دوایین وانە

ژمارەی بینەر 777

2024-08-09

نووسینی: ئالفۆنس دوودە

ئالفۆنس دوودە کە لە ساڵەکانی١٨٤٠ تا ١٨٩٧ی زاینی ژیاوە و لەو نووسەرە خۆشناوانەی دوو سەدەی ڕابردوی فەڕەنسەیە کە بە کۆمەڵە چیرۆکی ئاشەکەی من ناوبانگی دەرکرد و بە زۆرێک لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕدراوەتەوە. لێرەدا لەزاری منداڵێکەوە دەدوێت و ئەوەش بەگوێرەی ڕووداوێک لە ساڵی ١٨٧٠ی زاینیدا قەوماوە و فەڕانسە و ئاڵمان تووشی شەڕ دەبن و لە دەرەنجامی ڕووداوەکەدا فەڕانسە دەدۆڕێت و دوو ناوچە و شاری مەزن بە ناوەکانی ئێلزاس و لۆرێن لە ڕۆژهەڵاتی فەڕانسە دەکەوێتە دەستی ئاڵمانەکان و بە پێی دابی سیاسی گەلی دۆڕاو زمانی وڵاتی داگیرکەر دەسەپێ بەسەریا و لە ئەو دوو ناوچەدا و زمانی فەڕەنسی قەدەغە دەکرێت.  

      بیرمە ئەوی ڕۆژێ لە مەکتەب وەدرەنگ کەوتبووم، نەک هەر لە تفووتاڵی مامۆستا زۆر وەڕەز بووم لەترسیشی ڕۆحم دەچوو، بەتایبەت بۆ سەعی شەوانە و خۆ ئامادەکردنی ئەمڕۆ، ڕاهێنانی  «ناوی بکەر »و «ناوی بەرکار»ی دابوو بەسەرمانا و منیش تەپم لێ نەدەپێکا.  چەلێ لەسەری دام  کورتانی لێ لار بکەم و نەڕۆمەوە و ڕوو لە چۆڵ و ساراکەم. چونکە ڕۆژێکی خۆش و خۆرەتاو بوو. لە لایێکەوە مەل و موور لە هەزار بەزمە دەیانخوێند و لەلایێکی دیکەوە لەو دیوو شوورا بەرزەکانی کارگەکانەوە کە ببوە مۆڵگەی سەربازانی ئاڵمانی دەنگی ڕێژە و هەرا و زرموکوتی لەشکەریان  دەهات کە دایم ڕاهێنانیان پێ دەکردن.هەر دەمگوت بەڕاستی زۆر گەمژەیی دێنێ خۆم لەو هەموە خۆشییەدا خەنی نەکەم و بڕۆمە سەر وانەی "ناوی  بەکار و ناوی بەرکار" و لە سێبەری لووتی مامۆستا دۆش دابدەم. ئاخری نازانم چۆن بوو لە کەلی شەیتان هاتمە خوارێ و ملی ڕێگای مەکتەبم گرتەبەر.

