بۆچی خەڵک گوێگری خوتبە و مینبەری مەلاکان دەبن؟

ژمارەی بینەر 710

2024-03-13

خوێندنەوەیەک بۆ گوتاری پیاوانی دینی کورد لە ڕووی زمان، فۆڕم و ڕواڵەتەوە

بەگشتی و بەدەر لەو ناوەرۆک و پەیامەی مەلای مزگەوتەکان دەیدەن بە خەڵک، فۆڕم و شێوازی پەیامەکە، کاریگەری زۆر لە سەر وەرگرتنی لەلایەن خەڵکەوە هەیە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات، ئاماژە بەو هۆکار و فاکتەرانە بکات، کە یارمەتی مەلاکان دەدات بۆ سەرکەوتن لە گوتاری خۆیان، کە خەڵکانی تر لێی بێخەم و بێخەبەرن.

یەک : زمان و وشەی سادە

مەلا بەپێچەوانەی خەڵکانی خوێندەوار، ئاکادیمی و توێژەرەوە، لە زمانێکی سادە و وشەی فامکراو کەڵک وەردەگرێت و بیسەر پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕاکردن بە شوێن گوتەکاندا نییە. ڕستەی مەلاکان کورت، پێوەندیدار و مانابەخشە و بەپێچەوانەی خەڵکانی سەرەوە، ئاڵۆز و دوورودرێژ نییە. ئەمە لەو شوێنەوە دێت، کە مەلا زانستی کەلامی خوێندووە و لە ڕاستیدا، گەورەترین چەک و بەهێزترین کەرەسەی ئەو، زمان، وشە و هژموونی بێژەییە. ئەوەی گەرەکییەتی، بەڕەوانی و سانایی دەیڵێت. لێرەدا، گوێگر پێویستی بە مەعریفە و پاشخانێکی تایبەت نییە بۆ ئەوەی لە گوتار و پەیامی مەلا بگات، بەڵکوو جگە لە دەستەواژە و دۆعا عەرەبییەکان کە تێی ناگەن، وشە، دەستەواژە و ڕستەکان بە زمانێک و لە ئاستێکدا پێی دەدرێت، کە ئەو دەیزانێت. بەپێچەوانە، خەڵکی ئاکادیمی و توێژەرەوە، زانستی کەلامیان نەخوێندووە، کەمتر وەک مەلاکان هەموو ڕۆژ خوتبە و مۆعیزە و نەسیحەت و ئامۆژگاری دەدەن بۆ خەڵک. وەک هەر دیاردەیەکی ژیانی مرۆڤ، تۆ ئەگەر لە بوارێک زیاتر کار بکەیت و بەردەوام بیت و دووپاتەی بکەیتەوە، تێیدا شارەزا و مامۆستا دەبیت و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەتدا، کەمتر تووشی دامان و هەڵە دەبیت. بۆیە دەبینین، مەلاکان هەم لە کاتی تاکبێژەیی و خوتبە و مۆعیزەدا هژموونیان بە سەر باس و بیسەردا هەیە و هەم لە کاتی دەمەتەقێ و ململانێی فکری (لە ئاخافتندا) لەگەڵ کەسانی سیکۆلار و ئاکادیمی، هژمونی ڕێژەییان هەیە. ڕەوانی وتار و زمانی سادە و دەنگی زاڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی بیسەر باسەکە بە درووست و هەقیقەت وەربگرێت و کەمتر گومان، ڕەخنە و پرسیاری بۆ بێتە پێش.

دوو: مۆنۆلۆگ، مینبەر و سەکۆ

شێوەی دایالۆگ و گوتاردانی مەلاکان، بەشێوەی مۆنۆلۆگە. واتە خۆی بێژەری یەکەم و تاقانەیە و لە سەرەتا تا کۆتایی خۆی باسەکەی دەبات بەڕێوە. مەلاکان لە مزگەوت ڕووبەڕووی دیبەت و پرسیار و هەڵکۆڵین نابنەوە. بۆیە لە کاتی خوتبە و مۆعیزەیاندا، پێویست بە بیرکردنەوە، وەڵامدانەوە و گەڕان بەشوێن بەڵگە و فەکت ناکات. بیسەر پێی وایە، بێژەر (مەلا) کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر تەوەرەکەدا هەیە و ئەمە بە لێهاتوویی ئەو و ڕاستی باسەکە وەر دەگرێت.

