ئێران لە لێواری پاشەکشێ یان رووخان؟

ژمارەی بینەر 2490

2024-10-29

پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ناوچەکە تووشی شڵەژان و نائارامییەک بوییەوە کە پێدەچێ ئاکامەکەی ئاڵوگۆڕی سیاسی و جوگرافی و ئەمنی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەو ئاراستەیەدا کۆمەڵێک پرسیار دەێتە ئاراوە کە بریتین لەمانە. هۆکاری سەرەکی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چ بوو؟ ئاخۆ دەستێکی دەرەکی یان بە پێی نەخشەیەکی گەورەتر ئەو هێرشە کرا؟ ئێران چ رۆڵێکی هەبوە لەو هێرشەدا؟ ئەو هێرشە دەرفەتێ بوو بۆ رزگار بوون و بازدانی زیاتری ئیسرائیل یان خەسارێکی ئەمنی بوو؟ رۆڵی وڵاتانی زلهێزی وەک ئامریکا، چین و روسیا چ بووە؟ بەرژەوەندی کامیانی مسۆگەر کرد یان لە بەرژەوەندی کامیانی دا؟ ئێران لەو گەمەیەدا چارەنووسی چ دەبێ و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو کوێ دەچێ و ئەنجامەکەی چ دەبێ؟ کۆماری ئیسلامی ئامادەی پاشەکشێ و سازانە یان لە لێواری رووخاندایە؟

نەخشە گەورەکە

ئامریکا پاش ١١ی سپتامبەر پەلی دەهاویشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفغانستان و عێراقی داگیر کرد و بە دروشمی پارێزگاری و دابین کردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی لەم ناوچە جێگیر کرد. بەڵام لە ٢٠٠٨ تووشی قەیرانی ئابووری بوو، بەشێکی زۆر لە راوێژکارانی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نیشتمانی دەسەڵاتدارانی ئامریکایان لەوە ئاگادار کردەوە کە هۆکاری قەیرانە ئابوورییەکە ئەوەیە ئامریکا هێزو تێچوویەکی زۆری لەو وڵاتانەدا خەرجکردوە کە نەک نەیتوانییوە ئامانجەکانی بپێکێ بەڵکوو وایکردوە لە کونترۆڵ کردنی چین چاوپۆشی بکات، هەرچەند ئەو هوشدارییە پێشتر سامۆئێل هانگتینتۆن لە ٢٠٠٠ لە کتێبی پێکدادانی شارستانییەتەکاندا، بە ئامریکای دابوو بەڵام پاش قەیرانی ئابوری ٢٠٠٨ ئەو پرسە لای سیاسەتداڕێژەرانی ئامریکا زەق بویەوە. لە ئەنجامدا ئامریکا لەسەردەمی ئوباما بەملاوە چاوی بڕیە ولاتانی ئاسیای پاسێفیک و بەرەبەرە هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشانەوە. هەر ئەو چاو بڕینەی ئامریکا لە وڵاتانی ئاسیا بە تایبەتی رۆژهەڵات و باشوری ئاسیا و زەریای هێمن بۆ کونترۆڵ کردنی چین و روسیا بوو کە سەرەتا دژکردەوەی روسیای لێکەوتەوە کە هێرشی کردە سەر جورجیا و ئاپخازیاو ئوستیای لەو وڵاتە دابڕی. دواتریش لە ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر کریمە لە ئوکراین و لە ٢٠٢٢یش بەتەواوی بەشێکی زۆری ئوکراینی داگیر کرد. لاوازکردنی چین و روسیا تا ئێستاش بەردەوامە و پێدەچێ بۆ چەندین دەیەیتر ئەوە سەرەکیترین  تەوەری سیاسەتی دەرەوی ئامریکا بێت. 

  • کاربەدەستانی ئێران لەوە تێناگەن کە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی جارانی بۆ ئامریکا نییە. لەوانەیە پاش ئەو بە جێ هێشتنە ئێرانییەکان ئاواتی ئەوە بخوازن دیسانەوە ئامریکا بێتەوە ناوچەکە بۆ راگرتنی پارسەنگی هێز

لەوەها هەلومەرجێکدا کە ئامریکا چاوی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگرتوەو چیدی ئەو گرنگییەی جارانی لا نەماوە، ئیسرائیل هەستی بە مەترسی ئەمنی لەسەر خۆی کرد بۆ دابین کردنی ئاسایشی خۆی و ژێربەژێر کاری سیخۆری و ئەمنی کرد لەسەر حیزبوڵا و دەزگا ئەمنییەکانی ئێران.

