سیاسەتی ئابووری نوێی ترامپ و کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی

ژمارەی بینەر 1398

2025-04-21

دەستپێک

ڕۆژی ٢ی مانگی چواری ئەم ساڵ جیهان بە گشتی و وڵاتانی پیشەسازی بە تایبەتی خۆیان لە بەردەم پێناسەی گومرگی بۆ سەر کاڵاکانیان بینییەوە کە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەمریکاوە دۆناڵد ترامپ لە بەردەم کاناڵە تەلەفیزیۆنییەکاندا ڕاگەیەندرا. لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆکی ئەمریکا ڕێژەی باجی  سەر وڵاتانی دیاری کرد و لە هەمان کاتیشدا ناوی ئەو ڕۆژەی نا ڕۆژی ڕزگاریی ئەمریکا!

ترامپ باسی لە کۆمەڵێک هۆکار کرد کە لە پشت ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئەمریکاوەن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لە مێژساڵە ئەمریکا لەلایەن دۆست و نەیارەکانیەوە غەدری گەورەی لێ دەکرێت. ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەم پێناسەی گومرگییە بە سەر کاڵاکانیاندا سەپێندراوە، زۆربەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان باجی گومرگیی زیاتریان خستووەتە سەر کاڵاکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان. ئەو بۆ نموونە ئاماژەی بۆ چین، یەکیەتیی ئورووپا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ڤیتنام، تایوان و چەندین وڵاتی تر کرد کە بە گشتی نزیک بە شەست وڵات دەبوون. (١)

ئەوەی لێرەدا پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی ئەمریکایەک کە خۆی بە یەکێک لە داکۆکیکاران وداهێنەر و دامەزرێنەرانی بازاڕی ئازاد دەزانی، ئێستا سیاسەتی خۆپارێزی یا بە زمانی  ئابووری پرۆتەکتشینیزم دەگرێتە بەر. داخۆ ئامانج و کاریگەرییەکانی بڕیاری سەپاندی باجی گومرگی بە سەر کاڵای بیانی لە لایەن ئەمریکاوە چی دەبێت لە سەر ئابووریی ئەمریکا و جیهان بە گشتی. لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتە لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی چۆن دەبێت.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم وڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە. لە سەرەتادا بە کورتی باسی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک پرۆتێکشینیزم، پێناسەی گومرگی و هاوسەنگیی هاوردە و هەناردە دەکەم. پاشان باسی کاریگەرییەکانی ئەم پێناسە گومرگییانە لەسەر ئابووریی ئەمریکا و هاووڵاتییانی ئەمریکا بە تایبەتی و ئابووریی جیهان بە گشتی دەکەم. دواتر تیشک دەخەمە سەر ئەوەی داخۆ ئەم سیاسەتەی ترامپ لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی کۆمارییەکان دەگونجێ کە ئامانجیان ڕاگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابوورییە بە ڕێژەی ٢% و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار. دواتر باسی کاریگەرییەکانی ئەم  سیاسەتە ئابوورییە دەکەم  لەسەر سیستمی جیهانی و لە کۆتاییدا بە کۆبەندێک کۆتاییی بە بابەتەکە دەهێنم.

Protectionism چییە؟

ئەم دەستەواژیە باس لە دۆخی وڵاتێک دەکات کە هەوڵ دەدات سیاسەتی ئابووری خۆی بە جۆرێک ڕێک بخات کە هەوڵی سنووردارکردنی هاوردنی کاڵا لە دەرەوە بۆ ناوخۆیی وڵات بدات بە ئامانجی پەرەپێدان و  بەرگریکردن لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیا دەرکییەکان و لە هەمان کاتدا ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی. یەکێک لەو میکانیزمانەی کە کەڵکی لێ وەردەگرێ باجخستنە سەر کاڵای بیانییە بۆ ناو وڵات.  ئامانج ئەوەیە نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان لە ئاست کاڵای ناوخۆیی گرانتر بێت. ئەمەش وا دەکات کە خەڵک بەرهەمەکانی ناوخۆ بکڕن. پرۆتەکشۆنیزم، ڕێک پێچەوانەی بازاڕی ئازادە. بە  واتایەکی تر دەوڵەتان هیچ باجێک ناخەنە سەر کاڵای هاوردە و کۆمپانیاکان بەبێ هیچ سنووردارکردنێک کاڵای خۆیان بە یەکتر دەفرۆشن. بە بڕوای زۆربەی زۆری ئابووریناسان بازاڕی ئازاد دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری ئابووریی وڵات و لە هەمان کاتیشدا ئاستی کێبەرکێی کۆمپانیاکان لەگەڵ یەک باشتر دەکات کە لە کۆتایییشدا بە قازانجی هاووڵاتییانی ئاسایی دەبێت.

