لە سۆمەرەوە بۆ ئارتا

ژمارەی بینەر 1258

2025-02-24

لە سۆمەرەوە بۆ ئارتا

ئەم بابەتە ڕامانێکە لە نووسراوە گڵینەکانی سۆمەر ولە درێژەی وەرگێران و خوێندنەوەی حەماسەی گێل گامێش دا بە پێویستم زانی ئاوڕێک لە داستان و گێڕانەوەی ئارتە بدەمەوە. کەدەتوانێ لە پەیوەندی دا بێت لەگەڵ خوێندنەوەی گێڵ گامێش. لەڕاستیدا بۆ ڕامان و ڕوونبوونەوەی زۆرتری باسی پەیوەست بەخوێندنەوەی ئستورەی گێڵ گامێش کە لە „شوێن پێی کولتووری کوردیی لە ئستورەی گێڵ گامێشدا” خراوەتە بەرخوێندنەوە ، باسی ئارتە دەتوانێ زۆرتر و زیاتر بەرە و ئەم گریمانە بەهێزە ڕامانکێشێ، کە کورد ناتوانێ بەئاسانی دەست بەرداری شارستانیەت و فەرهەنگی سۆمەر بێت. ئارتا کە وەک ئستوورەیەکی سۆمەریی هۆنراوەتەوە و بە وردی باسی شەڕ و داگیرکاری سۆمەر و ئارتە دەکات، کۆمەڵێ بابەتی یەکجار گرنگ و شیاوی ڕامان بەرجەستە دەکاتەوە و دەدرکێنێ، کە سەلمێنەری پشت پێبەسروای ئەوەن کە کوردستان نیشتمانی سۆمەریەکان بووە. ئارتا و سۆمەر گەلێکی لێک دابڕاون کە لێک دوورکەوتوونەتەوە و خاوەنی یەک دین و یەک زوان و یەک ئاینن.

شارستانیەتێکیان لە چیا و ئەوی تریش لە پێوازی نێوان ڕووباران جێگیربووە. خاوەنی یەک خواژنن و هەردوو خۆیان بە پەیڕە و خاوەن فەڕی ئینانا دەزان. سوورن کە لەیەک رەچەڵک و مێژوو وسەرزەوینن و سەروەت و سامان و هەڵکەوتەی ئارتا بووەتە هۆی ئەوەی میرانی سۆمەر چاوی تەماحی تێبڕن و هەوڵی داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی بدەن، سۆمەر لە دوائەنجام دا، دەتوانێ بە شەرێکی دەرونیی و درێژ خایەن بەمەبەست و ئاواتەکانی خۆی بگات. سەروەت و سامانی ئارتە بەناوی خواژنی ئینانا بۆ خۆی دەستەبەرکات و ئارتە و فەرماندەی ئارتەش لە ژێرناوی ئینانا و هیوابراو بوونی لە فەرڕو پیتی ئینانا خۆی دەدات بەدەستەوە. دەبێت کانگای سامان و کانزا گرنگەکان بۆ سۆ مەرو چاوچنۆکیەکانی و ڕازاندنەوەی پەرستگاو زیگۆراتەکانی بێت. ئارتە لە دەڤەرێکی چیای هەڵکەوتووە و خاوەنی کانزاو بەردی لاجەوەرد و زێر و زیووە. لەپشت زنجیرە چیایەکەوە یا لەسەر دووندی یەک لەم چیایانەدا هەڵکەوتووە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سۆمەر و سۆمەریان دەبێ زنجیرە چیایەکی حەوت چیایی ببڕن، تا دەگەنە ئارتا. ناوی ئارتە بە هەندێ جۆر و شێوە نووسراو بێژەکراوە وەک” ئارتتا، ئارتە، ئارتا”، کەجیاوازیەکی زۆریان بەیەکەوە نییە و من بۆخۆم پێم وایە ئەم ڕستە زۆر لە”ئار و ئاور و” دوورنییە. کاتێ سەیری شوێن و هەڵکەوتەی ئارتا دەکەین و جوگرافیای ئور یا ئوروک دێننە بەرجاوی خۆمان دەتوانین لەسەر بنەمای جوگرافیا و هەڵکەوتەی ئەم دوو شوێنە و مانا و واتای رۆشنایی و گەرمی لە هەناوی ئەم دۆخەدا  بەم شرۆڤەیەوە وەک گریمانەیەکی لەواقع و ڕاستی نزیک بینەوە،کە بڵێن؛ ئارتە وئارتا  واتە خۆر، گەرمی ، ئاورین و ڕووناکی، لە ئاراستەی ڕۆژهەڵات دا.

لەکوردیدا هەنووکەش دەلێن؛ خۆر چما ئاورە، سوورەتاوە ، واتەگەرم رووناکە ئاورین. ئاگرین. ئاور و رووناکی و گەرمی و خۆرهەڵات هاوبنەماڵەن دەتوانن هەڵگری مانای رووناکی و گەرمی و درەوشانەوە بگەیەنن. ئارتا دەکەوێتە رۆژهەڵات و خۆرهەڵسانی ئورەوە، بەدەرکەوتنی خۆر کە لە دوندی چیاکانەوە بەرەو دەشتی نێوان ڕوودان مل دەکێشی سەرپاکی سۆمەر رووناک دەبێتەوە باەرگا و مەعبەد و کۆشک و تەلاری دەکەونە دروشانەوە پرشنگ دانەوە.

هەرچەندە هەندێ بۆ چوون هەیەکە، ئارتا بە ئەرتە یا ئارتە بێژە دەکات و پێی وایە کە بەمانای داد دێت و پێشگری ناوی زۆرێک لە پادشا کۆنەکانە؛ وەک ئەرتە شێر نەک ئەردە شێر کە من ڕام وانییە و ئەردە دەکرێ بەمانای زەوین و هەرد هاتبێت، کە جێگیر تر و نزیک لەڕاستیتر دەنووێنێ.( ١)  دیانکۆنۆف لە مێژووی ماددا دەڵێت؛ ئاشووریەکان پاشان هێرشیان بەردە سەر پادشایەک بەناوی”ئاتا” لە دەڤەری”داگاردا” کە رەنگە ناوچەیەک بێت لەسنەی ئێستا. (دیاکۆنۆف لا ١٥٢) . ڕوونە ئەم ناوە لە ناوچەی مانداو ماد و پەش و پاش ئەوانیش ناوێکی ئاشنایە بە بێژە و دەنگی لێکجیاوازەوە. ئارتە هەرمانا و لێکدانەوەیەکی بۆ بکەین دەکەوێتە جوگرافیای هەنووکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە(٢).ئەوەی لێردا زۆر شیاوی سەرنج و ڕامانە هەندێک بۆچوونی شیاوی ڕامان هەن کە ئاماژە بە سەرهەڵدانی سواڵەتە گڵینە نوسراوەکانی سۆمەر دەکەن و دەلێن؛ پێ دەچێت ئینمرکار ، پادشای ئور یەکەم کەس بێت،کە ئەم سواڵەتانەی دروستکردووە بەکاری هێناون.ساموئل کریمەر دەڵێ؛ پێدەچێت یەکەم جار لەسۆمەردا شا ئینمرکار ئەم کارەی کردبێت، جوونکە ئەو هەناردەی کە دەی نارد بۆ ئارتە زمانێکی پاراو ڕەوان و مشت وماڵدراوی نەبوو، هەتا وادەردەکەوێت کە بەجۆرێ زمانی گیراوە،(ساموئل کریمەر لا٣١و١٤ سواڵەتە گڵینەکانی سۆمەر) لەم داستانەدا کۆمەڵێ زانیاری گرنگ و شیاوی رامانمان بۆدەردەکەێت ،کەدەتوانین بڵێن؛ ئەمانە لە هەرە  گرنگەکانیانن.