وڵاتانی موسڵمان لە سێ بەرەدا

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ وڵاتی دەوروبەری کە زۆربەی موسڵمانن لە ٢٠٠٨ بەملاوە بە تایبەتی پاش سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش سێ بەرەی دژبەیەک ساز بوو. یەکیان بەرەی ئێران و پرۆکسییەکانی لە عێراق، سوریا، یەمەن، فەلەستین و لوبنان، دووهەمیان بەرەی تورکیاو قەتەر کە بە بەرەی ئیخوانی ناسراوە و سێهەمیان بەرەی سعودیاو ئیمارات کە بە بەرەی سەلەفی ناسراوە. ئەم سێ بەرەیە لەو ساڵانەدا تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت لە رکابەری و تێکهەڵچوونی سەربازی و ئەمنی و سیخۆریدا بوون دژی یەکتر، ئەنجامەکەشی پاش ئەوەی زانیان یەکتریان پێ ناشکێ، سازانێکی کاتییە بە تایبەتی لە نێوان سعودیا و ئێران، ئێران و تورکیا، سعودیا و تورکیا.

  • کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لایان وایە ئەو رۆڵە بۆ چین و روسیای دەگێڕن هەر هەمان رۆڵە ئێسڕائیل بۆ ئامریکای دەگێڕێ بەڵام ئەوە تەنیا وەهمێکی ساویلکانەیە. 

ئەم وڵاتانە لەو ساڵانەدا کە لە ئامریکا و رۆڵگێڕانی ئەو وڵاتە نا ئۆمێد ببون، هەر کامەو بە جۆرێک چاوی ئومیدیان لە چین و روسیا بوو، بەڵام روسیا پاش جەنگی لەگەڵ ئوکراین تووشی قەیران بوو تەنانەت دەوریشی زۆر کەمترە لە جاران. بەڵام چین لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری خۆی ئەو وڵاتانەی ناچار کرد کە لەگەڵ یەک بسازێن بە تایبەتی ئێران و سعودیای بەو پێکهاتنە ناچار کرد. روونیش نییە وەها رێککەوتنێک چەندە دەخایەنێ.

 

گەمارۆی ئێران بە دوو کۆریدۆر

ئێران لە چەند لاوە بە درووست کردنی دوو کۆریدۆر گەمارۆ دەدرێ. بە ئەنجام گەیاندنی ئەو دووانە گرنگی پێگەی ژیوپۆلیتیکی ئێران لە ناوچەکە زۆر کەم دەکاتەوەو وای لێدەکات تەریک بکەوێتەوە. هەڵکەوتەی جوگرافی ئێران بە جۆرێکە دەکەوێتە سەرەڕێی وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوایی بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز و شتومەکەکان. بەڵام بە سازکردنی دوو کۆریدۆر کە لە باکوور و باشووری ئێرانەوە تێدەپەڕێ، ئێران گرنگی خۆی لەدەست دەدات.

کۆریدۆری IMEC

کۆریدۆری ئایمێک یان (کۆریدۆری ئابووری هیند- رۆژهەڵاتی ناوەراست- ئەوروپا ) ئەم کۆریدۆرە هیندوستان لە رێگەی وڵاتانی کەنداوو ئیسرائیلەو دەبەستێتەوە بە وڵاتانی ئەوروپایی. ئامریکا پشتیوان و داڕێژەری سەرەکی ئەم کۆریدۆرەیە. هەرچەن ئەو وڵاتە راستەوخۆ سودی لێ نابینێ بەڵام دەیهەوێ لەم رێگەوە هیندوستان بەهێزتر بکات و چینی پێ لاواز بکات. ئێران لەم کۆریدۆرەدا هیچ رۆڵێک نابینێ  و سودی لێ نابینێ لە حاڵێکدا بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕێ کە لە ژێر دەسەڵاتی دەریایی ئێراندایە. هەر لەم پێناوەشداو بۆ پتەو کردنی پەویەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل باسی بەستنی پەیمانی ئیبراهیم لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە. لەراستیدا پەیمانی ئیبراهیم پەیمانێکی ئەمنی بوو بۆ پاراستنی ئەو کۆریدۆرە.