لەڕێگا دیتم خەڵکی لەبەردەم شارەوانی شاردا خەریکی خوێندوەی بەیانییە هەڵاواسراوەکانن کە بۆ ماوەی دووساڵ دەبوو ببوە مەکۆی هەواڵی یەک لەدوای یەکی تێکشان و دەستکەوتەکانی شەڕ و بگرە و بەردە و فەرمانە سەربازییەکانی ئاڵمانیەکان. لەبەر خۆمەوە گوتم خوا دەزانێ دیسان چ کەتنێکیان بۆ ناوینەتەوە و گوێم نەدایە و تێپەڕیم کەچی لەناکاو ئاسنگەری گەڕەک کە بەباشی دەیناسیم  و لەگەڵ بەردەستەکەی هاتبوون بۆ خوێندوەی بڵاوکراوەکە بە دەنگێی گڕ گوتی کوڕە هەدا بدە وەدرەنگ ناکەوی دڵنیابە، گوێم نەدایە هەروا بە فڕکان خۆم کرد بە قوتابخانەدا. دڵخۆشی خۆم بەوە دەدایەوە کە ئیستا پێش لەوەی مامۆستا دەست بکات بە وانە گوتنەوە، منداڵان دەیکەنە هەراو گەڵپەگەڵپ و تەقەی مێز و خرپەخرپ و  جووڵە و دەنگی بەرز و تورەکە پشکنین هەرای مامۆستا کە هەردەڵێت کوڕە وست بن و بەڕاستەکەی بەسەر مێزاندا دەدات  و منیش بەئەسپایی بە پسکەپسک  لە کاتێکدا مامۆستا بەری بەولاوەیە خۆم دەکەم بەژوورەکەدا و چ نابێ.  وام لێک دەداوە لەو کەند ولەندە دەرباز دەبم . کە گەیشتمە بەر پەنجەرەی پۆلەکە و گوێم هەڵخست نە ورتەێیک نەچرپەێیک نەدەنگێک هیچ لە ژوری قوتابخانەکەوە نەدەهات وەک بڵێی گیانلەبەرێکی تێدا نەبێت. چاوم لێکرد هەمو بێدەنگ و بێ جووڵە لەسەر کورسییەکانیان دانیشتبوون و مامۆستا «هامل» ڕاستە بەدەست هەر ڕاوێشکان دەکات و دێت و دەچێ و لە ژوورەکەدا.

مامۆستا هامڵ ڕەنگی بزرکا و زەرد هەڵگەڕا، هەندێ خۆی گورج کردەوە و سەر و ملی هەڵێنا بەجۆرێک کە قەتم ئاوا باڵابەرز نەهاتبوە بەرچاو و زاری کردەوە و گوتی :  هاوڕێیانی ئازیز و منداڵەچاوگەشەکانم ، خۆشەویستانم ، ئیتر ئەوکی گیراو و دڵی پڕ بوو. گریانێکی قورس و گران بەربین و هەناسەی گرت و هیچی بۆ نەهات بیڵێی و  ڕووی کردەوە تەختەڕەشەکە و پارچە تەباشیر( گەچێکی) هەڵگرت و بە هەمو هێزیەوە بە هێڵێکی مەزن نووسی

بژی فەڕانسە

ئیتر هەردوو دەستی نا بە تەختەڕەشەو و بە ئیشارە پێی گوتین؛

ماڵاوا ، تەواو بوو دووایین وانە.

چار نەبوو  جرج ئاسا بە ئەسپایی دەرکەم کردەوە ڕەنگ بزرکاو وەک تاوانبارێک بە ملەتاسکێ کە هەر چاوم زرتەی دەهات تەلسمی ترسم شکاند و خۆم بە ژوورێدا کرد. کەچی مامۆستا «هامل» هەر کە منی دیت بێ ئەوەی تووڕە بێت گوتی فڕکە بکە و بڕۆ دانیشە وەختە بەبێ تۆ دەست بە وانە گوتنەوەی بکەین.خزامە سەر جێگاکەی خۆم و هەندێ هەناسەبڕکێکەم تەواو بوو سەیری مامۆستا هاملم کرد کەواو دەمەڵقۆپانە ئاغانەکەی کردبوە بەری و تەنانەت سۆرانییەکانی دادابویەوە کە بەدەگمەن دەبینرا مامۆستا فەقێیانە داباتەوە مەگەر جارناجارێ بۆ بۆنەی تایبەت یان بۆ دوایین تاقیکردنەوەی ساڵ. لەوەش سەیرتر چاوێکم گێڕا بۆ کورسییەبەتاڵەکانی پۆلەکەمان لەڕیزی دواوە کەچی ئەمڕۆ کورسی بەتاڵت تێدا نەدەدی. خەڵکی شارۆچکەکە هەر لە گسک لێدەری پێشوی پۆستخانەکە کوێخا کۆنەکەی گەڕەک و دەروێش هۆسەر بە مێزەر و تەقیلەی ڕەنگیلەیەوە پاڵیان لێداوەتەوە و متەقیان لەخۆیان بڕیوە و ورتەیان لێوە نەدەهات.