پێناسەی گومرگی  چییە؟

تەریف یا باج دەستەواژەیەکی ئابوورییە کە هەندێک لە وڵاتان وەک میکانیزمێک لە پێناوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن.  کاتێک ئەمریکا ٣٤% باج دەخاتە سەر کاڵای چینی، بە واتای ئەوە دێت کە نرخی کاڵایەکی چینی کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێ ٣٤% نرخەکەی بەرزدەبێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر پێڵاوێکی چینی پێشتر بە ١٠٠ دۆلار گەیشتبێتە دەست فرۆشیارێکی ئەمریکایی، ئەوە ئێستا نرخی ئەو کاڵایە بە ١٣٤ دۆلارە، واتە نرخەکەی ٣٤ دۆلار چووەتە سەرەوە. یان کاڵایەک کە لە ئورووپاوە بێتە ئەمریکا و پێشتر نرخەکەی ١٠٠ دۆلار بێت و ئێستا ترامپ باجی ٢٠% ختسووەتە سەر ئەو کاڵایە، ئەوە نرخی ئەو کاڵایە کە دەگاتە دەست فرۆشیار ١٢٠ دۆلارە. یا نرخی ئۆتۆمبیلی ژاپوونی بۆ نموونە ئەگەر ٢٠٠٠٠ دۆلار بێت، ئێستا بە باجی ٢٥%وە نرخەکەی دەگات ٢٥٠٠٠ دۆلار، هەڵبەت ئەمە ئەگەر هەناردەکەران ئەو باجە زیادەی کە خراوەتە سەر کاڵاکان لە ئەستۆ نەگرن.

هاوسەنگیی پارەدان یا ئاڵوگۆری بازارگانی چییە؟ balance of payments

ئەم دەستەواژەیە لە ئابووریدا تیشک دەخاتە سەر کۆی هەناردە و هاوردەی وڵاتێک لە گەل دونیای دەرەوەی خۆی. زۆربەی ئابووریناسان بەباشی دەزانن کە هەناردە زیاتر بێت لە هاوردە یا لانیکەم وەک یەک بێت.

بۆ ئەوەی بزانین هاوسەنگیی بازرگانی  چییە و چۆنە، ئەوە بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە پێوەندیی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا وەک نموونە بکەم.  هاوردە و هەناردەی ئەو دوو وڵاتە بە پێی هەموو داتاکان لە ساڵی ٢٠٢٤دا چینیەکان ٤٣٨،٩ ملیارد دۆلار کاڵایان بە ئەمریکا فرۆشتووە، بەڵام لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئەمریکایییەکان ١٤٣،٥ ملیارد دۆلار کاڵایان بە چین فرۆشتووە، واتە چینیەکان ٢٩٥،٤ ملیارد دۆلار زیاتر کاڵایان بە ئەمریکا فرۆشتووە. بە واتایەکی تر ئەمە نیشانی دەدات کە باڵانسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە قازانجی کۆمپانیا چینیەکانە. ئەمەیش وای کردووە کە ئیدارەی ترامپ هەوڵی ڕاگرتنی یا چارەسەری ئەم بابەتە بدات لە ڕێگای باجخستنە سەر کاڵای وڵاتان و بە تایبەت چین، بۆ ئەوەی پارسەنگی بازرگانیی هەردوو وڵات بپارێزێ. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی چین کاڵای زیاتری ڕەوانەی ئەمریکا  کردبێت، نزمیی نرخی کاڵای چینی بووە لە بەرانبەر کاڵای ئەمریکایی. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە پێناسەی گومرگی چی کاریگەرییەکی هەیە لەسەر بەرهەمهێنان لە ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا بە تایبەتی. لە خوارەوە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی پێناسە گومرگییەکان دەکەم.(٢)