هەروەها، مەلاکان لە سەر مینبەر و سەکۆی بەرز دادەنیشن. لە هەموو شوێنێکی مزگەوتەکەوە دەبینرێن و سەرنجی خەڵکەکە ڕا دەکێشن. مزگەوت میکرۆفۆن و بڵندگۆ بۆ خوتبە و مۆعیزە دابین دەکات و دەنگی مەلا بەباشی بە هەموو شوێنێک دەگات و بیری بیسەر لە باسەکە و قسەکانی مەلا دانابڕێت و ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی گوێگر لە گوێگرتن بەردەوام بێت و باسی مەلا وەک شتێکی درووست وەربگرێت. بەڵام ئەم مۆدێلە بۆ سێمینار و توێژینەوەی زانستی بەرێوە ناچێت. بۆ باسی زانستی دەبێت کات تەرخان بکرێت بۆ خستنەڕووی بەڵگە و پرسیار و وەڵام. هەندێک لە سێمینارەکان بەشێوەی دیبەیت و باسی دوو لایەنە و چەند لایەنە دەچێت بەڕێوە. هەروەها سێمینار و خەڵکانی ئاکادیمی زیاتر لە ئاست و بەرزایی خەڵکەکە دادەنیشن و خاوەن ڕازاندنەوە و مینبەر نین.

سێ: حەماس، ورووژاندن و خۆبەهەقزانین

یەکێک لەو تێکنیکانەی مەلاکان پێی ڕاهێنراون و کەڵکی لێ وەردەگرن، بەکارهێنانی هەست، غرور، دەمارگرژی و حەماسی خەڵکە. مەلا لە کاتی خۆیدا، دەنگی زاڵ و زبر دەکات بۆ پێناسە و نەخشاندنی دیمەنێکی حەماسی، هەندێ جار دەنگی ئارام و خەماوی دەکات تاکوو وتە و پەیامەکەی زۆرترین کارلێکەری لەسەر بیسەر هەبێت. کارکردن لە سەر پرسگەلی وەک شەرەف، نامووس، غیرەت و پیاوەتی، فاکتەرگەلێکن کە مەلا کەڵکی لێ وەردەگرێت، تاکوو بیسەر لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات و لەڕێگەی ئاراستەکردنی مەترسی بۆ ئەخلاق، خێزان و ژن و کچ و تاد، بیسەر لە مستی خۆیدا گرمۆڵە بکات و ئەوەی گەرەکییەتی، بیکات بە گوێیدا و لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات. زۆرێک لەو کەسانەی لە پای مینبەر و خوتبەی مەلاکاندا دادەنیشن، لە کاتی هاتنەدەروەیان، مرۆڤێکی تر و جۆرێکی ترن و قووڵتر و رێک وەک مەلاکە، لە سەر ئەو شتە بیر دەکەنەوە، کە ئەو باسی کردووە. هەموو ئەم گۆڕان و هاوڕاکردنە، لەڕێگەی کارکردنە لە سەر هەستەکان و غرور و شتی لە چەشنە درووست دەبێت.

دیارە توخمگەلی وەک هەست و غرور لە مرۆڤدا، پێویست بە بەڵگە و شیکاری ناکات. حەماس و تەعەسوب، شتێکە کە بەبێ بەڵگە و تەنیا لەڕێگەی ورووژاندنی هەستەکانەوە ڕەگ دادەکوتێت. مەلاکانیش، شارەزایی باشیان لە بەکارهێنانی ئەم تێکنیک و توخمانەدا هەیە.

چوار: جلوبەرگ و ڕاواڵەت

ئەگەرچی پەیام و ئارمانجی مەلاکان عەرەبییە، بەڵام زۆربەی مەلاکان جلی کوردی و جلوبەرگی ڕەسەن لە بەر دەکەن. مەلا کار ناکات، لەشی بۆنی ئارەقی لێ نایەت، جلەکانی چرچ و لۆچ و خراپ نین و سیمایەکی جوان و ڕازاوەیان هەیە. مەلاکان ڕیشی خۆیان کورت دەکەنەوە، دەموچاویان خاوێنە و پەیامێکی ئەرێنی دەدەن بە بینەر و ئامادەبوو.