دەروێش هۆسەر کتێبەکۆنێکی داڕزیو و چڵکن و پڵکنی لەبەر دەم خۆیا دانابوو و چاویلکەێیکی بە پەت بەسراوی زەڕەبینی کردبوە چاوی و جارێ بۆ مامۆستای دەڕوانی و کەڕەتێک  بۆ کتێبە کۆنەکەی بەردەمی کە هەر خوا دەزانێ لەکوێی هێنابوو.لەو دەمەڕا مامۆستای قوتابخانە ورد و لەسەرەخۆ بەقادرمەکەدا هەڵکشا بۆ سەکۆی پێش تەختەڕەشەکە و ڕووی تێکردین و لەسەرخۆ و گوتی: منداڵە خۆشەویستەکانم ئەمڕۆ دوایین ڕۆژە کە پێکەوین و ئەمەش دوایین وانەی ئێمەیە کە لەم پۆلەدا بە زمانی فەڕەنسی دەیخوێنین چونکە بڕیارە و لەبرلین دراوە و کراوەتە سەرمان کە لێرە بەدواوە نابێ  لە قوتابخانە و شوێنە ئیدارییەکانی ئیڵزاسدا زمانی فەڕەنسی بەکار بێنن و وانەی بڵێنەوە هەر بەو پێیە لە سبەینێوە مامۆستای زمانی ئاڵمانیتان بۆ دەنێرن و ئەمەش دوایین وانەیە کە بە فەڕەنسی دەیخوێنین کەوابوو بە وردی گوێی بۆ ڕادێرن.

بیستنی ئەو وتانەی مامۆستا وڕ و کاسی کردم، تاسێک بردمییەوە و گوتم ئەمانە بە تانوپۆمانا دەچنە خوارەوە و تازەم زانی خەڵکی بۆچی وەک پوورە هەنگ دەوری بەیانییە هەڵاواسراوەکەی بەردەم شارەوانیان دابوو. ئیتر تەواو ئەژنۆم شل بوو چۆن دەبێ ئەمە دوایین وانەی فەڕەنسی بێت؟ ئەی هاوار من قوڕی کوێ بەسەرمدا بکەم هێشتا چوار ڕستەی فەرانسەویم بۆ یەکناخرێ ئیترلەو قوڕەخەستەی ئاڵمان چۆن وەدەر بێم؟ بیرم لەو سەگەڕاو و بەتاڵپایی و سەرسەرییەی خۆم دەکردەوە و دەمگوت  داخەکەم خۆم بە خوێندن و فێربوونی فەڕانسیەوە ماندوو نەکرد،ئەوەتا ئاواو لە کیسم چوو. ئەو جانتا و قەڵەم و کتێب و دەفتەرە دەتگوت گڕیان وا پێوە بوو ئەوەندە لێی بێزار بووم کەچی لە ناکاو وا هەمویان لەبەر چاوم شیرین بوون ئامادە بووم تا دەمی مردن لێیان نەتەکێمەوە تەنانەت مێژووی پڕپێچ و کەند و لەندی ئینجیلی پیرۆز و ئایین و سەرف و نەحوی دووا بڕاویش لێم بوە بە کاکڵە و مەویژ و نوقڵ و نەبات.

جا وەرە ئەو هەستەی من، دڵم بۆ دووری و نەبوونی مامۆستا پڕ ببوو نە شریخەی شەپڵاخە لەناکاوەکانیم لەبیر ما نە جنێو و وهەرەشە و ڕەق و شەقی بێبەزییانەی. مامۆستای پیر بۆ دوایین وانەی فەڕەنسی جوانترین جلوبەرگەکانی لەبەر کردبوو ، پیاوماقووڵانی شار لە گزیر و و وەرزێر و ئاشەوانەوە تا کوێخا و ردێن سپی هەر هەموویان بۆ دوایین ماڵاوایی لە وانەی فەڕەنسی لەو پۆلەدا بەشدار ببوون وپێموابوو خۆیان دەخواردەوە و حەسرەتی ڕابردوی لەکیس چووی خۆیان و دەرفەتی باش فێر بوونی فەڕەنسییان هەڵدەمشت و بەو حاڵەشەوە بۆ دەسخۆشانەو و ماندوونەبوون گوتنێک بە مامۆستای چل ساڵەی، تانوپۆ سپی زمانی فەڕەنسی هاتبوونە قوتابخانە.