کاریگەرییەکانی سەپاندنی باجی گومرگی لە سەر ئابووریی ئەمریکا

ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و حکوومەتەکەی ترامپ لە باجخستنە سەر کاڵای  بیانی، وەک ترامپیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی پێشکەشکردنی باجی گۆمرگی لە سەر کاڵای بیانی ئاماژەی پێ دا، ئەوەیە کە هەوڵ بدات یارمەتیی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئەمریکا بدات، کە بە شێوەیەک بێت خەڵکی ئەمریکا زۆرتر ئەو بەرهەمانە بکڕن کە لە ئەمریکا بەرهەم دێن. چونکە بە باجخستنە سەر کاڵای بیانی، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ داوە، نرخی کاڵای بیانی گران دەبێت. ئەمەش وا دەکات کە خەڵک  بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن. کە خەڵک بەرهەمی ناوخۆییی بکڕن، کۆمپانیاکان پێویستییان بە کرێکار دەبێت. هەر بۆیە بەم سیاسەتە ترامپ دەیەوێ بە تیرێک چەن نیشانەیەک بپێکێ. لە لایەک هەوڵ دەدات کە کۆمپانیا ناوخۆییەکان ببوژێنێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەی بێکاری بهێنێە خوارێ. لە هەمان کاتیشدا وا لە کۆمپانیا بیانییەکان بکات کە لە ئەمریکا سەرمایەگوزاریی بکەن. بەم شێوەیە وەک ترامپ هەمان ڕۆژ ئاماژەی پێ دا، قەرەبووی ئەو ساڵانە بکاتەوە کە بە هەزاران کۆمپانیای ئەمریکایی بە هۆی نەبوونی هاوسەنگیی بازەرگانی و بە تایبەت باج، مایەپووچ بوونە یا ئەمریکایان جێ هێشتووە و ڕوویان لە دەرەوەی ئەمریکا کردووە. هەروەها بەم سیاسەتە دەکرێ پارەیەکی باشیش لە ڕێگای باجی کۆمپانیاکان و کرێکاران بۆ گەنجینەی حکوومەت بگەڕێنێتەوە. هەڵبەت ئەم سیاسەتەی ترامپ لەلایەن زۆربەی زۆری ئابووریناسان نیشانەی پرسیاری لە سەرە کە دواتر لە خوارەوە تیشک دەخەمە سەری.

کاریگەرییەکانی سیاسەتی پێناسەی گومرگی لە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکایی

ئەم سیاسەتەی ترامپ لە ڕوانگەی ئابووریناسانەوە بێ کێشە نییە. نەک هەر لە ئاستی نیودەوڵەتی بگرە لە ئاستی نیوخۆیییش دەکرێ زیانی زیاتری بێت بۆ ئەمریکاییەکان تا قازانج.  بۆ نموونە لەوانەیە ئەم پێناسە گومرگییانە وەک ئابووریناسان پێشبینی دەکەن، ببێتە هۆی ئەوەی کە نرخی هەندێک کاڵا لە بازار بچێتە سەرەوە. چونکە لە ئابووریی سەرمایەداریدا کە ئەمریکا بۆ خۆی نوێنەرایەتیی دەکات، زۆر جار ئەوەی زۆرتر نرخ دیاری دەکات پێوەندیی بە ئاستی داواکاری و خستنەبازاڕی کاڵاوە هەیە. ئەم تیۆرییە هەر لە سەردەمی باوکی بیرۆکەی بازاڕی ئازاد و لیبراڵیزمەوە، ئادەم سمیدەوە، هەیە و لە پراکتیکیشدا سەلمێنراوە. بۆ نموونە ئەگەر ڕێژەی داواکاری لەسەر کاڵا زیاتر بێت، لەوەی کە ئەو کاڵایە لە بازاڕدا هەیە، ئەوە نرخی ئەو کاڵایە گران دەبێت و لە هەمان کاتێشدا پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەگەر کاڵایەک لە بازاڕدا زۆرتر بوو لە ئاست داواکاریی لە سەر ئەو کاڵایە، ئەوە نرخەکەی دادەبەزێت. هەر بۆیە لە ڕوانگەی زۆربەی هەر زۆری ئابووریناس و  تیۆریی ئابوورییەوە هاووڵاتیی ئاسایی یا کڕیار زیانمەندی یەکەم دەبێت لە سەر باجخستنە سەر کاڵا. بۆ نموونە ئەگەر ئەمریکا ٢٠% باج بخاتە سەر کاڵای ئورووپایی، ئەوە ئەو پارە زیادە بۆ گیرفانی دەوڵەت دەچێت، بەڵام ئەوەی دەبێت باجەکە بدات، هاووڵاتیی ئاساییە یا کڕیارە. هەڵبەت ئەگەر ئەمریکا نەتوانێ هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە دەرەوە دێن بە هەمان نرخ و کوالێتی بەرهەمی بێنێت، کە ئەمەش لە جیهانی ئەمڕۆدا کە زۆربەی وڵاتان زۆرتر گرێدراوی یەکن، دژوارە. داڤید ریکاردۆ لە مێژ ساڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە باشترە وڵاتێک خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ بکات کە نرخی بەرهەمهێنانی کەمترە و لە هەمان کاتیشدا تێیدا پسپۆرترە. بۆ نموونە ئێستا ئایفۆن کە ئەمریکایییە، بەڵام ئەگەر چاو لە پشتی ئایفۆنەکە بکەیت لێی نووسراوە کە ئەو ئایفوونە لە ڤیتنام یا تایوان یا هۆنگ کۆنگ درووست کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئایفۆن ئەمریکایییە، بەڵام لە بەرئەوەی نرخی حەقدەستی کرێکار لەو وڵاتانە هەرزانترە لە ئەمریکا و لە هەمان کاتیشدا بەشێکی ئایفوون بۆ نموونە زۆرجارە کامێرای ئایفۆن لە کۆریای باشوور ئەکڕن، باشترە ئایفۆن لەو وڵاتانە بەرهەم بێت، بەڵام بەشی دیزاین و پرۆگرامی ئایفۆن دەکرێ لە ئەمریکا بکرێ، لە بەر ئەوەی ئاستی تیکنۆلۆژی لە ئەمریکا لە سەرترە تا ئەو وڵاتانەی تر. هەر بۆیە ئەم فرەڕەنگییە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە نرخی ئایفۆن هەرزانترە لە چاو ئەوەی کە ئەگەر ئایفۆن بە تەنیا لە ئەمریکا درووست بکرێ. بۆیە ئابووریناسان پێشبینی دەکەن کە سەپاندنی باج بە سەر کاڵای بیانی لە لایەن ئەمریکاوە نرخی هەندێک کاڵا بەرز بکاتەوە کە ئەمەیش لە سەر کڕیار یا هاووڵاتیی ئەمریکایی دەکەوێ.       