یەک؛ ئارتە و سۆمەر خاوەنی یەک زمانن و هەموو نووسراوەکانی نێوانیان بەیەک زمانە و هیچ پێویستی بە وەرگێر و وەرگێران نییە،

دو؛ سۆمەر و ئارتە خاوەنی یەک ئاینن و هەردوکیان دواکەوتووی خواژنی بەناوبانگ ئینانان

سێ؛ لەرووی فەرهەنگی و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیەوە خاوەنی یەک فەرهەنگ و دەکرێت بڵێن سەربەیەک شارستانیەتن، لەدوو چەمکی جیای جوگرافیای وڵاتێکدان

چوار؛ سەرزەوینی ئارتە دەکەوێتە کوردستانی هەنووکەی ڕۆژهەڵات و ئەمە دەرخەری ئەم گریمانەیە کە سۆمەریەکانیش دەکرێت هەرسەر بەم وڵات و جوگرافیا بن. ئەم گێرانەوە بە ناوەرۆک و جوگرافیا و دین و کەلتوورە وە بەگریمانەیەکی نزیک لەیەقین راست و روداوێکی واقعیە.  هەرلەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە و بەواقع گرتنی ئەم داستانە هۆنراوەیەم من بە ناوی” جەنگنامە” وەرگێراوە

ئەو رێگایانەی کە شارستانیەتی ئاسیا „مقدم” یان دەبەستەوە بە ئاسیای ناوەڕاست و ڕەنگە هندستانیشەوە هەموویان بە خاکی ماد دا تێدەپەڕین. دیاکۆنۆف لا٨٣ هەردیاکۆنۆف لەهەمان سەرچاوەدا باس لە نەوت بەناوی „رۆنی مادی” دەکات و بەوردی لە سەر بوونی بەردی گران بەهاو لاجەوەرد و زێر و زیوو لە سەرزەوینی ماددا باس دەکات

سەروەت و سامانێ کە سۆمەر مرقی لێخۆش دەکات و بەناوی دین و لە شەڕێکی دەرونی دا ئارتە دەشکێنێ و بەدەستی دێنێت.(٤)

ئارتە لە ئەدەبیاتی سۆمەردا جێگایەکی یەکجار گرنگ و بەرزیی هەیە، دەتوانین بڵێن ؛ هێندە گرنگی بە ئارتە دراوە بە هیچ دەق و ئوستورە و ئەفسانەیەکی سۆمەری نەدراوە. لە دەقە هیتیەکەی گێڵ گامێش دا ، ئەنکیدۆ و گێڵ گامێش بۆ رازی نەمریی و هەرمان لە کەنارەکانی رووباری فوراتەوە بەرە و سەرەوە دەڕۆن، بەڵام لە دەقە بابلیەکەی دا ئەوان دەتوان بگەنە کێوی مەشۆ لە گێڵ گامێش دا بەدرێژی لەم بابەتە دواوم، پێویست بە پاتکردنەوە ناکات. سامۆێیل کریمەر و عیسای ناسری کە جەنگنامەی لۆکاڵ باندیان لە چیایی هوروم وەرگێڕاوە ،پێیان وایە کە هوورم دەتوانێ پەیوەندی بە هوریەکانەوە هەبێت.هەرلەم ڕوانگەوە دەڵێن؛ دەبێ ئارتە شوێنێک بێت لە دەوروبەری گۆلی ورمێ.

بی جی کوربین ئەندامی تیمی کەڕانە کۆنینەناسیەکانی چارلز ویلیس ١٩٨٨

لەچیای ئارارات و تیمی پشکنینەکانی جاک ئارونیش ١٩٨٩، و شوکی نووسەری کتێبی [[گەڕان بە شوێن کەشتی نوح]دا پێیان وایە کە ئاراتا، دەکەوێتە گۆدین تەپەی ڕۆژهەڵاتی کرماشان  و خۆرئاوای هەمەدان لە شاری کەنگاوەر[ کانگای ئاور]

مهرداد ئیزەدی پێی وایە ئارتە لە گودین تەپەیە.

ئەدەبی سۆمەرو گێڕانەوەکانیان پێو لە باس و خواستی ئارتە، بەنموونە.

هۆنراوەیەکی شولکی سۆمەری دوڵێت ؛ من وای دەڕازێنمەوە وەک ئەوەی بە جەواهێراتی ئارتە رازبێتەوە.

پەندێکی سۆمەری دەڵێ ؛ کاتێ کاربەدەستان بەئاوەز و ژیرین، هەژاران بەوەفان،ئەمە بە بەرەکەتی سامانی ئارتەیە.

سروودی پەرستگای سۆمەر ، ئارتە خاوەنی ڕێزو شکۆیە.

سروودی پەرسگای کیش ئارتە گرنگە.

دەقی جەنگنامەکە سەرەڕای زمانی پاراو و تۆکمە و لەباری، لەڕووی پێکهاتەو داڕشتن و فۆرمی داڕشتەکەیدا یەکجار لە بەیتەکوردییەکان دەچێت و هیوام وایە دەرفەتی شیاوبێت بۆ بەراورد کردنی ئەم دەقە لەگەڵ بەیتەکان.

 

ژێر نووسی پێشەکی

١-وەک کاک فازیل ئوسوڵیان

٢-دیاکۆنۆف مژووی ماد وەرگێڕانی کەریم کشاوەرز، تاران ١٣٤٥

٣-هەمان سەرچاوە.

٤ -ئەم بابەتانە لە ویکی پیدیاوەرگیراون

لێرەڕا دەقی خوێندنەوەیەکی عەرەبی لەسەر جۆری گێڕانەوەکانی جەنگنامەکە ،کە کراوە بە کوردی دەست پێدەکات.

بابەتی پاشتر لە فارسیەوە کراوە بە کوردی لە ساموئل کەریمەر دەقە سۆمەریەکەی وەرگێراوەتە سەر ئینگلیسی.

 

ئارتە سەرزەوینی ڕشنایی وسامان

ئارتا ،یا ئاراتتا دەرماڵێکی مەزنە کە ڕووبەرێکی هەموواری درەخشانی هەیە. یانەیەکە لە یاقووت و بەردی لاجەوەرد کە ئینانای تیادایە. دەتوانین بلێن؛  ئارتا شارێکە لە شوێنێک، کە بارەگای یەزدانی [[ ئینانا]]ی تیادایە.دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمەنەی کە خەڵکی ئوروک بە بارگیری باری دانەوێڵەیان لە لای خۆیان دەبرد بۆ ئەوێ، بۆ ئارتە و بارە گەنمەکانی خۆیان لەگەڵ بەردی گرانبەها و بەنرخ دەگۆرییەوە. دەکەوێتە پشت حەوت چیاوە. ئارتا شارێکە ،کە  زۆرێک لە داستانەکانی سۆمەر لەوێدا ڕوویان داوە و لانکەی ئەم چیرۆکانەیە، بە تایبەتی چیرۆکی [[ئینمرکار]] و فەرمانڕەوای ئارتا. دیارە هەردووکیان و هەردوو  گەلی ناوبراو خاوەنی یەک فەرهەنگ و شارستانی بوون و لە زمانی یەک تێگەشتوون.ئەو داستانانەی پەیوەندیان هەیە بە ئارتا وە لە ئەدەبی سۆمەریدا ئەمانەنن.

ئینمرکار و فەرمانڕەوای ئارتا.

لۆگال باندا لە[[ مەڕی]] چیادا.

ئینمرکار و ئنسونشسیرانا گەوورەی ئارتا

مەبەستیی ڕوون و دیاریکراو لەم چیرۆکانە ئەمەیە،کە سۆمەر مافی خاوەندارێتی هەیە بەسەر هەموو وڵاتە غەوارەکانی جیهانی سەردەمەوە.ئەم داستانە باسی بابەتی لێکڕاسان و دژبەری نێوان ئوروک و ئارتا یا [[ئاراتتا] یە...

لە نێوان ئوروک و ئارتا دا هەر ئەم پاڵەوان و کەسانەن،کە بریتین لە قارەمانانی وەک ئینمرکار فەرمانڕەوای ئارتا و لۆگال باندا و خواوەند ئینانا.

