سه‌رلێشێوایی و كوردبوون، هونه‌ری یوسف سوری

ژمارەی بینەر 910

2023-12-09

لە سەردەمێکدا دەژین کە خێرایی گۆڕانکارییەکان ڕوواڵەتێک لە پێشکەوتن پێشان دەدات تا ئاستێک کە بیرکردنەوە لە بنیاتە نەگۆڕەکان جۆرێ بێهوودەیی هەژمار دێت. ئەم خۆ تێکەڵ‌کردن و سەرنجی ڕووداو و پرسە ڕۆژباوەکان بۆ ئێمە دەرخەری جۆرێک سڵکردن لە واقعی کۆیی خۆمانە کە نەک شتێکی نوێ نییە بەڵکوو لە مێژە جۆرێک هەڵاتن و خۆفریودانێکی بەردەوامی پێوە دیارە. هەڵاتن لە بنیاتەکان و ئاوەڵابوون بۆ شتە ڕوودراوەکان پێشاندەری ڕقێک لەو شتە نەگۆڕەیە کە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ببینەوە و وەک پرسێک بیبینین وا شایستەی تێفکرینی نێوخۆییە، وەلای دەنێین؛ مخابن هەموو کات لەم وەلانانەدا لە خۆمان سڵ دەکەین، بە جۆرێ ئەوەی دیسان دەس‌لێ‌نەدراو دەمێنێتەوە پاشخان و بنیاتەکەیە کە تەجربەی کۆیی ئێمەی لەسەر دەخولقێت. تەجربەیەکی پارادۆکسیکاڵ کە بە یەکەیەکی ئاگامەند ناگات یان باشترە بڵێین تەجربەیەک کە لە هەنووکەی خۆیدا ڕێگەی یەکێتیی ئاگایی نابڕێت. ئاگاییەکی ناسەربەخۆ کە لە سەرنجداندا کۆنابێتەوە بەڵکوو پارچەپارچە دەبێت و خۆی وەک سەنتەری فامکردن لە دەور و بەر لە دەست دەدات. پەرشبوون هەبوونێکی سەرلێشێواوانەیە کە شتی سەرنجدراوی لە بەرچاو ون دەبێت؛ ئەو وەکوو ئاگامەند نامێنێ؛ دادەبڕێت و بێ شوێن و سۆنگەیە، ناخولقێنێت، بەسەریدا دەخولقێت؛ ئەمیش وەکوو نیگایەکی پڕ لە پەژارە و مەینەت دەمێنێتەوە.

هونەری سوری بە واتای ڕەبەق بۆ ئێمە کوردییە. ئەگەر ڕووبەڕووی ئەو تەجربەیە وەکوو گشتێتی و بوونێکی لە یادکراو نەبینەوە کەواتە ڕەخنەیەکی نابەجێیە گەر بپرسین چارە چییە. خودی ڕاوەستان و ئاگامەندبوون بەسەر ئەم پەرش‌بوونەدا، بەرپرسیارەتییەکە وا هونەری ناوبراو بۆ چاوپۆشی نەکردن لێی لێهاتووە.