هەروەها، مەلا خاوەن ڕۆژمێرە و دەزانێت کەی خوتبە و مۆعیزەی هەیە، یان کەی بەرانبەر بە کامێرا دادەنیشێت. بۆیە خۆی ئامادە دەکات. بینەر و ئامادەبوو، بەهۆی جلی کوردییەوە، هەست دەکات ئەوەی مەلاکە دەیڵێت، شتێکی ڕاست، ڕەسەن و هەقیقەتە. بۆیە ئاسانتر و بەبێ هەوڵی زیادی بۆ جێخستی پەیامەکەی، مەبەستەکەی مەلا دەگات. بەڵام خەڵکانی تر، یان جلوبەرگێکی ئاسایی (کراس و پانتۆڵ)یان لە بەردایە و یان جلی فەرمی (چاکەتوپانتۆڵ و بۆینباخ) کە وەک ڕواڵەتێکی ناکوردی چاو لێدەکرێت. بەشێک لەو کەسانەی گوتاری پێچەوانەی مەلاکانیان هەیە، کەمتر ئاگاداری ڕواڵەت و سیمان و بە شێوەیەکی ڕۆژانە و هەندێ جار شپڕێو دەچنە بەردەم خەڵک و کامێرا.

لەڕاستیدا کەمتر زانا و ئاکادیمییەکی کوردی دەبینیت، کە بە جلی کوردییەوە باسەکەی خۆی پێشکەش بکات. بۆیە ئەو گۆڕەپانە چۆڵ کراوە بۆ پیاوانی دینی. لە ئاکامدا پەیامەکەیان، لە ڕووی ڕواڵەت و جلوبەرگەوە ئەو کارلێکەرییەی نییە کە مەلاکان لەبەر دەستیاندایە.

پێنج: گێڕانەوە، نەسەلماندن و نابەڵگەمەندبوون

بنەمای گوتار و خوتبەی مەلاکان لە سەر چەند شت دامەزراوە. فەرموودە و گێڕانەوە، بەشی سەرەکی ئەم گوتارەیە. لەڕاستیدا، ئەوەی وەک فرمان و یاسا و بنەما دەردەچێت (حوکم دەکرێت) بەسەر بیسەردا، قسەی کەسانێکی ترە کە سەردەمێک بەهۆی ڕووداوێکی تایبەت و لە دۆخێکی دیاریکراودا وتوویانە. پیاوانی دینی ئەمە وەک ئەسڵ و هەقیقەت لە کتێبە دینییەکاندا دەخوێنن و پاشان وەک فەرمان و حوکم بۆ گوێگری دووپاتە دەکەنەوە. سەرەتا و گریمانەی ئەم فۆڕمە لە گوتاردان لەلای بیسەر ئەوەیە کە ئەو شتەی مەلا باسی دەکات، درووست و هەقیقەتە. بۆیە مەلاکان ناکەونە ئەو چاڵاییانەی کە بەڵگە، فۆرموول، ئامار و سەلماندن بۆ گوتەکانی خۆیان بێننەوە. ئەوەی گرینگە گرێدانی باس و حوکمێکە لەگەڵ پیاوێکی دێرینی دینی. لێرەوە ڕەوایەتی و شەرعیەتی ئەو شتەی مەلا دەیڵێت، سەلمێندراوە و بەپێی گریمانە، ڕاستە و پرسیارهەڵگر نییە. بەڵام خەڵکانی خوێندەوار و ئاکادیمی، دەبێت بۆ هەر باسێک سەرچاوە، توێژینەوە، ئامار، ئەزموونی کار و تاقیگەیی نیشان بدات. بەدەر لەوەیکە ئەم کارە چەندە سەخت و کاتبەرە، شوێنکەوتنی باسەکە لەلایەن بیسەرەوە سەختە. بەڵام گوێگری مەلا، تەنیا بەوە کیفایەت دەکات کە مەلاکە دەڵێت، فڵانە کەس لە فڵانە کتێبدا ئەوەی فەرمووە.

شەش: ترس، هەیمەنە و شەرم

گوێگری مەلا ڕێگە و بوێری ئەوەی نییە کە لە کاتی پرسیارکردندا، بڵێت چۆن؟ بۆچی؟ کەی؟ بەپێی کام بەڵگە و شاهید و تاد. بۆیە لە کاتی پرسیار و وەڵامدا، هەمیشە ئەو وەڵامەی لەلایەن مەلاوە دەدرێتەوە، وەک شتێکی ڕاست و تەواو وەردەگیرێت و ئەمەش وەک بایەخێک و کرێدیتێک دەدرێت بە مەلاکە.

