٢٥ ی نۆڤامبه‌ر، چه‌مكه‌ مرۆییه‌كان ئامرازێك بۆ توندوتیژی دژ به‌ ژنان

ژمارەی بینەر 698

2024-11-25

بە درێژای مێژووی نوسراو و نەنوسراوی مرۆڤایەتی ژن هەمیشە ناوەند و سەنتەرێک بوە بۆ تاقیکردنەوەی هەر چەشنە توندوتیژییەک! گەلێک جار کە باس لە سەر توندوتیژی دەکرێت بە گشتی فۆکوسی میدیاکان لە سەر بابەتی توندوتیژی واتای توندوتیژی فیزیکی، کوشتن و ئازاری جەستەیی و جنسی ژنانە و لایەنەکانیتری شاردراوی توندوتیژی بەو شێوازە کە پێوستە تیشکی ناخرێتە سەر، وەکو توندوتیژی ڕۆحی و ڕەوانی، ئابووری ، توند و تیژی لە ڕێگەی وشە و زمانی جەستە و داسەپاندن و چەسپاندنی ئەدەبیاتکی پیاوساڵار و هتد. جەستەی ژن هەمیشە وەک یەکێک لە خاڵە کێشە لە سەرەکان لە شەڕ و ململانێکاندا، مەیدانی یەکلاییکردنەوەی شەڕێکی نامرۆڤانەی پیاوسالارانە بووە. چاوەدێرێکی شەرەکانی باڵکان لە ساڵانی نێوان ١٩٩٢-١٩٩٥ نووسیبووی: بە دەستدرێژیکردن و لاقە کردنی ژنان بۆمبەکان پاشەکەوت دەکرێن. بە لاقە کردن چەندین ئامانج دەپێکرێت کە بە بۆمب ناکرێت.

مردنی ڕۆح و جەستە و لە ناوچوونی بونیاتی بنەماڵە و کۆمەڵگە کە ئاسەوارەکەی وا بە زوویی سارێژ نابێتەوە. وشەگەلی شەرەف و نامووس تا بە ئيستاشەوە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە کوردستانی خۆشمانەوە، گرێدراوی داوێنی ژن بووە و بەو پاساوە هەزاران ژن و کچ گیانیان لیئەستێندراوە.  وەکو کورد جاری وایە لە خۆم ئەپرسم گەر بۆ پیاوی کورد واتای شەرەف؛ نیشتمان و خاک بوایە بڵێی ئێستا وەک میللەتی کورد ئێمە لە کوێی مێژوودا بووینایە؟ دیارە ئەم شێوازە توندوتیژیانە کە لە سەرەوە ناومان برد زۆر بەرچاوون و باسیشی زۆر دەکرێت.  لێرەدا دەمهەوێ ئاماژە بە نەوعێک لەو توندوتیژیانە بکەم کە زۆر زیرکانە کار لە سەر ئەو چەمکە مرۆیی و بنەماییانە دەکات کە بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەری لەناو کۆمەڵگا دەوریان هەیەو لە پێداویستیەکانی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مافخواز و یەکسانیخواز بە حسێب دێت. لایەنە شاراوەکانی ئەم جەنگە کە بە جەستەی ژن دەکرێت زۆر جار وا زیرەکانە دەچێتە ناو توێی ڕەفتارە کۆمەڵایەتیە باوەکانەوە کە بە دەگمەن دەتواندرێ بخرێتە ناو خانەی توندوتیژی دژ بە جەستە و ڕۆح و ڕەوانی ژن. ئەگەر سەرنجتان دابێت ساڵانە مۆدێلی ئامرازی یارییە منداڵانەکان دەگۆڕدریت و هەر ساڵە شتێک دەبێت بە مۆد. ساڵانێکی زۆرە کە هەر جارە و مۆدێلێکی نوێی باربی دێتە بازار.  دیارە ئەوە بە ڕواڵەت بەس بووکێکە بۆ یاریکردنی منداڵان دروست دەکردرێت و باس لەو وزە و ئینرژیەی کە لە پشت داڕشتنی جەستە و لەش و لاری ئەو بووکە هەیە، ناکرێت ئەوە کە ئامانج و بیرۆکەیەک بوونی هەیە کە خوێندنەوەی دەروونناسانەی کۆمەڵگاکەی لە هەموو گۆشەنیگایه‌کەوە بۆ ئەو ئامرازە سادەی یاری منداڵانە کردووە و لە پێناو بەرژروەندی قازانجی خۆێ بە کاری دەهێنێت.