ئاوڕێک لەسەر ئەم بنیاتە لە کاری بێوێنەی یوسف سوری دەبینرێت کە ڕەنگە لە یەکەم هەنگاودا کاری ئەو خولقاندنی شتێکی نەخولقاو... دەرخستنی شتێکی دەرنەخراو و لە هەمانکاتدا بنیاتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بنیات بێت. ئەو دانسقە نایەکرگرتوویی ئاگایی پێشان دەدات و ئەمە بە مەبەستی ڕەخنە ناکات بەڵکوو نائاسایی‌بوونی تەجربەیەکی بە-ئاسایی-پێناسەکراو بەرجەستە دەکات. سوری ستایڵی نیگارکێشی خۆی سەرلێشێواویی ناو دەنێت. ئەو جۆرەی کە بوونی سەرلێشێواوی کورد بێ‌هزرە، پێرسپێکتیڤ و ئاسۆیش لە کاری ئەو ونە. سوری نەبوون-لە-ماڵەوە، نامۆیی و هاوکات ئاشنایەتی ئابجێکتیڤیزە (بەرهەست) دەکات. گوڵدانە گوڵەکەی ئەو بوێرانە پێشان دەدات کە چۆن ئۆبژەی سەرنجپێدراو، لە ئاگایی تێکشکاوی ئێمە سەربەخۆ نییە؛ چۆن شتی دەرکەوتوو لەگەڵ فەزای دەرخستن (پاشخان) تێکەڵی یەک دەبن و ئەوەیکە ون دەبێت بوونەوەرە بەڵام ئەوەیش کە دەمێنێتەوە بنیاتە، بوونە. ئەو کەشە تێفکریوەی کە سوری بۆ ئێمەی دەخولقێنێت سڕینەوەی نامۆیی لەگەڵ ئەم سەرلێشێواوییەیە. ئاشنایەتییەکی ئاشکرا لەگەڵ سەرلێشێواویی لە کاری ئەو دەبینرێت؛ ئەمە بووەتە هۆی ئەوە تەجربەی هەنووکە و زیندوو ئابجێکتیڤیزە بکات و هونەری ئەو بۆ ئێمە وەک بینەری خاوەن تەجربەی هاوبەش -لە وتەیەکی ئەرێنی- ڕووی ئابستراکتی دابشکێت. کاتێک هۆش بڵاوی (distraction) پێشان دەدات تەنیا بە نامۆکردنی بوونەوەر و شتی سەرنجپێدراو ئەوە ناکات، بەڵکوو بە بەکگراوند (پاشخان) دەریدەخات کە ئاسۆ و ڕوانین بە بۆنەی سەرلێشێواویی سڕاوەتەوە. سوری لە سەرەوە و لە دەرەوەی سەرلێشێواویی ڕەوایەت ناکات. هەر بۆیە سۆنگەی نییە تاکوو بە ڕەخنەگریی، بوونی سەرلێشێواو پێشان بدات و دروشباوەڕانە ڕوواڵەتێک لە نوێ‌بوون بنوێنێت. ئەو کانسێرڤاتیوانە ئەوەی کە هەیە دەردەخات و ئەمە هونەری بەرزی ئەوە کە بێ سابجێکتیڤیتەبوونی کوردبوون وەک خۆی بێ سابجێکتیڤیتە دەخاتە‌ڕوو. ئەو کۆتایی بە پێرسپێکتیڤ و گۆشەنیگای کونجکاوانە دێنێت بۆیە ئیمکانی نوێ ناخوڵقێنێت چونکە ئەساسەن نوێ‌بوون ڕادەسپێرێ بە دانپێدانان لەسەر لە یادچوونی بوون و نەدیتنی تەجربە لە لایەن مرۆڤی کوردەوە. ڕوانینی نێوخۆیی ئەو بەرزتر لە دەق و تیۆری شێوەی بوونی سەرلێشێواوی ئێمە دەردەخات. ئەو ڕیشەی چاکسازی ناهێڵێتەوە چونکە بێ بنیاتی بوون دەئافرێنێت و ئەمە خاڵی فەلسەفیی هونەری ئەوە کە تێمێکی ئێگزێستنشیاڵ و تاکیی بەسەر کارەکەدا زاڵ دەکات و ڕووبەڕووی هاوچارەنووسی و تەنیایی چاوپۆشی لێکراومان دەکاتەوە. مانای ئاشنایەتی لە کاری ئەو ئاوایە کە چرکەساتێکی تەجربی پێشان نادات کە بەرهەمی تڕاوما و زەبری دەروونی بێت؛ بە پێچەوانە بوون وەک شتێکی لەگەڕ دەردەکەوێ. هاوکات کە ئەو چرکەساتانە فریز دەکات، سەرلێشێواویی وەکوو بوونێکی زیندوو و لە ئێستادا بەردەوام دەردەخات بەڵام نەک وەک دیتنێکی کاتی کە لای هەندێک وابێت. گەر سەرلێشێواویی بوونێکی هەنووکەیە، ڕابڕدوو و بیرەوەریشە. بە بۆنەی ئەم بیرەوەری و ئاشنایەتییە بوونانەیە کە هونەری سوری بە واتای ڕەبەق بۆ ئێمە کوردییە. ئەگەر ڕووبەڕووی ئەو تەجربەیە وەکوو گشتێتی و بوونێکی لە یادکراو نەبینەوە کەواتە ڕەخنەیەکی نابەجێیە گەر بپرسین چارە چییە. خودی ڕاوەستان و ئاگامەندبوون بەسەر ئەم پەرش‌بوونەدا، بەرپرسیارەتییەکە وا هونەری ناوبراو بۆ چاوپۆشی نەکردن لێی لێهاتووە.