کۆریدۆری زەنگەزور

پاش جەنگی ئازەربایجان لەگەڵ ئەرمەنستان و داگیرکردنی دوبارەی بەشێک لە قەرەباخ لە لایەن ئازەربایجانەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە هەوڵدان کۆریدۆرێکی بازرگانی، لۆجێستیکی و وزە بکەنەوە. ئەم کۆریدۆرە رێگەیە بۆ گەیاندنی چین، ئاسیایی ناوەڕاست و قەفقاز بۆ تورکیا و دواتریش ئەوروپا. ئەم کۆریدۆرە دەروازەی پەیوەندی  ئێران لەگەڵ ئەرمەنستان و دواتریش ئەوروپا دادەخات. لە راستیدا ئێران لە باکوریشەوە لە هاوکێشە ئابورییەکان دوور دەخرێتەوە.کەواتە ئێران هەم لە باشوورو هەم لە باکوریشەوە بە دروستکردنی ئەو دوو کۆریدۆرە گەمارۆ دەدرێ و دەکەوێتە دەرەوەی هاوکێشە ئابووری و وزەییەکانی ناوچەکەوە. گەمارۆدانی ئێران بەو دوو کۆریدۆرە دەبێتە هۆی بێبەش بوونی ئێران لەو کەڵکەی تا ئێستا لە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی وەریدەگەرت. هەر بۆیەش تێکدانی ئارامی دۆخی ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئێران بوو. ئەوە جگە لەوەی ئێران لە باری ئایدیالۆژیییەوە ئیسرائیل وەک دوژمن دەناسێ و لە دەستورەکەشیدا ئاماژەی بە لەناوبردنی ئیسرائیل کردوە. جگە لەوەش تێکدانی دۆخی ئەمنی ناوچەکە لە بەرژەوەندی روسیاشدا بوو بۆ ئەوەی فوکوسەکە لەسەر جەنگی ئوکراینیا لاچێ. هەر بۆیە حەماس بە یارمەتی ئەو دوو وڵاتە ٧ی ئوکتۆبەر هێرشێکی هۆڤانە دەکاتە سەر خاکی ئێسرائیل و لە بەرامبەردا ئەو وڵاتەش هێرشەکانی نەک بۆ سەر حەماس بەڵکو هەموو پرۆکسیەکانی ئێران و لە کۆتایشدا بۆسەر خودی ئێران دەستپێکردوە.

تێکچونی باڵانسی بەرگری

تا پێش ٧ی ئۆکتۆبەر جۆرە باڵانسێکی بەرگری لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەبوو. دوای ٧ی ئۆکتۆبەر باڵانسی بەرگری هێز لە بەرژەوەندی ئێران تێکچوو. دوای لەناوبردنی  ئیسماعیل هەنییە  لە تاران و کوشتنی حەسەن نەسرۆڵا باڵانسی هێز ئەمجار لە سودی ئێسرائیل گەڕایەوە. دیسان دوای هێرشە هاژەکییەکانی ئێران لە دوو قۆناغدا کە ئێران نێوی وەعدەی سادقی لێ ناوە، ئێران باڵانسی بەرگری هێزی دیسان لەبەرژەوەندی خۆی گۆڕی. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسمان و خاکی ئێران توانی هەمدیسان باڵانسی بەرگری لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێ. ئەم قۆناغەی ئێستا ئێرانی تێکەوتوە سەرباری ئەوەی لەباری سەربازییەوە دەبێ دژکردەوەی هەبێ و لانیکەم باڵانسەکە ئەگەر لەبەرژەوەندیشی نەبێ وەکوو جارانی لێبکاتەوە و هاوتەرازی بکات، بەڵام لە ئەرزی واقێع ئێران دەزانێ توانایی ئەوەی نییە درێژە بەو شەڕە بدات و لە داوی ئێسرائیل بکەوێت. لە میدیای فەرمی کاربەدەستانی ئێرانی تا ئێستا هەوڵیان داوە ئەو هێرشە بە بێ بایەخ و کەم کاریگەر لەقەڵەم بدن، تاوەکوو لە رای گشتیدا وای بنوێنێ پێویست بە وڵامدانەوە ناکات. ئەوەی روونە، کاربەدەستانی ئێرانی بڕیاریان داوە پاشەکشێ بکەن. پاشەکشێ و دەستبەردار بوون لە فەلەستین و لوبنان و سوریا، شتێک نییە کە بژاردەی خۆدی ئێران بێت. ئێران هیچ رێگایەکی جگە لە پاشەکشێ نییە  یان دەبێ پاشەکشێ بکات یان رازی بێت بە رووخان و لەناوچونی.  بەڵام پاشەکشێ کردنی ئێران بە مانایی تەواو بوونی قەیرانەکانی نییە