داخۆ هەڵاوسان دژی سیاسەتی کۆمارییەکان نییە؟

لە ئەمریکا کۆمارییەکان بەوە ناسراون کە لە کاتی بە دەستەڵات گەیشتنیاندا کار لە سەر دوو بابەتی سەرەکی دەکەن، کە ئەویش ڕێگرتن لە هەڵاوسانی ئابووری و لە هەمان کاتیشدا بەرزنەبوونەوەی نرخی حەقدەستی کرێکار. ئەم دووبابەتە لە زۆر بواردا گرێدراوی یەکترن. چونکە کاتێک هەڵاوسان دەبێت، ئەودەم کرێکار داوای حەقدەستی زیاتر دەکات، لەبەر ئەوەی بەهای ئەو حەقدەستەی وەری دەگرێ، دادەبەزێ. بە واتایەکی تر بە چوونەسەری نرخی کاڵا لە بازاڕ هێزی کڕینی کرێکار دادەبەزێ و لە هەمان کاتیشدا بە بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار، ئەوە خاوەن کار ناچارە نرخی کاڵاکان  بباتە سەر، بۆئەوەی قەرەبووی زیادکردنی حەقدەستی کرێکار بکاتەوە.

کە وا بوو ئەم سیاسەتە ئابوورییەی ترامپ دەکرێ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا لە بازاڕەکانی ئەمریکا، کە ئەمە ڕێک پێچەوانەی سیاسەتی فەرمیی کۆمارییەکانە. چونکە کاتێک ڕێژەی بێکاری زۆر لە خوار بێت، بۆ نموونە کەمتر لە ٢%، ئەوە خاوەنکارەکان دەکەونە ململانێی یەکتر لە پێناو دامەزراندنی کرێکاردا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار، خاوەنکار ناچارە بۆ قەرەبووکردنەەوەی ئەو حەقدەستە زیادییە، نرخی کاڵاکان بباتە سەرەوە، کە ئەمەش هەڵاوسان درووست دەکات.