ناوەرۆکی ئەم گێرانەوە و چیرۆکانە بریتیە؛ لە گفتوگۆ و دیبەیتی نێوان ئوروک و ئارتا. کە دەخوازن ڕوونیکەنەوە، کە کێ بەڕاستی  خاوەن مافترە بۆ خاوەندارێتی خواوەندی ئارتا، لە چیرۆکی ئینمرکار و ئینسوشسیرانادا باسە کە لەدەوری هاوسەرگیری پیرۆز و مەیلی ئینانا بۆ فەرمانڕەواکان و سەروەریی و زاڵبوون و باشتربوونی کام شارە.؟ لە هەموو دۆخەکاندا ئەم بەربەرەکانێ و لێکڕاسانە و بەردە بەردەیە بە ئاشتی کۆتایی دێت و میکانیزمە کانی ئاشتی ڕۆڵ دەبینین. دیارە ئەم هۆکارانەی ئاشتی و میکانیزمەکانی جیاوازن، لە چیرۆکە جیاوازەکاندا.

لەگێڕانەوە و چیرۆکی ئینمرکار و فەرمانڕەوای ئارتا دا گێڕانەوەکە لە شێوەی هەڕەشە و هەڕەشەی بەرامبەبەردایە، دواجار فەرمانڕەوای ئارتا دەڵێ: مل دەدەم بە دەسەلاتی ئوروک بە مەرجێ ئینمرکار کێبڕکێیەکی مەتەڵ ئامێز قبوڵ بکات کە هەموو هەڕەشەکان و چارەسەرەکانیش لەخۆی بگرێ.

چارەسەرێ بێت بۆ هەموو ئەو هاتوچۆیانەی نێوان ئارتا و ئوروک، کە لە لایەن هەناردەکانەوە دەهاتن و دەچوون.  فەرمانڕەوا ئینمرکار دەی ناردن بۆ ئارتا،بە ڕەچاوکردنی هەسارەکان شەوڕەوییان دەکرد و رۆژانیش[[ ئوتو]] یارمەتی دەدان  حەوت چیای توک و ئەستەم یان دەبری و دەهاتن بۆ ئارتا.

داستانی ئینمرکار و ئینسوکشسیرانا داستانێکی جیاوازە لێرەدا فەرمانرەوای ئارتا بانگەشەی هێز و دەست ڕشتوویی و زاڵبوون دەکات،دەڵێ: ئەو هاوبەشێکی  تەواو گونجاوی جنسیە بۆ ئینانا، ئینمرکار بە بەرپەچ دانەوەی خۆی دەردەخات و خۆی بە شیاوتر دەزانێ

داوا لە فەرمانڕەوای ئارتا دەکات کە مل بەسەروەری و سەردەستی ئەو بدات و بەفەرمی ملکەچی مەزنی و فەرمانی ئەوبێت. بەم شێوەیە کێشە و جیاوازیەکانیان چارەسەرناکرێت و پێی جادوگەرێ دێتە ناوەوە و دەردەکەوێت. جادوگەرێکی غەوارە و نەناسراو،کە لە شارەکەی خۆی هەڵهاتوە و پەنای بۆ ئارتا هێناوە .بە فەرمانرەوای ئارتا دەڵێ؛ من دەتوانم کارێک بکەم کە ئوروک ملکەچی تۆ بێت.دەستی کرد بە جادووکردن هەموو بزاوت وبزوێنێ کەوتە بەرکاریگەریی و شیپی جادوو وەکەی لە گەورە و بچووکی سۆمەری مات کرد.لەولاوە خاتوونی ژیریی دەستیکرد بە بەرپەچ دانەوەی، کە پارێزەری ژیان و هەموو زیندەوەرێک بوو.توانی هێزو گوڕی خۆی بە جادوگەر بسەلمێنێ .بەم شێوەیە ژیان گەرایەوە بۆ سۆمەر و سەرۆکی ئارتا دانی بەشکان و ملکەچی خۆیدا نا.

داستانی لۆگال باندا لە مەڕی چیاکاندا. لۆگال بانداو باڵندەی ئمیدوکد لێرەوە ئینمرکار دەست دەکات بەهێرش و هەڕەشە و زۆری  سەربازیی خۆی بۆسەر ئارتا تا بەدەست هێنانی سەرەوەتی ئارتا دەستەبەرکات، بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ئوروک و  مەزن کردن و گەوەرەکردنی پەرستگای ئینانا .کاتێ سوپای ئوروک لەو شکاییەوە هێرشەکەی دەست پێدەکات بەو وێرانەدا ڕادبوورێت، کە هەردوو وڵات لێک جیا دەکاتەوە . لەم دەمەدا لۆگاڵ باندا کە بچووکترینی ئەو هەشت برایەیە کە فەرماندەیی سوپا دەکەن، نەخۆش دەکەوێت و لە ئەشکەوتێکدا بەجێی دێڵن، تا ببێتە میوانی مەرگ. بەهۆی نوێژ و نزاکانیەوە ژیانی خۆی ڕزگار دەکات، و لە رێگای خەوبینینەوە دەزانێ کە خواوەند ئەوی لە نێو ئادەمیزاداندا بەشێوەیەکی تایبەت هەڵبژاردووە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە.بەم شێوەیش ئەو هێشتا تەنیایە و دەبێ بۆ بزاوت جوڵان و دەست بەسەرداگرتنی ئەو شوینەی باڵندەی لێیەو دەی پارێزێت ،هەروەها  دەبێ راست و شەفاف بێت لەگەل ئەم باڵندەیە، کە لۆگال دەپارێزێت و هێزی پێ دەبەخشێت.هێزو خێراییەکی جادوویی بە چڕی دەردەوکەوێت وەک سێبەر بەسەردیوارێکەوە خۆ دەنوێنێ. هێشتا هیچ سەرکەوتنێ بەسەر ئارتادا بەدەست نەهاتووە. ئینمرکار پێویستی بە وڵام یا پەیام بەرێکە، کە ڕەوانەی ئوروکی بکات بۆ لای ئینانا لە ئوروک تا، یارمەتی بۆ بنێرێ و فێری کات چۆن بەسەر ئارتادا  لەزووترین کاتدا سەرکەوێت لۆگال باندا دەروات و لە سەفەرێکی یەک رۆژەدا ئینانا فێری دەکات لەکام کەش و بەکام جادوو بە سەر ئارتادا سەردەکەوێت.بەم شێوەیە ئینمرکار سەرکەوتن بەدەست دێنێت.

 

لەم سێ گێرانەوەدا دەتوانین بگەینە ئەم دەرئەنجامانە

کۆی کەسایەتیە چالاکەکانی ئەم گێڕانەوانە بناسین.

بە هیچ جۆری زانیاریمان لەسەر سەروەریی ئارتا نییە جگە ئەمەی کە ناوی [ئنسو کشسیرانا] یە. بەڵام دەزانین کە ئینمرکار، فەرمانرەوای ئوروکە و لە بنەماڵەی یەکەمی دوای زریانە. مەعبەدی ئینانای لە شتی گرانبەها دروستکراوی ئوروکی دروستکردوە ،هەروەها شاری  ئوروکی دروستکردووە.لەم گێرانەوانەدا فەرماندەی ئارتا و ئینمرکار پاڵەوانن ، پاڵەوانی هەرسێ گێرانەوەکان.لایەنی دووهەمی چالاکی ئەمانە لە چیرۆکاندا ئەمانەن. هەناردە و فەرماندەی ئارتا و ئینمرکار و فەرماندەی ئارتا و ئنسوکشسیرانا.کە بەگومانی زۆر دەبێ لۆگال و هەناردەکەی کە دووهەم کەسە کە لەگەڵ[[لۆگاڵ باندا]] لە چیاو ئەشکەوتان و  هاوڕای باڵندەی ئمیدوک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ. لای ئینمرکار و ئنسوکشسیرانا هەندێ کەسایەتی چالاک هەن کە دەکەونە ئاستی دووهەم وەک وەزیران و جادووگەران و خاتوونی دانا.لە چیرۆکی خواوەندی ئاسانگەر و خەڵک خۆشەویستدا هەندێ کردار و ڕەوشت  هەن و دەرکەوتەیان هەیە ،کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی دایە و بە پێی سروشتی خۆی، لە هەندێ دۆخدا هەندێ کردەی شاز و تاقانە دەبینین کە گرنگ و گشتین، وەک لە یەکەم لە داستانی لۆگاڵ باندا،  ئەو هەمیشە لەپەیوەندی دایە لەگەڵ خواوەند و پەیوەندیەکانیشی قووڵە، هەروەها لە گەڵ بوونەوەرەکانی تری کەوشەن، کە سروشتی پڕ جوانییان هەیە، باڵندەی ئمیدوک و هەروەها رۆشنایی و تاریکی وسێبەر و خەودیتنەکانی بە ئیناناوە.  لە هەموو گێڕانەوەکاندا ئینانا ئامادەیە و بەرجەستەیی دەردەکەوێت.هەرچەندە لەگەڵ ئیمرکار وئارتا وئنسوکشسیرانا جیاوزیی هەیە و بگرە وبەردەکان بە زۆری لای ئەوان دەردەکەون.

