، ئێمە وەک گەل، هەست دەکرێت دەبێ دابڕانێکی گرنگ لەبوونماندا ڕووبدات، دابڕانێ کە هەناوی پەیوەندییەکانی کۆی ئێمە پێکەوە بگۆڕێت. هەموو نیشانەکان ئاماژەن، ئێمە هەرئێستا وەک گەل، نەک نەتەوە، لە قۆناغی پەیوەندی سروشتی دا دەژین واتە فۆرمی کۆمەڵ و پێکهاتەی پەیوەندییەکانمان هێشتا نەبوونەتە فۆرمێکی کۆمەڵایەتی. ئێمە هەموو دژ بەهەموو لە شەڕێکی نەبڕاوەی سەدان ساڵەداین لای ئێمە گشتیەتی ئازادیمان نەیتوانیوە لە ئیرادەی نەتەوەییماندا رهنگ بداتهوه. بەواتایەکی دیکە ئازادی گشتیمان نەیتوانیوە ئازادی هەمووان دەستەبەرکات. نەگەیشتوینەتە ئاستێک لە وشیاری کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، کە بتوانین بە ئیرادەی گشتی زامنی ئازادی گشتی بین. بەو پێیەی کە هابزدەڵێت: پەیمانێ کە زامنی دروستکردنی ئیرادەی هەمووان بێت و بەرئەنجامی ئازادی هەمووان بێت نە ڕەخساوەو نە لە ئاوەزیشماندا سەری هەڵداوە. ئازادی سروشتیی دەرئەنجامی مرۆڤی سروشتیە، کە هەم لە عەقڵی کۆ دەتارێت و هەم وێرانکەری دەستەبەربوونی ئازادی و ئاسایشی کۆیە لە ڕەوەندی مێژووییماندا دەرفەتی خوڵقانی ئیرادەی گشتی، بە ماف و ئازادی بەرابەرەوە بۆ سازانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، کە دەستەبەری بە کۆمەڵگابوونمان بکات یا نەڕخساوە، یا نەبوونی وشیاری نەتەوەیی و سپاردنی ئازادی وئیرادەمان بە داگیرکەرانی ئیرادە و ئازادیمان، لە نەتەوەبوون دووری خستووینەتەوە و لە فۆرمی گەلدا هێڵاوینیەتەوە مرۆڤ جگە ئەوەی بوونەوەرێکی سرووشتیە، بوونەوەرێکی عەقڵانیشە. بوونە سروشتیەکەی لە زۆرتر کۆمەڵایەتی بوون و سیاسی بوون دووری دەکاتەوە. تەنیا کاتێ کۆمەڵی سیاسی بیچم دەگرێ و دێتەبوون، کە هەموو مرۆڤەکان لە مافی سروشتی خۆیان چاوپۆشی بکەن و بە ویست دەست هەڵگرن. سپاردنی ئەم مافە خۆ خوازە بە کۆمەڵگا، میکانیزمی خوڵقانی کۆمەڵگای سیاسیە، کۆمەڵی سیاسی بەویست، زامنی ئاسایش و ئارامشی کۆمەڵە. لەهەناوی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵگای سڤیل و سەرهەڵدانیەتی خوڵقانی بەویستی کۆمەڵ و بە دوادا هاتنەکانی وەک ؛ کۆمەڵگای سیاسی و سڤیل زامنی پێکهاتنی دەسەڵاتی عەقڵانی و ئەخلاقی و دادوەر و یاسایی و پەسەندە. ئەم دەسەڵاتە هەڵگری سفەتەکانی ڕەوایی و پەسەندییە، کە لەویستی جەماوەر و بە بڕیاری خەڵک خوڵقاوە. کۆی ئەم پرۆسە هەم پرۆسەیەکی عەقڵانییەو هەم پرۆسەیەکی دێمۆکراتیکە. عەقڵانیە چوون بەچاوپۆشی لە ئازادی سرووشتی و ئافراندنی ناوەندی ئیرادەی گشتی خولقاوە، مرۆڤ بە بەشێ لە ئازادی خۆی ئازادی گشتی و ئاشتی وئاسایش و یاسا و دادپەروەریی و بوونێکی ئەخلاقی زامن دەکات. لێرەدا ویستی سەربەست بنەمای سەرەکی دەسەڵات وکۆی کۆمەڵ پێک دێنێت. عەقڵانیەت لەم فۆرمەدا دەستەبەری هاوبەشی گشتی، ئاسایش، وە هەروەها زامنی مانەوەیە. سپاردنی بەخواستی بەشێک لەئیرادە و ئازادی لە ڕاستیدا بۆ دەستەبەرکردنی ئیرادە و ئازادییە، لە فۆرمێکی دیکەدا، کە فۆرمی دەسەڵاتە. واتە لە پەیوەندیەکی سەرتاپێ دیالیکتیکی دا، ئازادی کۆ خەلقی دەسەڵاتە و دەسەڵاتیش بەرههمهێنەرەوە و پارێزەری ئازادییە، لە فۆرمە کۆمەڵایەتی و خەڵکی و مۆدێڕن و دێمۆکراتەکەیدا.