 کاتێ کە هێزێکی نەبینراو کار لە سەر ئەوە دەکات کە مۆدلی ژنی قابلی پەسند ببێتە مۆدێلی باربی و تەنانەت کارخانەکانی یاری منداڵانیشی بۆ وەگەر دەخات، لە پشت ئەو جەنجاڵی براندسازیە بیرۆکەکەی ئابووری خەوتووە کە زۆر هۆشیارانە کۆمەڵگە دەستکاری دەکات و بەر ئەساسی ئەو باسەی جەستە و لەش و لارە پەسەندە کە وروژاندویەتی، سەدان و هەزارن کۆنسرنی گەورە وەگەڕ دەخات و زیرەکانە وا کۆمەڵگە دەستکاری دەکات کە ژنان و کچانێکی زۆر بێ بێرکردنەوە بە ناوی ئەوەی کە ئەم جەستە جەستەی خۆمە (کە دیارە هەر بە ڕاست دەبێت وا بێت و ئەوە یەک لە بنەماکانی دادپەروەرییە وئەوە کە پێوستە هەر کەسە مافی بڕیاری لە سەر جەستەی خۆێ ببێت)، هەزاران ژن خۆیان دەخەنە بەر تیغی جەڕاحی و خۆیان عەمەل دەکەن و لایان وایە کە ئەوان خۆیان بڕیاردەری سەرەکی بوون، لە حاڵێکدا کە وا نەبووە و لەو مافە بنەڕەتیە ئەساسیەی ئەوان زۆر زیرەکانە کەڵک وەرگیردراوە و کاری دەروونناسی بۆ کراوە و لە شوينێکیتر لە پێناو قازانجی ئابووری جەماعەتێکی کەم زۆرترین دەوریان لە سەر لە بەلاڕێدا بردنی ئەو مافە سەرەکی و بنەڕەتیانە داناوە. نادیار و شاراوە دەستکاری پێوەرکانی جوانیناسی بۆ ژن دەکرێت، کوتوپڕ لە بەرچاوی پیاودا ژنی پەسەند دەبێتە ئەو ژنەی کە لەش و لار جەستەی باربی هەیە و جار سمتی چکۆلە و جاریش سمتی گەورە، قاچی بەرز و جار سنگ و مەمکی چکۆلە و جاریش سنگ و مەمکی گەورە و جاریش لێوی بارێک و ئەبرۆی کەمان و جارێکیش لێوی قەڵەو و ئەبرۆی پان و ئیتر…دەبێت مۆد و جێگای سەرنجە کە ژنانیش بۆ ئەوە کە لەو چوارچێوە دیاریکراوەی جوانیناسیدا ببنە جێگای سەرنجی پیاوان، بەر دەبنە ئەنواعی عەمەلیات و هەر جارەی بە فۆرمێک خۆیان دەستکاری دەکەن؛« جا ئا لێرەدا ئەوەی کە هەر کەس جەستەی هی خۆیەتی و مافی خۆیەتی چی ئەوێت لە گەڵ ئەو جەستەدا بیکات» مانای خۆێ لە دەست ئەدات، چۆن پيش ئەوە کە ئەو تەبلیغ و پرۆپاگەندە بۆ ئەو مودێل باربیە بکرێت ئەو ژنە ئەسڵەن لە فکری ئەوەدا نەبووە خۆێ وا لێبکات، چوون جوانیناسی ئەو کۆمەڵگە پێشتر ژنی ئەبرۆ باریکی دەمووچاو خڕ بووە و کاتێک کە زیرەکانە پێوەرەکانی جوانبوون دەگۆڕدریت و بیروڕای گشتی بۆ ئامادە دەکرێت کە ژنی جوان دەبێ لە باربی بچێت. 

لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی باشتری بابەتەکە باسی نموونەیک دەهێنمەوە کە لە کتێبی پڕۆپاگەندا نووسینی Edward Bernays سەبارەت بەوە کە چۆن دەکرێت ئەندازیاری هۆشیاری کۆمەڵگە بکرێت و ئەو هۆشیاریە لە پێناو ئامانجێکی ئابووری یان ڕامیاری بە لاڕێدا ببرێت. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا جگەرەکێشانی ژنان وەک تابۆیەکی کۆمەڵایەتی لە ئامریکا دەبینرا و ئەو ژنانەی کە لە شوێنی گشتیدا جگەرەیان دەکێشا، زۆرجار بەڕەو ڕووی قسەی سووک و نەشیاو دەبوون و توندوتیژیان بەرانبەر دەکرا. لەو کاتەدا پیشەسازی تووتن لە پێناو قازانجی ئابووری کارخانەکەی «Edward Bernays» ڕاسپارد کە هەوڵبدات وێنەی گشتی جگەرەکێشان بۆ ژنان بە شێوەیەکی ئەرێنی بگۆڕێت. بێرنایس جگەرەکێشانی بە بزووتنەوە و خواستی یەکسانیخوازی ژنان بەستەوە و بە هاوکاری لەگەڵ مامی سیگمۆند فرۆید کە شیکاری دەروونناس بوو، بیرۆکەی دانانی دروشمی جگەرە وەک "مەشخەڵی ئازادی" پەرەپێدا. جگەرە بە شێوەیەکی ڕەمزی گرێدرا بە خەباتی مافخوازانەی ژنان بۆ یەکسانی.

گرینگترین شت لەم هەڵمەتەدا، کاری بانگەشە بوو کە بە وردی ڕێکخرابوو لە کاتی نمایشی Osterparade ی نیویۆرک لە ساڵی ١٩٢٩ بێرنیس کۆمەڵێک ژنی گەنج و سەرنجڕاکێشی بەکرێ گرت و بانگهێشتی کردن بۆ ئەوەی لە نمایشەکەدا لەبەردەم خەڵکدا جگەرە بکێشن - کردەوەیەکی وروژێنەر بوو کە تەحەدای نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی دەکرد. ئەو ژنانە بە ڕۆژنامەوانەکانیان ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی بە دەستەوەگرتنی جگەرە ئەوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەو شێوازە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی خۆیان و دژ بە سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی ژنان دەجەنگن. هاوکات بێرنێس ڕێکخستنێکی باشی بۆ ئامادەبوونی فۆتۆگرافەر و پەیامنێران بۆ بەڵگەمەند کردن و هەروەها بڵاو و دابەشکردنی ئەو چالاکییە لەسەر ئاستی نیشتمانی کردبوو. ڕۆژنامەکان بە جۆش و خرۆشەوە ئەم "یاخیبوونە"یان بڵاوکردەوە و جگەرەکێشانی ژنان بوو بە هێمای ئازادیی ژنان لەبەردەم خەڵکدا. هەڵمەتەکە سەرکەوتوو بوو: جگەرەکێشان لە نێو ژناندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردو جگەرەش زیاتر وەک( Modeaccessoire) ئیکسسواراتێکی مۆدە و دەربڕینی ڕزگاری سەیر دەکرا. لە ئەنجامدا پیشەسازی تووتن قازانجێکی زۆری کرد. دەستکاریکردنی هۆشیارانە و زیرەکانە و ڕێکخراوی، بیروبۆچوونی گشتی و ئەندازیاریکردنی لە پێناو بەرژەوەندی ئابووری و ڕامیاری و هتد و کادۆپیچ کردنی لە ناو وشەگەلی دیموکراسی و ئازادی ئەوەندە زیرکانە یاری بە عەقڵی مرۆڤ دەکات کە بە دەگمەن هەستی پێدەکرێت. توند و تیژی ڕوخسارگەلی جیاوازی هەیە کە پێوستە بە سەریدا تێپەڕ نەبین لە سەری بوەستین و تیڕامانی بکەین!

بۆ نووسینی ئەم بابەتە لە کتيبی پرۆپاگەندەی Eduard Bernays کەڵکم وەر گرتووە