ئەوەی ئەمانە بەیەکەوە دەبەستێتتەوە رەگەزێکە کە هاوبەشی هەموویانە ، شاری ئوروک و شارستانی سۆمەر و ناوبانگ و هیزو گەشەو بەربڵاوی فراوانی، هەروەها شاری ئارتا کە شانی داوەتە سەر سامانێکی فراوانی نادیار کە ئەدەب و چیرۆکەکانی ئەدەبیی سۆمەری پیادا هەڵدەدەن و ناشیدۆزنەوە . هەرچەندە داستان و ئەدەبیاتی سۆمەر و تێکڕا ی زاناکانیشی گەشتوونەتە ئەم ئەنجامەی کە شاری ئارتا شارێکە و دەکەوێتە شوێنێک لە ناوەڕاستی زاگرۆسدا [[ ئێران]]کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بازرگانی[ زمڕوود] دا،  ئاماژە  بە زوومڕوود وەک نیشانەی سامانداریی و گەشە و دەست ڕۆشتووییە. لە ڕووبەری ئەدەبی  سۆمەردا ئاماژەیەلی برجەستە و فراوان هەیە. لە مەڕ جووڵەو بزاوتی نێوان ئوروک و ئارتا و بە پەچەوانەشەوە کاریگەری فراوانی هەیە. باوەر وایە کە ئێران ڕۆڵێکی فرەی هەبووە لە بازرگانی بەردی بە بەهاو کانزاکاندا. ئاماژە بە سەرزمینێکی فراوان و تەخت و هەمواریش هەیە، کە دەمان گەیەنێیتە ئەم ئەنجامەی  ڕێگاگەلێ لە ئووروکەوە بۆ ئارتاو گەڕانەوە بۆ ئارتا و سۆمەر هەبوون ،وانییە کە هیچ ڕێگایە نەبووبێت. لەلایەکی ترەوە لۆگاڵ باندا کە لەوشکانەیدا، ژیانی ئەو لە ڕوانگەیەکی ترەوە ئەم  بۆ ئەم شوێنە زۆرترین وگرنگترین بەهای هەیە. هەروەها یەکجار گرنگە لەم بارەوە کە بزانین کە لۆگال باندا بەو پێشینەوە وای لێ دێت کە ئەم  مەعبەدی مەزن و  گرنگەی دروستکردووە  .

لەدەقە چووکڵیەکانەوە وەک مۆرەگڵینەی کودیا

ئەمە یەکێ لەو مەعبەدانەیە[[مەعبەدی ئوروک]] کە بەشێوەیەکی فەرمی سەر بە [ئینۆنە_ eninoa]یە هەرلێرەوە و بەم هۆیەوە سۆزداری و لایەنگری زۆری بۆ نیشاندراوە لە دەق و داوەریی نووسراوەکاندا . لێرەدا لەم دەقە چووکڵەیەدا ئارتا بە شێوەی لێکدابراو پیت بە پیت نووسراوە. دەقی  [. Lam-kar.ra ] کە بەخەتی چووکڵەییە کەواتە aratta یانی شتی تێکچڕاو وتێکچنراو ، شتی بەنرخ، گرنگ و مەزن، شیاوی ستایش

خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە بۆ وشەی [Suruppa] لەبەرامبەر ئارتادا، پێی وایە ئارتا هەر شوباکە. کە دەبێژێ ئەمە ناوێکی دیکەیە بۆ شارێکی کۆنی سۆمەری بەناوی [شورباک} ڕای بەشێک لە زانایانی بواری دێرینەناسی و مێژوو وایە، بەڵام ئەم شوێنە لە ڕووی مسافەت و دووریەوە لەگەڵ شوبارک نایەتەوە. بەپێێ ئەو دووریەی لە ئارتا هەیەتی ئەمە نە گونجاوە. هەروەها ناکەوێتە پشت زنجیرە چیاکانەوە و لە دەقەکاندا ناوی نییە. بەپێی هەندێ گێڕانەوە و دەق کاتێ خواوەند [شێوە] هاتەخوارەوە بۆ سەرزەوی، شاری ئارتای لە سەرلووتکەیەکی بەرزو مەزنی چیاکان دروستکرد و دامەزراند، کە زۆر زۆر بەئاسمانەوە نزیکبوو پسپۆڕان هەوڵیان داوە بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جوگرافی وا، کە لە گەڵ ئەم شارە بگونجێت و یەکبگرێتەوە. هەندێکی دیکە باوەڕیان وایە کە لەبنەڕەتا ئەم شارە هەربوونی نەبووە. ئەم شارە تەنیا لەسەرچاوە ئەدەبی و دەقەکاندا، ناوی هاتوە و بەس. هەندێک سەرچاوە و بەڵگەش هەن کە تایبەتی شاری ئارتا و سامانەکەی نین. بەڵام هەرئەمانەش ئاماژەن بە شارەکەو وەک ئاماژە باسی دەکەن. هەرچەندە لە هیچکام لە مۆرە گڵینە ئیدارییەکاندا ،کە تایبەت بە لیستی ئیداری و ماڵیات و بازرگانی و باج و بابەتەکانی کشتوکاڵ و بۆنە مەلەکیەکانن بە ڕوونی ئاماژەیەک نییە. هەندێکی دیکەش لە زانیان و پسپۆڕان ڕایان وایە کە ئارتا ڕاستیە و بوونی بەڵگە نەویست و سەلماوە.

 

 

ڕاو بۆچوونی هەندی زانای ئەم بوارە

نوح کریمەر؛ پێی وایە ئارتا هەیە و لە نزیک گۆلی ورمێیە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران

شاری ئەنشان کە ٦٠٠ کیلومتر لە ساری ئوروک دوورە

دێرینە شوێنێکە کە دەکەوێتە گۆدینتەپە لە ١٠ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری کەنگاوەر

لە جیروفتی ئێران لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بە پێی ڕای زانایەکی ئێرانی .

جەنگنامەی ئارتا

ڕووبە ڕووم لە سەر مێزێک سواڵەیەکی گڵین دانراوە. نووسەرەکەی نزیکەی چوار

هەزار ساڵ پێش ژیاوە. خەتەکەی خەتی چووکڵەییە و بە زمانی سۆمەری نووسراوە.ئەم سواڵەتە گڵینەچوار گۆشەیە. ئەندازەی ٢٢،٥ لە ٢٢.٥ سانتی مەتردایە. لە ڕاستیدا لە پارچە کاغەزێکی [ئاسێی] نووسین بچوکترە. نووسەرێک کە ئەم سواڵەتەی نووسیوە، سواڵەتەکەی دابەشکردووە ، بەش بەشیکردووە. بەخەتێکی یەکجار ورد توانیویەتی لەم سواڵەتە بچووک و تەسکەدا شەشسەد دێڕ لە دەقێکی بڵندی کراوە سەر بە پاڵەوانێتی سۆمەریان جێ بکاتەوە. ئەم دەقەی