سیاسەتی دژە کۆچبەری و ئامانجی پێناسە گومرگییەکانی ترامپ

ترامپ  وەک خۆی دەڵێ  دەیەوێ  دووبارە ئەمریکا بکاتەوە بە گەورەترین زلهێزی ئابووری لە جیهان. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەک هەندێک لە ئابوریناسان باسی دەکەن کە لەوانەیە چین تا ساڵی ٢٠٣٥ شوێنی ئەمریکا بگرێتەوە و ببێت بە یەکەم وڵاتی زلهێزی ئابووری.

ئەم سیاسەتەی ترامپ وا دەکات کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵای بیانی، خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بێت. لە گەڵ زیادبوونی داخوازی لە سەر کاڵای ئەمریکایی، کۆمپانیاکان لە ئەمریکا پێویستییان بە دامەزراندنی کرێکارە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە کۆمپانییەکان چۆن کرێکار و لە کوێ کرێکار دابین دەکەن لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا ٤،١% و لەهەمان کاتێشدا هەڵاوسان ٣%. (٣)

بۆیە ئەگەر بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاد بکات و ئەو ڕێژەیەی کە ماوە بە تەواوی دابمەزرێ، ئەوە کۆمپانییەکان ناچارن لە پێناوی ڕاکێشانی سەرنجی کرێکاران بۆ لای خۆیان، حەقدەستیان بەرز بکەنەوە. لەگەڵ بەرزکردنەوەی حەقدەستیش هەڵاوسان درووست دەبێت.

زۆرێک لە دەوڵەتان لە پێناوی قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزی کار، پەنا بۆ کرێکاری بیانی دەبەن. بەڵام ترامپ ئەو  دەرگایەیشی داخستووە. چونکە سیاسەتی ترامپ وەک لە کاتی هەڵبژاردنیشدا بانگەشەی بۆ کرد، دژایەتیکردنی کۆچ و کۆچبەرییە  بۆ ئەمریکا.

کە وا بوو لە ئەگەری پێداگریی ئیدارەی ترامپ لە سەر پێناسەی گومرگی و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمریکا تووشی کێشەی کەمبوونی کرێکار دەبێت. ئەمەش  دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵاوسان درووست ببێت.

هەر ئێستاش ئابووریناسان باس لەوە دەکەن کە بە سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان، هەر بنەماڵەیەکی ئەمریکایی بە هۆی گرانیی نرخی کاڵاوە دەبێت ساڵانە نزیک بە٣٨٠٠ دۆلار زیاتر لە جاران بۆ کڕینی کەلوپەلی ڕۆژانە خەرج بکەن.(٤)

ئەمە پارادۆکسە لەگەڵ ئەو بەڵێنەی ترامپ بە هاووڵاتییانی ئەمریکای دا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژارندا.

بۆچی جیاوازایی ڕێژەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا، دەکرێ کێشە بێت بۆ ئەمریکا؟

هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی باسی قازانج و زیانەکانی ئەم ناهاوسەنگییەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین بکەم.

زیانەکان

-کاتێک ڕێژەی هاوردەی کاڵای چینی بۆ ئەمریکا زیاترە لە هەناردەکردنی کاڵای ئەمریکایی بۆ چین. ئەوە وا دەکات هەندێک کۆمپانیا تووشی گرفتی کەمیی بەرهەمهێنان ببەن و لە کۆتاییدا وایان لێ بێت کە بازاڕەکانی ئەمریکا بە جێ بهێڵن و ڕوو لە شوێنگەلێک بکەن کە حەقدەستی کرێکار لە خوارترە بۆ ئەوەی کێبەرکێی بەرهەمهێنەرە چینییەکان بکەن. ئەمەش ڕاستەوخۆ واتە بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە ئەمریکا و لە هەمان کاتیشدا زیانگەیاندن بە پیشەسازیی ئەمریکا.

-کێشەیەکی تر ئەوەیە بە هاوردەکردنی کاڵای زیاتر لە چینەوە لە بری هەناردەکردنی کاڵا بۆ چین، ئەمریکا تووشی وابەستەبوونی بازاڕەکانی چین دەبێت، کە ئەمەش لە ڕووی ئابووری و جیوسیاسییەوە بۆ وڵاتێکی وەک ئەمریکا کێشەخولقێنە.