لەڕاستیدا لە وێژمانی دینیدا، ئاست و پانتایی پرسیار سنووردارە. هەروەها قانعنەبوون بە وەڵامی پرسیار، نزیک دەبێتەوە لە دەرچوون لە دین. بۆیە مەلاکان کەمتر دەکەونە تەنگەژە و هێنانی بەڵگە و سەلماندنی قسەکانی خۆیان.

لەم سۆنگەوە، مەلا وەک کەسێکی خاوەن ئاگاداری و توانست و کاریزما دێتە بەرچاو کە زۆر شت دەزانێت و توانستی هەیە وەڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە. بۆیە لە پاش پرسیار و لە جارەکانی داهاتوودا، خەڵک باشتر گوێی لێ دەگرێت.

قسەی مەلا بەڵگە و سەرچاوەیە و وەرنەگرتنی، بەواتای ڕەتکردنەوەی لایەنی دینی باسەکەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ترس، شەرم و خۆپاراستن لە هەڵکۆڵینی باسەکە و بەردەوامی لە پرسیار.

بەکورتی، پرسیارەکەر هەمیشە ڕۆڵێکی پاسیڤی هەیە تاکوو کونجکۆڵ و بەڵگەویست. بۆیە هەمیشە باس و قسەی مەلاکە دەچێتە پێش و دەسەلمێت.

حەوت: نەریت، ڕێز و ئەخلاق

بەهەر هۆکارێک بێت، توێژی پیاوانی دینی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا شوێنگەیەکی جیاوازیان هەبووە. مەلاکان کەمتر تێکەڵ خەڵک دەبن. یان لە مزگەوت لە سەر مینبەر و وەک وتاربێژ و ئامۆژگاریکەر دەرکەوتوون، یان لە مارەبڕین و تەڵقین و ئەو جۆرە ڕێوڕەسمانەدا هاتوونەتە ناو خەڵک، کە لەم بۆنانەشدا، پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە. لەڕاستیدا کاتێک هاتوونەتە ناو خەڵک، هێندە نەماونەتەوە کە شەرم و خۆخواردنەوەی خەڵک بڕەوتێتەوە و وەک کەسێکی ئاسایی لەگەڵ مەلا مامەڵە بکەن.

بۆیە هەمیشە دیوارێک لەنێوان خەڵک و مەلادا هەبووە و ئەمە ڕێگر بووە لە درووستبوونی پێوەندییەکی ئاسایی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا.

ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی، پێگەی ڕێز و پیرۆزبوون و لەسەرەوەی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە مەلاکان ببخەشرێت. بۆیە کاتێک مەلا دەیەوێت پەیامێکی دینی بدات بە خەڵکەکە، بەپێی ئەو پێگەی بۆی درووست کراوە، خەڵک گوێی لێ دەگرن. ڕەنگە ئەگەر هەمان پەیام لەلایەن کەسێکی ترەوە بدرێت بە خەڵکەکە، لەبەر ئەوەی خاوەن ئەو ترس و هەیمەنە کۆمەڵایەتییە نییە لەلای خەڵک، گوێی لێ نەگیرێت و لە دەوری خڕ نەبنەوە.

 

کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی نەجیب و ڕێزگرە. هەمیشە ڕێزی بۆ کەسانی تر، بەتایبەت میوان هەبووە. زۆربەی مەلاکان خەڵکی ئەو گوندە یان ئەو گەڕەکە نین. بۆیە بەجۆرێک غەریب و میوانن. لەم ڕووەوە خەڵک ڕێزیان لێ دەگرێت، خوڵکیان دەکات و گوێیان لێ دەگرێت.

ئاکام

بۆ وەرگرتن و جێکەوتنی گوتارێک، چەندین فاکتەر دەور ئەبینێت. بێگومان یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکان، ئەدەبیات، فۆڕم و ڕواڵەتی پەیامەکەیە. جەماوەریبوونی وێژمانێک، بەمانای بەهێزبوون، بابەتیبوون، ڕاستبوون و بەڵگەمەندبوونی نییە.

پۆپۆلیسییبوونی گوتارێک دەتوانێت بە مەزاج و حەزی خەڵک بێت و بەڵێن و چارەسەری کورت و دەستبەجێیان بداتێ. بەشێک لە پەیامی پیاوانی دینی، لە فۆڕمی پۆپۆلیستیدا ئاراستە دەکرێ و یەکێکە لە هۆکارەکانی بۆ وەرگیرانی لەلایەن خەڵکەوە.