ئێران لە قۆناغێکی قەیراناوی و لە ئان و ساتی تێپەڕین بە پێچێکی مێژووی هێندە گەورە و چارەنووسسازدایە. کە بەندە بە ئێستا و داهاتووی کوردانەوە تا سەدەیەکی تر، بۆیە ئەبێت ستراتیژ و پڕۆژەی درێژخایەنی کوردانمان هەبێت. لە یەک ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ و ڕەنگە دوو مانگی داهاتووش، پرسی ئێران بووەتە یەکێک لە گرنگترین و گەرمترین سەردێڕی هەواڵەکان و بابەتی میدیایی، ئەمەش نەک هەر سەرەنجی ناوەندەکانی بڕیاردان و توێژینەوەی ستراتیژی، سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتی لە سەر ئاستی جیهاندا ڕاکێشاوە، بەڵکوو بووە بە یەکێک لە ئەولەویەتی کاری ڕۆژانەیان، بێگومان هەر دەبوو واشبێت، بەو پێیەی ئێران گرنگترین و کۆنترین دەوڵەتی ناوچەکەیە بە ڕووبەرێکی پان و بەرینی ڕەنگاوڕەنگی ئایینی و مەزهەبی، نەتەوەیی و ئیتنیکییەوە لە هەستیارترین و ئالۆزترین ناوچەی ستراتیژی جیهان کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. کەچی ئەمڕۆ ئێران بە دژوارترین قۆناغی هاوچەرخی خۆی و تاریکترین پێچی مێژووییدا تێئەپەڕێت و بەندە بە مان و نەمان و چارەنووسی یەکلایی ئەکاتەوە، هەر بۆیە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ناوەندەکانی توێژینەوە لەو باوەڕەدان کە پێکهاتەو و سیستەمی سیاسی دەوڵەتی ئێران، ناتوانێت بە بێ پشتیوانی دەرەکی بە سەر قەیرانە قوڵ و ڕیشەدارەکانیدا زاڵبێ و پرۆسەی گۆڕانکاری قوڵ و یشەیی بە ئەنجام بگەیەنێت کە پێویستییەتی، هەر بۆیە ڕەنگە لە ناوخۆی خۆیدا بڕوخێت و لەبەر یەک هەڵوەشێتەوە.
ڕژیم و ئەڵتەرناتیڤ
لە ناو ئەم دۆخە قەیراناوی و ئاڵۆزەدا کە گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەوەی لێمان ڕوونە، ئاوابوونی خۆری عەلی خامنەیی و ڕژیمی ئاخوندییە، بەڵام بە تەواوی بۆ هیچ کەس و ناوەندێکی توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی ڕوون نییە کە جێگرەوەی خامنەیی و ڕژیم چی کەس و لایەنێکە و بڵێت ئێرانی داهاتوو چۆن ئەبێت، (ئەگەر خۆری ئێران ئاوا نەبێت و وەک یووگسلاڤی هەڵنەوەشێتەوە). ئەوەی تا ئێستا بەستراتیژ و پڕۆژەی درێژخایەنەوە دەرکەوتووە و خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤی خامنەیی و ڕێژیم ئەناسێنێت، لە سێ هێز تێنەپەڕیوە کە یەکێکیان هەر لە ناوخۆی ئێرانە و ئەو دووەکەیتر لە دەرەوەی ئێرانن. ئەگینا حیزب و ڕێکخراو و گروپەکانیتر ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی نمایشی ئەبینن و هیچ پڕۆژە و ستراتیژێکیان نییە و چاوەڕوانن بزانن چی ڕووئەدات، بۆیە زۆربەی کات خۆیان هەڵئەواسن بە ستراتیژ و پڕۆژەی لایەنەکانیتردا و لە پێناو بەڵێنی سەری خەرمان و دەسکەوتی گروپەکانیان دابەش ئەبن بەسەر ئەو سێ لایەنەدا.