هەر لەو خەیاڵات و گێژ و مەندیا بووم مامۆستا میسیو هامل بانگی کردم و وتی وەرە وانەی پێشوومان بۆ بڵێوە. بەوخوایە بەدڵ حەزم دەکرد بڕۆم سەرلەبەری ڕێزمانی «ناوی بکەر و ناوی بەرکار»بەبێ گرێ و گۆڵ بڵێمەوە و ئیفادەێیکیش بۆ قوتابیان بنوێنم.

بەڵام چیبکەم هەر زاریشم هەڵنەبچڕا وڕ و مات بووم و وەخت بوو دەستەگوڵێک بە ئاودا بدەم و فینگەفینگ لە قوڵپەی گریان بدەم. من کە وەک کۆتاڵێک لەجێدا وشک ببووم مامۆستا گوتی: کوڕم ئیستا دەزانی گوێنەدان و وێڵ سووڕانەوە یانێ چی؟ دەزانی ئاکامی ئەوەی بەردەوام بەخۆت دەڵێی کات زۆرە هەر فێر دەبم ئەمڕۆ نەبێ سبەینێ ، دەڕۆژیتر و مانگێکیتر و بەوشێوەیە تەمەن دەڕوا و دەرفەتیش بەدویدا وەک باکەی شەماڵ دێت و دەڕوا و ناگەڕێتەوە؟ بەڵێ کوڕم ڕۆژڕەشی ئێمە هەر ئەوەیە فێربوون و ڕاهێنان و وانە وەرگرتن و وانەدانەکانمان دەخەینە سبەینێ! دەی بەڕاست ئیستا ئاڵمانییەکان حەقیانە پێمان بڵێن ئێوە چۆن فەڕەنسەوێیکن نەدەزانن بە زمانەکەتان قسە بکەن و نەدەزانن بنوسن و بیخوێنەوە؟

بەڵام کوڕم تەنیا تۆ تاوانبار نیت تاوان هی ئەودایک و باوکەکانەیە کە منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە بەڵکو تەیاریان دەکەن بۆ پارە پەیداکردن و دەیانێرن بۆ گاوانی و ئاشەوانی و درەوو ودەسکەنە یان لەگارگەێیکدا کار بکەن. هەر ئەوان نین منیش تاوانبارم ، ئەمن وەک مامۆستا، ئێوەم دەبردە مەزرا بە ئاوداشتنەوە سەرقاڵم دەکردن و من خۆم دەچوومە سەرچۆمێ بۆ قولاپەڕاو و ڕابواردن بەجێگەی ئەوەی پێداگربم لەسەر سەعی و وانەکان و بەهەند وەرگرتنی کاتی قوتابخانە. ئیتر مامۆستا هامڵ سەری قسەی بردە سەر زمانی نەتەوەیی و فەرموی، زمانەکەمان شیرینترین زمانی گۆی زەویە و لە هەر زمانێکیتر زیاتر خارا دراوە و خۆشەکراوە و بێ گرێ و ساف و ڕەوانە و ئەرکە لەسەرمان زمانەکەمان بپارێزین و بەئەمانەتەوە ڕایگرین و هەوڵی بۆ بدەین و ئەو ڕاستیەش لەبیر نەکەین: مادام ئێمە ئیستا داگیرکراوین دەبێ بزانین هەر نەتەوەێیک بەدەستی بێگانە داگیرکرا  و وەک دیل مایەوە زمانەکەی تاکە« کلیلی » بەندیخانەکەیەتی و هەردەم لە دەستی خۆیدایە و ڕۆژو هەلی ڕزگاری هەربۆ دەڕەخسێ.

