ماوەی چەندڕۆژێكە پرسی پەكەكە و توركیە و ڕووداوێك بە ناو پرۆسەی ئاشتی باكووری كوردستان دیسان بوەتە ڕۆژەڤی كوردستان و ناوچە و هەتا جیهانیش. ئەم جۆرە باس و خواستانە نوێ نییە. توركییە چەند جاری دیكەش هەوڵی داوە بە واتەی خۆیان پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەكەكە سازكەن. ئەوەی گرنگە ئەمجارە لەبری ئەوەی پەكەكە وەك ساڵانی پێش یەك لایەنە بڕیاری ئاگربڕ بدات، یا وەك پرۆسەكانی پێشتر لە جۆرە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تورك باس و خواستی چەك دانانی پەكەكە بكەوێتە ڕۆژەڤەوە ئەوە توركیایە کە پێویستی بە ئەم ڕەوەندە هەیە، ئەم بابەتە بە ناو پرۆسەی ئاشتی كردۆتە باسی گرنگی ڕۆژ،لە لایەكی ترەوە پێش هەر باس و بابەتێ ئەوە ئۆجەلانە كە پێشاو پێش بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەكەكەی داوە و لە پەیامێكا داوا لە قەندیل دەكات چەك دانێت و پەكەكە و هەموو چڵ و بەریان و ڕێكخراوەكانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە. بۆ هەر جۆرە خوێندنەوە و شرۆڤەیەكی ئەم پەیامە و ئەم دۆخە، سەرەتا دەبێ دوو بابەتمان لا ڕوونبێت.
یەك؛ ئەم ڕەوتە كردەیەكی سیاسیە و هیچ خوێندنەوەیەكی ئیدلۆژی چ لایەن ئوجەلانەوە چ لە لایەن تورکەوە و گۆڕانێكی پارادایمی لەپشت نییە. دوو؛ دەبێ بزانین ئەم ڕەوت و دۆخە پێشت دەستی و پێش نیاز و ویستی توركە، نەك پەكەكە و كوردستانیان و ئەم بابەتە بڕیارێكی كوتوپڕ نییە و ئەوە زەمەن و بیركردنەوەی تاكتیكی توركی لەپشتە و كۆ هۆكارێكێ هەرێمی و جیهانیی لەپشت ئەم بڕیارەی تورکەوە هەیە.
هۆكارەكانی ئاشتی و ویستی تورکییە.
پێش هەڵگرسانی شەڕی حەوتی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ ئیسرائیل و ئەمریكا سەرقاڵی داڕشتنی پرۆسەیەكی بەرفراوانی گرنگبوون كە گۆڕانی هەراوی سیاسی و ژئۆپۆلۆتیكی لێدەكەوتەوە و دەكەوێتەوە ئەگەر بەئەنجام بگات. توركەكان بەپێی نزیكیان لە ئەوروپا و ئەمریكا ڕەنگە زووتر لە دیتران بەم پرۆژەیان زانیبێت. شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەر لەڕاستی دا هۆکارێکی بەهێزبوو بۆ هاتنەپێشەوەی ئەم پرۆژە و دەستبەکار بوونی. کاتێ سەرۆک وەزیرانی ئیسراێیل لەنەتەوە یەکگرتوەکان ڕازی پرۆژەکەی درکاند و نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێی نمایشکرد ئیتر گومان نەما کە ئیسرائیل نیازی ئەنجام دانی هەیە و زۆر ڕژدە لەسەر ئەنجام دانی ئەم پرۆژەیە. لەراستیدا ئەم پرۆژە هێندەی پرۆژەی ئیسرائیلە هێندە پرۆژەی ئەمریکا نییە و نەبوو لەسەرەتاوە. گومانی تیادا نییە ئیسرائیل بێ ئەمریکا ئەم پرۆژەیەی بۆ ئەنجام نادرێت یا یەکجار ئەستەم بۆی جێبەجێ دەکرێت. دەبێ بیری خۆمان بێنینەوە، کە پاش هاتنی ترامپ ئەم پرۆە بە شێوەێکی جددی کەوتە بەر چاو و دەستکرا بە ئەنجام دانی. لەڕاستیدا ئیسرائیل بە قۆزتنەوەی شەڕی حەماس بۆخۆی دەرفەتە زێڕینەکەی بەدەستهانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیە ئەمنیەکانی سەرخۆیی و ئەنجامی پرۆژەکە بەخێرای دەرکەوت. هەموو لێکدانەوەکان وابوو کە ئیسرائیل بە لەبەریکهەڵوەشانەوەی سەربازیی حەماس ڕازی دەبێت و دەست بۆ بازنەکانی تری ئەم هەڕەشە ئەمنیانەی تری لەسەرخۆی نابات.