هەموو هەستانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و رێنسانسێکی کولتووری بێ بەرجەستەبوونەوەی کەشێکی دیمۆکراسی و عەقڵانی، یا وشیاریەکی ئاوەزمەندانە نە گونجاوە. کۆمەڵی ئێمە بەکۆی بوون و میکانیزمەکانی خۆیەوە، لە کارکردی شەبەکەیی خۆیدا هەڵتەکێنەری ئەم بزاوتانە و بەرگریان بووە. مێژووی بزووتنەوە فکریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیەکانمان بە ڕوونی ئەم واقعە دەردەخەن.
دەسەڵات خوڵقاوی ئیرادەی گشتی و بڕیاری گشتیە. هەربەم مانایە دەسەڵات، یا ناوەندی ئیرادەی گشتی، بوونێکی کۆمەڵایەتی بەردەستە هەم بۆ گۆڕین هەم بۆ هەڵوەشاندنەوەو لێ سەندنەوەی ئازادی و دەسەڵاتی بە ویست پێ سپێردراو ناوەندی گشتی خولقاوێکی گشتیە، دەتوانین بڵێن، ئەم ناوەندە رهنگدانهوهی کێشەو دژایەتی وملە بەملەو پێکدا هەڵ شاخانەکانی تاکی کۆمەڵە، کە لە فۆرمێکی عەقڵانیدا و لە بیچمی دەسەڵاتدا خۆی بەرجەستەدەکاتەوە. لە ڕەوەندی ئەم کێشەو دژایەتیانەدایە، کە کۆمەڵ و تاک بۆ جێکردنەوەی خۆی و زامنکردنی مانەوە و ئاسایشی، دەکەوێتە پرۆسەیەکی دێمۆکراتیکەوە، کە دێمۆکراتیزەکردنی خۆیی وکۆمەڵە. کۆمەڵی دێمۆکراتیک ئاوەز ڕەفتار، کۆمەڵایەتی و مەیلی بە بیرو هزری گشتیە. کۆی ئەم پرۆسەیە و کولتووری ئەم ڕەوتە تاک دەکاته بوونێکی کۆمەڵایەتی و ئاستی وشیاری دەباتە سەرەوە، فێری دەکات چۆن مامەڵەو هەڵسوکەوتی خۆی رێک بخات. بەهەر ڕووبەرێکدا ئەم رهوته بپێوین، دەرئەنجامی زەروورەتێکی مێژوویی بێ ئەملاو ئەولایە، کە گەشە و پێشکەوت و زیندوبوون و هەڵکشانی تاک و کۆی کۆمەڵ زامن دەکات دەڵێن ؛ هەڵس وکەوتی بەکۆ و کۆمەڵایەتی زۆر بە خەستی لەژێرکاریگەری عەقڵانیەتی دێمۆکراسی دان. ئەم جۆرە لەعەقڵانیەت وادەکات، کە تاک مەیلی لە گفتوگۆ و دانوستان بێت. لەزەبروزەنگ و زبری دووری دەگرێت و ئاراستەی جوڵانی ئاراستەیەکی ئاشتیخوازانەیە، کە بەرژەوەندی گشتی نەخاتە مەترسی، پێداگری لەسەر گۆڕان بەمیکانیزمی گونجاو دەکات لە بەرژەوەندی هەموولایهكدا.