 مامۆستا هامل چوەسەر وانەی ڕێزمانی فەڕەنسی و منیش لەکوتوپڕدا زۆر سەیر ئەو چی دەگوت، کرژ دەچوە دڵمەوە و تێدەگەیشتم و بە چێژ و تامێکی تایبەتەوە. ڕێک ببوومە هەست و گوێ بۆ وتەکانی مامۆستا. جا سەیرتر لەوە ئەوە بوو ڕاستە من یەکسەر تووابوومەوە و و گوێم ڕادەگرت، بەڵام مامۆستا هامڵیش بەزمانێکی ڕەوانتر و بە شێوەێیکی دڵاوێن و بتاوێن و ئاسانتری دەگوتەوە و وا دیار بوو دەیویست ئەوەی وا لەهەست و نستیدایە لەم دوایین ساتانە و دوایین وانەدا بیکات بە قوڕگی بیر و عەقڵ و هۆشی ئێمەدا. لە وانە گوتنەوە بویەوە و ئێمە سەرقاڵی ڕاهێنان و نووسینەوە بوین . مامۆستا هامڵ بۆ هەریەک لە ئێمە لەسەر پەڕەی زەرد و سوور و کەسک بە خەتێکی خۆش ئەو چوار وشەی بەیادگار بۆ نوسیبوینەوە":

فەڕانسە، ئێلزاس،فەڕانسە، ئێلزاس )   )

سەردێڕ ڕەنگاڵەکانمان لە پێش چاو دانابوو وەکو ئاڵای زەرد و سوور لەو پەڕ تا ئەو سەری ژوورەکە بەدەستانەوە بارەوباریان دەکرد، سرتەێیک لە هیچکەسەوە نەدەهات جاربەجار جیڕەی نەی و مرەکەب و کاغەز بێدەنگی ژوورەکەی دەشکاند بەڵام نە ورتەێیک نە دەنگێک ، تەنانەت چەند زارۆکی بچوکیش لە پۆلەکەدا بوون کە هەر دەیانزانی هێڵی ڕاست و خوار بکێشنەوە تەواو بێدەنگ بوون . لەپڕ دووسێ زەردەواڵە بە گیزە و ویزەیانەوە وەک فڕۆکە بەناو پۆلەکەدا هاتن و دەسووڕانەوە ، لە سەر لێوارێ گوێسەبانەکە دوو گاکۆتر هەر گمەیان دەهات و یەکیان دەلاواندەوە خۆمان لێ نەبان کردبوولە ناو ئەوە  بێدەنگی و ویزە و گمەدا من بیرم لەوە دەکردەوە تۆ بڵێی گوشار بخەنە سەر زەردەواڵە و کۆترکانیش بە ئاڵمانی بخوێنن؟

هەر کە سەرم هەڵدەبڕی مامۆستا هاملم دەدیت وەکو کەسێک لە گیان کەنیشتدا بێت هەر بەدار و دیواری  پۆلەکەیدا دەڕووانی ، دەیویست چاوی دڵ و دیدەی پڕبکات لەو فێرگەیەی کە تەمەنێکی چل ساڵەی تیا بڕیبوو. بیرم دەکردەوە، تۆ بڵێێ هەستی چۆن بێت؟ چل ساڵە ئەو لێریە و هەر قوتابییە هاتوە و چوە و ڕیش و سمێڵی مامۆستایە کە سپی و بۆز بوە.  سویان و بریقەدار بوون و ڕەنگ گۆڕاوی مێز و کورسییەکانە وەک بیرەوەری  تفت و تاڵ، کاڵ بوونەتەوە و  گەشە و باڵاکردنی نمامە گوێزەکانی ناو حەوشەکەیە کە ئیتر سێبەر و پەلوپۆئ وڵاتی داپۆشیوە و تارمایی خستۆتە پۆلەکە.