لەڕاستیدا ئیسرائیل لەسەر سێ ئاست هەستی بەهەڕەشەی ترسناک لە سەر بوون و مانەوەی خۆیی دەکرد. ئاستی نزیک و یەکەم حەماس بوو، کە چارەنووسی دەزانین و ئیسرائیل نەک توانی ئەم هەڕەشە لەسەرئاستی سەربازی لێکهەڵوەشێنێ بەڵکو توانی لەسەر ئاستی سیایسش ئەم مەترسیە هەڵوەشێنێتەوە. بازنەی دووهەمی ئەم مەترسیە، کە گەوورەتر و ترسناکتر بوو بۆئیسرائیل بریتی بوو لە حیزبو ڵای لوبنان. زۆر بوون ئەوانەی وایان بیردەکردەوە،کە هەرکات حزبوڵا بەشێوەیەکی جددی بکەوێتە بەر هێرشی لێکهەڵوەشانەوەی ئیسرائیل، ئێران بێدەنگ نابێت و ڕاستەو خۆ دێتە ناو شەڕەکەوە. دەرئەنجام دەریخست کەوانییە. هۆکاریشی زۆرن وەک ئامادەیی فراوانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ترس لە هاتنەناوەوەی بۆ ئەم شەڕە. دۆخی ئابووریی و ناوخۆی ئێران خۆی، توانایی سەربازیی و تەکنیکی و هێرشبەری ئیسرائیل خۆی زۆربوون کە دەیان وت؛ ئیسرائیل دەست بۆ سەرانی حیزب وڵا نابات و خۆی لە شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ ئەم حیزبە دەپارێزێ، بەڵام کۆی ئەو خوێندنەوانە هەڵەبوون و ئیسرائیل نەک تەنیا سەری ئەم حیزبەی کوشت، بەڵکو جێگر و جێگرەوەی جێگریشی کوشت. هێندە بە وردی رەخنەی کردبووە ناو تۆڕی هەواڵگری و ئاسایشی ئەم هێزە، توانی لە ماوەیەکی یەکجارکەم دا بیخاتە سەر چۆک، لە کۆی ڕەهەندەکاندا. بازنەی سێهەمی ئەم مەترسیی و هەڕەشە بنەمایانە کە بوونی وڵاتی ئیسرائیل دەخەنە دۆخی نەمانەوە و سەرچاوەی دوو بازنەی پێشترە ئێرانە. ئێران لە هەرێم و جیهاندا وەک هێزێکی گرنگی ناوچەی خاوەن هێزو توانای شیاوی ڕامانی سەربازی و چەک وێناکراوبوو، کە ئەگەر ڕاشکاوبم دەتوانم بڵێم؛ ئەمریکاش خۆی لە ڕووبوونەوەی دووردەگرت. ئیسرائیل بە و شیاری و هێز و پرۆژە، بەڕاستی ساتمەو سەرسمێکی گەورەی بەئێران و هەموو هاوپەیمان و نوێنەرەکانی دا لە کۆی جیهان و ناوچەکەدا و سەلماندی وانییە و بە شێوەکی بنەمایی و بەرچاو هاوکێشە و کۆی بیردۆزەکانی ئەم بابەتەی گۆری.