عەقڵانیەت دەرئەنجامی ژیان و بوونیادی مێژوویی هەر کۆمەڵگایەکە، کە لە هەناوی ئەزموون و شکان و هەستانەوە و شارستانییەت و هەموو ململانێکانی کۆمەڵدا ئامادەیەو دەکرێت پەیڕەو بەرجەستە بکرێتەوە مێژووی ئێمە بەڕاشکاوی مێژوویەکە، کە شکان كاریگهری قورسی لهسهر ههیه و ئەگەر بێ دەمارگیری لەسەری ڕاوەستین، بەجۆرێک لەجۆرەکان مێژووی شکانە. ڕەنگە نەشیاو نەبێت ئەگەر بڵێم؛ ئێمەگەلێکین کەتا ئێستاش بۆمانەوە و نەسڕانەوە لەبری سازدانی ئیرادەی گشتی، سواڵی سۆزو بەزەیی لەدەرگای هێزەجیهانییەکان دەکەین، کە لانی کەم لە ماشینی مەرگ و وێرانی داگیرکەرانمان بەجۆرێک نەک بمان پارێزن بەڵکو لامانخەن . بە واتە هابزییهكهی؛ تەنانەت ترس لەمردن و سڕینەوەش نەیتوانیوە لە ناوئێمەدا ببێتە هۆی خولقانی ئیرادەیەکی گشتی، کە ئیتر کۆتای بە سواڵکردنی سۆز و بەزەییمان بێنێت. هێشتا لەدۆخی سرووشتی خۆماندا ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە زەبروزەنگ و مردن نادۆزینەوە و دوئالیزمێکی هزری وا گرمۆڵەی کردووین زیاتر لە سەدەیەکە لەبازنەی شۆڕش و مەرگەسات دەرناچین. یا شۆڕشگێڕین بۆ مردن، یا دەمرین کەشۆڕشمان نەکردوە. هیگڵ واتەنی، ئەگەر بۆ مرۆڤی کورد و ئازادی زەوتکراوی، یەک رەهەندانە نەڕوانین، [one sidedness] بەڵکوو مرۆڤی کورد لە ئاسۆگەی بەرجەستەو کۆنکرێتی خۆیدا، واتە لە قوڵایی کۆمەڵگاو مێژوودا بخوێنینەوە. گومانم نییە دەگەینە زەروورەتی ئامادەنەبوونی ئەقڵانیەت و دێمۆکراسی لە کۆی کۆئەندامی کۆمەڵی کوردەواریدا بە ئێستاو ڕابردوویەوە. ڕاستە ئیرادەی ئازادی ویستی کورد تائێستاش هەڵگرو ماکەیەکی عەقڵانی هەیە. هەرئەم ماکە عەقڵانیەش وایکردوە وەک کانت دەڵێت ؛ هەموو میکانیزمەکانی چەوسانەوە و سڕینەوە تائێستاش نەیان توانیوە ئەم بوونە عەقڵانیە تەسڵیم کەن، بەڵام لەم کەوشەنەشدا ئەم ئیرادە عەقڵانیە تەنیا توانیویەتی مردن و مردن بەربێنێ و بهێنێتەوە تا هەنوکەش هەروایە ئەگەر عەقڵانیەت بەچارەسەری گرفت و خەسار و کەمایەسیەکان بە شێوەیەکی هزری بزانین، لە بەستێنە مێژوویی وکۆمەڵایەتیەکاندا، ئەوسا بە بەرجەستەیی هەست بەغیابی لە کۆمەڵی کوردەواریی و مێژووی خۆماندا دەکەین. ئەم فۆرمە لە چارە و بیرکردنەوە لە بنەمای بوونی خۆیدا، بوونێکی فەلسەفییە و ئێمەش لە کایە فەلسەفیەکاندا زۆر باش دەرنەکەوتووین، لانیکەم لە بوارە عەقڵانیەکەیدا. چەمکی عەقڵانی، چەمکی دەرکەوتنی فرەدەنگی و فرە هزری وئاوەزییە، کە لەهەناوی خۆیدا ناتوانێ هەڵگری