نموونەی زەق و بەرچاویش کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە دەرکەوت بازاڕەکانی ئەمریکا زۆر پێویستییان بە ئامرازی پزشکیی چین هەیە. ئێستاش ئەمریکا لە هەندێک بواردا زۆر پشتی بە چین بەستووە، وەک تەلەفوون، کۆمپیوتەر و هەروەها ئەو شتانەی کە پێوەندییان بە کاڵای ئەلکترۆنیکەوە هەیە.(٥)

-هەروەها ئەم ناوهاوسەنگییەی هاوردە و هەناردە وا دەکات ناهاوسەنگیی پارەدان درووست بێت کە لە درێژمەودادا هەم ئابووری هەم حکوومەتی ئەمریکایش تووشی قەیران دەکات.

قازانجەکان

-ئەم ناهاوسەنگییەی هاوردە و هەناردە قازانجیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە چینەوە دێنە ئەمریکا بە نرخێکی گونجاو و هەرزان بکەونە دەستی هاووڵاتیی ئەمریکایی. ئەمەش بۆ خۆی وا دەکات کە ڕێگا لە هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمریکا بگرێ. هەڵبەت لە کورتمەودادا، نەک لە درێژمەودادا.

-قازانجێکی دیکە ئەوەیە کە ئەمریکا لە جیاتیی ئەوەی فۆکسی خۆی لە سەر پیشەسازییەک بێت کە داهاتی کەمترە، دەکرێ خۆی بۆ سکتەرگەلێکی تر ئامادە بکات کە قازانجی زیاترە. وەک چۆن سەردەمانێک ئەم وڵاتە پێشکەوتووانەی ئێستا پشتیان بە ئابووریی کشتوکاڵ و دواتر بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و هەندێک شتی تر دەبەست، بەڵام ئێستا زۆر پشت بە سیکتەرگەلی خزمەتگوزاری و تیکنۆلۆژیای ئاستبەرز دەبەستن، کە ئەمەش بە قازانجی ئابووریی ئەمریکایە. لە لایەکی ترەوە ئەمە وا دەکات  ئەو پارە زیادییەی کە چینیەکان لە هەناردەی کاڵاکانیان بۆ ئەمریکا دەستیان دەکەوێ  لە کاغەزەنەختیەناکانی ئەمریکادا سەرمایەگوزاریی پێ بکەن.  ئەمە وا دەکات  ئاستی سووی بانکی لە ئەمریکا لە خوار بێت.

کاریگەرییەکانی پێناسەی گومرگی لە سەر ئابووریی جیهان

دوای ڕاگەیاندنی باجی گومرگی لە لایەن ترامپەوە، بازاڕەکانی بۆرسە لە جیهاندا تووشی شۆکێکی وا بوون کە ئابووریناسان و شرۆڤەکارانی ئابووری نەیانتوانیبوو پێشبینیی بکەن. ئەم کاریگەرییە نەک هەر لە بۆرسەکانی ئاسیا، ئورووپا، ئوسترالیا، بگرە خودی ئەمریکایشی گرتەوە و بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا بەجۆرێک دابەزی کە هەندێک باسیان لەوە دەکرد کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ڕەنگە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا تووشی داڕمانێکی گشتی بێت.

لێرە باس لە زیانی چەندین تریلۆن دۆلار ئەکرێ.  هاوکات بازاڕی نەوت بە شێوەیکی بەرچاو دابەزی  و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بوو بە ٥٨ دۆلار.

هۆکاری ئەم شڵەژانە ئابوورییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئابووریی ئەمریکا و دۆلاری ئەمریکایی کاریگەریی زۆریان لە سەر زۆربەی هەر زۆری بازاڕەکانی جیهان هەیە. چونکە ئەمریکا  خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە جیهاندا. ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٩%ی ئابووریی جیهانی پێک هێناوە. لە دوای ئەمریکا، چینە بە ڕێژەی ٢٧،٧%. هەر ئەمەشە وای کردووە  بەرزکردنەوەی باجی گومرگی نێوان ئەمریکا و چین بازاڕەکانی جیهان تووشی کێشە بکا.(٦)