ئیسرائیل هەنووکەش لەم مەترسیە رزگاریی نەبووە. ڕوونە ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکانە هەوڵەدا هەرچی زووتر دەستی بگاتە چەکی ناوکی و ئەم ڕاستیەش هەموو جیهان و ئیسرائیلیش دەیزانێ.لێرەوە دەتوانین بڵێن؛ فازێکی تری ئەم پرۆژەیە یا هەڵوەشانەوەی یا لاوازکردنی ئێرانە تا ئاستی دەستەمۆکردنی. وڵاتی ئیسرائیل بۆ گەشتن بەم ئەنجامە و زامنکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیی بۆ هەمیشە و بە شێوەکی شیاوی ئەرخایەن دەبوو وە دەبێ سوریا بگۆرێت و خۆی بگەیەنەتە سنووری باکووری کوردستان. ئەم هەنگاوە هەنووکە لە دۆخی ئەنجامداندایە. تورکەکان بۆ سڕکردنی ئەم هەنگاوە و پرۆژەی ئیسرائیل بە چاودێری کردنی ووردی سوریا و وێرانی سپای ئەو وڵاتە و کشانەوەی هێزەکانی حیزب وڵا و ئێران و هەندێ بدەو بسێنەی تر پێش دەستیانکردو جۆلانیان کردە فەرماندەی سوریا. ئەم هەوڵەی تورک لە کۆتا وەختا بۆکاتی دەتوانێ زەبر بێت لە ئیسرائیل و پرۆژەکەی، بەڵام درێژخایەن ئەمەی بۆ ناچێتەسەر. بە کۆ هۆکارێ کە لێرە باسناکرێن. بەهەستکردن بەم گۆڕانە و ئەم هۆکارانەی خوارەوە تورکەکان داوی ئاشتی بێ دەسکەوت دەکەن. هەتا پێش هاتنەوەی ترامپ بۆ ئەوانەی چاودێری ئەویان دەکرد و پرۆژەی ٢٠٢٥ ئەویان خوێندبووەوە، دەزانرا نێوانی ئەوروپا و ئەمریکا دووریێک بەخۆییەوە دەبینێ و دەبێ چاوەڕوانی وەرزێکی نوئ بین لە پەیوەندی نێوان ئەم دووانە،کە کەمترین ئەنجامی هەڵوەسانەوەی ناتۆ یا لانیکەم لاواز بوون و کەم بەهابوونی ئەم پەیمانەیە، کە لە هەردوو دۆخەکەدا تورکەکان زۆرترین زیان دەکەن. تورکیە لە مێژوویی سیاسی خۆیدا زۆرترین سود و کەڵکی لەم خاڵە بردووە، هەروەها زۆر ملهوریی و باجگیر و یاغیگەر یش هەربەم بابتەوە کردووە. ئەم ئیمتیازە ئەوروپیەکان بە تورکییەیان نەداوە ئەمریکا داویەتی، ئەوروپا بەمێژوو وە بەکردەی تورک هیچکات مەیلیان لە تورکیە نەبووە و بۆشیان جێگای متمانە نییەو نەبووە. دانوسانی ئەمریکاو رووسیە یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە لە بەرژەوەندی تورکەکان نییە. ئەمریکیەکان بەو دانووسانەی لەگەڵ ڕووس دەیکەن و بەو ئیمتیازانەی کە رەچاو دەکرێت بە رووسەکانی بدەن، چەند خاڵ دەخوازن بەدەست بێنن. دوورکردنەوەی رووس لەچین کە گەوورەترین ویستی ترامپە. تەریککردنەوەی ئێران و بێ پارێزبەندی مانەوەی. دەسکراوەیی ئیسرائیل و نەتانیاهۆ. لەم دۆخەدا هەتا ئەگەر ناتۆیەکی ئەورووپی پێکبێت کە دوورنییە، ئەم ناتۆیە جێگەی بڕوانییە کە تورکیای تیدابێ. باشترین دەرفەتی تورک رووسیەیە ڕووسەکان بە سروشت و بەرژەوەندی دژی ئیسرائیل ناوەسنەوە.تەنیا وڵاتێ کە نەچوو بە هانای ئۆکراینەوە ئیسرائیلە بیرمان نەچێت. ئەگەر تورکەکان سەربەخۆش بمێننەوە لەسوریاو جیهانی ئیسلام دا بەر وڵاتانی عەرەبی دەکەون لە جیهانی عەرەب و ئیسلام دا بەتایبەتی عەرەبستان. ترامپ عەرەبستانی لە هەر وڵاتێکی تری جیهانی ئیسلام و عەرەب لاگرنگترە.