ئەلتەرناتیڤ/ئۆپۆزیسیۆن
یەک: ڕیفۆرمخوازەکان و هەندێک بناژۆخوازەکان.
دوو: خوازیارانی سیستەمی پاشایەتی (ڕەزا پەهلەوی).
سێ: شورای ملی مقاومەت (موجاهدین)
ئۆپۆزسیۆنی نمایشی
(Symbolic Opposition)
ئۆپۆزیسیۆنی نمایشی، واتە ئۆپۆزیسیۆنێک کە خاوەن پلان و ستراتیژ و پڕۆژەی درێژخایەن نییە و توانایی خوڵقاندنی هەل و قۆستنەوەی ڕووداوەکانیشی نییە، بۆیە دایمەن لە پاش ڕووداوەکان کاردانەوەی ئەبینرێت بە دانی ئیمتیازێک بێدەنگ ئەبێت و چاوەڕوانی کارەکتەرە واقعی و گەورەکان ئەبێت. ئەمەش تووشی سەرلێشێواوی ئەکات، وەک ئەوەی ئێستاکە ئەبینین کە ئۆپۆزیسیۆنی نمایشی بە کردەوە مەیدانەکەی بۆ ئەو سێ لایەنەیتر چۆڵ کردووە، هەرچەندە هەندێک جاریش لە بێکاریدا ئەکەونە ناو یاری ئەوانیتر و بە دانی بەڵێن و پۆست و پوڵ دابەش ئەبن بەسەر ئەو سێ لایەنەدا و بەکار ئەهێندرێن وەک بەشێک لە سیستەمی خۆیان (Co-Optation). ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی نمایشی، خۆی بە نوێنەری نەتەوە و ئتنیکە ژێردەستەکان ئەناسێنێت، کەچی نەک هەر نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی نەتەوە و ئیتنیکەکان بکەن، بەڵکو کۆسپ و چەڵەمەن لە بەردەم سەرهەڵدانی هەر هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو نەتەوە و ئیتنیکەکاندا.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئەکادیمیشەوە، لە تیۆری نوێنەرایەتیەوە، دەست بۆ بابەتەکە بەرین، نوێنەرایەتی تەنیا بە ناو و نیشان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بنکەی کۆمەڵایەتی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازی خەڵک، کاتێک ئێمە ئەم وێنەیەی کە لە سەرەوە باسمان کرد و ئەیبینین، بەو ئاکامە ئەگەین، کورد و نەتەوە و ئیتنیکەکانیتر، نەک هەر خاوەنی پلان و ستراتیژ و پڕۆژەی درێژخایەن نین و ناتوانن ئەم هەلە مێژووییە لە ئێراندا بقۆزنەوە، بەڵکو بەم شێوەیە بچینە پێش، ڕووبەڕووی مەرگی لە سەرخۆ ئەبینەوە لە ئێرانی داهاتوودا. مەرگێک کە هێندە بە ئازارە، هیچ کەسێک ئاواتی ناخوازێت، جگە لە دوژمن نەبێت، بەڵام بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو حیزب و ڕێکخراو و گروپانەیە کە خۆیان بە نەتەوە و ئیتنیکەکان هەڵواسیوە و ڕووبەڕووی مەرگمان ئەکەنەوە.
نەتەوەکانیتر نەک نابێ چاوەڕوانی ئەو گرووپانەی ئۆپۆزسیۆنی فارسی و سەراسەری بن، بەڵکو خۆیان دەبێ لە دەوری هاوپەیمانییەکی سیاسی گشتگیردا کۆببنەوە بۆ ئەوەی بە ویستی ئەمان نەخشەی سیاسی داهاتوو لە ئێراندا دیاریبکرێت بەڵام ئەوەی لە کردەوەو بیرکردنەوەو بەرنامەکانی هەموویاندا دەبینرێ دەبێ بڵێین مخابن و مخابن