  ئەمڕۆ ئێوارە ٩ی مانگی چوار لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ترامپ لە توویتێکدا ڕایگەیاند کە پێناسەی گومرگی بۆ ماوەی سێ مانگ لە سەر ٧٥ وڵات ڕادەگرێ. چونکە بەپێی وتەکانی ترامپ، ئەو وڵاتانە داوایان کردووە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکەن تا لە سەر میکانیزمێک ڕێک بکەون. ئەوەی جێگای تێڕامانە چین لەنێو ئەو ٧٥ وڵاتەدا نییە. هەرچەندە دوای ئەم توویتەی ترامپ بازاڕەکانی بۆرسە لە جیهاندا بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینی. بۆ نموونە بازاڕی بۆرسەی دانیمارک بە ڕێژەی ١٢،٧% بەرز بووەوە.(٧) بەڵام وەک هەندێک شرٶڤەکاری ئابووری باسی دەکەن شەڕی بازرگانی هێشتا کۆتاییی نەهاتووە. لەبەر ئەوەی چینیش ڕێژەی پێناسەی گومرگیی  سەر ئەمریکا بۆ ١٢٥%  بەرز کردووەتەوە. لە هەمان کاتیشدا هێشتا نازانرێ کە گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو ٧٥دا وڵاتە بە کوێ دەگات. چونکە ئەگەر ڕێک نەکەون ئەوە لەوانەیە  جەمسەربەندیی نوێی ئابووری لە جیهاندا پێک بێت کە پێشتر کەس بیری لێ نەکردبێتەوە. لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەی پێ دەکەم.

پێناسە گومرگییەکەی ئەمریکا چ ڕەنگدانەوەیکی دەبێت لە سەر پێوەندییە نیودەوڵەتییەکان

بڕیارەکەی ترامپ  لەسەر باجخستنە سەر کاڵای بیانی نەک هەر نەیارەکانی ئەمریکا، بگرە دۆستە لەمێژینەکانی ئەمریکاش لە ڕەحمەتی باجی گومرگی بێبەش نەبوون. زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بە دۆستی ئەمریکا حیساب دەکران تووشی شۆکێکی گەورە بوون و چاوەڕوان نەبوون ئەمریکا بەو شێوەیە مامڵەیان لەگەڵدا بکات. بۆ نموونە ژاپوون، کۆریای باشوور و یەکێتیی ئورووپا بوون.  هەڵبەت ترامپ لە کاتی سەرۆکایەتیی یەکەمدا  پێی وا بوو یەکێتیی ئورووپا غەدر لە ئەمریکا دەکات. چونکە لە لایەک باجی سەر کاڵای کۆمپانیا ئەمریکاییەکانیان زیاد کردووە،  لە لایەکی تریشەوە هاوردەی کەلوپەل لەو یەکێتییە زیاترە لەوەی کە ئەوان لە ئەمریکا دەیکڕن. ئەمەیش ترامپی نیگەران کردووە. بە تایبەت نەکڕینی گازی سرووشتی لە ئەمریکا.

بە هۆی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی ٢٥% لە سەر هاوردەی ئوتۆمبیلی ژاپوون و کۆریای باشوور، بازاڕی ئەو دوو وڵاتە تووشی شڵەژان بووە. ئەمەیش وای کردووە کە هەم یەکێتیی ئورووپا، هەمیش ژاپوون و کوریای باشوور باسی ئەوە بکەن کە بە دوای هاوبەشێکی نوێدا بگەڕێن، کە جاران تەنانەت بیرکردنەوەش لێی جێگای باوەڕ نەبوو. ئەویش بازاڕی چینە. هەر ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی چین باسی ئەوەی کرد کە چین باوەشی ئاوەڵایە بۆ هاوبەشیکردن لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێ پێوەندیی بازرگانی لە گەڵ چین ببەستن، لە نێویشیاندا یەکێتیی ئورووپا. بۆیە زۆربەی شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە ئەم سیاسەتەی ترامپ دیارییەکی بەنرخە بۆ چینیەکان. چونکە هەموو دۆستەکانی ئەمریکا دەکەونە باوەشی چینەوە. هەر بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ببێتە هۆی ئەوەی کە وێرای پێکهێنانی سیستمێکی نوێی ئابووری لە جیهاندا، لە هەمان کاتیشدا ببێتە هۆی ئەوەی کە نەزمێکی نوێی جیهانی لەسەر بناغەی فرەجەمسەری کە لە لایەن نەیارانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەمڕۆە پێک بێت. بۆ نموونە  چین و یەکێتیی ئورووپا لە لایەک و ژاپوون و کۆریای باشوور و چین لە لایەکی ترەوە. هەڵبەت ئەمەش بێ کێشە نییە، چونکە تێڕوانینی چین و ئەو وڵاتانە لە مەڕ کۆمەڵێک پرینسیپی بنەڕەتی لە کێشەدایە، کە بریتین لە مافی مرۆڤ، سیستمی بەڕێوەبردن، ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاسا کە دەکرێ لەمپەر بن لە بەردەم ئەم سیستمە ئابوورییە نوێیە. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە سەردەمی ئێستا بە پێچەوانەی جاران ئەوەی هاوپەیمانییەکان دیاری دەکات، بەرژوەندیی ئابوورییە، نەک ئیدیۆلۆژی.