[ ئینمرکار و ئەمیری ئارتە ، وڵاتی ئارتە] دەقی ئینمرکار و ئەمیری ئارتە. ئاکار و پاڵەوانیەتیەکانی ئەم دەقە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێشتر. ئاهەنگی ئەم دەقە دێرینە بەگوێمان ئاشنایە و بۆمان ناسرواە،چون باس لە بابەت و ڕووداوێک دەکرێت ،کە سیاسەتی ملهوریی وسەرکوتانەوە و داگیرکارییە.هەروەک ئەوە وایە کە ئەم ڕووداوە ،ڕووداوی هەنووکەی سەردمی ئێستامانەو بە بەرچاومانەوە ڕوودەدات. ئەم دەقە دەڵێ: لە سەدەکانی ڕابردوودا، پێش ئەوەی ئافرێنەری دەقەکە چرۆی چاوی بە رووی جیهاندا بکرێتەوە، پاڵەوانێکی بەناوبانگی سۆمەریی، بەناوی ئیمنرکار دەژیا و لەم جیهاندا بوو، ئینمرکار لە دەڤەری [[ئوروک]] دەژیا،کە دەکەوێتە باشووری نێوان ڕوودان، لە نێوانی دیجلەو فورات دایە. لەو دەڤەرە فەرمان ڕەوایە، لە ڕۆژهەلاتی ئورووکەوە ناوچەیەکی دیکە هەبووە بەناوی [[ئارتە]]کە دەوکەوێتە ناو جوگرافیای ئێستای ئێرانەوە. مەودای نێوان ئەم ناوچە و ئوروک مەودایەکی گەلێک زۆربووە. ئەم دوو دەوڵەت شارە زنجیرە چیایەکی مەزنی  حەوت چیایی و تووش لە یەکیان جیاو دابڕاو دەکات.

سەرەڕای ئەمەش \ئارتا \ لەسەر دوندی چیایەکی ئەستەم و بەرزبووە. ئارتە شاری کامەرانی و خۆش بژێوی بووە ،کە کۆمەڵێکی زۆر کانی گرنگ و فراوانی تیدابووە و هەیە. کانی بەردی ڕەنگین و گران بەهاو  ڕازێنەرە. ئوروک دەڤەری ژێر فەرمانی ئینمرکار دەکەوێتە ناو زەوینێکی تەختی فراوان لە زەویەکانی نێوان روودان. ئەم دەڤەرە، ئارتە، هەنباری فراوانی بەردی گران بەها و ڕازێنەرەوە بووە، کە یەکجار گران بەهاو نایاب و دەگمەن بوون، بۆیە ئاساییە کە ئینمرکار چاو ببڕێتە سەروەت و سامانە لەبن نەهاتووەکەی.

نمرکار چاوببڕێتە سەروت و سامانە سرووشتی و  ئەفسانەییەکەی ئارتا و مرقی لێ خۆش ئەکات، بیەوێت و بخوازێ ،کە فەرمانڕەوا و خەڵک و سامانەکەی بخاتە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی خۆیەوە. بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مەبەستە ئینمرکار دژ بە ئەمیری ئارتە دەست دەکات بە شەرێکی قووڵی دەروونی و سەردەکەوێت بەسەریاندا. ئینمرکار گوشاری فراوانی خستە سەر ئارتا و ئەمیرەکەیانی بێ هورە و ترساو شکاند و هەژان و شڵەژاویی بەسەرجەماوەرەکەشدا زاڵ کرد. تا وای لێهات خۆیان بەدەستەوە بدەن. مل بۆ فەرمان و دەسەڵاتی ئینمرکار ڕاکێشن. خۆیان ڕادەست کرد و وازیان لە سەربەخۆیی خۆیان هێنا .هەموو ئەم ڕووداوانە بەشێوەیەکی هونەری رازاوە و ورد باسکراو داڕێژراون. شێوەی نووسینەکەی حەماسی و باوە. جەنگنامەکە بە ستایشی ئوروک و [[کڵیە]] ناوچەیەکی دەڤەری ئوروک یا نزیکی دەست پێدەکات. لە کۆنترین زەمەنەوە ئەم ستایشە دەست پێدەکات تا دەکاتە سەرکەوتنی ئوروک بەسەر ئارتا دا. بە هۆی سۆزداریی و لایەنگریی بۆ خاتوونی خواژن [ئینانا]. باسەکەی وا دەنوێنێ. ڕووداوە سەرکیەکانی ئەم جەنگنامەیە بە دەستەواژەی[ یەکێ بوو یەکێ نەبوو] دەست پێ دەکات

شاعیر وا دەست پێ دەکات؛ ئینمرکار ڕۆڵەی \ئوتو\ خوای خۆر. ڕای هاتەسەر ئەوەی کە ئارتا بخاتە ژێر فەرمان و سەروەریی خۆیەوە. لەکن خوشکەکەی، خواژن ئینانا، خوای ئەوین و شەڕ لەسۆمەردا ، کەوتە گازە و پاڕانەوە و تکا. داوای لێکرد وابکات ،کە خەڵکی ئارتا زیو و زەڕ و بەردی گران بەهای بۆ بێنن، مەزار و مەعبەدی  بۆ دروستکەن، بەتایبەتی مەعبەدی [ئیپو] شارێک لە کەناری کەنداودا [[پێ دەچێت کەنداوی فارسی ئێستا بێت]] کە مەزار و خسن و بارەگای گازە و ستایشی [ئەنکی] یەزدانی ئاویی سۆمەریانە(خوای ئاو).

ئینانا داخوایەکانی براکەی قبوڵکرد و رایسپارد کە راسپاردەیەکی توانا و بە ئەزموون بنێرێ بۆ زەنجیرە چیایی [ئاشنان] کە ئارتە و ئوروک لێک جیادەکەنەوە، ئەرخەیانیکرد کە خەڵکی ئارتا داواکانی جێبەجێ دەکەن و تەلار و مەعبەدەکانیشی بۆ سازدەکەن

ئینمرکار نێردەی خۆی هەڵبژارد و ڕەوانەی لای ئەمیری ئارتای کرد، هاوکات نامەیەکی هەرەشە ئامێزیشی دایە بۆ ئەمیری ئارتا،کە ئەمیر وجەماوەرەکەی دەخستە بەرهەڕەشە و تۆقاندن، ئەگەر زەڕ زیوو نەنێرن و مەعبەدی ئینکی چاک و ساز نەکەن، ئەوە دەکەونە بەر هێرش و دەکوژرێن و شاری ئارتاش وێران دەبێ.

ئینمرکار بۆ ئەوەی پەیامەکەی کاریگەری زۆرتری هەبێ،نێردەکەی خۆی ڕاسپارد،ئەفسوونی ئەنکی لای ئەمیری ئارتە بخوێنێت. ئەم ئەفسوونە باسی ئەوە دەکات ، چۆن ئەنکی زەمەنی زێڕینی مرۆڤی بەهاوکاری [ ئنلیل]لەبەر یەک هەڵوەشاندەوە. ڕەنگە لێرەدا ئاماژە بە زریان و ڵافاوی بەناوبانگی سۆمەریان بکات کە بە لافاوی نوح باسی دەکرێت

نێردەی ئینمرکار زەنوێر و ماو ئەستەم و کوێستان و چیاکانی تێپەڕاند و لە دوای حەوت چیا خۆی گەیاندە ئارتە. نامە و پەیامی فەرمانڕەوای خۆی گەیاندە ئەمیری ئارتا و خوازیاری وڵامی  ئەو بوو. ئەمیری ئارتا خۆی نەدا بەدەستەوە، پەیامەکەی ئینمرکاری لا دزێو و ناپەسەند بوو. وتی: ئینانا خۆی، ئەوی وەک ئەمیری ئارتا هەڵبژاردووە و داناوە. نێردەی ئینمرکار ملی نەدا و لە وڵامدا وتی: ئینانا  هەنووکە شاژنی [[ ئانە]] یە، مژدەی بە ئینمرکارداوە کە ئارتا بخاتە ژێرفەرمان و دەسەڵاتییەوە. ئازاری ئەم قسانە فەرمان ڕەوای ئارتای گەزیی و سەری سووڕما، بە نێردەی وت: لە بەکارهێنانی چەک دوورکەوێتەوە، پێشنیاری کرد دووکەس لە شەڕڤانانی هەردوولا شەڕ و زۆرانبازی بکەن . لەکۆتاییدا و لەپەیامەکەی خۆیدا وتی؛ ئیستا کە ئینانا بووەتە دژمنی ئەو، ئارتا و ئەو ئامادەن خۆ ڕادەست بکەن و فەرمانڕەوایی ئینمرکار قبوڵ بکات، بە مەرجێ ئینمرکار خەڵەیەکی فراوان بۆ ئارتا بنێرێ. نێردەی ئینمرکار خێرا گەڕایەوە بۆ ئورک و وڵامی فەرمانڕەوای ئارتەی گەیاند لە هۆڵی کۆبوونەوەکاندا پەیامەکەی خوێندەوە. ئینمرکار ویستی هەندێ کاری دیکەش بکات، دەستی دایە هەندێ کار کە بەڕواڵەت بەشێکبوون لە[ نەریت و بۆنەئاینیەکان. چوو بۆ لای خواژن نیددبە]

خواژنی ئاوەز و حیکمەتی سۆمەر، ڕاوێژی پێکرد، پاشان خەلە و دانەوێڵەی لە چوارپێیان بارکردوو، لەگەڵ نێردەکەی خۆی ڕەوانەی ئارتای کردن.