دیارە دڵکەندن لە ئەم شوێنە کە هەر قوژبن و سووچ و هەر کورسێیک  کە دەیبینێ دەیان و سەدان بیرەوەری تاڵ و شیرینی لێ بەجێماوە وا ئاسایی نابێت و نییە چۆن دڵی لێ بکەنێ؟ جار دوور دەڕوانێ جار نیگای ون دەبێ و جار چاو لێک دەنێ، چارە نییە حوکمە و دراوە ولەپیاوان دەقەومێ دەبێ بەجێی بێڵێ ئەم سەنگەرە. سبەینێ دەبێت باروبنەی پێچێتەوە و هەر ئیستاش ناوبەناو خوشکە پیرەکەیمان دەدیت کە خەریکی باروبنە لێک نانی مامۆستایە،  جانتاێیک و هەندێ شڕ وشیتاڵ چما دەتگوت ماڵی قەرەتاژدین تێک دەنێ، ئیتر ماڵ بەکۆڵیە و وڵات جێهێشتن.

دڵی پڕ بەڵام خۆڕاگر بوو ، دەیشاردەوە کە بێقەرارە و هەدای نەدەدا بەس بەخۆی نەدەخست و هەر دەیویست مامۆستا بمێنێتەوە ویقاری نەشکێ. ڕاهێنانمان تەواو ببوو ، وانەی مێژوو دەستی پێکرد، منداڵە بچوکەکان ڕاهێنانی ئەلف و بێیان دەکرد، گڵمەگڵم و هەراو و پچەپچ پۆلەکەی گرتبویەوە. دەروێش هۆسەر لە سووچی سەرەوە بەندی چاویلکەکەی توند دەکردەوە و خۆی لە دەنگی بەرز و لە گوتنەوەی ئەلف و بێ و ڕاهێنان دەبوارد نەوەکوو بەو سەری پیرییە منداڵەکان بیکەنە گەپجاڕی خۆیان.  دیمەنێک بووتایبەت، سیمای ئەوڕۆژەی پۆلم هەر لەپێش چاوە نەمدەزانی ئاخۆ بگریم یان پێبکەنم. لەو سەروبنەدا بوو زەنگی کەنیسەکەی دوازدەی نیوەڕۆی لێدا و دەنگی کەڕەنا وهەرای ڕێژەی سەربازانی ئاڵمانیش بەرز بویەوە کە لە ڕاهێنان دهاتنەوە و بە بەر قوتابخانەکەماندا تێپەڕین.

مامۆستا هامڵ ڕەنگی بزرکا و زەرد هەڵگەڕا، هەندێ خۆی گورج کردەوە و سەر و ملی هەڵێنا بەجۆرێک کە قەتم ئاوا باڵابەرز نەهاتبوە بەرچاو و زاری کردەوە و گوتی :  هاوڕێیانی ئازیز و منداڵەچاوگەشەکانم ، خۆشەویستانم ، ئیتر ئەوکی گیراو و دڵی پڕ بوو. گریانێکی قورس و گران بەربین و هەناسەی گرت و هیچی بۆ نەهات بیڵێی و  ڕووی کردەوە تەختەڕەشەکە و پارچە تەباشیر( گەچێکی) هەڵگرت و بە هەمو هێزیەوە بە هێڵێکی مەزن نووسی

بژی فەڕانسە

ئیتر هەردوو دەستی نا بە تەختەڕەشەو و بە ئیشارە پێی گوتین؛

ماڵاوا ، تەواو بوو دووایین وانە.

 

تێبینی " ئەو دوو ناوچەی فەڕانسە دوای نزیک بە ٤٥ ساڵ و لەشەڕی یەکەمی جیهانیدا گەڕایەوە سەر خاکی فەڕانسە"

من ئەم کورتە چیرۆکەم لە کتێبی حەوت وڵاتی حەمەعەلی جەماڵزادەوە وەرگێڕاوە و لەگەڵ کاکڵەی دەقە فەڕانسییەکە بەراوردم کرد جیاوازی تایبەت بە پارسیزم و دەوڵەت نەتەوە و دەوڵەتی شاراوەی فارسی تێدایە و ساڵی ١٣٣٤ لە گۆڤارێک لە تاران بڵاوکراوەتەوە.

 زمانی کوردی ئەمانەتی لەبیرکراو ))

  1. Alphonnse Daudet
  2. Elsass
  3. Lorraine
  4. France
  5. Allemagne-Deutschland- Germany