ئامریکا ناوچەکە چۆڵ دەکات

ئامریکا ویستیەتی لە رێگەی  زیندوو کردنەوەی پەیمانی ئیبراهیم یان پەیمانێکی لەجۆرە ناوچەکە بە جێ بهێڵێ. شیمانەی ئەوە دەکرێ ئێسرائیل جڵەوی سەربازی و ئەمنی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرێ و سعودیاش جڵەوی ئابووری و وزە.  وەها رێککەوتنێک ئێران زیاتر لە جاران تەریک دەخات. کێشە ناوخۆییەکانی دیسان سەرهەڵدەداتەوە. ئێران ئەو وڵاتە بوو کە لە حالەتی ئاسایدا دەیتوانێ ببێ بە هاوپەیمانی ئیسرائیل و تەنانەت لە باتی ئەو، رۆڵ لە ناوچەکە بگێڕێ بەڵام بە هۆی ئایدیالۆژیایی دواکەوتوانەو دوژمنایەتی نالۆژیکی لەگەڵ ئامریکاو ئیسرائیل وایلێکردوە لە نێو خۆیەوە زیاتر دابتەکێ و تووشی پوکانەوە بێت. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لایان وایە ئەو رۆڵە بۆ چین و روسیای دەگێڕن هەر هەمان رۆڵە ئێسڕائیل بۆ ئامریکای دەگێڕێ بەڵام ئەوە تەنیا وەهمێکی ساویلکانەیە. روسیاو چین ئەوەندەی گرنگی بە سعودیا و ئیماڕات و قەتەر دەدەن بە ئێرانی نادەن. ئاڵووێرە ئابورییەکانی ئێران لەگەڵ چین بە پارە ناکرێ بەڵکو لەباتی  ئەو نەوتە هەرزانەی دەیدات بە چین وەک چاخەکانی سەردەمی کۆن، شتومەک هاوردەی ئێران دەکات.

  • ئێران لە چەند لاوە بە درووست کردنی دوو کۆریدۆری  زەنگەزورو IMEC گەمارۆ دەدرێ. بە ئەنجام گەیاندنی ئەو دووانە گرنگی پێگەی ژیوپۆلیتیکی ئێران لە ناوچەکە زۆر کەم دەکاتەوەو وای لێدەکات تەریک بکەوێتەوە.

ئێران چەندین ساڵە نەیتوانیەوە لە سیستەمی دارایی و بانکی جیهانی بۆ شەفاف سازی و دژی پارە شۆردنەوە(FATF) بەشدار بێت، بە هۆی گەندەڵی و قاچاخ و رەچاو نەکردنی پێوەرە ستانداردەکان بەردەوام دەخرێتە لیستی رەشی ئەو سیستەمەوەو لەگەڵ هیچ وڵاتێ ناتوانێ بازرگانی و ئاڵووێری ئاسایی بکات مەگەر بە ژێربەژێرو قاچاخ. لەم قۆناغەی ئێستادا ئێران هەموو چاوێکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئامریکایە. چاوەڕێی ئەوە دەکات کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئامریکا تاوەکو لەگەڵ مەرج و پێشمەرجەکانی خۆی رێکبخات. بەڵام کاربەدەستانی ئێران لەوە تێناگەن کە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی جارانی نییە بۆیان. لەوانەیە پاش ئەو بە جێ هێشتنە ئێرانییەکان ئاواتی ئەوە بخوازن دیسانەوە ئامریکا بێتەوە ناوچەکە بۆ راگرتنی پارسەنگی هێز بەڵام ئەوە دوکتورینی تازەی ئامریکایە بۆ چەندین دەیە. ئێران دەمێنێتەوەو هەموو ئەو وڵاتانەی دەوروبەری کە لە خۆی کردوە بە دوژمن. گەمەکە بۆ ئێران لەهەر دوو سەرەوە دۆڕانە. چ درێژە بە جەنگەکە بدات کە توانایی ئەوە نییە، چ پاشەکشێ بکات کە ئەوەش زیاتر ئیسرائیل و وڵاتانی دەوروبەری هان دەدات بۆ توند کردنەوەی فشارەکان لە سەری. دەستی ئێران لە لوبنان و فەلەستین کورت دەکرێتەوە، لە یەمەن حوسییەکان گورزی توندیان بەرکەوتوە. لە سوریاش پێشبینی دەکرێت ئێران ناچار بێت پاشەکشێی بەرچاو بکات بەتایبەتی ئێران زۆر لە بەشار ئەسەد توڕەیە کە لەم شەڕەدا بێدەنگ بوەو بەرەی شەڕی لە بەرزاییەکانی گوڵانەوە دژی ئیسرائیل نەکردوەتەوە.

ئەو نەزمە نوێیەی ئیسرائیل باسی دەکات و چۆڵ کردنی ناوچەکە لە لایەن ئامریکاوە بۆشاییەکی تازە لە ناوچەکە دروست دەکات کە پێدەچێ دەسەڵاتە هەرێمییەکان بۆ چەندین ساڵ تووشی شەڕو پێکدادان بن لەگەڵ یەک. ئەوەی دەیباتەوە یەکگرتوویی و هێزە.