ئینمرکار نێردەکەی خۆی ڕەوانەی ئارتا کرد و ڕایسپارد لە لای و لەکن ئەمیری ئارتا تاریف و ستایشێکی زۆری [گۆچانی جادوویی پاشایەتی ئوروک] بکات، پاشان لەئەمیری ئارتە داوای بەردی گران بەهاو لاجەوەرد و ئەقیق بکات.نێردەی ئینمرکار هەرکە دەگاتە شوێنی مەبەست، بارە خەلەکانی دایە ئارتە و پەیامەکانی ئوروکی گەیاند.خەڵکی ئارتە بەهاتنی دانەوێڵە و گەنم یەکجار خۆشحاڵ بوون و دەستیان کرد بەڕەوانەکردنی بەردڕ، دەستیکرد بە پیاهەڵدان و ستایشی عەسای پاشایەتی خۆی.هەندێ قسەو پیاهەڵدانی کرد کە زۆر لەگەڵ ئەوانەی ئینمرکار چیاوازی نەبوو

هەرکە نێردەی ئینمرکار لە ئارتە گەڕایەوە، ئینمرکار چەندین فاڵی گرتەوە فاڵێکی تایبەت هەبووکە چڵێک نەی،زەل، [نوشیم] یان لە رۆشناییەوە دەگوازییەوە بۆ لایەکی تر،دەیانبردە شوێنێکی دیکە و تا پێنچ ساڵ و هەندێ جاریش دە ساڵ لەوێ دەماوە و  پاشان و سەرئەنجام ،ئەو چڵەیان پارچەپارچە دەکرد

ئینمرکار جارێکی دیکە هەناردەی خۆی ڕەوانەی ئارتا کردەوە، بەڵام ئەمجارە گۆچانی ئەفسووناویی پاشایەتی خۆیی دایە و تەنیا ڕەوانەی کرد. ئەمیری ئارتە بە دیتنی گۆچانی ئەفسووناویی پاشایەتی واقی وڕما ، هەراسان و شڵەژاو،رووی لە [مشەئەمەو]کرد  و لەو هەموو تەنگەژە و گرفتاریی و ناهەموواریییەی ،کە بە هۆی نامیهرەبانی ئیناناوە بۆی پێشهاتبوو ، بەزاریی و بێزاری دەستیکرد بە گلەیی و گازەندەکردن.بەدەم قسەکانیەوە لەکاتێکدا بەئاشکرا ویستی خۆ بەدەستەوەدانیان پێوەدیاربوو ، دیسانەوە بەم حاڵەشەوە بانگهێشتی ئینمرکاری کرد، نەبەردێکی تاکەوتاک و ڕووبە بەرووی دووکەسەیان هەبێ. داوای کرد شەڕڤانێکی ئوروک هەڵبژێرێت و ڕەوانەی ئەم نەبەردەی کات، تا دەرکەوێ کێ بەهێزەو کێ سەردەکەوێت.؟ لەم بانگەشەیەدا هەندێک وشەو دەستەواژەی لیزو خز و چەند لایەنە دەبینین. داوا دەکات کە ئینمرکار کەسێ بنێری نە لەسپاکەی خۆی بێت و نە نەڕەش و نەچەرمگ و نە گەنم شێوە و بێت، و نە زەرد پێست. دیارە ئەم داخوازییە پووچ وبێ مانایە. نێردە بە  ئەم بانگهێشتەوە بەرە و ئوروک گەڕایەوە. ئینمرکار فەرمانی کرد خێرا بەرە و ئارتا بگەڕێتەوە و پەیامی بە ئەمیری ئارتا بگەیەنێ

ئینمرکار وڵامی ئەو نەبەرد خوازییەی ئەمیری ئارتا دەداتەوە و بەنیازە یەکێ لە هاورێیان و پارێزەرانی خۆی رەوانەی ئەم نەبەردە بکات.تا خۆبادان و خۆ هەڵکێشانی و ئازایەتی ئەمیری ئارتا دەرکەوێت

ئنمیرکار پێداگری دەکاتەوە کە دەبێ ئەمیری ئارتا بەرد و زیو و زەڕی زۆرتر و فراوانتر بنێرێ بۆ ئوروک

جارێکی دیکە هەڕەشە دەکات، ئەگەر بەردی گران بەهای کوێستانەکانی ئارتە ڕەوانەی ئوروک نەکات بۆ دروستکردن و ڕازاندنەوەی مەزارگەی [ئاریرو] ، ئەوە شاری ئارتە وێران دەکات

بەشی یەکەمی نامەکەی ئینمرکار دەستەواژە و مانای وشە لیزو خزەکانی ئەمیری ئارتا روون دەکاتەوە و بەراشکاوەیی و زوڵاڵی لە مەڕ نەبەرد و شەڕڤانەکەوە و ڕەنگ و سیمای کە ئەم نەبەردە دەدوێت، ئینمرکار لەبری وشەی شەڕڤان وشەی [[باڵاپۆش]] بەکاردێنێ، ئەمەش خۆی بەڵگەیە کە مەبەستی ڕەنگی بالاپۆشی شەڕڤانەکەیە، نەشەرڤان کە خۆی

لەبەشی دواتردا هۆنەر پەردە لەسەر بابەتێکی گرنگ لادەدات،کە ئەگەر لەم وەرگێڕانەدا هەڵەمان نەکردبێ،بەو مانایەی کە ئینمرکار میری [کولب]لەو یەکەم کەسانەیە کە نووسینی لە سەر سواڵەتە گڵینەکان بەکارهێناو و ڕەواجی داوە. لەبەر ئەوەی نێردەکەی خاوەن زمانێکی پاراو و تۆکمە و سەرنچ ڕاکێش نەبووە،نەیتوانیوە پەیامەکان زۆر بەوردی و تەواویی بگەیەنەتە ئارتا. ئەمە خۆی هۆکارێ بووە بۆ نووسین لە سەر سواڵەتە گڵینەکان، نامە و هەناردەکانی لەم بوارەدا کاریگەر بوون.نێردەی باسکراو ئەم سواڵەتە گڵینانە دەگەیەنێتە پادشای ئارتە. چاوەڕوانی وڵامی ئەمیری ئارتایە.وادیارە لە شوێنێکی نادیار و لە رووداوێکی چاوەڕوان نەکراودا، کەسێ دێت بۆ یارمەتی ئەمیری ئارتە، خواوەندی زریان و بارانی سۆمەر [ئیشکور] باقە باقە دانەوێڵە و گەنمی بۆ دێنێ و هەنبارەکان پڕدەکات، میری ئارتا کە ئەم دیمەنە دەبینێ. دڵشاد و خۆشحاڵ دەبێت هێزێکی بەبەردا دێتەوە و ڕاشکاو بڕیاردەدات بە ئەرخەیانیەوە بە هەناردە دەلێت؛ ئینانا هەرگیز ئارتا بەتەنیا بە جێ ناهێڵێت. واز لە ماڵ و سامانی خۆی ناهێنێ. ناوەرۆکی داستانەکە لێرە بە دواوە بەهۆی شکانی سواڵەتەکەوە ناتەواو دەمێنێتەوە. وایەکە بەدواداچوونی باقی داستانەکە دژوار دەکات