لای من سوری هاوار دەکات کە هەروا بووە و مەخڵەتن.پرسیار ئەوەیە چۆن سەرلێشێواوی ئاوا بە شێوەی دیاردەیی وێنا دەکرێت؟ چۆن ئەم وێنا کردنە ڕێگە پێشاندەریشە؟ لە ڕاستیدا لێرەدا ڕووبەڕووی پرسێکی گشتیی پەیوەندیدار بە ئاگایی و بە شێوازی تایبەتیش ڕووبەڕووی پرسێکی نێوخۆیی دەبین. ئایا وێناکردنی سەرلێشێواوی، ڕووبەڕوو بوونەوە لە بەرانبەری و دانپێدانان لەسەر لە یادچوونی بوونی خاوەندارانە، هەمیسان ئاگایی لە فۆرمی سەرلێشێواو و نایەکگرتوو دەهێڵێتەوە؟ بۆ ئەوەیکە هونەری سوری ئاماژە بە سەرلێشێواویی وەکوو حەقیقەتێکی دانەپۆشراو بکات پێویستە کورد بێت یان لە نێو ئاگایی سەرلێشێواودا خۆی نەهێڵێتەوە؟ هەبوونێک کە بەسەر سەرلێشێواوی خۆیدا ئاگایە توانای پەڕانەوەی هەیە؟ ئەم پرسیارگەلە ئاستەنگێکن کە لە هونەری سوری هەم وەڵامی بەڵێیان پێ دەوترێ هەم وەڵامی نا! بەڵێ بەو واتای کە بێ گریمانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەمە ئەو بۆشاییەیە کە لە ڕاستیدا هاوهەمبەری تەجربەی کوردی وەکوو تەجربەیەکی دیاردەییە کە سابجێکتیڤیتە لە پێناو خودی ڕەوایەت لە دیاردە دادەشکێنێت. لێرەدا سوری خودی تەجربەی کوردی کردووەتە دیاردەی مەبەست؛ بۆیە ئۆبژەکان دەسڕێنەوە و بنیاتی بێ بنیاتی تەجربەی کوردی توانای خولقاندنی بێ‌گریمانەی بە ئەو داوە. دەبێ گشتێتی کاری ئەو لە بەرچاو بگرین. ئەو ئەم ڕاستییە دەخاتە ڕوو کە کوردبوون لەوە ئازادترە وا بە زەینییەت بیسەلمێنین کە سەرلێشێواوە. بە وتەیەکی دیکەش بە یارمەتیی ڕەسەنایەتی، بێ‌پێشفەڕزبوونی تەجربەی کوردی وەکوو توانایی کوردبوون، بەسەر سەرلێشێواویدا ئاگا دەبێتەوە؛ بە جۆرێ کە بەستێنەکە خودی سەرلێشێواوییە. بەڵام دەیشتوانین بڵێین وەڵام بە پرسیارەکانی سەرەوە نایە: بەو واتایەی کە ئیمکانی نوێ وەکوو وێنای جیهانێکی ناسەرلێشێواو و هارمۆنیک دەبێ لە دەرەوەی گوڵدانەکەی یوسف سوری بخولقێت.[1]

 

 


[1]. بۆ دیتنی کۆی بەرهەمەکان: https://www.facebook.com/yosef.sori