ئەنجام

   ئامانجی سیاسەتی پێناسەی گومرگیی حکوومەتی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ پاراستنی بازاڕی ناوخۆ و هەناردەکارانی ئەمریکایی. ئەم سیاسەتە کە بە ناوی "پڕۆتەکشنیزم" ناسراوە ئامانجێکی دیاری هەیە: پاڵپشتیکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان، زیادکردنی چالاکیی بەرهەمهێنەر، و کەمکردنەوەی بێکاری لە وڵات.

بەڵام  ئەم سیاسەتە دەکرێ ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان لە ئەمریکا و جیهان. ئەوەش بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەم سەردەمە، سەردەمی گلۆبالیزمە، واتە کۆمپانیاکان زۆر گرێدراوی یەکن و لە هەمان کاتیشدا سیاسەتی پێناسەی گومرگی هەردەم باجەکەی هاووڵاتییانی ئاسایی داویانە و دەیدەن. بە واتایەکی تر زۆر جار ئەو باجە زیادەیەی کە حکوومەتەکان دەیخەنە سەر کاڵاکان لە سەر خەڵکی ئاسایی یا کڕیار دەکەوێت. لە لایەکی تریشەوە سەپاندنی پێناسەی گومرگی بەسەر کاڵای وڵاتاندا و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، وا دەکات کە کۆمپانیاکان لە پێناو وەدەستهێنانی کرێکار کێبەرکیی یەکتر بکەن، ئەمەیش وا دەکات کە حەقدەستی کرێکار بچێتە سەرکە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووریی ئەمریکا.

لە پاڵ ئەوەشدا ئەم سیاسەتەی ئەمریکا شڵەژانێک لە بازاڕی جیهانی درووست دەکات و بۆ ماوەیەک دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری لە ئاستی جیهان. ئەم نەسەقامگیرییەش وا دەکات کە وڵاتانی کۆنە دۆستی ئەمریکا هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ یا هاوبەش بدەن بۆ کۆمپانیاکانیان. هەر بۆیە لەوانەیە ئەم سیاسەتە ببێتە هۆی ئەوەی سیستمێکی نوێی ئابووریی جیهانی بێتە ئاراوە کە دوژمنەکانی دوێنێ ببن بە دۆستی ئەمڕۆ. وەک دۆستایەتیی نێوان یەکێتیی ئورووپا، ژاپوون و کۆریای باشوور لە لایەک، کە پێشتر سەر بە بەرەی لیبرالیزم بوون دژ بە بەرەی کۆمۆنیزم و، لە لایەکی تریش چین کە پێشترلە بەرەی بلۆکی خۆرهەڵات بووە.

هەڵبەت ئەم پێوەندییە بێ کێشە نابێت، چونکە ئەم وڵاتانە و چین لە ڕووی کۆمەڵێک پرینسیپی ئەخلاقی و سیاسییەوە ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر پرسی مافی مرۆڤ،  ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاسا.

وێرای ئەمانە جارێ هێشتا ڕوون نییە کە داخۆ ترامپ بەردەوام دەبێت لە سەر سیاسەتی پێناسەی گومرگی، یا نەخێر دەکەوێتە وتووێژ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە پێناسەی گومرگییان بە سەردا سەپاوە و لە کۆتاییدا دەگەن بە ڕەشنووسێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.

خوێندکار لە بەشی زانستی ئابووری و سیاسەت لە زانکۆی ئارهووس/ دانیمارک

 

  سەرچاوەکان

  1. Korrespondent: Nu bliver det endnu dyrere at være amerikaner | Penge | DR

United States Exports to China - 2025 Data 2026 Forecast 1991-2024 Historical٢.

٣. Trump’s ‘liberation day’ could mean recession in the US and pain worldwide | Steven Greenhouse | The Guardian

٤. Trump’s ‘liberation day’ could mean recession in the US and pain worldwide | Steven Greenhouse | The Guardian

٥. Ekspert: Inflationen falder i USA - men det kan være en stakket frist | Penge | DR

٦. Countries with the largest gross domestic product (GDP) 2024 | Statista

٧. Danske C25-aktier åbner med stigning på 12,7 procent | Penge | DR