هەرچەندە پچڕ پچڕ دەتوانین تێبگەین و بزانین سەرئەنجام خەڵکی ئارتا بەرد و زێڕ و زیوو دەدەن بە ئوروک و مەعبەدی [ئانە] پڕدەکەن و ئینانا ڕازی دەکەن. بەم جۆرە درێژترین حماسە و جەنگنامەیە کە تا هەنووکە لە شارستانیەتی سۆمەر دەسکەوتووە و بەجێماوە کۆتایی دێت. ئەم قەسیدە لە جۆری خۆیدا یەکەمین حەماسەی جیهانی وێژەیە. دەقەکە لە بیست تابلۆیی گڵین و هەندێ پارچەی تردا کۆ کراوەتەوە، گرنگترینیان بریتین لە دوازدە سواڵەتی، دوازدە ئەستونی مۆزەی ئستانبوڵ . ئەم سواڵەتانە بۆ خۆم لەساڵی ١٩٤٦ دا لە ئستانبوڵ دەرمهێنان و کۆمکردنەوە، کە پووختەکەیان هەنووکە لەبەردەستی ئەنگۆ و دیدەی خوێنەران دایە. وەرگێڕانی دەقی حماسەکە بە ئینگلیسی ساڵی ١٩٥٢ لە لایەن زانکۆی [پنسلوانیاوە] بڵاوکراوەتەوە. هەندێ کەس کە لەم بوارەدا هیچ پسپۆڕییەکیان نییە،بەڵام ڕوونە کە، ئەم بەشە لەم شیعرانە هەرچەن باسی پاڵەوانانی دێرین دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە یەکجار گرنگن، بەڵام دیسانەوە زۆرتۆکمە و ڕەوان و هونەرمەندان و خەیاڵاوی نەخشێنراون و هۆنراونەتەوە. وەرگێرانی وشە بە وشە و لەفز بە لەفز بەشە ساقەکانی نیوەی یەکەمی حەماسەکە ناسێنەری ڕۆح و ناوەرۆکی ئەم دەقەیە. ئەم دەقانە هەنووکە لەخوارەوە دەنوسینەوە. بەشێک کە هەڵمان بژاردووە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت.

گازە و پاڕانەوەی ئینمرکار لە ئینانا تا پشتیوانی بکات. ئامۆژگاریەکانی ئینانا . فەرمانەکانی بە ئینمرکار بۆ ناردنی نێردە و جێبەجێکردنی هەموو ئەمانە لە لایەن نێردەوە. قەڵسی و توڕەیی ئەمیری ئارتا و هەڵچوونی لە ئینمرکار. پێداگری نێردە و مسڕی بۆ ئەوەی ئینانا پشتیوانی ئینمرکار دەکات.کاریگەری و کارتێکەری ئەم قسانە لە میری ئارتا. خوێنەر دەبێ بزانێ کە دانانی سێ یا چوار خاڵ و بۆشایی نیشانەی پاکبوونەوەی یەک یا دوو سێ وشەیە لە دەدقەکەدا، کە بەهەندێ هۆکار پاک بوونەوە

جەنگنامە

یەکێ بوو یەکێ نەبوو

سالارێک بوو ئینانا لە قوڵایی دڵی خۆیدا هەڵیگرتبوو

ئەم سالارە خەڵکی خاکی [[ شوبە]] یە

ئینمرکار ڕۆڵەی [[ ئوتو]] خوای خۆر

شاژنی چاکەخواز خوا ئینانا خوشکی ئینمرکار

لە ئینانای پیرۆز، ویستی هەبوو ، هاتە زار ئاوای گوت

خوشکە! ئینانا!

لەپێناوی ئوروکدا

لێگەڕێ با خەڵکی ئارتا و ئەمیریان زەڕ و زیو ئامادەکەن

لێگەڕێ بەردی لاجەوەرد بێنن

لێگەڕێ بەردەگران بەها و لاجەوەردەکان بێنن

بۆ ئوروک شاری پیرۆز

بۆ[ ئانشان] کە هەوارت لەودا خستووە

لێگەرێ بیسازن

وابێ کە خەڵکی ئارتە بەشان و باهۆیان ئەوێ بسازن

تیایدا ستایش و گازەکەم

لێگەڕێ ئارتا خۆی بدات بەدەستەوە

لێگەڕێ خەڵکی ئارتا

لە کوێستانان بەرد بێننە خوارەوە

مەعبەدی مەزن و مەزاری گەورەی من سازکەن

مەزارێ بۆ من کە پەرستگای خوایانە

با یاسا ئاسمانییەکانی من لە [کولب] جێبەجێکەن

مەعبەدی پیرۆزی [ئایسو] وەک چیا پیرۆزەکان بەرز و مەزنە

با [[ئورید]] وەک کوێستان ڕازاوە و خاوێن کەن

مەعبەدی پیرۆزی ئایسو وەک [مەڕێک] سەرپاکەن

ئەوکاتەی سروودە ئاسمانیەکانی ئایسو دەهۆنمەوە

ئەوکاتەی کە یاسا پیرۆزەکان لە [ئاریدۆ] وە دێنم

ئەوساتەی کە تەختی پیرۆزی کاهینەکان وەک ول دەکەمەوە

ئەودەمەی لە کولب و ئوروک بۆنەی ناو لێنانیان بۆ بەرپا دەکەم

وابێ، کە مەعبەدی گەورەم بۆ چێکەن

خەڵک سەرسام و پەنجەگەزان لێی ڕامێنن

ئوتو بە چاوی کەیلی ڕامێنێ

ساتێ کە شادی بەخشی دڵی [[ئانی]] پیرۆزە، [[مەلەکەیە]] کە بەچاوی سۆزدارییەوە لە کوێستان رادەمێنێ

ئینانا شاژنی هەموو سەر زەوییەکان

بە رۆڵەی ئوتو ،ئینمرکاری وت:

ئەی ئینمرکار ئامۆژگاریەکانم جێبەجێ کە

گوێ ڕادێرە بۆ پەندێ کەپێت دەڵێم

نێردەیەکی قسەزان هەڵبژێرە و

وتەکانی ئینانای فەرزانەی پێ بڵێ

لێگەڕێ با بەرە و کوێستان سەرکەوێ و

نەیەتە خوارەوە

لەبەرامبەر [ئانشان]دا

لێگەڕێ وەک لاوێکی دەنگبێژ بە کوڕنووشەوە

لەرزان و ترساو لە دەرەی کوێستاناندا

سەرگەردان لەنێوان تەبوتۆزدا

ئارتا خۆی دەدات بەدەست ئوروکەوە

خەڵکی ئارتا

ئەو دەمەی لە چیاکانی وڵاتی خۆیانەوە بەرد دێننە خوارەوە

مەزارێکی مەزن بۆ من چێ کەن، زەوینێ هەرێمی خوایان

یاساکانی ئاسمان لە کولب بۆ ئورک بەردەست کەن

وەک چیایەکی مەزن ئسیو بۆ تۆ ساز کەن

تەربد\ وەک چیایەکی مەزن پاک و ڕازاوە بۆ تۆ ساز کەن

مەعبەدی پیرۆزی ئیسۆ وەک مەرێک بۆ تۆ چێ کەن

تۆ کاتێ کە سروودەکانی ئاسیو دەهۆنییەوە و

یاسا پیرۆزەکان لە ئەریدەوە دێنی

ئەو دەمەی کە تەختی گەوورەی کاهینان وەک ول دەکەیەوە و

لە ئوروک و کولب تاج لەسەر دەنێیت

مەعبەدی گەوورە و مەزن ،دێن بۆ [گپیر]

گپیر گەورەو مەزن، پیرۆز، دەێنن بۆ مەعبەدی گەوورە

خەڵک بەستایش و سەرسوڕمانەوە سەرنج دەدەن

ئوتو بە ستایش و  رەزاوە سەیر دەکات

خەڵکی ئارتا

.......