هەمووان وایان دەزانی یەکەم دانیشتنی رووسیا و ئەمریکا ئانکارا دەبێت، بەڵام دیمان ریاز بوو، کە ئەمە خۆیی هەڵگری زۆر ئاماژەیە.زۆرئاماژە هەن بۆ ئەم بۆچوونە، وەک ئەوەی بن سەلمان یەکەم کەس بوو کە ترامپ پاش سوێند خواردن پەیوەندی پێوەکرد. وادیارە رۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی و بەتایبەت عەرەبی سپێراوە بە عەرەبستان و رۆڵ سیاسی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئیسرائیل. فاکتەرێکی تازە هاتوەتە پرسی گەلانی ناوچەکە و کۆی پرسی سیاسی ناوچەکە، کە ئیسرائیلە و ئەمەش بۆ تورکەکان قبوڵکراونییە و خۆیان دەزانن بەر یەککەوتنی تووندیان دەبێت. ئیسرائیل دەزانی ئەگەر پشتێنەی ئاسایشی دەوی دەبێ سەرەتا سووریا یا دابەشکات یا دیسانترالیزە بکات، چوون رێگەی مەهارکردنی تورکەکان دابینکردنی ئاسایشی لوبنان و سوریە و پاشان تورکە. هەموو ئەمانە و هەندێ بابەتی دیکەش کە دەکرێ لە نووسینێکی دیکەدا بپەرژێمە سەریان. چەن بابەتی گرنگی ناوخۆی تورکیەش هەن و رۆڵی گرنگیان هەیە لەم پەیوەندیەدا. گەشەی وشیاریی نەتەوەیی کە پەکەکە و کرانەوەی جیهانیی و گۆڕانکاریە هەرێمیەکان هەرکام بە نۆرەی خۆیان کاریگەریان لەسەری بووە و هەیە. فۆرمگرتنی جۆرێک لە بزووتنەوە و کۆمەڵگای سڤیلی کورد لەو وڵاتە کە بەجیا شیاوی باسکردنە. رۆڵی ئەو حیزبانەی کە لە باکوور بە ناوی کورد و بە هێز و پوتانسێڵی کورد و بە سوودی تورکە بە ناو چەپەکان تەواودەبێت. ئەمانە ئیتر واقعیەتێکی سیاسی گرنگ و بەرچاون، بەوڕادەیە هەرئێستا ئەردۆغان بۆ بوونەوە بەسەرۆکی تورکییە و دەسکاریکردنی یاسای بنەڕەتی یەکجار و زۆر و ئستراتیژیک پێویستی بەدەنگیانە و یەک لە خاڵەکانی ئەم ئاشتی خوازیە دەتوانێ ئەمەبێت.
لەڕووبەرێکی دیکەدا ئەگەر سەرنجی دۆخی شەڕی تورک و پەکەکە بدەین بەڕوونی دەزانین نە تورک توانیویەتی پەکەکە لەناوبرێت و بێ کاریگەری بکات وەک خۆیان دەڵێن، نە پەکەکەش توانیویەتی تورک دووچاری شکان و پاشەکشە بکات. بە جۆرێ دەتوانین بڵێن؛ هەردوولا لەدۆخی بەرەنگاری دان بەتایبەتی پەکەکە. کەوابوو هەڵوەشانەوەی سەربازی پەکەکە لەئێستادا بۆ هێندە بۆ تورکیە گرنگە؟ من پێموایە و زۆر وتوومە و ئستاش دەڵێمەوە ،کە تورکیە ئەم نامەی ئۆجەلانی هێندە بۆ رۆژئاوا دەوێت بۆ باکووری ناوێت و بەو ئاستە لای گرینگ نیە. رووداوەکانی داهاتوو راستی و ناراستی ئەم بابەتە دەردەخەن. هەڵقەی پەیوەندی کورد و گۆڕانەکانی ناوچە و ئیسرائیل ڕۆژئاوایە و تورکییە دەیەوێ ئەم هەڵقە بپچرێت. بەجیاو لە وتارێکی دیکەدا دەتوانین چۆنیەتی مامەڵەی پەکەکە لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان و مافی هەڵوەشانەوەی پەکەکە باسبکەین.