پەیوەندیەکی دیالیکتیکی نەبێت لەگەڵ دێمۆکراسیدا. عەقڵانیەتی دێمۆکراسی هەمیشە کۆدە ناوکۆییەکان دەدۆزێتەوە بۆ زامنکردنی ئازادی و پێکەوە مانەوەمان. ڕەنگە وشە دووانەبوونی ئەم دوو چەمکە، هەر بۆ بوونی ئەم پەیوەندییە بگەڕێتەوە. لەمڕۆدا دێمۆکراسی بێ دادوەریی لانی کەم دادوەریی ڕامیاری نەگونجاوە. زامنی دوو تایبەتی هەرەگرنگی عەقڵانیەتی دیمۆکراسیە، کە بریتین لە فرەچەشنی و فرەڕەنگی، نەکە تەنیا لەبواری ڕامیاریدا، بەڵکو لە بەستێنی کولتووریی و کۆمەڵایەتیشدا. هەموو هەستانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و رێنسانسێکی کولتووری بێ بەرجەستەبوونەوەی کەشێکی دیمۆکراسی و عەقڵانی، یا وشیاریەکی ئاوەزمەندانە نە گونجاوە. کۆمەڵی ئێمە بەکۆی بوون و میکانیزمەکانی خۆیەوە، لە کارکردی شەبەکەیی خۆیدا هەڵتەکێنەری ئەم بزاوتانە و بەرگریان بووە. مێژووی بزووتنەوە فکریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیەکانمان بە ڕوونی ئەم واقعە دەردەخەن. بۆیە دەکرێت هەندێک بە پەرێزەوە بڵێن بنەمای سەرکی وخەساری هەمیشەیی، کە گەمارۆی ژین و بوونی کوردی داوە نەبوونی عەقڵانیەت و عەقڵانیەتی دیمۆکراسیە، بەتایبەتی لە بەستێنی سیاسی و حیزبی و دینامیزمی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. چەمکی عەقلانیەتی دیمۆکراسی ناوێکی نوێیە کە لەهەناوی خۆیدا هەڵگری کولتورێکی نوێیە بۆ هزرین و کردار، کە کولتووری عەقلانیەتی دیمۆکراسیە. دیمۆکراسی لە فۆرمە عەقڵانیەکەیدا کاتێک مانا پەیدا دەکات، کە زامنی دەستەبەرکردنی مافی کەمینەبێت و بوونی وەک خۆی بپارێزێت و بسەلمێنێت. دیمۆکراسی تەنیا فۆرمی پەسەندی زۆرینە نییە. دۆخی ژیانی ڕامیاری گشتیە، کاتێک دەتوانێت یاسا و پرێنسیپ بێت، کە دەستەبەری ماف و بوونی کەمینەبکات وهك خۆی. بە مێتۆدی عەقڵانیەتی دیمۆکراسی کۆی پەیوەندیەکانی نێوان هێز و کەس و کۆمەڵگا و بۆچوونە فکریەکان دەخاتە بازنەی گۆڕان و دابڕانێکی ئاوەزیی و مێتۆدۆلۆژی دروست دەکات. نوێبوونەوە و پێشکەوتن، بێ دابڕان لە نەریتی هزرینی پێشوو، فامکردنی وشیارانەی هەناوی ئەقڵانیەتی دیمۆکراسی، کە نوێبوونەوەو داڕشتنی بزاوتێکی نوێیە، ئەستەمە . نوێبوونەوە پێش هەمووشتێ نوێبوونەوەیە لە هزر و پرۆژە و ڕوانیندا، کە خوازیاری ئاوەز و فکرێکی ڕەخنە گری ڕەخنە پەسەندە، بۆ گۆڕان و نوێبوونەوە لە دۆخی ئێستا دەرچوون بەرە وچاکتربوون.
سەرچاوە:
لویاتان، تۆماس هابز، بەشیریە
العقلانیە و الدیمقراطیة، نهج مزدوج لغایە واحدە