چوارخەت سڕاوەتە

ئاپورە لە بەردەم تۆدا کڕنوش دەبەن

ئەی [[سینە]] یانەی پیرۆز کەوەک خۆر دەدروشێتەوە و خۆ دەنوێنی

تۆ یاری لەبەر دڵانی ئەوی

ئەی ئینمرکار ڕۆڵەی ئوتو تۆ شیاوی ستایشی

گوێی دایە وتە پیرۆزەکانی مەزنی خۆی ئینانا

نێردەیەکی قسەزان هەڵبژێرە

قسەکانی ئینانای مەزنی پێ وتەوە

دەبێ بە چیاکاندا هەڵگەڕێت

بەچیاکاندا داگەڕێت

لە بەرامبەر ئانشاندا

وەک دەنگبێژێکی لاو بچەمێوە

لە دڵەڕاوکەی کوێستانی مەزندا

لە وەیشومەی زریان و تەمولوودا سەرگەردان بیت

ئەی هانا دەر ! بەهاوکاریی و هاویاری ئەمیری ئارتا خۆی، قسەکان بکەو بەو بڵێ

جەماوەری شار وەک باڵندەی تەرە فێربوو، لە درەخت و شار تەرە دەکەین

ئارتا وا وێران دەکەین، وێران

وەک خاکی ژێرو ڕووکراوی لێدەکەین، واکە بارانی تۆز و خۆڵ بەسەر ماڵاندا ببارێ

ئارتا سەرزەوینێ کە [ئەنکی] توک و نزای لێکرد

یەقین ئەو سەرزەوییە وێران دەکەین

هەروەک ئەو شارانەی کە هەنووکە وێرانن

ئینانا پڕچەک و تۆکمە لە پشت سەریانەوە وەستاوە

ئینانا وتەکانی خۆی وتەوە

ئینانا دیسان قسەکانی خۆی تازە کردەوە

دەیکەینە تەپەیەک خۆڵ و تەپەیەک خۆڵیشی بەسەردا دەکەین

زێڕ و بەرد لە کانەکان دەردێنین

زەڕ و زیو هەرلەوێدا قاڵیان کە

سەوەتەی باری هێسترەکانی کوێستانان توند توند بجەڕێنە

ماڵی ئینلیل مەزنە خوای دێرینی سۆمەر

کە[ نودیمود] لە هاناوی پیرۆزی خۆیدا هەڵیگرتووە با ڕازاوە بێت

چیایەکان خاوەنی کۆ یاسایەکی پاک و پیرۆزن

بۆ من بارەگایەک سازکە کە درەختی شمشاد و خونچە لە ئامێزیان گرتبێ

کاتێ کە [ ئوتو] کاتی هەڵهاتن لە[ گنونو] لێیدە تا دروەشاوەی دەکات!

ئاستانەی ئاوپاشی کە

........ دوو دێر سڕاوەتەوە

ئەوەی لەم بارەوە وتم ئەنجامی بدە

بە پیاوە پیرۆزە مەزنەکەی، کە ڕیشێکی لاجەوەردی هەیە

ئەوەی کە خاوەنی گای بەزۆر و هێزە، زەوینی پاک و پیرۆزی هەیە

وە لە گەوڕی گای بە وەفادا شیر دەخوات

کەسێ کە فەرمانڕەوایی [ کوکبە] هەموو یاسا پیرۆزەکان بەردەستی ئینمرکارە. رۆڵەی ئوتو

لەپەرستگای خۆیدا نیشان بدا و بە شیاویی قسەیان لەگەل بکەم

لە  گیپر کە ناسکە میوەی تازە و وەک سەوزی سەری هەڵداوە

بە پادشای خۆم فەرمانڕەوای کولب دەڵێم

پاش ئەوە بەو شێوە لە گەڵ ئەو دوا

ئاوەها وڵامی بیست:

ئەی هەناردە بە پاشای خۆت فەرمانڕەوای کولب بڵێ:

من ئەو فەرمانڕەوام کە شایستەی دەستی پاکم

خواوەندی هەموو یاسا ئاسمانییەکان ئینانای پیرۆز

منی ناردووە بۆ ئارتا سەرزەوینی یاسا ئاسمانییەکانی ناردووە

تا دەرگاکانی کوێستان مەحکەم و بە هێزکەم

چۆن ئارتا خۆی بدات بە دەست ئوروکەوە

بەو بڵێ ئارتا خۆی نادات بەدەستەوە

پاش ئەوەی ئەمت پێ وت:

هەناردەی ئیمرکار ئاوەها وڵامی دایەوە

شاژنی مەزنی ئاسمانان کە ئافرێنەری یاسا ترسێنەرەکانە و هەمووی لەدەستی خۆیدایە، ئەو کە لە کوێستانی [شوبە] دادەنیشێت

گەنج وخشڵی پاشاکان سامانی ئەوە

پاشای من کە بەندەی ئەوە

ئەو کردەم لێی ئەوێ

ئەمیری ئارتا دەبێ تەسلیم بێ

ئەمە یە کە ماڵی کوبە وای لێدێت

ئەمیری ئارتا دڵشکاو و خەمبار بوو

ئیتر هیچ وڵامێکی نەبوو، بۆ وڵامێک دەگەڕا

ترسا و چاوە پڕ ترسەکانی خۆ بڕییە پێیەکانی، بەڵکو وڵامێ بدۆزێتەوە

فەرمانڕەوای دێرینی سۆمەرهەر پلەو مەزنایەتیەکی بەدەست بهانیبا هیچ کات دووچاری خۆ پەرستی و خۆزلبینی نەدەبوو.بێ ڕەوشت و گەندەڵ نەبوو. لەکار وپرۆژە گرنگەکاندا ، بەتایبەتی پرسەگرنگەکانی زێد و شەڕ و ئاشتی لە گەڵ گەوورە و مەزنان راوێژی دەکرد و بۆچوونیانی بەهەند وەردەرگرت. لە دەستپێکی مێژووی سۆمەرەوە، واتە لە ٥ هەزار ساڵ پێشەوە ئەم ئەنجوومەنانە بوون و لایەنی ڕاو ڕاوێژ بوون، شرۆڤە و باسی ئەم ئەنجوومەنانە دوای چەندین ساڵ لە حەماسەکان و جەنگنامە کاندا هاتووە و هۆنراونەتەوە،ئەم داستانە لەڕاستیدا سەرەتای دەستپێکی مێژووی ڕامیارییە و لە وەرزی جۆیاندا دەکەونە بەرباس

[[ ئەم ئەنجوومەنانە لە حەماسەی گێڵ گامێش دا هاتوون بەڕوونی باسکڕاون. هەروەها لە زەمانی ئەشکانیەکان هەبوون بەناوەکانی[پیران و مێران] یا ئەنجوومەنی مەزنان] و مێران] لەم بابەتەدا ساموئل کەریمەر دەڵێ دەقەکە ئیتر ناتەواو دەمێنێ و تەنیا دەزانین کە ئارتە خۆی دەدات بەدەستەوە، بەڵام نووسەری دەقە عەرەبیەکە دەگێڕێتەوە،کە لەناکاو جادوگەرێ دێتە یارمەتی ئارتا و هەموو زیندەوەرانی. سۆمەر سڕدەکات. خواوەندی ژیری سۆمەر فریا دەکەوێت و تەلیسمەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە. ڕوونە کە ئەمە درێژەی دەقەکەیە تا دەگاتە سەرئەنجام.بەپێی دەقەکە ئینمرکار فەرمانڕەوای ئوروک لە خوایانە و برای ئینانایە،

ساموئل کەریمەر؛ پێی وایە ئارتا هەیە و لەنزیک گۆلی ورمێیە لە باکوری ڕۆژئاوای ئێرانە

شاری ئەنشان کە ٦٠٠ کیلومتر لە ساری ئوروک دوورە

دێرینە شوێنێکە کە دەکەوێتە گۆدین تەپە لە ١٠ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری کەنگاوەر

جیروفت لە باشووری ڕۆژهەلاتی ئێران بە پێی ڕای زانایەکی ئێرانی .

سەرچاوەکان

الواح سومری، ساموئل نوا کریمر، م داود رسائی ١٣٤٠

من النضوض المسماریە نجد فی اسطوانە کودیا

دیاکۆنۆف مێژووی ماد، کەریم کشاوەرز. تاران ١٣٤٥

پادشاهی ماد، اقرار علی یف. م ،کامبیز میر بها، تهران نشر ققنوس سال ١٣٨٨